١٣\٥\٢٠١٢
عارف قوربانی
نەیتوانی بە چاویلکەی حیزب لە رووداوەکان بڕوانێ؟!

ستار محەمەد قادر
هەر چەندە جەنابی کاک عارف قوربانی مرۆڤێکی ئازاد
و سەرفرازە لە دەربڕینی راو سەرنجەکانی، بەڵام بۆ کاراکتەرێک کە
لە هەموو زاویەکانەوە لە شتەکان بڕوانێ، ئەو
دیوی شتەکان بهێنیتە زوبان، لە مەوقیعێکەوە رەخنەو راو سەرنجەکانی
بنووسێ، بەراستی بۆ کەسێک ناشێ کە لە چوارچێوەی هەر حیزبێکدا بێ، چونکە
شوێنی مرۆڤی هاوشێوەی جەنابیان دەبێ لە پانتاییەکی فراوانتردا بێ،
مرۆڤێک ئەگەر ئاستی بیرکردنەوەی تخووبی حیزب و حیزبایەتی جێهێشتبێ، لە
ئاستێکی بەرپرسیارێتیدا لە شتەکان بڕوانێ،
کە لە سۆنگەی حیزبەوە نابینرێ، چۆن ئەم مرۆڤە دەتوانێت لەو سنوورە
تەسکەدا هەناسە بدا؟
راستە حیزبایەتی زۆر شتت پێدەدات، بەڵام بەدڵنیایە زۆر شتی دیکەت لێ
دەسێنێتەوە، من کاتی خۆی کە بەڕێزیان بەڕێوەبەری تیڤی کەرکووک بوون، لە
بەیانی نەوا زۆر شتی بە پێزی وورووژاند، هەر ئەو بەیانیە برادەرێک
پرسیاری ئەوەی لێ کردم، وتی: رات چیە لەسەر دیدو بۆ چوونەکانی کاک عارف؟!
بەراستی وتم : " لە گەڵ هەموو راو بۆچوون و رەخنەکانیدام، بەڵام لە گەڵ
ئەوەدا نیم ئەم قسانە لە زاری کەسێکەوە ببیستم کە ئەندامی هەر حیزبێک
بێ، پێم باش بوو کاک عارف بەر لەوەی ئەو قسانەی بکردایە، دەستی لە
هەموو کارێکی حیزبی بکێشایەتەوە، چونکە بە پێی ئەتەکێتی حیزبایەتی
رەخنەو سەرنج و تێبینی بۆ سەرووی خۆت بەرز دەکرێتەوە نەک بۆ رای گشتی
ئاشکرا بکرێ!
چونکە ئازادی لە ناو حیزب مانایەکی هەیەو لە دەرەوەیشی واتایەکی دیکە
دەبەخشێ، هەر مرۆڤێک ئەندام بێت لە ناو هەر حیزبێکدا، مەحکومە بە
کۆمەڵێک ئەحکامی ئەو حیزبە، ئەمڕۆ هەر هەموومان باش لە واقیعی
حیزبایەتی کوردستان گەیشتووین، دەزانین حیزب چی پەتایەکی کووشندەو
حیزبایەتی چی کارەساتێکی بەسەر ئەم میللەتە هەژارەدا هێناوە، ئێمە نە
خاوەنی خەلفیەیەکی رۆشنبیریی دیمۆکراسین و نەش حیزبەکان توانیویانە
دەسبەرداری مۆدیلی کلاسیکی حیزبایەتی ببن، ئەوەی جەنابیان پێی هەڵدەستن،
بەڕاستی وەزیفەی کەسێکە لە دەرەوەی بەیداخی حیزبایەتیەوە بیر بکاتەوەو
بیرو بۆ چوون و شرۆڤە کاریەکانی دەر ببڕێ، ئەگەر ئێمە شەڕی ئەوە لە گەڵ
دەسەڵاتی کوردیدا دەکەین، بۆ ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو بۆ
خزمەتکردن دابمەزرێنێ، ئەوە بە دڵنیاییەوە تاکە شوێنێک کە بۆ
کاراکتەرێکی وەکو کاک عارف شیاو بێ، ئەگەر ئەمە دید
و تێڕوانین و هەڵوێستیان بێ، دەبێ کەسێکی ئازاد
بێ، لە موڵکی حیزبەوە
ببێ بە موڵکی خۆی و سەرفراز بێ!
بە دڵنیاییەوە لە ناو میللەتانی زیندوو و پێشکەوتوویشدا، پشتگیرییکردن
لە کەسانی ئازا، وەکو زەروورەت لێی دڕونێ،
من لەو با وەڕەدام جەنابیان هەرگیز بە پێچەوانەی ئاڕاستەی با هەنگاویان
نەناوە، چونکە پێویستە بای حیزب لە بای گشتی جیا بکرێتەوە، بەڵام ئەگەر
وا بڕیار بێت ئێمە رەخنە قبووڵ بکەین، کە بەردەوام رەخنە دەگرین، دەبێ
بە پشوو درێژیەوە ئەوە وەربگرین، بە سینە فراوانیەوە قبووڵی بکەین،
کاتێک حیزبێک مرۆڤێک دەهێنێتە سەر شانۆو پێشکەشی کۆمەڵانی خەڵکی دەکات،
بۆ ئەوە نیە تیشک بخاتە سەر خۆی و ئەو لەغو بکاتەوە، هەر چەندە
مرۆڤەکان تەنها خودی خۆیان لە توانایاندایە خۆیان درووست بکەن، بەڵام
ئەمە یەکێکە لە ئەحکامەکانی حیزبایەتی لە کوردستاندا، کە حیزب
کەسایەتیەکان بە موڵکی خۆی دەزانێ و هەر شتێک بە دڵی حیزب و سیاسەت و
بەرژەوەندی و کاراکتەرە باڵاکانی نەبێ، بە سەرپێچی و بە حەرام بۆی
دەنووسێ، بە یەقینەوە هەر مرۆڤێکی ئازادی خواز لە دەرەوەی حیزب باشتر
دەتوانی سەفەر بکات، جوانتر دەتوانێ لە نێوان ئازادی و نووسیندا
هاڕمۆنیەت درووست بکا، باشتر سواری شەپۆَڵەکان دەبێ و لە شەقەی باڵ
دەدات، سەرکێشی ئێمە لەوێدایە، بەردەوام هەوڵ دەدەین حەقیقەت کەشف
بکەین، پەردە لە رووی شتە پەنهان و شاردراوەکان هەڵبدەینەوە، بەردەوام
لە گەڕانداین و لە وێستگەیەکدا بەیانی مەرگی خۆمان ناکەین، بەڵام دەبێت
باش ئەوە بزانین جیزب بە بڕیارو بە پێی مەنهەجی خۆی راماندەگرێ، کپمان
دەکا، رام و کەوی و دەستەمۆ
و رۆبۆت ئاسا مامەڵەمان لە گەڵدا دەکات، ئەمە راستیەکە ناکرێت
خۆمانی لێ نەبان بکەین، ئاخر ئەوە مرۆڤەکانن حیزبەکان هەڵدەبژێرن، نەک
حیزبەکان مرۆڤەکان ئیختیار دەکەن، دەبێت بەراورد لە نێوان ئەو دوو
شتەدا بکەین، دەنا لە هەر شوێن و مەوقیعێک ببین دەکەوینە نێو هەڵەی
گەورەو زۆر زەقەوە، ئەمەش بۆ خۆی ئەو پارادۆکسەیە بە داخەوە تا ئەم
چرکە ساتە نەمانتوانیوە خۆمانی لێ دەرباز بکەین!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|