په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١١\٢٠٢٦

ئانزاگار: برج، قەڵا و تاقی ئاسمان.

- زمان وەک بەردەوامی: ئاو، بەرد و پلەگۆشتی ناو دەم لە زاگرۆس، سۆمەر، ئەکەد و کوردیدا -


سەباح یاسین       

١. پێشەکی.


ئەم وتارە وشە مێخییەکەی ‎𒀭𒍝𒃼‎ (‎an-za-gar₃‎) دەخوێنێتەوە، کە لە فەرهەنگی سۆمەریی ‎ePSD2‎دا بە واتای «برجی قایمکراو» هاتووە، و دەپرسێت: نیشانەکانی ئەم وشەیە - ئاسمان، داخستن، گرێ و جێ - چ وێنەیەکی برج دەدەن؟ و ئەم وێنەیە چۆن لە وشە کوردییەکانی «برج»، «تاق» و «کەوان»دا، لە ڕۆژژمێری کوردیدا و لە پایەکانی گرێ میڕازاندا دەبینرێتەوە؟ وەڵامەکان لە ئاستی وێنە، دەنگ و مانادان، نەک ڕەچەڵەک: خوێندنەوەی ئەو بینین و بیستنەی کە مرۆڤی دێرین لە ئاسمان و ئەرزەوە وەریگرتووە.
گریمانەی ئەم وتارە ئەوەیە کە زمان بەردەوامییە. مرۆڤی دێرین زمانی خۆی بە «پلەگۆشتی ناو دەم» ناساندووە - هەمان ئەو ئەندامەی گیاندار تامی جیهانی پێ دەکات - و ئەم ناساندنە لە سۆمەری (‎eme‎)، ئەکەدی (‎lišānu‎)، کوردی و زمانە هیندوئەورووپی و سامییەکاندا هەیە. زمان لە ناو دەمدا وەک ماسی لە ئاودا دەژی، و ئاو بەردەوامیی ژیانە. کەواتە مێژووی زمان مێژوویەکی بایۆلۆجی و کولتووری بەیەکەوە گرێدراوە، و ئەم بەردەوامییە لە سێ شتدا دەبینرێتەوە: لە زمان؛ لە زانینی کات و جێ - ڕووناکی و سێبەر، ڕۆژ و شەو؛ و لە هونەری سەر بەرد - پایەکانی گرێ میڕازان، دەفری سامەڕا و قوبەی ئێزدی.
ئەم بەردەوامییە بنەمایەکی زانستیی هەیە. ئەشکەوتەکانی زاگرۆس، وەک پالەگاورا، لە سەختترین قۆناغی دوایین سەهۆڵبەنداندا ئاوەدان بوون (‎Asouti et al. 2020‎)؛ و جووتیارانی یەکەمی زاگرۆس لە ڕاوکەرانی ناوچەکەی خۆیانەوە هاتوون، و کۆمەڵەیەکی جیاواز بوون لە جووتیارانی شام (‎Lazaridis et al. 2016‎)؛ زاگرۆس لانکەی بڵاوبوونەوەی کشتوکاڵ بووە بەرەو ڕۆژهەڵات (‎Broushaki et al. 2016‎). خوێندنەوەی دێرین و سەردەم لێرەدا سەرچاوەی گەڕان و زانینن، نەک خۆهەڵخەڵەتاندن: هەر لێکچوونێک وەک داتا، سەرچاوە و پرسیار تۆمار دەکرێت.


٢. وشە مێخییەکە.


‎ePSD2‎ وشەی ‎anzagar‎ [‎TOWER‎] ی ١٣٧ جار تۆمار کردووە، لە ئەکەدیی کۆنەوە تا ئوری سێیەم، بابلیی کۆن و دوای بابلیی کۆن، و زۆربەی تۆمارەکانی (١٠٥ جار) هی ئوری سێیەمن. لە هەموویاندا یەک مانای هەیە: «برجی قایمکراو» (‎fortified tower‎)، و بەرامبەرە ئەکەدییەکەی ‎dimtu‎ یە (‎ePSD2‎; ‎CAD D‎). هەیمپێڵ (‎Heimpel‎) لە توێژینەوەکەیدا لەسەر کرێکاران و کاری بیناسازی لە گەرشانا، لە سەردەمی ئوری سێیەمدا، باسی کردووە (‎Heimpel 2009: 169‎). لە فەرهەنگە کوردییەکاندا هاوتاکانی «برج، قەڵا، قوڵە و کەلوو»ن.
خشتەی ١. شێوەکانی نووسینی ‎anzagar‎ لە ‎ePSD2‎
شێوە نیشانەکان تێبینی
‎an-za-gar₃‎ ‎𒀭𒍝𒃼‎ نووسینە سەرەکییەکە
‎an-za-gar₃ki‎ ‎𒀭𒍝𒃼𒆠‎ لەگەڵ دیاریکەری جێ (‎ki‎)
‎ŋešan-za-gar₃‎ ‎𒄑𒀭𒍝𒃼‎ لەگەڵ دیاریکەری دار (‎ŋeš‎)
‎an-gar₃‎ ‎𒀭𒃼‎ شێوەی کور
دیاریکەرەکان (‎ki‎ و ‎ŋeš‎) ناخوێندرێنەوە؛ پێش یان دوای وشەکە دادەنرێن تا جۆری شتەکە دیار بکەن: ‎ki‎ شوێن و بینا، و ‎ŋeš‎ ئەو شتەی لە دار دروست کراوە. کەواتە برج هەم وەک جێیەک ناسراوە و هەم وەک بینایەکی دارین.


٣. نیشانەکان و مانای پێکهاتەکە.


خشتەی ٢. نیشانەکانی ‎anzagar‎
نیشانە مانا لە ‎ePSD2‎ هاوتای کوردی
‎𒀭 an‎ ئاسمان، بەهەشت؛ سەرەوە؛ تاجی دار (ئەکەدی ‎šamű‎) ئاسمان، بەهەشت، سەرەوە، تاج
‎𒍝 za‎ داخستن (بە نیشانەی پرسیار) بەستن، داخستن، چوارچێوە
‎𒃼 gar₃‎ گرێ (‎knob‎)؛ یەکەیەکی پێوانە (ئەکەدی ‎karru‎) گرێ، یەکەی پێوان
‎𒆠 ki‎ جێ، شوێن جێ
بەم خوێندنەوەیە، نیشانەکان پێکەوە وێنەی «برجی ئاسمان و ئەرز» دەدەن: شوێنێکی بەرز (‎an‎) کە دەور دراوە و داخراوە (‎za‎)، بە گرێ و پێوانە (‎gar₃‎) ڕێک خراوە، و لەسەر ئەرز (‎ki‎) دامەزراوە. ئەمە ئەو بەرزاییەیە کە - وەک قۆنگرەی قەڵا - بۆ چاودێریکردنی ڕێڕەوی خۆر، مانگ و ئەستێرەکان بەکار دێت. ‎za‎، کە مانای داخستن و بەستنەوەیە، لەگەڵ «گرێ»ی کوردیدا یەک دەگرێتەوە، کە ئەویش لە گرێدان و بەستنەوە هاتووە. ئایا برج بۆ مرۆڤی دێرین وەک دەمی ئەشکەوت بووە، کە لێیەوە ڕوانیویەتە ئاسمان و ئەرز و لە گۆڕانی کات و جووڵەی مانگ و ڕۆژ تێگەیشتووە؟
فەرهەنگە کوردییەکان «برج» بە سێ مانا تۆمار دەکەن: «مزڵگەی ڕۆژ لە ئاسمان»، «مانگی ساڵ» و «قۆنگرەی قووتی قەڵا» (هەژار). مەردۆخ مانای «ماڵ، بەش، پاژ و مەنزڵ»ی بۆ دادەنێت، و «کەلوو»ی بە «مەنزڵگەی خۆر لە ئاسمان» لێک دەداتەوە، وەک «کەلووی شێر»؛ دەستی (‎Demirhan‎) برج بە «بینایەکی بەرز و قایم کە بۆ پاسەوانی بەکار دێت» و «کەلوو» (‎birc‎) دەناسێنێت؛ وەهبی و ئەدمۆندز (‎Wahby & Edmonds‎) هەم «برج» و هەم «برجی ئاسمان» تۆمار دەکەن؛ و ڕێژگە مانای «جاسووسی تفەنگ»، واتە دەرزیلەی نیشانەگرتن، زیاد دەکات. ‎ePSD2‎ بۆ ‎anzagar‎ تەنها مانای برجی بینا تۆمار دەکات.
«کەلوو» لە فەرهەنگە کوردییەکاندا چوار مانای هەیە: «پۆرگی پاقلە و ماش و پۆڵکە و فاسۆلیا» و «قولفەی تێهەڵکێشی ئەو شتانەی بە شیش دەچنرێن، وەک گۆرەوی و لفکە» (خاڵ)، «قۆزاخەی کرمی ئاوریشم» (ڕێژگە)، و «برجی ئاسمان» (خاڵ؛ شێخانی؛ وشەنامە؛ دەستی؛ ‎Wahby & Edmonds‎). هەر چوار مانا یەک وێنەیان هەیە: پێچراوێکی داخراو کە تۆو یان ژیانێکی تێدایە و لە کاتی خۆیدا دەکرێتەوە. ئایا برجی ئاسمان - ماڵی خۆر لە هەر مانگێکدا - وەک کەلووی تۆو بینراوە، کە خۆر تێیدا دادەنیشێت و دواتر لێی دەردەچێت؛ و ئایا ئەمە هەمان مانای ‎za‎ ی ناو ‎anzagar‎ـە: داخستن و بەستن؟
شێوەی وشەی «برج» لە عەرەبیی «بُرج» و یۆنانیی ‎πύργος‎ (‎pyrgos‎)دا هاوتای هەیە، و لە عەرەبیشدا هەم برجی قەڵایە و هەم برجی ئاسمان. بیکس (‎Beekes‎) ‎pyrgos‎ بە وشەیەکی پێش‌یۆنانی دادەنێت، و هەندێکی تر بە ڕەگی هیندوئەورووپیی ‎bʰerǵʰ‎ «بەرز»ـەوە دەیبەستنەوە، کە «بەرز»ی کوردی و ‎b‎ə‎r‎ə‎z‎ ی ئەڤێستایی لەو ڕەگەن (‎Beekes 2010‎). کەواتە پرسیارەکە ناوی وشەکە نییە، بەڵکو وێنەکەیە: ئایا کۆبوونەوەی برجی قەڵا، ماڵ و مەنزڵی خۆر لە یەک وشەدا وێنەیەکی کۆنتری هەڵگرتووە، و ناونانی عەرەبی، یۆنانی و عیبری ناونانەوەی ئەو وێنەیەیە؟ و ئایا «برج» دەکرێت وەک «بڕ» (بەش، پاژ) و «جێ» بخوێندرێتەوە، هەروەک مەردۆخ برج بە «بەش، پاژ و مەنزڵ» لێک دەداتەوە؟


٤. ئاسمانی بەردین و بەرزایی.


لە ئەڤێستادا ‎asman‎ هەم «بەرد»ە و هەم «ئاسمان» (‎Reichelt 1913‎). هارماتا (‎Harmatta‎) پێی وایە ئەم وێنەیە لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ ژیانی ئەشکەوت لە چاخی بەردینی کۆندا؛ لە ڕیگڤێداشدا ئیندرا ئاسمانی بەردین دەشکێنێت و ڕووناکی و ئاو ئازاد دەکات (‎Harmatta 1998‎). لە دەقێکی ئەکەدیدا سێ ئاسمان هەن کە هەر یەکەیان لە بەردێکی جیاواز دروست کراوە (‎Horowitz 1998‎). کەواتە ئاسمان لە بیری دێریندا سەقفێکی بەردینە، هەروەک بنمیچی ئەشکەوت.
لە ئینوما ئێلیشدا (تابلۆی ‎IV‎) مەردووک لاشەی تیامەت - خوداوەندی ئاوی سوێر - دەکاتە دوو بەش، نیوەیەکی دەکاتە ئاسمان، شیشی بۆ دادەنێت و پاسەوانی لەسەر دادەنێت تا ئاوەکانی دەرنەچن (‎Lambert 2013‎). ئاسمان لێرەدا بەنداوە: لاشەی خوداوەندی ئاو دەبێتە دیوار و بەستن بۆ ئاو، و ئەمە هەمان مانای ‎za‎ ـی ناو ‎anzagar‎ـە: داخستن و بەستن (خشتەی ٢). لە «ستایشی پاچ»یشدا (‎ETCSL 5.5.4‎) ئێنلیل ئاسمان و ئەرز لێک جیا دەکاتەوە و پاچ دروست دەکات (بڕوانە: چارەک).
کۆنترین برجی بەردینی ناسراو برجی ئەریحایە (نزیکەی ٨٠٠٠ پ.ز.)، و بەرەو ئاوابوونی خۆر لە خۆرگەڕی هاویندا ئاڕاستە کراوە: لە ئێوارەی درێژترین ڕۆژی ساڵدا سێبەری چیاکانی ڕۆژئاوا یەکەم جار دەکەوێتە سەر برجەکە (‎Barkai & Liran 2008‎). بەم خوێندنەوەیە، ئاسمانی بەردین و برجی بەردین یەک وێنەن: ئاسمان سەقفی بەردینی ئاوە، و برج بەردێکی ڕاوەستاوە بەرەو ئاسمان، کە ڕووناکی و سێبەری ڕۆژی لەسەر دەخوێندرێتەوە. ئەگەر مرۆڤی زاگرۆس ئاسمانی وەک بنمیچی ئەشکەوت بینیبێت، ئایا برج، بەرد و بەرزایی پاشماوەی هەمان وێنەن؟


٥. تاق، برج و کەوان،


لە کوردیدا سێ وشە - تاق، برج و کەوان - بوارێکی مانای هاوبەشیان هەیە. «تاق» هەم «تاک»ە، هەم کەلەبەرێکە لە دیواردا بۆ دانانی شتومەک، و هەم سەرپەنجەرە، دەرگا و پردی کەوانەیی. تاق یەکەی پێوانەی ئاویشە: «بیست و چوار تاقی ئاو» واتە ئاو بە بیست و چوار بەش دابەش دەکرێت، و هەر بەشێکی تاقێکە؛ هەروەها بە مانای «ڕێی نیوەڕۆژێک» هاتووە. ژمارەی بیست و چوار - دوانزە ڕووناکی و دوانزە سێبەر - لە قوبەی ئێزدیشدا دەبینرێتەوە (بەشی ٦). «کەوان» یان «قەوس» دوایین مانگی پایزە - سەرماوەز - و ناوەکەی لە برجی کەوان وەرگیراوە، کە نۆیەم برجی ساڵە.
پێدەچێت شێوە و مانای «کەوان» لە ڕێڕەوی ڕۆژەوە وەرگیرابێت: ڕۆژ وردە وردە بەرز دەبێتەوە تا ناوەڕاستی ئاسمان، و پاشان بەرەو ئاوابوون دادەبەزێت، هەروەک کەوانەیەک. مانگیش لە شەودا بە هەمان شێوە لە کەوانی ئاسماندا دەردەکەوێت و لە کۆتایی مانگدا نوێ دەبێتەوە. ئەم بینینەی نوێبوونەوەی ڕۆژ، مانگ و ساڵ بە مانای «ئاو»ەوە بەستراوە: ئاو، تۆو و نەوە، کە سێ پایەی ژیانن و بە گەردوون و سروشتەوە بەستراون (بڕوانە: بەرگی ئا، ‎a‎ [‎WATER‎]). لە نیشانەی مێخیشدا، کە سەرەکەی سێگۆشەیە نەک کەوانەیی، ئەم پرسیارە دەکرێت: ئایا لە ناو هەر کەوانێکدا سێگۆشەیەک بینراوە؟


٦. تاق، پایە و سێبەر: گرێ میڕازان، دەفری سامەڕا و قوبەی ئێزدی.


لە گرێ میڕازان (‎Göbekli Tepe‎؛ نزیکەی ٩٦٠٠–٨٢٠٠ پ.ز.) دوو پایەی ناوەندی لە ناو بازنەیەکی نزیکەی دە تا دوانزە پایەدا ڕاوەستاون (‎Schmidt 2006‎؛ بڕوانە: ‎ansala‎، بەشی هەشتەم). سەری پایەکان ‎T‎ ئاسایە، و ڕووناکیی ڕۆژ و سێبەری پایەکان - ڕۆژ و شەو - لە نێوانیاندا دابەش دەبن. بەم خوێندنەوەیە، ڕێکخستنی پایەکان وێنەی دابەشکردنی ڕووناکی و تاریکییە بەسەر دوانزە تاقدا، و هاوتای مردن و ژیانەوەی تۆوە، نەک گیاندار. دوو پایە ناوەندییەکە وەک «گرێی ناوکی ئاسمان و ئەرز» یان گرێی ناوکی منداڵ دەخوێندرێنەوە، کە پشتاوپشتی داپیران و باپیرانی تێدایە.
ناوی کوردیی گردەکە، گرێ میڕازان، لە ناو کوردانی باکوور و ناوچەی ئورفەدا باوە: «گرێ» واتە گرد، و «مراز» واتە مەبەست و ئاوات. خەڵکی ناوچەکە پێش دۆزینەوەی شوێنەوارەکەش گردەکەیان بە پیرۆز زانیوە و بۆ هێنانەدیی ئاواتەکانیان سەردانی دارە تاقانەکەی سەر گردەکەیان کردووە: نەریتێک کە بەردەوامیی زانینێکی دێرینی تێدایە. کلاوس شمیت (‎Klaus Schmidt‎)، کە کۆڵینەوەکانی گرێ میڕازانی بەڕێوە برد، ئەم شوێنەی بە «پەرستگا» ناو برد و پێی وابوو بە ڕێوڕەسمی مردووانەوە بەستراوە (‎Schmidt 2006‎)؛ کۆڵینەوە نوێیەکان ئەم ناونانە دەگۆڕن (‎Clare 2020‎). «مەزار»یش لە کوردیدا جێی پیرۆزی مردن و ژیانە، و - هەرچەندە ڕەگی «مەزار» و «مراز» جیاوازن - مانای مردن و ژیانەوەی تۆو بە شێوەیەکی خوازەیی پاراستووە.
هەمان دابەشکردنی ڕووناکی و سێبەر لە دوو بەرهەمی تری هونەری قوڕ و بەردیشدا دەبینرێتەوە، کە وەسفەکەیان لە وتاری ‎ansala‎ هاتووە: دەفری سامەڕا (هەزارەی شەشەمی پ.ز.)، کە دوو شەپۆلی ناوەندی و بیست و چوار شەپۆلی شکاوی لە دەوردایە، و قوبە بەردینە بچووکەکەی لالش، کە دوانزە لێوار و دوانزە سێبەری هەیە (بڕوانە: ‎ansala‎؛ دەفری سامەڕا و قوبەی ئێزدی). بەم خوێندنەوەیە، پایەکانی گرێ میڕازان، دەفری سامەڕا و قوبەی ئێزدی هەمان مانای زمانیان هەیە: جووتێکی ناوەندی و دابەشکردنی کات و جێ بەسەر دوانزە بەشدا، هەروەک مانگ و ڕۆژ کات و جێ دیاری دەکەن. پێوانی کات بە سێبەر لە میزۆپۆتامیادا زانستێکی نووسراویش بووە: لە ‎MUL.APIN‎ـدا خشتەی درێژیی سێبەر بەپێی وەرزەکانی ساڵ تۆمار کراوە (‎Hunger & Pingree 1989‎).
لەم ڕوانگەیەوە داستانی گلگامێشیش دەخوێندرێتەوە. گلگامێش بە دوای نەمریدا دەگەڕێت و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕێتەوە، و لە کۆتاییدا داوا لە ئورشانابی دەکات تەماشای شووراکانی ئوورووک بکات، کە بە خشتی سوورکراو دروست کراون (‎George 2003‎). بەم خوێندنەوەیە، گۆڕانی خشتی قوڕ بۆ خشتی سوورکراو هێمای گۆڕانی تۆوی وشکبووە بۆ تۆوی نوێ و نەوەی نوێ؛ ئایا گلگامێش بۆ لای ئەو داپیرانە گەڕاوەتەوە کە تۆو و ئاویان بە نەمر داناوە؟ ئەم مانایە لە برجدا مانای نوێبوونەوەی ساڵانەی وەرزەکانی هەیە: ئەژماردنی ڕۆژ و شەو وەک دوانزە تاق. برج لە بەرزایی و سەری شاخ دروست دەکرا و جێی چاودێریی ڕووناکی و سێبەری ڕۆژ و مانگ بوو، و لەگەڵ ڕۆژگاردا مانای قەڵای وەرگرت.


٧. ساڵ، مانگ و برجەکان لە ڕۆژژمێری کوردیدا.


ساڵی کوردی بە نەورۆز (٢١ی ئادار) دەست پێدەکات و چوار وەرز و دوانزە مانگە. شەش مانگی یەکەم سی و یەک ڕۆژن، پێنج مانگی دواتر سی ڕۆژن، و ڕەشەمە بیست و نۆ ڕۆژە (لە ساڵی کەبیسەدا سی). ناوی مانگەکان زۆربەیان لە ڕووداوە سروشتی و کشتوکاڵییەکانی ئەو مانگەوە هاتوون، و هەر مانگێک هاوتای برجێکی ئاسمانە (خشتەی ٣). ڕیزبەندیی ڕۆژەکانی مانگەکان لەسەر ڕۆژژمێری هەتاویی ساڵی ١٩٢٥ ڕێک خراوە، و دابەشکردنی ئاسمان بە دوانزە برجی یەکسان لە بابلدا سەری هەڵداوە؛ بەڵام ناوی مانگەکان لە کار و سروشتی زاگرۆسەوە هاتوون.
خشتەی ٣. مانگەکانی ساڵی کوردی و برجەکانی ئاسمان
مانگ مانا برج
خاکەلێوە زەویی تەڕ؛ توانەوەی بەفر و بوژانەوەی زەوی کاوڕ (‎Aries‎)
گوڵان سەرهەڵدانی گوڵ گا (‎Taurus‎)
جۆزەردان دروێنەی جۆ و دانەوێڵەی زەرد دووانە (‎Gemini‎)
پووشپەڕ پووش و گژوگیای وشک؛ گەرما قرژاڵ (‎Cancer‎)
گەلاوێژ دەرکەوتنی ئەستێرەی گەلاوێژ (‎Sirius‎)، هێمای گەرما شێر (‎Leo‎)
خەرمانان خەرمان و کۆکردنەوەی بەروبووم گوڵەگەنم (‎Virgo‎)
ڕەزبەر پێگەیشتنی ترێ و بەری دار تەرازوو (‎Libra‎)
گەڵاڕێزان ڕژانی گەڵا دووپشک (‎Scorpio‎)
سەرماوەز سەرەتای سەرما کەوان (‎Sagittarius‎)
بەفرانبار بارینی بەفر گیسک یان کارژۆڵە (‎Capricorn‎)
ڕێبەندان ڕێگای بەستراو بە بەفر سەتڵ (‎Aquarius‎)
ڕەشەمە زەویی ڕەش لە دوای توانەوەی بەفر؛ کۆتایی زستان ماسی (‎Pisces‎)
شەوی یەڵدا، درێژترین شەوی ساڵ، شەوی کۆتایی سەرماوەزە - شەوی سیی سەرماوەز لەسەر یەکی بەفرانبار - و کاتی گواستنەوەیە لە برجی کەوانەوە بۆ برجی کارژۆڵە، واتە لە پاییزەوە بۆ زستان؛ لە ڕووی ئەستێرەناسییەوە «خۆرگەڕی زستانی»یە. یەڵدا لە ئەدەبی کوردیدا، وەک لای نالی، هێمای درێژی و تاریکییە. زاگرۆسییەکان لە کۆنترین ماڵیکەرانی بزن بوون (‎Zeder & Hesse 2000‎) و گۆڕانی ڕەنگی ئاسمانیان چاودێری کردووە؛ ئایا تاریکی، ڕەشبزن و لەدایکبوونی کاری بزن لەو سەردەمانەوە بە یەڵداوە بەستراون؟
«برجی پیرێژن» حەوت ڕۆژی زۆر ساردی کۆتایی زستانە: چوار ڕۆژی کۆتایی شوبات و سێ ڕۆژی سەرەتای ئادار؛ وەهبی و ئەدمۆندز ئەمە بە «حەوت ڕۆژ سەرمای نوێبووەوە لە نزیکەی ٢٥ی شوباتەوە» تۆمار دەکەن (‎Wahby & Edmonds‎). لێرەشدا ژمارەکانی سێ و چوار وەک بیرۆکەیەکی بیرکاری بەکار هاتوون، و زمان بەم مانا بیرکارییە - کە هەست و هۆشە - مانای بە هۆشیاریی مرۆڤ داوە (بڕوانە: بەرگی ئا، سێچوار). برجی پیرێژن ئاماژەیە بۆ بوژانەوەی تۆوی گژوگیا، و دەکرێت وەک بەردەوامیی ئاو و شینایی ئاسمان لەگەڵ سووڕی دوانزە برجەکەدا بخوێندرێتەوە: مانگ بە مانگ، هەفتە بە هەفتە، ڕۆژ و شەو. ئەم ڕیزبەندییە دەری دەخات کە ڕۆژژمێری کوردی لەسەر بنەمای سروشت و ژیانی کشتوکاڵی ڕێک خراوە.


٨. گرێ، گەز و گور: پێوانە لە کوردی و سۆمەریدا.


«گرێ» لە کوردیدا یەکەی پێوانەی درێژییە: شانزە گرێ یەک گەزە. وشەکە لە «گرێدان» و «بەستن»ەوە هاتووە، و پێدەچێت پێوانەکە لە گرێدانی پەت لە مەودای دیاریکراودا سەری هەڵدابێت؛ ئەمەش نیشانی دەدات کە پێوانە، لە تەنیشت چاودێریی ڕۆژ و مانگ، و دروستکردنی خانوو، خشت و بەرد، لای مرۆڤی زاگرۆس مانای هەبووە. «گار»یش لە کوردیدا دوو ئەرکی هەیە. وەک پاشگر، بکەر و خاوەن دروست دەکات، وەک «ئامۆژگار»، «پارێزگار» و «کردگار»؛ و لەگەڵ هەندێک ناودا ماوەیەک لە کات پیشان دەدات، وەک «ڕۆژگار» و «شەوگار» (خاڵ؛ هەژار؛ مەردۆخ؛ ‎Wahby & Edmonds‎). هەژار «دەم»یشی بۆ دادەنێت، وەک «شەوگار شەق بوو»، و شێخانی «کات» و «خاوەن». بەم پێیە «گار» بە پێوانەی کاتەوە دەبەسترێتەوە. لە سۆمەریدا ‎gar₃‎ ی ناو ‎anzagar‎ «گرێ» و یەکەیەکی پێوانەیە (خشتەی ٢).
هەژار مانایەکی تری «گار»یش تۆمار دەکات: «گوارە، خشڵی گوێ»؛ و ‎ePSD2‎ وشەی ‎an-za-ab-tum‎ بە «ئاڵقە، گوارە» دەناسێنێت. هەروەها هەمان دوو نیشانەی سەرەتای ‎anzagar‎ - ‎an‎ (ئاسمان) و ‎za‎ (داخستن) - لە ‎an-za-ab-tum‎ یشدا هەن (بڕوانە: ئاڵقە). ئایا ئەم لێکچوونانە - «گار» و «گوارە» لە کوردیدا، و ‎an-za‎ لە هەردوو وشە سۆمەرییەکەدا - پاشماوەی وشەیەک یان وێنەیەکی زمانی دێرینی زاگرۆسن، زمانی ڕاوکەر و کۆکەرەوە یان زمانی جووتیاران؟
لە سیستەمی پێوانەی سۆمەریدا ‎gur‎ (‎𒄥‎) یەکەی سەرەکیی پێوانەی قەبارە بوو بۆ دانەوێڵە - لە ئوری سێیەمدا نزیکەی سێ سەد لیتر - و ‎šu-si‎ (‎𒋗𒋛‎) واتە «پەنجە» یەکەی پێوانەی درێژی بوو - نزیکەی ١٫٧ سانتیمەتر، یەک لەسەر سیی ‎kuš‎ (باسک) - هاوشێوەی «پەنجە» و «ئەنگوست»ی کوردی (‎Powell 1990‎). سۆمەری و بابلییەکان ژماردنیان لەسەر بنەمای شەست دامەزراند، و ئەم سیستەمە هێشتا بۆ پێوانی کات (کاتژمێر و خولەک) و پلەکانی بازنە (سێ سەد و شەست پلە) بەکار دێت. هەر سێ وشەکە - گرێ، گەز و گار - لە بیرۆکەیەکی یەکگرتوودا کۆ دەبنەوە: یەکەیەکی دیاریکراو بە بەستن و گرێدان، جا بۆ پێوانی درێژی بێت، وەک قوماش و زەوی، یان بۆ پێوانی کات، وەک دەم و ساڵ.


٩. زمان، تام و پلەگۆشتی ناو دەم.


تاق، برج و گومەز هەموویان بۆ تێگەیشتن لە شێوەی ئاسمان، ئەرز و ئەستێرەکان دەگەڕێنەوە. مرۆڤی دێرین، کە وەک گیاندار و لە ناو سروشتدا ژیاوە، زمانی خۆی بە «پلەگۆشتی ناو دەم» ناساندووە، و ئەم ناساندنە لە کوردی، سۆمەری (‎eme‎)، زمانە هیندوئەورووپییەکان و سامییەکاندا هەیە. «تام»ی کوردی، «طعم»ی عەرەبی و ‎taste‎ ی ئینگلیزی لە دەنگ و وێنەدا لێک دەچن، و هەر سێکیان کاری زمانی ناو دەمن: تێگەیشتن لە دنیای دەرەوە لە ڕێگەی ناو دەمەوە. ئەم لێکچوونە لە ئاستی دەنگ و وێنەدایە، نەک ڕەچەڵەک، بەڵام پرسیارێک دەکات: ئایا تێگەیشتنی دێرین لە زمان، کە بۆ ژیانی ناو ئەشکەوت، داهێنانی کشتوکاڵ و ڕێکخستنی ماڵ، دێ، خێزان و خێڵ دەگەڕێتەوە، لە ناو وشەکاندا ماوەتەوە؟
لە سۆمەریدا ‎eme‎ هەم زمانی ناو دەمە و هەم زمانی گوتن، و لە ئەکەدیشدا ‎lišānu‎ هەردوو مانای هەیە (‎ePSD2‎; ‎CAD L‎). زمان لە ناو دەمدا - لە ناو تف و تەڕیدا - وەک ماسی لە ئاودا دەژی، و بێ ئاو تام نییە. بەم خوێندنەوەیە، مانای زمان لە دنیای ئاو و سەهۆڵ جیا ناکرێتەوە: ئەو مرۆڤەی لە سەهۆڵبەنداندا لە ئەشکەوتەکانی زاگرۆسدا ژیاوە و دوای توانەوەی سەهۆڵ بووە بە جووتیار، ئاوی وەک بەردەوامیی ژیان بینیوە، و زمانیشی وەک ئەندامێکی زیندووی ناو ئاو. کەواتە مێژووی زمان تەنها مێژووی وشە نییە، بەڵکو مێژوویەکی بایۆلۆجیی بینین، بیستن و تامکردنیشە (بڕوانە: سەهۆڵبەندان و سەرهەڵدانی زمان).
لە کوردیدا دەنگی «ت» لە سەرەتای زۆربەی وشەکانی تامدا دێت: ترش، تفت، تاڵ، تیژ و خودی «تام»؛ و «تف»یش ئاوی ناو دەمە کە تام هەڵدەگرێت. «تا» خۆی - وەک لە «تا و لەرز»دا - هەم گەرمییە و هەم سەرما، و «تاو» لە «هەتاو»دا گەرمی و ڕووناکیی خۆرە. لە سۆمەریدا ‎ud‎ (‎𒌓‎)، کە ‎ePSD2‎ ٥١٠٣٢ جار تۆماری کردووە، شەش مانای هەیە: «ڕۆژ»، «خۆر»، «گەرما»، «تا» (‎a fever‎)، «هاوین» و «ڕۆژی خوداییکراو»؛ و بەرامبەرە ئەکەدییەکانی ‎ūmu‎ «ڕۆژ»، ‎šamšu‎ «خۆر»، ‎immu‎ و ‎umšu‎ «گەرما» و ‎ummedu‎ «تا»ن (‎ePSD2‎). لە لیستە فەرهەنگییەکاندا ‎ud‎ لەگەڵ ‎tab‎ (سووتان)، ‎šed₈‎ (سارد) و ‎zalag‎ (ڕووناکبوونەوە) دێت. کەواتە ‎ud‎ ی سۆمەری، وەک «تا»ی کوردی، هەم ڕۆژ و خۆرە، هەم گەرما و هەم تا؛ ئایا ئەم دوو وشەیە هەمان وێنەی گەرمی و ڕووناکیی ڕۆژیان هەڵگرتووە؟ بەم خوێندنەوەیە، ڕووناکی و گەرمیی خۆر تەنها گەردوونی نییە: لە ڕووەک و گیانداردا دەنیشێتەوە و تامی جیاواز بە زمان دەگەیەنێت - ترشی، تاڵی، تفتی و تیژی. نیشتەجێبوون، کێڵان و مانەوەی ژن و منداڵ لە ماڵدا دەرگای بۆ گفتوگۆ و گەمەی زمان کردەوە؛ ئایا سەرەتای ژیان لە ماڵدا سەرەتای پێناسەکردنی تامیش بووە؟
لەم بوارەدا دەنگی «ت» وەک دەنگی جووتیار و نیشتەجێبوون دەخوێندرێتەوە. «نیشتەجێ» - کە بەم خوێندنەوەیە «نی + شت + جێ»یە - و «تۆو»، «تۆز» و «تف»، لەگەڵ «تا» و «تام»، هەموویان «ت»یان تێدایە. لە ئەفسانە دێرینەکاندا مرۆڤ لە قوڕ و خوێن دروست دەکرێت: لە «ئەترەحەسیس»دا لە قوڕ، و گۆشت و خوێنی خوداوەندێکی کوژراو (‎Lambert & Millard 1969‎)، و لە «ئینوما ئێلیش»دا لە خوێنی قینگو (‎Lambert 2013‎؛ بڕوانە: ‎ansala‎، بەشی چوارەم). ئایا تۆز، ئاو و خوێن - کە بە گوێرەی ئەم ئەفسانانە بوون بە مرۆڤ - لە دەنگی «ت»دا کۆ بوونەتەوە؟ بەم خوێندنەوەیە، دەنگەکانی «ت، تی، تا، تێ و تە» هەمان ئەرکی دەنگەکانی «ئ، ئی، ئا، ئێ و ئە»یان هەیە: دەنگی سەرەتان بۆ پێکهێنانی مانا - «ئ» بۆ ئاو و ئاسمان، و «ت» بۆ تۆو، تۆز، تام و نیشتەجێبوون.
بەم خوێندنەوەیە، زمان لە کوردی و سۆمەریدا گفتوگۆی نێر و مێیە، کە سەرچاوەی کۆدی زمانی دێرینە: پەیدابوون و هەبوونی ئاو، تۆو و نەوەی ڕۆژ، کە ڕێکخەری وەرزەکان و نوێبوونەوەی دوانزە مانگی ساڵن. لە کوردیدا گەردوون تا ئەمڕۆ مانای خودایی هەیە: «خود» و «خودا» لە ناوەندی «خۆر» و «خاک»دا مانا بە گەردوون و ئەرز دەبەخشن. وشە سەرەتاییەکانی وەک «ئاو»، «ئاسمان»، «ئاخ» و «ئەرز» وەک جێ بینراون، و دەنگی «ئا» و «ئە» سەرەتاییترین مانای ئاو، ئاسمان، ئادەم و ئادەمیزادیان هەڵگرتووە (بڕوانە: بەرگی ئا، ‎a‎ [‎WATER‎]).
بیرۆکەی برج ئەم مانا تاقییە گەردوونییەی لە خۆیدا هەڵگرتووە: برج بەشێکە لە قەڵا، و پێدەچێت قەڵا لە بیری دێریندا وەک جێی خوداوەندە ئاوییەکان بینرابێت - وەک ئەپسوو، ئاوی شیرینی ژێر زەوی لە ئەفسانەی سۆمەریدا (‎Jacobsen 1976‎). قەڵا دێرینەکان زۆر جار لوولەیی دروست کراون؛ ئایا شێوەی برج لە وێنەی لوولەی با و ئاوەوە وەرگیراوە؟


١٠. پیر: زانینی پشتاوپشت، دەماودەم و دەستاودەست.


لە کوردیدا «پیر» هەم تەمەنە و هەم ئەزموون. فەرهەنگەکان «پیر» بە «بەساڵاچوو»، «فێرکەر، ڕێبەر، ئوستا» (مەردۆخ)، «پسپۆڕ، سەرەوخت» (دەستی) و «شێخی تەریقەت» (هەژار) لێک دەدەنەوە، و پەندی «‎kevn e ű pîr e, ji gotinan re bîr e‎» (دەستی) دەڵێت ئەوەی کۆن و پیرە، بیری گوتنەکانی پاراستووە. زانین لێرەدا بەو کەسەوە بەستراوە کە کاتی بەسەردا تێپەڕیوە، و پشتاوپشت، دەماودەم و دەستاودەست گەیشتووە.
ڕەچەڵەکی «پیر» وێنەیەکی بینراوە: پەهلەوی ‎pīr‎ «پیر، کۆن» لە ڕەگی ئێرانیی سەرەتایی ‎paru‎ «بۆر، سپیبوو»ـەوە هاتووە (‎Edelʹman 2020: 172‎)، و لە ئەڤێستادا ‎pouruša‎ «بۆر» لە ناوی باوکی زەردەشتدا هەیە - ‎Pourušaspa‎ «خاوەنی ئەسپی بۆر» (‎Bartholomae 1904‎؛ ‎Khanizadeh 2024‎؛ ‎Kanga 1909: 235‎). کەواتە مانای تەمەن لە ڕەنگی بۆری قژ و ڕیشەوە هاتووە. گەڕووس «پیرۆک» بە چرچبوونی پێستی دەست و پێ لە ئاودا تۆمار دەکات، و مەردۆخ «پیر» بە گیایەکی ڕەقبوو کە گوڵی کردووە: کات، ئاو و تۆو لە یەک وشەدا کۆ دەبنەوە.
ڕۆڵی پیر وەک ڕاوێژکار لە کۆنترین دەقە سۆمەرییەکانیشدا هەیە. لە «گلگامێش و ئاگا»دا (‎ETCSL 1.8.1.1‎) گلگامێش کێشەکەی دەباتە بەردەم «‎ab-ba iri‎» - پیرانی شار - لە کۆڕی «‎ukken‎»دا، و بابەتی ڕاوێژەکە ئاو بوو: تەواوکردن و قووڵکردنەوەی بیرەکانی وڵات. گلگامێش ڕاوێژی پیرانی وەرنەگرت و چووە لای گەنجان (‎guruš‎). لە داستانی ئەکەدیشدا پیرانی ئوورووک پێش چوونی بۆ دارستانی سێدار ڕاوێژی پێ دەدەن، و ناوە سۆمەرییەکەی خۆی، ‎Pabilgames‎، بەشی ‎pabil‎ «باپیر، پێشینە»ی تێدایە (‎George 2003‎). وشە سۆمەرییەکە ‎ab-ba‎یە، نەک «پیر»؛ لێکچوونەکە لە ڕۆڵ و مانادایە.
لای ئێزدییەکان «پیر» پلەیەکی ئایینیی پشتاوپشتە: سێ چین هەن - شێخ، پیر و مرید - و هەر ئێزدییەک شێخێک و پیرێکی هەیە (‎Kreyenbroek 1995‎). لە شیعری فارسیی کلاسیکدا «پیری موغان» هەیە، و «موغ» لە فارسیی کۆنی ‎maguš‎ ـەوە هاتووە، واتە ماجی (‎Magi‎). هێرۆدۆت (‎Herodotus‎) ماجییەکان بە یەکێک لە هۆزەکانی ماد دادەنێت (‎Herodotus I.101‎)، و لە نووسینەکانیدا وەک لێکدەرەوەی خەون و ئەنجامدەری ڕێوڕەسم دەردەکەون.
ئایا «مەلای دوانزە زانست» و «پیر» بیرەوەریی ئەو زانینە دێرینەن کە ماجییەکان هەڵیانگرتبوو، و لە ڕێگەی نەریتی حوجرەوە - ئیجازە و سەنەد لە مامۆستاوە بۆ قوتابی - دەستاودەست گەیشتووە؟ ژمارەی دوانزە لە پرۆگرامی حوجرەدا و وشەی «مەولانا» هی سەردەمی ئیسلامین، بەڵام ڕێبازی گواستنەوەکە هەمان ڕێبازی پیرە. ئەگەر دوانزە زانست وەک زانستی کات و جێ وەربگیرێت - دوانزە مانگ، دوانزە برج، دوانزە تاقی ڕووناکی و سێبەر - ئەوا ئەم ژمارەیە لای سۆمەر، لە پایەکانی گرێ میڕازان و لە قوبەی ئێزدیدا بە شێوەی جیاواز مانای هەبووە، و لە هونەری کاردا بەرجەستە بووە.


١١. دەرەنجام.
مرۆڤی دێرین بە تەماشاکردنی ئاسمان و سروشت، ئاسمانی وەک قەڵایەکی بەهێز - برج - بینیوە. کولتوورەکەی وەک بینین و بیستن لە گوتندا دەردەکەوێت: هەست و هۆشی سروشتیی ئەو، کە بە ئەزموونی بوون و کار و بیرەوە بەستراوە، مانای بە تاقەکان یان برجەکانی ڕێڕەوی کات و ژیان داوە، و بەم شێوەیە مرۆڤی جووتیار بوونی خۆی وەک گەردێک (تۆوێک) بە گەردوونەوە بەستووە. وشە مێخییەکەی ‎anzagar‎ - ئاسمان، داخستن، گرێ و جێ - هەمان وێنەی برجی بەرز و داخراو و پێوانەکراو هەڵدەگرێت، و وشە کوردییەکانی برج، تاق، کەوان، گرێ و گەز ئەم وێنەیەیان لە ژیانی ڕۆژانەدا پاراستووە.
پاشماوەی ئەم تێگەیشتنە لە سۆمەری، ئەکەدی و کوردیدا وەک نیشانەی بەردەوامیی نیشتەجێبوون لە زاگرۆسدا ماوەتەوە، و لە بیرۆکەکانی گرێ، گەز، پیر و دوانزە برجدا هێشتا زیندووە. زمان - پلەگۆشتی ناو دەم، کە وەک ماسی لە ئاودا دەژی - هێمای ئەم بەردەوامییەیە: هەروەک ئاو بەردەوامیی ژیانە، زمانیش بەردەوامیی بینین و زانینە، و لەسەر بەرد - لە پایەکانی گرێ میڕازان، دەفری سامەڕا و قوبەی ئێزدیدا - بە هونەر نووسراوەتەوە.
ئەوەی لە ئانزاگار و لە مانای مێخەکەدا گرنگە، جیهانبینیی مرۆڤی دێرینە، کە لە مرۆڤی سەردەمیشدا هەیە. خوێندنەوەی دێرین و سەردەم پێکەوە سەرچاوەی گەڕان و زانینن، نەک خۆهەڵخەڵەتاندن. ئەستێرەناسی، وەک ئەوەی تا ئەمڕۆ لە ناو جووتیاراندا مانای هەیە، لە داپیران و باپیرانی ژیرەوە ماوەتەوە، کە ئەزموونی ژیانی خۆیان پشتاوپشت بە نەوەکانیان گەیاندووە.
بڕوانە لەم ئینسکلوپیدیایەدا
بەرگی ئا: ‎a‎ [‎WATER‎]؛ ‎ansala‎؛ ئاسۆ (‎an-ur₂‎، ‎an-zag‎)؛ ئاڵقە (‎an-za-ab-tum‎)؛ سێچوار؛ چارەک؛ دەفری سامەڕا و قوبەی ئێزدی؛ سەهۆڵبەندان و سەرهەڵدانی زمان؛ زاگرۆس لانکەی زمانی کار و بیر (‎anše‎).

