٣٠\٨\٢٠١٧
ئاماژە پرسیارپێچەکانی شوێن.

نەژاد عەزیز
سورمێ
''ئەم دەقانە، لەو خەونانە
دەچن،
لە بێدار بوونەوەدا بە پچرپچری بە بیردێنەوە..
ھەوڵێکە لە ورد بوونەوە لە (شوێن) و نا (شوێن)دا...''
• بانیژەی جودایی
شمشێری ئاوریشمینی لێ
ھەڵکێشراوە..
ئاسمانی لێ ونە..
خۆزگە بۆ پەیمانێک دەخوازێ.
• لە ناو توولی تەمدا
نا خاینێ ،
ھێندەی نەماوە دەبارێ.
• پاردە
خۆی ،
بە چیلە مێوەکەی تەنیشتیەوە ڕاگرتووە..
لەوەتەی بلێسە سەردانی دەکا ،
کەلارێکی بێ سامی بارکەوتووە.
• دورگەی زاراوە
بۆ کەسی باس مەکە !
گەوھەری بێدەنگی ،
گۆرانییەکی خەمباری
نیوەشەوانە...
داری ئومێدی پێ شین دەبێ.
• سێبەری دارەبەن
باخچەی باران..
ھاوڕازی ئەستێران ..
خەو ،
لەو باوەشاندا
ئیکسیری ئارامییە
قووڵ ...
نەرم.
• بەھاربەند
منداڵیی تەوتەمە بێ موریدەکان
جەژنا و جەژن..
وەرزاو وەرز...
دەگەڕێتەوە...
نوخشەت لێ دیار نییە، بزانی
چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ.
• ڕێژگەی ئاوھەڵدێر
بەفراوی..
بە خوڕ..
ژنان ،
دامەنی کراسی لێ پیرۆز دەکەن..
پیاوان ،
کوناھی پێ دەسڕنەوە ..
ڕێژگەی ئاوھەڵدێر
تەنیا لە چیاو کەپکان نییە
لە وتارانیش دەردەکەوێ.
• کاول
تۆدەڕۆی بە جێم دێڵی
پێکگەیشتن خەون نییە ، مۆتەکەیە..
چۆلەکەیش بێرەدا نایەن.
• ھێللانەی ژێر گوێسەبانە
باڵداران ھەڵەیان نەکردووە
مرۆڤ لەوێ ھەڵدەدێردرێن.
• گیرفانی جەنگاوەر
نەنیونۆکی بچکۆڵە.
وێنەی منداڵەکەی ،
گەواڵەیەک گریانی ئامادە..
پێنج ھەزاریەکی شین و دوانامەی ژنەکەی.
• شۆستەی عاشقان
ھەست لە بێ سنوریدا دەخنکێ
شازادە ماچیان لێ دەدزرێ..
خۆشەویستم بنووسە!
کامیراکان ناھێلن لێت نزیک ببمەوە.
• کەناری دادخوازی
ئەو دەڤەرە ،
ڕووپێوێکی کوشندەیە ..
شیناوەردی بێزار کردووە ..
زۆرجار پەرۆشیی
سێدارەی لە دارستانەکاندا بۆ ھەڵدەخرێ.
• بەردەمراز
لەوەتەی نیشتمانیان لێ ون کردووین ،
ڕێی بێچارەییمان گرتووە :
داماو ، لەبەر سێبەری خۆماندا
بەردە مراز ھاوارە!
• قەڵای تارمایی
ھەرزە ..
بێ چاند..
بێ خەیاڵ..
بۆ جاری ھەزارەم
عاجیباتیان ھەڵدەنێ..
چەشەخواز ، بێباک
بۆ جاری ھەزارەم
زارۆمان ،
بە جاری ھەزارەم دەسپێرێ.
• بنمیچی دووری
لە بیابان فڕێدراوم..
دەمم دراوەتەوە..
فرمێسکم دڵۆپ دڵۆپ بەزەوی دەکەون..
زمانم گۆ ناکا ..
دەیان بینم ،
شاباشم بەسەردا لێ دەدەن.
• گۆڕستانی پەپوولان
بەدوای شوێنەواری گۆرانییەکەوەم
بێ ئاگاداری ،
بێ ڕەزامەندی خۆم ،
پێشمەرگ
کفنیان بۆ ئامادە کردووم.
• بەرئاستانەی ڕوانیین
لات .. کز
سەیری ئاسمانەی(تاسان) دەکا.
• تەلانی برۆکانی
چرا لە دووریڕا دەبینرێن ..
ڕووناکی ،
بەلای لووتکەدا دەشکێنێتەوە..
متمانەت پێ دەکەم
دڵە لانەوازەکەمت لە دەست دەنێم.
• باوەشی نیگەرانی
بەھەورازێک سەردەکەوێت.
• ژیانی لێ نزیک بووەتەوە..
لێرە فێر بوو
دڵنیایی بە کوێ دادێ.
• بیلبیلەی ڕێکەوت
چرکە ئەبەدییەکانی لێ کۆ دەبنەوە..
خاکەڕایی تەنکەبەفرێکە تازە باریوە..
ناتوانم بلێم دونیا سپی دەکا.
• باڵی شەپۆل
تۆقەلانی بەخۆ وێران..
ئەزموونی ھاوسەنگی
ھەستێک ، لەنەوای خۆماربوون دەچێت.
• ئاگردان
لە چاخە بەردینەکانەوە
لەو کسپەیە نەگەیشتم ،
بە پڕووشەیێ دەنگ دەداتەوە.
• ناوەڕاستی ڕستە
چ شەوبەکێوییەکی سەختە
رێگاکانت،
بە (سەقەتایەتی) لێ بگیرێ.
• پشتی بوراق
ڕاسپاردەکانم لە بیر کردووە
بمبە کەشەکەلانی فەلەک !
لە ڕێگادا ، بیرم بێنەوە ..
ئێستاو دواڕۆژیان
لێ بە تاڵان بردووم
بمبە کەشەکەلانی فەلەک
شایەد بیان ھێنمەوە.
• کووچەی بنبەست
لە چۆلایی ، چۆلتر..
لە خەم ، غەمگینتر..
لە دەستبەتاڵی ، بێ ئیشتر..
قەڵەمڕەوێکی بێ حاکم.
• ناخی تەنیایی
ئۆقیانوسێک گریانی تێدا قەتیس ماوە..
چیایەک لە ھەنسک..
قەسیدەیەکی سەر بڕاو..
ڕۆمانێکی زیندانی.
• ڕۆژھەڵاتی نیگا
تۆم بینی،
یاقوتێکم لە خۆمدا دۆزیەوە.
• دڕاڵەی چۆل
وەختێک خەونەکانمان ،
ھاتووچوویان پێدا دەکرد..
سەردەمێک ، (ئازیزە)ی ژوانی پێ دەکرد.
• بۆشاییی با
جوانی،
لێرە زەفەری پێ دەبرێ..
قەڵای دڵ ،
لە وێدا لە بۆ شایی ماندوویدا داگیر دەکرێ ..
لە داد مەپرسە!
• ئەو سەری پەرەگراف
ئەتمۆسفێری گیرسانەوە لە ڕستەی،
(بڵێی تا سەر بێ) دایە.
• مۆڵگەی بوونەوەران
بوونەوەر،
چاوی شەیدایان
لەگەنجینەی سەروبنی دونیادایە
ماڵ و مۆڵگە
بە (میم) دەست پێ دەکەن.
• بناری چاوەڕوانی
بەبیرت دێتەوە
چ تافتەیەکی باڵانوێنت لەوێ بەجێ ھێشتبوو؟
لەوێ لەناو گەرداوی گومان ،
لە داڵانە بێ کڵاوڕۆژنەکەدا:
(لاوک)ێک بوو لە فرمێسک
(ھۆرە)ی ماڵ ئاوایی..
(ئەڵلاوەیسی)یەک لە داخ..
بەبیریت دێتەوە وتم:
ئەگەر بڕۆی برینەکانت دەدەمەوە؟!
شوباتی
٢٠١٧
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|