په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١١\٢٠١٣

ئامانجە شاراوەکانی پشت ھەراوھوریای نابووتی بانکەکان و

سیخوڕیی دەزگەی سخوڕیی سەرتاسەریی "نەتەوەیی" ئەمەریکا (NSA).


ھەژێن


چەند ساڵ لەمەوبەر، کاتێک کە چەند بانکێک وەک بلقی سەرئاو تەقین، دەزگەکانی راگەیاندنی دەوڵەتان و کۆمپانییە جیھانخۆرەکان، لە نەیارانی سەرمایەداری فرەتر کەوتنە زاقکردنەوەی پرسەکە و شەو و ڕۆژ چرکە چرکە بەگوێماندا دەدرا، سەرەنجامەکەی تەنیا کۆمەلێک ڕیفۆرم بوو بە قازانجی دەوڵەتان و کۆمپانییەکان و لێسەندنەوەی دەسکەوتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان بوو لە کرێکاران و جوتیاران و فەرمانبەران و خوێندکاران و خانەنشینان و بێکاران.

ئەو کات من بە پێچەوانەی زۆرێکەوە لەو بڕوایەدابووم، ئەگەر بەڕاستی پرسێک ھەڕەشە لە داھاتووی سیستەمی سەرمایەداری بکات، ھیچ کات ماسمیدیا ھێندە زاقی ناکاتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە کۆمەڵێک ئامانجی شاراوە لەپشت ئەم ھەراوھوریایەوەن، کە خزمەت بە پتەوترکردنی سیستەمەکە دەکەن.

ئێستاش لەبارەی پرسی سیخوڕیی دەزگەی سخوڕیی سەرتاسەریی "نەتەوەیی" ئەمەریکا (NSA) بەسەر تەواوی جیھانەوە ئاوای دەبینم، ئەوەندەی ماسمیدیا گرنگی بەو پرسە دەدات، ئەوەندە میدیای دژەتەوژم گرنگی پێنادات. بە بۆچوونی من، دونیای ئینتەرنێت بەو جۆرەی کە پاگەندە دەکرێت، لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتان و دەزگە سیخوڕییەکاندا نییە و ساڵانی ڕابوردووش چەند جار بینەری ھاککردنی دەزگەی سیخورێی و سەربازیی ئەمەریکای کەڵەگای جیاھن بووین، ھەڵبەتە لەلایەن دەوڵەتانەوە نا، بەڵکو لەلایەن چەند ھاکەرێکی ڕووتەڵەوەی بەرھەڵستیکارەوە..

من ھیچ گومانم لەوە نییە، کە سەرمایەداری لە ڕووی ئابوورییەوە لە قەیراندایە، بەڵام ھەڵای چەند ساڵی رابوردوو، قۆستنەوەی ئەو پرسە بوو، بۆ ھێرشکردنە سەر دەستکەوتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی چینەکانی خوارەوە؛ باشترین نموونەش پەلاماری مووچە و پشووی ساڵانە و دەستکەوتە ئابووریی و کۆمەڵایەتیەکانی دیکە خەڵکی یۆنان بوو، کە لەچاو ھەموو وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکا، باشترین مووچە و کەمترین ماوەی کار و زۆرترین پشووی ساڵانە و بەرزترین خانەنشینییان ھەبوو، ھەروەھا ڕەوایەتیدان بوو بە نیوەکاری و کاری کاتی و کاری [یەک سات بە یەک یۆرۆ/ پاوند] و کۆمەلێک شتی دیکە، کە بەبێ ڕووداوی نابووتبوونی چەند لکەبانکێک، نەیاندەتوانی بەسەر خەڵکدا بیانسەپێنن.

ھەروا ھیچ گومانم لەوە نییە کە ئەمەریکا سیخوڕی بەسەر جیھانەوە دەکات و ھەموو دەوڵەتانیش بە فەرمانداریی [حکومەتە] گەڕەکەی ھەرێمی کوردستانیشەوە سیخوڕیی بەسەر بەکاربەرانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن و تەنانەت شەونشینی ماڵانیشەوە دەکەن. بە بۆچوونی من، بۆ کەسانی ھوشیار و بەرھەڵستیکار و دژەدەوڵەت، ئەمانە ھەموویان ھیچ نین و ناشتوانن ببن، چونکە کەسانێک کە بڕیاریانداوە لە ڕیزی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی چینە ڕەنجخوراوەکانی کۆمەڵگەدا دژی سیستەمی سەرمایەداریی خەباتبکەن، ھیچ پیلان و تیرۆرێکیان نییە تاکو بیشارنەوە یا بە دزییەوە بیکەن، ئەوان بە ئاشکرا دژی سەرمایەداری بانگەوازدەکەن و ڕۆژانە لە خەباتی گەڕەک و فێرگە و کارگە و ناوچەکاندا خەباتدەکەن و کار بۆ ھەڵگێڕانەوەی خشت بە خشتی سیستەمی دژە مرۆیی سەرمایەداری دەکەن. بەڵام دەکرێت کەسان و گروپانێک ھەبن، کە بەم ھەرایە ترسیان لێبنیشێت، کەسانێک کە نیازی جێگرتنەوەی دەسەڵاتداران و سیستەمە نەگریسەکەی سەرمایەداییان ھەیە، ئەوانەش خەباتکارانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی نین، بەڵکو تەنیا ڕامیاران پارتە دەسەڵاتخوازەکان و جەنەراڵەکانن.

