په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٦\٢٠٢٤

ئامارەکانی سەرمایەداریی و قووڵبوونەوەی قڵشتی چینایەتی.

عامر سابیر      


ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ٣ی مەی ٢٠٢٤دا لە گۆشەی (بۆچوون)-(ئۆپینیان)دا وتارێکی ئیکۆنۆمیست (گەبرایڵ زوکمان)ی بڵاوکردۆتەوە لەسەر نایەکسانی لە ئەمریکادا. وتارەکە لەژێر ناونیشانی "کاتی ئەوە هاتووە بلوێنێرەکان باج بدەن" زوکمان یەکێکە لەو ئیکۆنۆمیستانەی کە لەگەڵ (تۆماس پکیتی)دا ئامارەکان لە سەر نایەکسانی لە وڵاتانی دنیادا بڵاوئەکەنەوە.


وتارەکەی زوکمان بەراوردی باجی سەر چوارسەد کەس لە دەوڵەمەندترینی سەرمایەدارەکانی ئەمریکا ئەکات لە ساڵی ١٩٦٠ و ٢٠١٨ دا. وە ئەمە بەراورد ئەکات بە باجی سەر نیوەی خوارەوەی دانیشتوانی ئەمریکا لەو دوو ساڵەدا.


لە ساڵی ١٩٦٠ دا ڕێژەی باج (تاکس) لەسەر بلوێنەرەکان (ملیاردێرەکان) ٥٦٪ بووە، لە ٢٠١٨ دا کەمبۆتەوە بۆ تەنها ٢٣٪. وە ئەمە بەراورد ئەکات بە باجی سەر نیوەی دانیشتوانی ئەمریکا کە لە هەژارانن. لە ساڵی ١٩٦٠ دا نیوەی دانیشتوانی ئەمریکا لە هەژاران و کەمدەرامەتەکان ٢٢٪ باجیان داوە، بەڵام لە ٢٠١٨ دا باجی سەر ئەمانە زیادکراوە بۆ ٢٤٪.


زوکمان ئەڵی بۆیەکەم جارە لە مێژووی ئەمریکادا کە بلوێنێرەکان باج کەمتر ئەدەن (٢٣٪) بە بەراورد بە کرێکارانی ئەمریکا (٢٤٪). وە ئەڵێ ئەمەی کە لە ئەمریکادا ئەیبینین، لە هەموو وڵاتانی سەرمایەدارییدا هەر بەوجۆرەیە و بلوێنێرەکان کەمترین باج ئەدەن و کرێکاران زۆرترین.

لە کاتێکدا بلوێنێرەکان باجێکی زۆر کەم ئەدەن و سیستەمەکە بە شێوەک دیزاین کراوە کە خۆیان لە دانی باج بپارێزن و ئەوە بلوێنێرەکانن کە بڕیارئەدەن یارمەتی کام ئەندام پەرلەمان و کام حیزب بدەن تا بچێتە پەرلەمان و دەسەڵاتەوە و یاساکان لە بەرژەوەندی و قازانجی ئەواندا بگۆڕن. لە ئێستادا حکومەتی ئەمریکا و هەموو وڵاتانی دنیاش، لە جیاتی ئەوەی باجی سەر دەوڵەمەندەکان زیاد بکەن تا خزمەتگووزارییەکانی پێ فەراهەم بکەن، لە جیاتی ئەمە حکومەت داوا لە دەوڵەمەندەکان ئەکات کە پارەکانیان بە قەرز بدەن بە حکومەت و حکومەتیش ساڵانە قازانجی ئەو قەرزانەیان ئەداتەوە کە بە بلیۆنان دۆلارە ساڵانە، وە سەرمایەکەشیان وەک خۆی باقییە و هەرکات ویستیان دەوڵەت ئەبێت بیانداتەوە و پارەکەی ئەوان قەرزە بەسەر دانیشتوانەوە.

ئامارەکانی زوکمان تا ساڵی ٢٠١٨ ی تیادایە، بەڵام وەک بە ئاشکرا ئەبیندرێ کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کە لە دیسەمبەری ٢٠١٩ دا پەیدا بوو) بوو بە خێروبەرەکەت و ڕژا بەسەر بلوێنێرەکاندا و زۆربەیان سەرمایەکانیان دووقات و چوارقات زیادی کردووە لەوکاتەوە. واتە لە ساڵی ٢٠١٨ەوە. بۆ نموونە با سەیری قازانجی کۆمپانیای ئەمازۆن و (جێف بەیزۆز)ی خاوەنی بکەین کە دەوڵەمەنترین کەسی دنیایە. لە ساڵی ٢٠١٨دا قازانجەکەی ٢٣٢ بلوێن بووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا قازانجەکەی ٢٨٠ بلوێن بووە، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا قازانجەکەی ٣٨٦ بلوێن بووە، وە لە ساڵی ٢٠٢١ دا قازانجەکەی بەرزبۆتەوە بۆ ٤٦٩ بلوێن، وە لە ساڵی ٢٠٢٢دا قازانجەکەی بووە بە ٥١٣ بلوێن، وە لە ساڵی ٢٠٢٣دا قازانجەکەی بووە بە ٥٧٤ بلوێن دۆلار.

سەرمایەداریی تاوانی لێ ئەچۆڕی، وەڵام تەنها شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار و بنیاتنانی سۆشیالیزمە.
_____________________________________________________
سەرچاوە:
لینکی وتارەکەی گەبرایڵ زوکمان لە ڕۆژنامەی نیویۆک تایمز بە ناونیشانی: .It’s Time to Tax the Billionaires
https://www.nytimes.com/interactive/2024/05/03/opinion/global-billionaires-tax.html 

 

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک