١٤\٤\٢٠٢٥
ئاراستەی پێچەوانە.

ئەرسەلان مەحمود
ڕۆژێکی تر.
بەردێکی تر. شاخێکی تر.
دڵخۆشییەک لە ناوەرۆکی پووچیدا.
من - نا / سیزیف نیم.
سیزیف ئەو کەسەیە، بەبێ پرسیار،
بەردەکە بەرەو سەر، بەرەو لووتکە پالدەنێت و
سەیری غلۆربوونەوەکەی دەکات -
نا - من/ سیزیف نیم.
نەیارەکەی ئەوم،
ئەو دەریا بێ پەروایەم
پێچەوانەی سرووشتی
خۆی کار دەکات.
نا - من
نا خولێمەوە
بە ناو خۆ و
هیچدا،
ئیشی من،
گڵۆر کردنەوەی زەمەنە،
بەرەو ڕۆژگارە بەسەرچووەکان،
بەرەو ئەو نــا ساتگە درێژانەی
شەڕابی هۆشیاری خۆم
تام دەکەم.
ئایا جیاوازیمان چییە؟
ئایا ئێمە هەردووکمان زیندانی یەک هەقیقەت نین؟
ئەو بەردەکە بەرەو سەر و منیش زەمەن بەرەو خوار دەبەم؟
ئایا هەر دووکمان ونین لەناو یاخی بوونی خۆماندا؟
ئایا جیاوازیمان نییە؟
لە دوای منەوە،
جەنگەڵێکی سەیر لە بێمانایی هەیە.
لەپێش سیزیفەوە، لووتکەیەکی ڕووت
لە بێمانایی خۆی نمایش دەکاتەوە،
وەک هەمیشە.
سەفەرەکە گرنگ نییە،
ئەوەی گرنگە سەرکێشییە،
لە ڕووبەڕووبوونەوەی پووچیدا.
خۆر هەڵات، سوورتر، تاریکتر،
ئاسمانی خەڵووزی ڕەشتر،
نا کۆتا دوور، قووڵتر.
سبەینێ ڕۆژێکی ترە. کاتێکی ترە.
ئایا پێویستە شتێک مانای هەبێت
تەنها بۆ ئەوەی بایەخی هەبێت؟
سیزیف لەسەری لووتکەوە،
چاوەڕوانی غلۆربوونەوەی بەردەکەی دەکات.
منیش لە قووڵایی، چاوەڕوانی زەمەن دەکەم
پێچەوانە بسووڕێنەوە.
لە گەڕانەوەی هەتاهەتاییدا،
ڕۆح هەمیشە خەونی ئازادی و
نکۆڵی لە چارەنووس دەبینێ.
سیزیف
بەردەکەی پاڵدەنێتەوە و
منیش پارچەکانی زەمەن
دەزوو.
لەم دنیای بێوەیەدا،
تاکە هۆی سەرکەشی،
ئیمتیناعی مرۆڤەکانە،
لە قووڵ و قبووڵکردنی
چکانەوەی چارەنووس
دەنگەکان
ئینکاری ئاڕاستە دەکەن،
ئیرادەی من پێچەوانەی
دەکەتەوە
لە نێوان
جەبری سیزیف و
ئازادی سەرکەشانەی مندا،
شتێکی سەیر هەیە،
"شادی".
ئەو شادییەی
لە ناخی تاریکترین شەودا،
چاوەڕێی بەیانییەک دەکات
هێشتا نەهاتووە.
ئەو شادیەی
لە بێماناترین تەقەللادا مانایەکی نوێ
دەدۆزێتەوە.
لەم وەهماوی ڕووناکییەدا،
ڕێگەیەکی دوور دیارە، دەبیینم
سیزیف'یش پێیدا نەڕۆیشتووە.
یاخی دەبم، کەواتە من هەم.
خۆر ئاوا دەبێت.
شەوێکی تر دەست پێدەکات.
سیزیف بەردەکە، دادەنێتەوە،
تێر دەحەسێتەوە.
من چرکەکانی
دەخەمە گیرفانمەوە و
هۆن هۆن دەستەکانم
لە کارێزێکی ڕابردوودا
ڕوون دەشۆم.
مرۆڤ دەبێت
سیزیف بە بەختەوەر تەسەور بکات.
سیزیف، لە ئازار و مەحکومییەتدا ئازادی خۆی دەدۆزێتەوە.
منیش لە گەڕان بەدوای ڕابردوودا، ئازادی خۆم دەدۆزمەوە.
شەوی سارد، بەردی قورس، ئاراستەی
دوو پێچەوانە.
ئایا ئێمە،
من و سیزیف،
هــەردووکمان
درۆ یان ڕاست
دەکـەین؟
ئایا مانا
لە نا-مانادا
وندەبێ؟
لە خۆم دەپرسم، تۆ بڵێی سیزیفیش
لە چرکەی غلۆربوونەوەی بەردەکەیدا،
کەسێک ببینێ زەمەن غلۆر دەکاتەوە؟
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|