ھەڵبەتە من ئامانجم، کەمگرتن و گوماندروستکردن لەسەر پەردەھەڵماڵینەکانی 'ئێدوارد سنۆودان' لەمەڕ سیخوڕیی ئەمەریکا، نییە، بەڵکو دەمەوێت بڵێم کە سەروەرانی سەرمایەداری تاکتیکی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە و بەرگرتن بە بزووتنەوە دژەتەوژمەکانیان گۆڕیوە و لەجیاتی لێدانی ڕاستەوخۆ، ھەوڵی دەستەمۆکردن و بەکاربردنی میدیایی لە قازانجی خۆیان دەدەن. ئەگەر سەرنجی ڕاپەڕینەکانی وڵاتانی باکووری ئەفەریکا و خۆرھەڵاتی ناوین بدەین، ئەوا بە ئاشکرا کارایی و ئامادەبوونی ئەو تاکتیکەمان بۆ دەردەکەوێت؛ لە کاتێکدا کە ئەمەریکا و نێوەندە جیھانییەکانی وەک بانکی جیھانی و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و یوئێن و ڕێکخراوە بەناوی کۆمەککارییەکان لە ڕووداوەکاندا بەتایبەت ئەوەی کە لە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی تونس خافڵگیردەبن، لە ڕاپەڕینی جەماوەری 'میسر'دا ھەموو ھێز و توانای خۆیان بۆ گەورەکردن و زاقکردنەوەی ئیخوانەکان دەدەن، لە لیبیا بیانووی لەشکرکێشیی دەستەبەردەکەن و لە یەمەن و بەحرێن، پرسی دووبەرەکی سوننە و شیعە زاڵدەکەن و گڵۆپی سەوز بۆ لەشکرکێشیی پاشایەتی سعودیە ھەڵدەکەن و لە سوریە بە کۆمەکی دەوڵەتی تورکیە و سعودیە، ڕاپەڕینەکە وەردەگۆڕنە جەنگی میلیشییایی بەرامبەر ڕژێمی بەعس و جەنگی نێوخۆیی بەرامبەر ناوچە کوردنشینەکان و شارۆچکە ئازادە عەرەبنشینەکان بەرپادەکەن و جارێکی دیکە لە میسر ھاتنەسەرشەقامی ملیۆنیی جەماوەری ڕاپەڕیو بەرامبەر دەسەڵاتی ئیخوانەکان، دەزگەی سەربازیی دەخەنەگەڕ و کودەتا بەرپادەکەن، لە ھەرێمی کوردستانیشدا پاش ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانەکانی ساڵی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦، بە ھاریکاریی خودی تاڵەبانی و نەخشەکێشیی ئەمەریکا و دەزگە سیخوڕییە جیھانییەکان لەژێر دێوجامەی ڕێکخراوی کۆمەککەر و (NGO) لە ناوچەکەدا، بۆ دەستەمۆکردنی بزووتنەوەی گۆڕانخوازیی جەماوەریی لە ھەرێمی کوردستاندا، کۆمپانیای وشە و لیستی بەناو " گۆڕان" قوتدەکەنەوە و ھەروەھا لە ساڵیادی ١٧ی شوباتدا، بەکرێگیراوانی دەزگەی زانیاریی و پاراستن دەکەونە خۆئامادەکردن بۆ دەستەمۆکردنی ھەر ھاتنەوەمەیدانێکی جەماوەریی و دەخوازن وەک ٣ی جولای ٢٠١٣ لە میسر، خۆیان بۆ لەباربردنی ھاتنەوەمەیدانی جەماوەر، دەستپێشکەریی بکەن. ئەمە ئەو تاکتیکە نوێیەیە کە سەرلەشکرانی نەزمی کۆن "نوێ"ی سەرمایەداریی لە ئێستادا پەنایان بۆ بردووە و دەیگرنەبەر و سەرکەوتن و پاشەکشێپێکردنی وەھا تاکتیکێکی جیھانیش، تەنیا بە چۆنیەتی کاردانەوەی خەباتکارانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەستە؛ بە دژە تاکتیکی ڕەوتی دژەتەوژمەوە پەیوەستە و ئەگەر بە وریاییەوە لەتەکیدا مامەڵەنەکرێت و لە خەباتی ڕۆژانەی جەماوەرییدا زەمینەی کۆمەڵایەتیی بۆ پووچەڵکردنەوەی لەبارنەکرێت، ئەوا زۆرێک لە ھەوڵەکان بە قازانجی پاراستن و مانەوەی سیستەمی مشەخۆریی و سەروەریی چینایەتی تەواودەبن، ھەروەک چۆن تا ئێستا لە تونس و میسر و لیبیا و سوریە و عیراق بە ھەرێمی کوردستانیشەوە لە قازانجی ڕامیارییەکانی نیئۆلیبرالیزم و پەلھاویشتنە ئابوورییەکانی بازارئازاد تەواوبووە.

 

٧\١١\٢٠١٣

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک