په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٤\٢٠١٦

ئامادەکردنى ئەکتەر لە پرۆگرامى (ستانلافسکى)دا.

بورهان جۆڵا      

- بەشی یەکەم -

سەرچاوە: ماڵپەڕەکان.
هەستى ئەکتەر لەسەر شانۆ:


لەسەر تەختەى شانۆ هەرجووڵە و کردارێک روودەدات بێگوومان بۆ مەبەستێکى تایبەتە تەنانەت پاراستنى ئەکتەر بەو کورسیەى لەسەرى دادەنیشێت، بەو تەختەیەى لەسەرى دەوەستێت، بەو جلەى لەبەرى دەکات، بەو ئێکسسوارەى بەکارى دەهێنێت بۆ مەبەستێکى دیاریکراوە نەک بۆ مەبەستێکى گشتیى و تەنها بۆ بەرچاوى بینەران، کەواتە پێویستە ئەکتەر هەست بە چۆنیەتى جووڵەو مافى جووڵەى خۆى بکات لەسەر تەختەى شانۆ کە دیارە ئەمەش کارێکى (هەست پێکردنێکى) ئاسان نیە.


لەسەر تەختەى شانۆ و لەژێر کاریگەرى هەر کات و ساتێک هیچ رووداوێک روونادات کەببێتە هۆى وروژاندنى دەستبەجێى هەستەکانى ئەکتەر ئەگەر پێشتر بۆ مەبەستێکى تایبەتى و دیاریکراو ئامادەکاریەکى تەواوى (هەست)ى بۆ نەکرابێت، بۆیە لەسەر ئەکتەر پێویستە بەپەرۆش بێت لەپێناو ئەو هەستەدا چونکە هەر ئاکتینگێک هەڵقوڵاوى ناو هەستى ئەکتەر نەبێت سەرنجى بینەر راناکێشێت، بۆ نموونە گەر واڕێککەوت لەوەرزى زستان و لەنمایشێکى شانۆییدا باس لەگەرماى بەتینى هاوین بکات بێگوومان ئەو (هەست)کردنەى ئەکتەر بەو گەرمایە وێڕاى جلە تەنکەکانیش گەر پێشتر بەمەبەستى گەرما بوون لەقوڵایى ناخیەوە بەرجەستەکارى بۆ ئامادە نەکات هەرگیز ئاکتینگێکى پڕبەپڕى گەرماکە لەسەر رووى نابینرێت بۆیە سەرنجى بینەر راناکێشێت.


جووڵەو کردارەکانى سەر تەختەى شانۆ کردارى (روودراو) و (روودەدات)-ى لۆژیکى بەدواى یەکدا هاتووى بەیەکەوە لکاوى ماقوڵەو لەئاکامى پاساوى ناوەوەى هەستى ئەکتەرەوە بەرجەستە دەکرێت، گواستنەوەى خەیالى ئەکتەر لە کەیسێکەوە بۆ کەیسێکى تر بەوشەى (ئەگەر) یان (گریمان) کە وەک بەرزکەرەوەیەک کاردەکات لەدونیاى راستیەوە بۆ دونیاى خەیال چونکە وشەیەکى سحرئامێزەو هێزو توانا دەبەخشێتە هەستى ئەکتەر و نەستیشى کاراتر دەکات، نهێنیەکەشى لەوەدایە ئەو وشەیە جووڵەو کردارەکان ناسەپێنێ بەڵکو پێشنیارى بۆ دەکات، بۆ نموونە ئەگەر قەڵەمێکمان خستە دەستى ئەکتەرێک و وتمان ئەمە قەڵەم نیە بەڵکو مارێکە لەوانەیە باوەڕنەکات و تەنها زەردەخەنەێک ببەخشێت، بەڵام ئەگەر وتمان وابزانە یان گریمان ئەوەى نێو دەستت مارێکە چى دەکەیت....؟ لەناخەوە بەپاساوى ترس ئاکتینگى پڕبەپڕى ترسەکە دەخاتە سەر دەموچاوى خۆى، بێشک بەم کارە سەرنجى بینەر رادەکێشێت کەئەمەش داواکاریەکى سەرەکى دەرهێنەرە لەئەکتەر.


خەیاڵى ئەکتەر لەسەر شانۆ:


نابێت لەسەر تەختەى شانۆ ئەکتەر خەیال بەشتێکەوە بکات ئەگەر مەبەستدار نەبێت، گەورەترین هەڵە ئەکتەر تێیدەکەوێت ئەوەیە بەهۆى خۆئامادە نەکردنى پێشوەخت ناچاربکرێت رق دەرببڕێت لەجیاتى پێچەوانەکەى، رووێکى فلات بەرجەستە بکات لەجیاتى رووخۆشى چوونکە خەیالى ئەکتەر بۆ هەموو داهێنانێکى نوێى دەربڕین ((ئاکتینگ)) پێویستە پێشتر بەتێفکرینێکى قوولڕ شیکارى بۆ (روودەدات)-ێک کردبێت و لەسەر بنەمایەکى راستى جووڵەو کردارەکانى شانۆیى بنیاتى نابێت و بەشێوەیەک بتوانێت ئەو وەڵامە بدۆزێتەوە کەبەرۆکى دەگرێت وەک ((کەى، لەکوێ، بۆ، چۆن)) بۆ ئەوەى وێنەیەکى نوێ ببخشێتە پێکهاتە خەیالیەکەو سەرنجى بینەر رابکێشێت کەئەمەش داواکاریەکى سەرەکى دەرهێنەرە لەئەکتەر.


گوایە هەندێجار ئەکتەر پێویستى بەو کردارى خەیالە زەینى و هەستیە نیە چونکە خەیالى خۆى کارایە لەتێڕوانین و سەلماندنى جووڵەو کردارەکان لەکاتى ئاکتینگدا، بەڵام پرۆسەى دەرهێنانى شانۆیى پشت بەم حاڵەتە نابەستێت چونکە بەشێوەیەکى گشتیى خەیالکردن بەبێ مەبەستێکى دیاریکراو تەنانەت ئەگەر ئەکتەر زۆر قوڵتر لەپێویست و لۆژیکیانەش خەیال بکاتەوە هەر وێنەیەکى مردووەو بەدروستى ناگاتە زەینى بینەر.


هونەرى خەیال لەئەکتەر داواکارە بەهەموو توانا سروشتییەکەى خۆى ئاوێتەیەکى ئەرێنى خەیال بێت و بەجەستەو هەستە رۆحیەکەى ئامادەبێت بۆ ئەو رۆڵەى نمایشى دەکات و بێشک دەبێت هەستبکات بەو پاڵنەرەى کەدەتوانێت رەنگدانەوەى هەبێت واتا کار لەهەست و سروشتى جەستەى بینەر بکات، ئەمەش توانایەکى هونەریەو شایانى باسە کەدەربڕینى هەرجووڵەو کردارو دایلۆگێک لەسەر تەختەى شانۆ رەنگدانەوەى ژیانى راستەقینەیە لەخەیاڵدانى بینەر، چونکە ئەگەر ئەکتەر هەر دایلۆگ و جووڵەیەک دەربڕێت بەشێوەیەکى ئامێرئاسا و بەبێ هەست و هەستکردنێکى تەواو کە((کێیە، لەکوێ هاتووە، بۆ، چى دەوێت، بۆ کوێ دەچێت، چى دەکات)) دەبێتە جۆرە نواندنێک کە لەهیچ خەیالدانێکەوە سەرچاوەى نەگرتووەو تەنانەت خایاندنى کاتەکەشى ناسرووشتیەو لەجووڵەى مرۆڤێکى ئالى بەدەرنییە.


بۆنموونە ئەگەر بۆ ئامادەکردنى ئەکتەرێک لێى بپرسین ئایا کەشوهەواى دەرەوە ساردە یان چى؟ بەڵام یەکسەر وەڵام مەدەرەوە بەڵکو بەخەیاڵى خۆت بچۆرە دەرەوەى هۆلڕ و دواتر پێمان بڵآ چونکە وەڵامى یەکسەرى (بەڵێ) یان (نا) یان (ئاگادارنیم) وەک هەستێکى مردوو لەسەر رووى دەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەکتەرەکە پێش وەڵامى یەکسەرو راستەوخۆ بەخەیالى خۆى بگەڕێتەوە بۆ سەرشەقامەکەو بیربکاتەوە چۆن پیایدا رۆیشتووە، بێشک لێرەدا بەبیرکردنەوە تاقیکردنەوەى هەستى خۆى (خەیال)-ى خۆى دەکات کەئەو کەسانەى لەسەر شەقامەکە بینیویەتى چ جۆر جلێکیان لەبەردابوو، ئەو رێگایەى پیایدا رۆیشتووە چۆن بوو، بەفرى ژێر قاچیان چۆن بوو ئینجا دەتوانێت وەڵامى راستەقینەى پرسیارەکە بداتەوەو ئاکتینگێکى زیندوو پڕبەپڕى ساردو سەرماکەش لەسەر رووى دەبینرێت.

 

ماڵپەڕی بوڕهان جۆڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک