٥\٤\٢٠١٩
عاشق.

فەتاح حەسەن
یەکتاپەرست، یەک
خوداو
عاشقیش، یەک مەعشوقی ھەیە
گەر بڕوات بەوە نەبێ
موتڵەقەن ئەتۆ کافری.
*
* *
بێجگە لەتۆ کەسم ناوێ
ئەرێ تۆ، لەکوێی؟
*
* *
بڵێی خودا کامیانی زیاتر خۆشبوێ
عاشق ومەعشوقێک
یا
حاخامێ،قەشەیەک
پیرێکی زەرادەشتی
ئیمامێک
کە، مانای عاشقبوون نەزانێ؟!
*
* *
عاشقی سروشت و گیانەوەرانم
لەنێو ھەموو ئەمانەشدا
زێتر عاشقی مرۆڤم
وەلێ، خۆم نا.
*
* *
دوێنێ
سڵا لە میحرابی عیشقەوە
کۆتایی ھات.
ئەمڕۆ
بانگی خۆشویستنت دەدەم.
با نەیاران
گوێی خۆیان بئاخنن و
یارانیش بڵێن
لبیک.
ئەگەر گوێ لە سڵا دەگری؟
دڵنیاش بە،میحرابی عیشق
ناگۆڕم بۆ
بەرچنەی ئەشک و حەسرەت.
*
* *
ھەندێک جار،
عیشق، شیعرم پێدەنوسێت
بە شیعر ناچێت،
بەڵام،چیبکەم
ئەمن سەربازێکی بەئەمەکی عیشقم.
*
* *
عاشقم ،
عاشقی حەقیقەتم
لەپێناو گەڕان بەدوای حەقیقەتدا
ناچاردەبم
سەر بە گشت کۆڵانێکدا بکەم
١: کۆڵانێک
چینی درۆ
خشتی درۆ ھەڵچنراوە.
٢: کۆڵانێک
لە بەردەمیا، لافیتەیەک ھەڵواسراوە:
ئەم کۆڵانە کوێرەڕێیە
سەر بەو کۆڵانەشدا دەکەم
بێگومان بن کە، گەمژەنیم
ئەز نامەوێت
حەقیقەت ببینم لە ئاوێنەدا
نە من بتوانم بیگرم
نە ئەو بتوانێ بمگاتێ.
دەمەوێت، خۆم
وەک خودی خۆم
لەبۆ چرکەساتێکیش بێ
لەتەک خودی حەقیقەتا
دەست لە ملی یەقین بکەین.
٢٠١٧ -
دانیمارک
/ ڤالبی
ماڵپەڕی فەتاح حەسەن
|