٣١\١\٢٠١٢
ئامینه شادان له
ههوڵی پڕۆژهیهکدایه بۆ خۆیندن له کوردستان.
ئامادهکردنی: ئاسۆ
گۆران
ئامینە
کچێکی کوردی دانیشتووی بەریتانیایە لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە لە
قۆناغی دووی کۆلێجی پزیشکیدا خەریکی خوێندنە.
ئامینە وێڕای درێژەدان بە خوێندنەکەی، خەون بە پێشکەوتنی وڵاتەکەیەوە
دەبینێت و خەریکە، بە کردەوە پڕۆژەیەک لە یەکێک لە گوندەکانی
وڵاتەکەیدا جێبەجێ بکات.
ئامینە دەڵێت، هەر لەو کاتەوە دەستی بەخوێندن کردووە بیری لەوە
کردووەتەوە چۆن دەتوانێت لە باشترکردنی سیستەمی خوێندنی وڵاتەکەی خۆیدا
رۆڵی خۆی هەبێت.
ئامینە دەڵێت: لە راستیدا لەوپەڕی گرژی و ناخۆشیدا خوێندن فریام
کەوتووە، هەر بۆیە حەز دەکەم گرینگیەکی زیاتر بە خوێندن و پەروەردە
بدەم. کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٥ بۆ ماوەیەک گەڕامەوە کوردستان، هەستم کرد
پێویستە لە نیشتمانەکەمدا سیستەمی خوێندن لە هەموو بوارەکانیدا
ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت.
ئەوەی زۆر سەرنجی منی راکێشا دیزاین و چۆنیەتیی باڵەخانەی قوتابخانەکان
بوو. پێویستە قوتابخانەکان لە ڕووی ئەندازیاریی بیناسازییەوە سەرنجیان
بدرێتێ و بیناکان تەنانەت لە بەشی تەندروستی و پاکوخاوێنی قوتابییانەوە
هەڵەی زۆریان تێدایە.
دوای ئەوە هەستم کرد ئەوەندەی لە دەستم دێت و لە توانام دا هەیە
یارمەتی ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی وڵاتەکەم بدەم. بۆ ئەم مەبەستە،
لەگەڵ هاوڕێکانی زانکۆکەم لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٠ دا پڕۆژەیەکمان
بەناوی پڕۆژەی "وههام" (wham
project) ئامادە کرد کە مەبەستی باشتر کردنی سیستەمی خوێندن
و بە تایبەت بیناسازیی خوێندنگەکانە. ئامادەکردنی ئەم پڕۆژەیە کارێکی
ئاسان نەبوو و بە یارمەتیی کۆمەڵێک هاوڕێی زانکۆم لە وڵاتانی
جۆراوجۆرەوە، بۆ ئامادەکردن و سەرخستنی پڕۆژەکە رێک کەوتین دەست بەکار
بووین.
"سەدەف پوورزەند" لە ئێران، "ڕاڤدین
هۆلکلەر" لە هندستان و "رۆبیت هارد"
لە بەریتانیا، لەم پرۆژەیەدا هاوکاری دەکەن و لەگەڵم دان.
هەرکەسێک لە پرۆژەکەمان ورد بێتەوە و تێی بگات و یارمەتییەکی لەدەست
بێت پێشوازی لە هاوکارییەکانی دەکەین.
هەر لەم پەیوەندییەدا دەستی هاوکاریخوازی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و
سپانسۆریی هەموو لایەنە کوردستانیەکان درێژ دەکەین بەڵام بە مەرجێک
خۆمان لە جێبەجێ کردنی چۆنیەتیی جێجەجێکردنی پرۆژەکەماندا سەربەخۆ و
سەربەست بین.
من لێرە چەندین جار هەوڵی پەیوەندی کردن بە نوێنەرایەتیی حکومەتی
هەرێمی کوردستانم داوە، بەڵام بەداخەوە، بۆم نەکراوە لە نزیکەوە
لەگەڵیاندا بدوێم.
بەداخەوە خەڵکی واش زۆرن کە هەوڵدەدەن دڵساردت بکەنەوە. نەک هەر
هاوکاریت ناکەن، بەڵکوو زۆر ناخۆش لەگەڵتدا دەدوێن. بەڵام بە خۆشییەوە
ئەوانە کارم تێناکات و بڕیارم داوە لە کارەکەمدا بەردەوام بم.
لەلایەکی دیکەوە لە درێژەی ئەم هەوڵەمدا خەریکم لە رێگەی دروستکردنی
لینک و لقی دیکەوە پڕۆژەکە بۆ ناو گەنجانی کوردی وڵاتانی دیکەی وەک
سوید و نەرویجیش پەرە پێبدەم و بەهاوکاری ئەوان ئاڵوگۆڕ بەسەر
پرۆژەکەمان دابهێنن.
ئەم ئەزموونەی دەستمان داوەتێ، هەر بە قسە ناچێتە پێشەوە و دەبێت بە
گوڕ و تینێکی جدییەوە کاری لەسەر بکەین.
دەبێ هەوڵ بدەین کاریگەریمان لەسەر سیستەمی خوێندنی کوردستان هەبێت و
تەنانەت ئەگەر بکرێت، بە تەواوی بیگۆڕین، چونکە کوالێتیی بیناکان کاری
زۆری دەوێت.
دوای تۆمار کردنمان لەم وڵاتە، کاری کەلتووریش بۆ ناساندنی ئەم پڕۆژەیە
دەکەین و بەنیازین لە مانگی دوو و مانگی سێدا لە
London school of economic
(قوتابخانەی ئابووریی لەندەن) ناسنامەی خۆمان پێشان بدەین و خەڵک زیاتر
ئاشنای پڕۆژەکەمان بکەین.
ئێمە هەر ئێستا لە کوردستانی خۆمان گوندێکمان لە ناوچەی کۆیە بە ناوی
گوندی "چێڵەی خوارێ" هەڵبژاردووە کە پیاوێکی بە تەمەن بەدەستی خۆی
قوتابخانەی گوندەکەی دروست کردووە.
ئەم پڕۆژەیە بە کەمترین بڕی پێویستیی بە ١٨هەزار تا ٢٠هەزار پاوندی
بەریتانی هەیە کە ئەمەش بێ سپانسۆری باش جێبەجێ ناکرێت.
ئەوەی لە کۆتاییدا دەمهەوێت بیڵێم ئەوەیە ئێمە پێویستمان بە کۆمەک و
هاوکاریی هەموو کەس هەیە کە هیوادارین بە دەنگمانەوە بێن و بۆ سەرخستنی
پڕۆژەکەمان هاوکاریمان بکەن.
www.whamproject.org.uk
info@whamproject.org.uk
لهندهن
ماڵپهڕی ئاسۆ
باڵابەرز
|