په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١٢\٢٠١١

ئانو بوری:*

بۆ من شتێکی تازەیە بوونی کۆمەڵگەیەکی نەوتی وا بکا ئافرەتان زیاتر لە ماڵەوە بن!!

له‌ ئێستادا ئافره‌ت ئه‌و جورئه‌ته‌ی بۆ په‌یدا بووه‌ باس له‌ ناخۆشی و کێشه‌کانی بکا.

سازدانی: شوان سدیق


هەفتەی رابردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان، پلانی ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژیی دژ بەئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و توندوتیژیی دژی ئافرەتان لەهەرێمی کوردستان راگەیاند، کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوی (UNDP) نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی (٢٠١١ - ٢٠١٤) دارێژراوە، خاتوو (ئانو بوری) راوێژکاری جێندەری پرۆژەکانی (UNDP) نەتەوەیەکگرتووەکان لەم گفتوگۆیەدا قسە لەسەر ئەو بەرنامە ستراتیژیە دەکا، پێیوایە زیادبوونی کەیسەکان و توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان و خێزان، مانای ئەوە نیە پێشتر کێشە نەبووبێ.
 

شوان سدیق: گرنگی پلانی ستراتیژی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژیی دژ بەئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لەچیدا دەبینیت، لەکاتێکدا کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان روو لە هەڵکشانن؟
ئانو بوری: بەبڕوای من گرنگییەکەی لەوەدایە، دەبێتە هۆی وەستاندانی توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردەواری، ئەم پڕۆژەیە دانانی دیدێکە، ئەم دیدەش بۆ ماوەی چوار ساڵە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بارودۆخی ئافرەت و کێشە خێزانییەکان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت، واتە بینینی بارودۆخی ئافرەت لەدوای چوار ساڵ و چۆنیەتی گەیشتن بەم دید و روئیایە ئەم ستراتیژیە هەنگاوەکان کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی چۆن بگەین بەو میکانیزمەی لەدوای چوار ساڵ بارودۆخی ئافرەت چی بەسەر دێت، ئەمە ئەو هەنگاوەیە دەبێت بزانرێت چۆن کێشەکان دیاری دەکرێت بۆ چارەسەرکردنی.

شوان سدیق: باسی چۆنیەتی گەیشتن بەو میکانیزمانەت کرد، بەڵام لە ئێستادا رێکخراوەکانی ئافرەتان و خودی حکومەتیش پێیانوایە کێشەکان روو لەزیاد بوونە، ئایا ئەم پڕۆژەیە چۆن گونجێنراوە لەگەڵ دۆخی ئێستا؟
ئانو بوری: مەسەلەی زیادبوونی کەیسەکان و توندوتیژیی دژ بە ئافرەتان و خێزان، مانای ئەوە نیە پێشتر کێشە نەبووە، بەڵام لە ئێستادا کێشە هەن، بەبڕوای من ئافرەت لەئێستا ئەو جورئەتەی بۆ پەیدا بووە رووبکاتە لایەنە پەیوەندارەکان و باس لەناخۆشی و کێشەکانی خۆی بکات.

شوان سدیق: بەڵام بەگشتی ئەوەی ژنان و خودی ئەو کەسانەش کار لەسەر پرسەکانی ژنان دەکەن، پێیانوایە کێشەکانی ژنان بەشێکی پەیوەندی بە باروگوزەرانی باری ئابورییەوە هەیە، پرسیارەکەم ئەوەیە ئایا پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە چ گرنگیەکی دەبێت بۆ باری ئابووری ژنان؟
ئانو بوری: بێگومان ئەوە راستە بەڵام وەزارەتی ناوخۆ وەزارەتێک نیە بتوانێـت ئەو کێشانە چارەسەر بکات، ئەوەی وەزارەت کاری لەسەر دەکات، تەنیا پەیوەندی بەسەڵاحیەت و دەسەڵاتەکانی خۆیەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ستراتیژییە باس لەدووبارە گەڕانەوەی قوربانیان دەکات بۆ ناو کۆمەڵگا، ئەوەش لەو رێگایەوەیە کە خولیان بۆ بکاتەوە و بتوانرێت شیاویان بکات، بۆ ئەوەی ئافرەتان بتوانن داهاتێک بۆ خۆیان پەیدا بکەن.

شوان سدیق: مەبەستت لە داهات چییە؟ ئافرەتان بەچ رێگایەک دەتوانن داهات بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن؟
ئانو بوری: بەوپێیەی بەشێک لە ئافرەتان نەخوێنەوارن و کاریان دەست ناکەوێت، بەڵام لەرێگەی ئەو پڕۆژەیەوە زۆر خولی فێربوون و هۆشیارکردنەوە هەیە، لەوانەیە دواتر شایەنی ئەوەبن ئیشیان پێ بدرێت، ئەو کاتە ئافرەت دەتوانێت داهاتێک بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

شوان سدیق: بەدەر لەو پڕۆژەیە پێتوانییە کارکردن بۆ هەندێک لە ژنان کارێکی ئاسان نەبێت، بەوپێیەی کۆمەڵگای کوردی زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیەوە گۆڕاوە بۆ کۆمەڵگەیەکی نەوتی؟ ئەمەش زیاتر وابکات کۆمەڵگا ئافرەتان بواری ئیشکردنیان کەمتر ببێت؟
ئانو بوری: ئەوە ڕاستە بەڵام بەنسبەت من شتێکی نوێیە، کە بوونی کۆمەڵگەیەکی نەوتی وابکات زیاتر ئافرەتان لەماڵەوە بن، لەراستیدا ئەگەر سەیری دەستوور بکەین، پیاو و ئافرەت پێکەوە مافیان دراوەتێ بۆ کارکردن، لەگەڵ ئەوەش دەبینین بێگومان کارکردن وەک حەزێکی مرۆڤ وایە، کەواتە مەرج نیە ئەگەر هاتو وڵات داهاتی باش بوو ئافرەتانیش کار نەکەن، بەپێچەوانەوە ئیش وەک حەزێک وایە لەوانەیە ئەوانیش حەز بکەن کار بکەن. تۆ پێشتر گوتت ئافرەت داهاتێکی ئەو تۆی نیە خێزانەکانیش فەقیرن دواتریش باسی کۆمەڵگەی نەوتیت کرد.

شوان سدیق: مەبەستم ئەوە بوو کارکردن بۆ هەندێک لە ئافرەتان شتێکی ئاسان نابێت لە دۆخێکی وەک ئێستا چونکە خێزانی کورد زیاتر بەرەو کۆمەڵگەیەکی نەوتی هەنگاو دەنێت، دەرکرێت لە بەڕێزت بپرسم حکومەت و لایەنە پەیوەندارەکان چۆن بتوانن کارێک بکەن لەگەڵ ئەوەی کۆمەڵگەش کۆمەڵگەیەکی نەوتی بێت، بەڵام خەڵک بەتایبەتی ئافرەتان بێنە دەرەوە و کار بکەن؟
ئانو بوری: بەڵێ، ئەوەی ئێمە دەیکەین دروستکردنی فەزایەکە وەک دەرفەتێک بۆ ئافرەتان کە توانا و تاقەیان بەهێز بکرێت، دواتریش هەر کەسێک ویستی کار بکات، یان باری ئابوری خۆی بەرز بکاتەوە، یان بەجۆرێکی تر بێتە دەرەوە، ئەوە بڕیارێکە خۆی دەیدات، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیکەین رەخساندنی دەرفەتە بۆ ئافرەتان.

_____________________________________

* (ئانو بوری): راوێژکاری جێندەری لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک