١٤\٢\٢٠٢٢
ئاردۆگان، بەدوای
چیدا دەگەڕێ؟!

ئەرسەلان مەحمود
لێکەوتەی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا، دورو نزیک،
کەموو زۆر، هەمووان و هەریەکە بەجۆرێک لەجۆرەکان دەخاتە ژێر بارو
کاریگەری خۆیەوە، لەم نێوەدا شوێنگەی تورکیای ئەندامی ناتۆو لەیەک
کاتدا خاوەن پەیوەندی جۆراو جۆرو سەربازی لەگەڵ کیڤ و مۆسکۆ، دەکەوێتە
کوێی هاوکێشە کێشە لەسەرەکەوە؟!
تورکیای بەپێگە خاوەن دووەم هێزی سەربازی ناتۆو خاکەکەی شوێنگەی بنکە
سەربازییە گرنگەکانی ناتۆ، چەند ساڵی ڕابردو بەهۆی هەڵبەزو دابەزی
پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکادا، بەدیاریکراوی لەسەر پەڕەنگی فەتحوڵڵا
گوڵەن و ڕۆژئاوای کوردستان، بەرەو مۆسکۆ دوژمنە کۆنەکەی ناتۆ کشاوەو
لەدوای دوا کودەتاکەیشەوە، پەیوەندییەکانی لەبوارە سەربازی و بازرگانی
و وزەییەکان لەگەڵ ڕوسیادا پەرەگرتوو تر بووە.
ئانکارا، هاوکات پەیوەندی تایبەتی لەگەڵ ئۆکرانیا داناوەو بەسەدان
ملیۆن دۆلاری لەپشتیوانی سەربازی کیێڤ بەئامانجی دروستکردنی بازاڕ بۆ
فرۆشتنی فڕۆکەی بێ فرۆکەوان، خەرج کردوەو بووە بەلایەنگری چەند سەرەو
نادیار لەگۆڕەپانەکەدا، ئەمە شوێنگەی تورکیاو پارێزگاری
بەرژەوەندییەکانی لەناو هاوکێشەکەدا ئاڵۆزو سەرانگرێ دەکات!!
لەئەگەری وەها هەڵایساوو پێشهاتێک، لەبەرژەوەندی تورکیادا نابێ و بەرەو
ئاگرەکە ناچارو پەلکێشی دەکا، چونکە هەم ناتۆ چاوەڕێی ئەوەی دەکا
بەتەواوی بکەوێتە خۆو هەم ڕوسیاش چاوەڕێی ئەوە کات بێلایەن بێت، بەڵام
ئایا دەتوانێ چیبکات، دەریای ڕەش لەدڵی کێشەکەدایەو ڕەنگە ببێتە چەقی
ململانێ و مایەی کێشکردنی نێوان ناتۆو مۆسکۆ، ئەمە جگە لەوەی لەناوخۆی
خۆیشیدا پتر لەهەر کات، پێویستی بەئارامی و سەقامگیری هەیە.
راستە ئۆکرانیا ئەندامی ناتۆ نییە، ڕەنگە تورکیا ناچار نەبێ بەرگری
لێبکات، بەڵام کاتێ ناتۆ دەچێتە ناو هێڵە گەرمەکەوە، ئایا دەتوانێ
دورەپەرێز بوەستێت و بێلایەن بمێنێتەوە؟ بێگومان ئاسایی و ئاسان نابێت
بۆی، هەر بۆیەش داوای چارەسەری ئاشتیانە دەکاو تەنانەت خۆی وەک
نێوەندگیری نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا پێشکەش کردووەو داوای دانایی و زمانی
عەقڵ دەکات، بەڵام ئایا ئەو تورکیایەی خۆی سەرچاوەی نائارامی و
کێشەکانە لەناوچەکەدا (عیراق، سوریا، لیبیا، قەوقاس ..تاد) دەتوانێ
خاوەنی ئەو پێگەیەو ئەو متمانە پێکراوەبێ؟
رەنگە بابەتەکە وەک ئەوەی بۆ ئۆکرانیا بەیاخ پێدراوە، بۆ روسیا وانەبێت،
پۆتین بەو پەرۆشییەوە چاوی لەنێوەندگیری تورکیا نییە، هۆکارەکە سادەو
ڕونە، چونکە دەزانێ تورکیا ئێشەکەی چییەو بەدوای چیدا دەگەڕێ، پوتین
لەهەر بارێکدا دەیەوێ خۆی قوتب و جەمسەرە خۆرهەڵاتییەکە بێت نەک هاوتا
تورکییەکەی.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|