_____________________________________________________
سەرچاوەکان:
وشە و نیشانە مێخییەکان (بەشەکانی ٢، ٣، ٨ و ٩):
ePSD2 — The Electronic Pennsylvania Sumerian Dictionary. Oracc. https://oracc.museum.upenn.edu/epsd2/ — s.v. anzagar [TOWER]; an [SKY]; za [CLOSE?]; gar [KNOB]; ki [PLACE]; ud [SUN]; eme [TONGUE]; gur; šusi.
CAD — The Assyrian Dictionary of the Oriental Institute of the University of Chicago, vol. D, s.v. dimtu; vol. L, s.v. lišānu.
Heimpel, W. 2009. Workers and Construction Work at Garšana. CUSAS 5. Bethesda: CDL Press, p. 169.
Powell, M. A. 1990. "Masse und Gewichte." Reallexikon der Assyriologie 7.

وشە کوردییەکان (بەشەکانی ٢، ٣، ٥، ٧، ٨، ٩ و ١٠):
فەرهەنگەکانی ڤەژین (‎VejinLex‎): فەرهەنگی خاڵ، هەنبانە بۆرینە (هەژار)، فەرهەنگی شێخانی، فەرهەنگی مەردۆخ، وشەنامە، ڕێژگە، گەڕووس، فەرهەنگا دەستی (‎Demirhan‎) و وەهبی و ئەدمۆندز (‎Wahby & Edmonds‎)؛ وشەکانی: برج، کەلوو، قەڵا، قوڵە، تاق، کەوان، قەوس، گرێ، گەز، گار، مەزار، تام، ترش، تفت، تاڵ، تیژ، تف، تا، تاو، هەتاو، تۆو، تۆز، نیشتەجێ، پیر، و ناوی مانگەکان.

https://lex.vejin.net/ck
ڕەچەڵەکی وشە (بەشەکانی ٣، ٤ و ١٠):
Bartholomae, Ch. 1904. Altiranisches Wörterbuch. Strassburg: Trübner.
Beekes, R. S. P. 2010. Etymological Dictionary of Greek. Leiden: Brill, s.v. πύργος.
Edelʹman, D. I. 2020. Etimologičeskij slovarʹ iranskix jazykov, vol. 6. Moscow: Vostočnaja literatura, p. 172.
Harmatta, J. 1998. "The Myth of the Stone Heaven in Eurasia." Acta Antiqua Academiae Scientiarum Hungaricae 38: 307–313.
Kanga, K. E. 1909. An English–Avesta Dictionary. Bombay, s.v. Gray, Gray-haired (p. 235).
Khanizadeh, M. 2024. "On the etymology of the Avestan personal name pourušaspa-." Iran and the Caucasus 28(1): 72–86.
Reichelt, H. 1913. "Der steinerne Himmel." Indogermanische Forschungen 32: 23–57.

زاگرۆس، ‎DNA‎ و برجی ئەریحا (بەشەکانی ١ و ٤):
Asouti, E. et al. 2020. "The Zagros Epipalaeolithic revisited: New excavations and 14C dates from Palegawra cave in Iraqi Kurdistan." PLoS ONE 15(9): e0239564.
Barkai, R. & Liran, R. 2008. "Midsummer Sunset at Neolithic Jericho." Time and Mind 1(3): 273–284.
Broushaki, F. et al. 2016. "Early Neolithic genomes from the eastern Fertile Crescent." Science 353(6298): 499–503.
Lazaridis, I. et al. 2016. "Genomic insights into the origin of farming in the ancient Near East." Nature 536(7617): 419–424.
Zeder, M. A. & Hesse, B. 2000. "The Initial Domestication of Goats (Capra hircus) in the Zagros Mountains 10,000 Years Ago." Science 287(5461): 2254–2257.

گرێ میڕازان و پێوانی سێبەر (بەشی ٦):
Clare, L. 2020. "Göbekli Tepe, Turkey. A Brief Summary of Research at a New World Heritage Site (2015–2019)." e-Forschungsberichte des DAI 2020, Faszikel 2: 81–88.
Hunger, H. & Pingree, D. 1989. MUL.APIN: An Astronomical Compendium in Cuneiform. AfO Beiheft 24. Horn: Berger.
Schmidt, K. 2006. Sie bauten die ersten Tempel: Das rätselhafte Heiligtum der Steinzeitjäger. München: C. H. Beck.

ئەفسانە، داستان و ئاسمان (بەشەکانی ٤، ٦، ٩ و ١٠):
ETCSL 1.8.1.1. Gilgameš and Aga. The Electronic Text Corpus of Sumerian Literature. https://etcsl.orinst.ox.ac.uk/section1/tr1811.htm

ETCSL 5.5.4. The song of the hoe. The Electronic Text Corpus of Sumerian Literature.
George, A. R. 2003. The Babylonian Gilgamesh Epic: Introduction, Critical Edition and Cuneiform Texts. Oxford: Oxford University Press.
Horowitz, W. 1998. Mesopotamian Cosmic Geography. Winona Lake: Eisenbrauns.
Jacobsen, T. 1976. The Treasures of Darkness: A History of Mesopotamian Religion. New Haven: Yale University Press.
Lambert, W. G. & Millard, A. R. 1969. Atra-ḫasīs: The Babylonian Story of the Flood. Oxford: Clarendon Press.
Lambert, W. G. 2013. Babylonian Creation Myths. Winona Lake: Eisenbrauns
.
پیر، ئێزدی و ماجییەکان (بەشی ١٠):
Herodotus 1998. The Histories. Trans. R. Waterfield. Oxford: Oxford University Press. Book I.101.
Kreyenbroek, Ph. G. 1995. Yezidism: Its Background, Observances and Textual Tradition. Lewiston: Edwin Mellen Press.

 

ماڵپه‌ڕی سەباح یاسین

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک