په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٢\٢٠١٢

ئاش لە خەیاڵێک و ئاشەوان لە خەیاڵێک!


ته‌حسین عوسمان  

- به‌شی یه‌که‌م -

 

(کارمه‌ندانی ئەمڕۆ، خوێنەرانی بەڕێز.. ئەم وتارەم زۆر دەمێکە نووسیوە.. بەلای کەم شەش حەوت مانگێک دەبێ.. کاتی خۆی دامە تەمبەڵی و نەمنارد بۆ بڵاوبوونەوە.. ئێستاش وتارەکه هەر زیندوو ماوە چونکە رووداوەکان قەرە بە قەرەی ئەم وتارە دەڕۆن و لێکدانابڕێن. هەربۆیە بە پێویستم زانی بیکەم بە بەشی یەکەم و بەشی دووەمیشی لەم چەند رۆژەی داهاتوودا تەواو دەبێ.. بە بۆچوونی من ئەو خەڵکە لە بواری سیاسییەوە زۆر نەشارەزان... زۆر بەهەڵە لە مەسەلەکان گەیشتوون.. بارودۆخەکە، بە تایبەتی بۆ ئیسلام و خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوین زۆر دژوار و ترسناکیشە.. لە بەشی دووەمدا ئەو شتانە دەخەمەڕوو...).


"لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییه‌ گیروگرفتەکانی جیهان چارەسەر بکات. بەرژەوەندی ئەمریکا لەوەدایە کلکی ئەو گیروگرفتانە توند بەدەستی خۆیەوە بگرێ.. پەرەیان پێبداو پتر قووڵترو ئاڵۆزتریان بکات".


ئەمەی سەرەوە قسەی من نییه‌ ، بەڵکو قسەی کۆنە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێنری کیسینجەرە کە دەستی چەپەڵ و درێژی لە کوشتنی سەلفادۆر ئەلێندی و سەدانی تری وەک ئەلێندیدا هەبوو. سەلفادۆر ئەلێندی بە دیموکراتیترین مرۆڤی ساڵەکانی حەفتای سەدەی رابردوودا دەژمێردرێ . هێنری کیسینجەرى مرۆکوژ بە دووسەدو پەنجا هەزار دۆلار یارمەتی جەنەڕاڵی ، وەکو خۆی مرۆکوژ ، پینۆشێتیدا بۆ ئەنجامدانی کودەتای سەربازی لەدژی رێژیمی دیموکراتی چیلیدا بە سەرکردایەتی سەلفادۆر ئەلێندی . ئەمە تاوانێکە لە هەزارو یەک ملیۆن تاوانیتری ئەمریکا کە ، بەردەوام ، دەرهەق بە گەلانی چەوساوەی سەر ئەم جیهانەدا ئەنجام دەدرێن! ئەوانە ، نەک تەنیا مرۆکوژ ، بەڵکو دیموکراتکوژیشن!!


بیرم دێ لە ساڵی ١٩٨٤ لە مۆسکۆ بە بۆنەی ، بیرەوەریی شەش ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شۆڕشی ئەفگانستاندا ، وتارێکم خوێندەوە. سەرەتای وتارەکەم بەم رستەیە دەستیپێکرد:" شەڕو پێکدادان لە هەرکوێیەک بێ ، سوڕ بزانن ، که دەستی چەپەڵ و درێژی ئەمریکا وا لەوێیە". ئەمریکا چاوی چووە پشتی سەری کاتێ بینی سوپای سووری سۆڤیەت ، لەسەر داوای حکومەتی ئەفگانستان ، گەیشتۆتە کابوول و شارەکانیتری ئەفگانستان . هەڵبەت بە یارمەتی یەکێتی سۆڤیەت خەڵکی ئەفگانستان ، بەخێراییەکی چاوەڕوان نەکراو ، قۆناغێکی گەلێ مەزنی پەرەسەندن و بەرەوپێشچوونی ، زۆر بەرچاوی ، بەخۆوە بینی.


لە ١٥ی فێبریواری ٢٠١١ وتارێکم ، لەژێر نێونیشانی "ئیرادەی گەلی میسر زۆر لەو دەستتێوەردانە گڵاوەی ئەمریکا بەهێزتربوو"، لە ماڵپەڕی (ئەمڕۆ)دا، بڵاو بۆوە . لە وتارەکەدا جەختم لەسەر یەک شتی زۆر گرینگ کردبوو ، ئەویش ئاگادارکردنەوەی گەنجەکانی میسر بوو ، کە درووشمەکەیان بەرفراوانتر بکەن و لەبری داواکردنی رووخانی سەرۆکی میسر ، دەبێ داوای رووخانی رێژیمەکە بەتەواوی بکەن . چونکە ئەمریکاو ئیسڕائیل تەمای ئەوەیان هەبوو لەبری حوسنی موبارەک عومەر سلێمان دابنێن . من هەمان وتارم بە عەرەبی بۆ یەکێ لە رۆژنامە میسرییەکانیش نارد بەڵام بەشێوەیەک کە تەنیا پەیوەندی بە باری ناوخۆی میسرەوە هەبوو . لە هەمان وتاردا هێمام بۆ وڵاتی تونسیش کردبوو کە خەڵکی تونس دەبێ ئەوە بزانن کە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان عەلی زەینەل عابدین و محمد عبدالغنوشیدا نییه‌ ، بۆیە ئەوانیش پێویستیان بە راوندێکیتر هەیە بۆ لابردنی ئەو کەسەی دوایی . ئیتر ئەوەبوو خەڵکی تونس زوو گەیشتنە ئەو راستییەو محمد الغنوشییان ناچارکرد وازبێنێ . لەمیسریش بە هەمان شێوە ئەو حکومەتەیان ناچارکرد وازبێنێ کە پێشتر حوسنی موبارەک دایمەزراندبوو . من ئێستاش لەو وەزیرەی بەرگری میسر بەگومانم کە پەیوەندی لەگەڵ حوسنی موبارەکدا پچڕابێ ، هەرچەند دوای ئەوەی حکومەت لەژێر فشاری خەڵکەکەدا، حوسنی موبارەک و کوڕەکانی راپێچی دادگا کرد ، وەزیرەی بەرگری چیتر نەیەوێ بەرژەوەندی خۆی بخاتە ژێر مەترسییەوە.


لێرەدا دەمەوێ هێما بۆ یەک راستی نکوڵ لێنەکراو بکەم ئەویش شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنە کە بە هۆیەوە گۆڕانکاری بەسەر دنیادا هات و خەڵک فێری ئەوە بوون چۆن بەرگری لە خۆ بکەن . بەر لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر دنیا دنیای کۆیلایەتی و ئەریستەکڕاتەکان بوو کەس بیری لە وشەی دیموکراتیەت نەدەکردەوە . پێشتر شۆڕسی فەڕەنسا روویدا ، بەڵام زوو پووچەڵ کرایەوە . هەروا دوای ئەوەی شۆڕش لە ئەفگانستان سەرکەوت ، حکومەتی نوێی ئەفگانستان بەشێوەیەکی فەرمی حەڤدە جار داوای لە یەکێتی سۆڤیەت کرد بۆ ئەوەی سوپای خۆی بنێرێ بۆ ئەفگانستان ، ئەنجا یەکێتی سۆڤیەت داواکەی حکومەتی ئەفگانستانی پەسەند کرد. بەگوێرەی پەیوەندییەکانی جیهانی و پەیوەندی نێوان دوو وڵات ئەمە کارێکی زۆرئاسایی و یاساییە گەر وڵاتێک داوای یارمەتی سەربازی لە وڵاتێکیتر بکا. کەچی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا دنیایان پڕکرد لەوەی گوایە یەکێتی سۆڤیەت ئەفگانستانی داگیرکردوە! وڵاتانی سەرمایەداری ، بە نێوی ئایینەوە ، خەڵکانێکیان واتێگەیاند کە وڵاتێکی خوانەناس هاتووە وڵاتێکی ئیسلامیی داگیرکردوە . ئیتر ئەوەبوو ‌‌هەرچی هێزی سەربازی ئەو وڵاتانە هەبوو لە دژی یەکێتی سۆڤیەت کۆکرایەوە و بە بیانووی یارمەتیدانی خەڵکی ئەفگانستان ، شەڕێکی خوێناوی دوورودرێژیان لەدژی خەڵکی ئەفگانستاندا درووستکرد کە لە ئەنجامیدا یەکێتی سۆڤیەت پانزە هەزار سەربازی خۆی لەدەستدا.


یەکێتی سۆڤیەت یارمەتی خەڵکی ئەفگانستانی دەدا. ئەوکاتەی کە یەکێتی سۆڤیەت لە ئەفگانستان بوو ، وڵات و خەڵکی ئەفگانستان بەجووتە بەرەو درووستبوونی کۆمەڵگەیەکی شارستانی ، قۆناغەکانی ژیانیان دەبڕی و بەرەو پێش دەچوون . ژیان گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی . بۆیە ئێستاش خەڵکی ئەفگانستان بۆ ئەوکاتە پەرۆشن کە هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت لەوێ بوو . ئێستاش کە لە کابوول چاویان بە کەریسپەندێنتێکی رووسی دەکەوێ داوای لێدەکەن بۆ ئەوەی رووسیا جارێکیتر بگەڕێتەوە ئەفگانستان.


بەڵام نازانم ، ئەو خەڵکە سادەیە ، کەی نەختێ هۆشی دێتەوە سەرو سەرەدەری لە سیاسەتدا دەرده کەن . ئەو خەڵکە کەی لە حەقیقەتی ئەمریکا دەگەن و کەی ، بە مەبەستی رزگاربوون و ژیانی سەربەست ، جەنگی فراوانی لەدژدا بەرپا دەکەن. ئەمڕۆ لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین و بەشێکیش لە ئەفریکای باکووردا خەڵک بە نیازی رزگاربوون لەدەست دەستوپێوەندەکانی ئەمریکا، بەئومێدی ئەوەی دوارۆژیکی چێتر بۆ خۆ دابین بکەن ، هاتوونەتە سەر جادەکان سنگی خۆیان داوەتە بەر رێژنەی گوللـه . کەچی ئەمریکا زۆر پوختە خۆی گلاندە نێو رووداوەکان و بوو بە ریش سپی نێوان رێژیمەکان و گەلانی سەرشەقام!


لە ڕاستیدا ئەمریکا بەهۆی هێزەوە ماوە ئەگینا دەمێک بوو ، نەک هەر نەدەما ، بەڵکو ، بەم شێوەیەی کە ئێستا دەیبینین ، هەبوونیشی نەدەبوو . ئەمریکا هەمیشە یاسای هێزی لەدژ گەلاندا بەکارهێناوە نەک هێزی یاسا! هەر بەو هێزەشیەوە خۆی راگرتوە ئەگینا زۆر دەمێک بوو هیندەسوورەکان وڵاتی خۆیان گرتبۆوە دەست و شاپیان لە بێگانە هەڵدابوو. من ئەو مافە بەخۆم دەدەم ئەو کەسانە به گەمژە ناو ببەم کە ئەمریکا بە وڵاتێکی دیموکراسی دەزانن ، بە تایبەتی ، برا کوردەکان . بۆ ؟ چونکە دوژمنی هەرە گەورەی میللەتی کورد ئەمریکایە . کۆسپی هەرە گەورەی بەردەمی رزگاربوونی کوردو نەبوون به خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆی ، هیچ گومان لەوەدا نییه‌ ، ئەمریکایە ئەنجا بەریتانیا. دەشتوانین پاشوپێشیان پێبکەین و بڵێین ، بەریتانیایە ئەنجا ئەمریکا. بەکوردییەکەی بڵێین هەردووکیان هێلکەی یەک مریشکن.


ئەگەر لە چلەکانی سەدەی رابردوود ئەمریکا نەبایه بەخاوەنی چەکی ئەتۆم و بە مەبەستی ترساندن و هەڕەشەلێکردنی یەکێتی سۆڤیەت ، دوو شاری ژاپۆنی هیرۆشیماو ناکاساکی بە چەکی ئەتۆم تەختو وێران نەکردبا ، نە سوپای سوور لە ئێران دەکشایەوە و نە کۆماری مەهابادیش دەڕووخا! سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا هاری فروومان راستەوخۆ هەڕەشەی ئەوەی لە ستالین کرد کە بە سی (٣٠) دانە لەو بۆمبانەی کە لە دژی ژاپۆندا بەکاری هێنا ، شاری مۆسکۆ بوردومان دەکا گەر بێت و یەکێتی سۆڤیەت هێزەکانی خۆی لە ئێران وەدەرنەنێ !! ئیتر با کوردە کۆنەپەرستەکانیش بۆ خۆیان هەر دەهۆڵی ئەوە بکوتن گوایە یەکێتی سۆڤیەت کوردی بە نەوت فرۆشت.


سەیری رووداوەکانی ئێستای ناوچەکەمان بکەن و ببینن چۆن ئەمریکا بە ئارەزووی خۆی ، بە ئامانجی خۆشکردنی ئاگرەکان لە نێوان ئۆپۆزیسیۆن و حکومەتەکاندا ، رێنوێنی دەداتە هەردوولا! لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە ئەمریکا پڕ بەپێست بیردۆزەکەی هێنری کیسینجەر پڕاکتیزە دەکات . بە هەردوو دەست خەریکە کلکی هەردوولا بگرێ و بە هەوەسی خۆی هەڵیانبسووڕێنێ . ئەمریکا قونبەلەیەکە گازمالووکەکەی هاتۆتەدەرو لەهەر شوێنێک دەستی لێبەربدەی دەتەقێ !! ئەمریکا وڵاتێکی تاوانکارە نەک وڵاتێکی دیموکراسی . ئاگر خۆشکردن ، لە بری کوژانەوەى ، لەنێوان دوو کەسدا تاوانە نەک ملیۆنەها کەس . کوشتن و گیان لەدەستدانی دەیان ملیۆن منداڵی ساوای بەرمەمکان ، بەلای ئەوانەی سیاسەتی ئەمریکا بەڕێوە دەبەن ، نەک هەر ئاوخواردنەوەیه ، بەڵکو چێژ وەرگرتنە.


کەناڵی " ئەلجەزیرە" ، بێئەوەی کادیرە عەرەبەکانی ئەم کەناڵە درک بە مەسەلەکە بکەن ، گەورەترین رۆل لەو ئاگرخۆشکردنەدا دەبینن کە خزمەتێکی تەواوی ئیسڕائیل دەکا. لەسەدان کەس و شوێنیشدا بیستوومە کە ئیسڕائیل بەشێکی لەو کەناڵەدا هەیە. بەم شێوە ئەو خەڵکە دەکڕێ و دەفرۆشرێ بێئەوەی هەستیشى پێبکەن . کوردستان پۆستیش بەهەمان شێوە ، جا بە ئەنقەست بێ یان لە کەمزانیدا ، هەمان خزمەت بە ئەمریکا دەکا. کوردستان پۆست دیارە بەوە نازانێ لەدەستدانی ئەو چۆڕە ئارامییەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییه‌ . ناشێ کە نەزانێ بەرژەوەندی ئەمریکا ، لەم دەموساتەدا ، لەگەڵ ئەو دوو بنەماڵەیەدایەو بەس . ئەمریکا ئەو دوو بنەماڵەیە ، نەک تەنیا لە دژی گەلی کورد لە کوردستاندا بەکاردێنێ ، ئەمریکا مام جەلال و کاک مەسعوود لەدژی سەرکردە عەرەب و ناعەرەبییەکانی سەرتاپای هەرێمەکە بەکاردێنێ . کوردستان پۆست بەو سەرلێشێواوییەی خۆی ، بەو پەنا بردنە بەر ئەمریکایە، زیاتر سەر لە خەڵکی کوردستانیش دەشێوێنێ. کوردستان پۆست یان هەر کەسو لایەنێکیتر ، نابێ ئەو خەڵکە بەوە بخڵەتێنن کەرێژیمەکانی ئەوڕوپاو ئەمریکا رێژیمی دیموکراسین . ئەمە سەد دەر سەد هەڵەیە . هەڵەیەکی زۆر گەورەشە . رێژیم لە ئەوڕوپا و تێکڕای وڵاتانی سەرمایەداریدا رێژیمی پۆلیسین نەک دیموکراسی . ئیتر ئەو خەڵکەش بەوە مەخڵەتێنن گوایە لەبەر هەڵەیەکی بچووک لە ئەوڕوپا وەزیرێک یان سەرەک وەزیران دەست لەکار دەکێشێتەوە . بەڵێ ئەمە زۆر راستە. راستە چونکە وەزیر لەو وڵاتانەدا زۆر بێبەهایە . قاچێکی یەک پۆلیس لە سەدان وەزیر بەهادارترە . هەزار جار رێژیم لە وڵاتانی ئەوڕوپادا بگۆڕدرێ ، کەس بۆی نییه‌ دەست لە پۆلیسێک بدا . تەنها جیهازە پۆلیسییەکە خۆی ئەگەر گومان لە دەستپاکی پۆلیسێک بکا، بۆی هەیە ، لایبەرێ . ئێمەی رۆژهەڵاتیش هێندە سادەین زوو تێدەکەوین . هەر خۆمان سەر لەیەکتر دەشێوێنین و یەکتر کەمبەها دەکەین . ئێمە هەرچەند دەهۆڵ بۆ ئەوڕوپا بکوتین ئەوان هەر بەچاوی سووک سەیری ئێمە دەکەن.


هەرچەند ئەمە تەوەری ئێستای من نییه‌ ، بەڵام هەر بۆ ئەوەی برا کوردەکانم نەختێک ئەو راستییە بزانن کە کورد ، بە پیلانی رەشی ئەمریکاو بەریتانی، هەمیشە بۆتە قوربانی ئەو نەوتەی کە لە ناخی زەوی کوردستاندایە . ستالین هەر لەو کاتیدا بە نیازی ئەوەی بەریتانیا لەناوچەکە دەرپەڕێنێ ویستی دەوڵەتێکی ئیسڕائیلی سۆسیالیستی پێکبێنێ . هەر بۆ هەمان مەبەستیش ، بەر لە دروستبوونی ئیسڕائیل، بە سەرۆکایەتی مستەفا بارزانی ، مەشقی بە نزیکەی دووهەزار کەس دەکرد. دەیویست بارزانی بکا بە سەرکردەیەک ، نەک تەنیا لە عێڕاق و لە کوردستان ، بەڵکو لە هەموو رۆژهەڵاتی ناویندا. کەچی ، بەداخەوە ، هەروەک پێشتر هێمام بۆکرد، هەڕەشەکانی ئەمریکا ئەو پڵانەی پووچەڵکردەوە . ستالین هەر بە هەمان مەبەستی دەرکردنی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناویندا لە ساڵی ١٩٤١ پشتگیری لە راپەڕینەکەی رەشید عالی کرد کە بەیارمەتی هیتلەرو ئەڵمانیا سەریهەڵدا. هیتلەر ئەگەر ، بەفیتی ئەمریکاو بەریتانیا ، هێرشی نەکردایەتە سەر یەکێتی سۆڤیەت و ئەو گووە گەورەی نەخواردایە ، ئێستا ژیان لەسەر رووی زەمین ، دوور لە چەوساندنەوە ، زۆر بەچێژو بەشێوەیەکیتر دەبوو.
 

من لەو باوەڕەدانیم نە یەکێتی سۆڤیەت و نە رووسیای ئێستاش ، رۆژێک لەرۆژان ، دڵۆپێک نەوتی ئێراق و کوردستانیان بەخۆڕا بردبێ . بەڵام وا بەچاوی خۆمان باش دەیبینین کێ ئەمڕۆ نەوتی کوردستان و ئێراقی خستۆتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی . خەڵکی کوردستان بەدەست بێکاری و برسێتییەوە ئازاری سەرماوسۆڵی بەر سەرای ئازادی دەچێژن و جۆرە خەڵکانێکیش هەن پارەی چایەکیان لەگیرفاندا نییه‌ بۆ ئەوەی چایەک لە چایەخانەدا بخواتەوە! سامی ناوێکیش ، کە سێ ساڵه وەک ئەندازیار زانکۆی تەواو کردوە ، تا ئێستا کاری دەست نەکەوتووە بۆ ئەوەی بژێو بۆ ماڵ و منداڵەکەی پەیدا بکا . هەر لەو داخەدا لە ٧\٤\٢٠١١ لە ناوەڕاستی شاری بەغدا بە تەنەکەیەک بەنزین ئاگری لەخۆ بەرداو گیانی لەدەستدا! خەڵکانێکیش هەن بەپای پیلان پارە لە پێناوی ئارەزووە تەسک و چەپەڵەکانی خۆیان دۆلار هەڵدەڕژن. ئەمە بێجگە لەوەی سەرکردەکانمان بانکەکانی جیهانیان تەنیوە لە دۆلارو رۆژانە بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ کاری بێنامووسی و قوماری کازینۆکان سەرف دەکرێن و دەدۆڕێن.


خەڵک وادەزانن ئێمەی کورد و سەرتاپای ئێراقییەکانیتر ، رۆژانە ، بەسەر لێواری بەهەشتدا پیاسە دەکەین، ئەوی کەموکورتی بێ ، نیمانە! جا خۆ ناهەقیش نین . یاخەمان لە یاخەی زەمینێکدا گیر بووە هەمووی هەر خێرو بەرەکەتە . بۆ ئاو زەوی هەڵدەکۆڵین ، نەوتی "خوێڕی" لێدێتە دەرەوە!


من لە ژیانمدا نە بیستوومەو نە بینیویشمە شۆڕشی ئاشتیخوازانە هەبێ . خەباتی ئاشتیخوازانە هەیە بەڵام شۆڕش و ئاشتی دوو حاڵەتی زۆر جیان . شۆڕش بێچەک خۆ کوشتنەو هیچیتر . خەڵکەکە هێندە سادەیە بەوە خەڵەتاون گوایە سیستێمەکانی ئەوڕوپا هەمووی دیموکراتیەتیان لێدەچۆڕێ . هەڵەی گەورەو کوشندە ئالێرەدایە! باشه کام وڵاتی عەرەبی هەیە ئازادو سەربەخۆ بێ؟ کام سەرۆکی عەرەبی هەیە پیاوی ئەمریکاو ئەوڕوپا نەبێ؟! دوور ناڕۆین لە ئێراق و لە کوردستانی خۆماندا کێ حاکمی رەهایە؟ ئەمریکایە یان نا؟ کێ سوود لە سامانی وڵاتی ئێمەدا دەبینێ؟ ئەی ئەوە نییه‌ بەچاوی خۆمان دەبینین ، لە وڵاتی پڕ لە نەوتی خۆماندا، خەڵکەکە لە دووری دەیان و سەدان کیلۆمەتر بۆ سلێمانی دێن بۆ ئەوەی پەنجا لیترێک بەنزینیان دەست بکەوێ؟ یاخود ئەگەر ئەمریکا لە کوردستان نەبێ ، تا ئێستا، چەند جار یەکێتی و پارتی کوڕی خەڵکیان بەکوشتدابوو؟ لەوانەیە بڵێن ئەمە یەک لە کارە پۆزەتیڤییەکانی ئەمریکایە کە کوڕی خەڵک بەکوشت نادرێ! بەڵام کە وانییه‌. ئەگەر ئەمریکا نەبێ کاک مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی هێندە لەبارنین ئەو خەڵکەی بەردەرکی سەرا پشتگوێ بخەن. ئەمریکا لەگەڵ بەعسییەکاندایە نەک لەگەڵ گەلی عێراق. ئەگەر بەڕێز نوری مالیکی نەبایە ، سەدام حوسێن نەک هەر لەسێدارە نەدەدرا ، بەڵکو دوورنەبوو ئێستا گەڕاباوە سەر کورسییەکەی جارانی! ئەمریکییەکان لەڕوو شتێک دەڵێن و لەژێرەوەش کارێکیتر ئەنجام دەدەن!


هەر لەبەر ئەوە زۆرم پێ سەیرە کاتێ دەبینم خەڵکەکە پەنا دەبەنە بەر ئەمریکا بۆ ئەوەی لەدەمی حەزیایان دەربێنی!! ئەو خەڵکە ، بەداخەوە ، هێندە سادەیە نازانێ بە فەرمانی ئەمریکا خراونەتە ناو دەمی ئەو حەزیایە. خەڵک دێنە سەرجادەکان و دەبن بە قوربانی ، ئەمریکاش بەروبوومەکە دەدروێتەوە! ئەم خەڵکە وەک بڵێی ئەلف و بێی سیاسەتی نەخوێندبێ دەچنە بەر دەرکی سەفارەی ئەمریکا بۆ ئەوەی چارێک بۆ ئەو خەڵکەی بەردەرکی سەرا بدۆزێتەوە! ئەم کارە ، جگە لەوەی کارێکی ناشیرینە ، ئەم کارە هیچ سیمایەکی خەباتگێڕی پێوە نامێنێ . من کاری لەم شێوەیە بە شەرمەزاریی دەزانم . من ئامادەم بچمە بەر دەرکی ماڵی مام جەلال و کاک مەسعوود بارزانی و دەستیان ماچ بکەم ، بەڵام ئامادەنیم بچمە بەر دەرکی سەفارەیەک کە ، بە گوێرەی قسەکەی مدیری موخابەراتی ئەمریکی کە لە ساڵی ١٩٩١ لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا درکاندی ، گوایە ئەمریکا ئەوە سی (٣٠) ساڵە میللەتی کورد وەکو سەندەویج بەکاردێنێ! ئێستاش بۆ ئەمریکییەکان ، کورد هەمان سەندەویجەکەیە کە لە پەنجا ساڵی رەتداوە . بەڵام کورد کەی ئەمە تێدەگا؟!


هەڵوێستە سەدفاقییەکەی ئەمریکا بەرامبەر رووداوەکانی ئێستا!!


لە ١٤ فێبریوەری ٢٠١١ دا بە زمانی رووسی وتارێکم نارد بۆ یەکێ لە رۆژنامەکانی بێڵەرووسیا بۆ بڵاوکردنەوە کەچی ، هەر لەبەرئەوەی سەرنووسەرەکەی جوولەکەیە ، بە ئاشکرا بەرگرییان لە دەستتێوەردانی ئەمریکاو ئیسڕائیل دەکرد لە کاروباری ناوخۆی میسر و هەر بۆیەش وتارەکەی منیان بڵاو نەکردەوە. چەند رۆژێکیش پێشتر هەمان وتارم بە زمانی عەرەبی نارد بۆ یەکێ لە رۆژنامەکانی میسر بە مەبەستی ئاگادارکردنەوەی خەڵکەکەی مەیدانی تەحریر کە خەریکە شۆڕشەکەیان دەدزرێ! وتارەکە ، بە رووسی و بە عەرەبی ، لەژێر ئەم ناونیشانەدا بوو: "الثورە المصریە العظیمه‌ تکاد تضلل الطریق فی منتصفها!".


بڕوا ناکەم کەسێک هەبێ ئەوە نەزانێ کە حوسنی موبارەک پیاوی ئەمریکا بوو . بڕوایەکی تەواویان پێی هەبوو کە بەهیچ شێوەیەک بەرامبەر بە ئیسڕائیل جووڵە ناکا. تا دوا چرکەش بەرگرییان لێکردو ئێستاش هەر لە خزمەتی خۆیاندایە. لە وتارەکەمدا پەنجەم بۆ ئەوە درێژکردبوو کە حوسنی موبارەک ، هەرچەندە گوایە رۆیشتووە ، بەڵام ئێستاش ، لەژێر فشاری ئیسڕائیلدا ، رێنوێنی دەداتە وەزیری بەرگری میسر.


وا دوو وڵاتی عەرەبی دەکەین بە نموونە کە هەردوو وڵات ، یەمەن و بەحرێن ، ئامرازی دەستی ئەمریکان . بابزانین رۆڵی ئەمریکا چیە لەو رووداوانەی دوایی وڵاتانی عەرەبیداو بەشێوەیەکی گشتی چی دەوێ.


با لە یەمەنەوە دەستپێبکەین . عەلی عه‌بدوڵا ساڵح ، کە بەژنی بە قەدەرایی بەژنی بزنێکە ، ئەوە ٣٢ سی و دوو ساڵە بوە بە بارگرانی بەسەر خەڵکی یەمەنەوە . سی و دوو ساڵە سەرۆکی وڵاتی یەمەنە، کە بە ناوچەیەکی عەرەبی رەسەن دەژمێردرێ، کەچی هێشتا فێری زمانی عەرەبی نەبوە. دەڵێ:" لاختیار دستورا جدیدا". نازانێ پیتی (ل) پیتی (جر)ە، دەبێ بڵێ (لاختیار دستور جدید). (جر) ی (نصب) کردوە.. بە هەمان شێوە لە شوێنێکیتردا بەرامبەر دەستپێشخەرییەکەی قەتەر ، کە ئەویش هەر بە رێنوێنی ئەمریکایە ، عەلی عه‌بدوڵا ساڵح دەڵێ: " هذا تدخلا سافرا".. له راستیدا دەبێ بگوترێ: " هذا تدخل سافر". ئیتر بە دەیان هەڵەیتر لە زمانی عەرەبیدا. ئەوە سی و دوو ساڵیشە لە لایەن ئەمریکاوە قەڕاسە کراوە. ناوێری هەنگاوێک بە بێ ئەمریکا بهاوێژێ. چەند رۆژێک لەمەوپێش کە زۆر تەنگاو ببوو رقی لە ئۆباما هەستا، گوایە ئەو دەست لە کاروباری وڵاتانیتر وەردەدا، چەند راستییەکی درکاند و گوتی: " ئۆباما هه‌قی چیە بەسەر میسر و تونس و یەمەندا دەڵێ دەبێ وابکەن و وا بڕۆن.. باشە ئەو سەرۆکی ئەمریکایە یان سەرۆکی وڵاتانیتر؟!" درێژەی دایە قسەکانی و بیری چوو کە ئەو ئازاد نییه‌، پێی لە چەند راستییەکیتر نا و گوتی: " ترى غرفە العملیات فی تل ابیب ، تدار فی امریکا" . هەڵبەت ئەمە حەقیقەتە ئەو درکاندی، بەڵام چونکە بۆی نییه‌ لەخۆیەوە، نەک ئەو جۆرە قسانە بکا، بەڵکو ئەگەر بیەوێ قسەیەکی ئاساییش بکا، ئەوە دەبێ ئیزن لە ئەمریکا وەربگرێ. هەر بۆیە دوای شازدە سەعات عەلی عه‌بدوڵا ساڵح فەقیرەی ناچار بوو داوای لێبووردن بکا لە ئەمریکا. چونکە ئەگەر وای نەکردابا ئێستا دەمێک بوو پێستی چووبوو بۆ دەباغخانە. ئیتر بە درێژایی سی و دوو ساڵ تەمەنی ، وەک سەرۆکی وڵاتێک ، تەنیا شازدە سەعات خاوەنی قسەی خۆی بوو . عەلی عەبدوڵا ساڵح بەخۆشی خۆی نییه‌ کە ناڕوا. لەبەرئەوە ماوەتەوە چونکە هێشتا ئەمریکا کاری پێماوە. کەسمان لەبیری نەچوە هەر چەند رۆژێک لەمەوپێش ئۆباما گوتی:" لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییه‌ عەلی عەبدوڵا ساڵح بڕوا". لێرەدا نە عەلی عەبدوڵا ساڵح وێرای بڵێ بۆ ئێوە ماف و بەسەر مندا چیە بڕۆم یان نەڕۆم، نە یەکێکیش لە کەناڵەکان، بەتایبەتی ئەلجەزیرە کە خۆی کردوە بە دەمڕاستی ئەم دنیایە، هەڵوەستەیەکی کرد و بڵێ: " ئەمە چ قسەیەکە ئۆباما دەیکا؟ باشە بۆ دەبێ رۆیشتنی عەلی عەبدوڵا ساڵح لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نەبێ".
 

ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەم بەزموڕەزمەی ئێستادا چیە؟!


دوای وەدیھێنانی سەرکەوتن شۆڕشی فەڕەنسا بە سێ قۆناغدا تێپەڕی: قۆناغی یەکەم: لە مانگی حەوتی ١٧٨٩ وە بۆ مانگی ئابی ١٧٩٢ ، مەلەکی دەستووری بوو. کۆمەڵەیەکی نیشتیمانییان دامەزراند و بەندیخانەی باستیلیان گرت. مافی فیۆدالەکانیان نەھێشت و بەیاننامەیەکیان دەرکرد لە پێناو مافەکانی مرۆڤ و دانانی دەستوور بۆ یەکەم جار لە وڵاتدا. قۆناغی دووەم: لە ئابی ١٧٩٢ وه‌ بۆ یۆلیۆی ١٧٩٤ کە بە ماوەی سیستێمی کۆماری و پەرەسەندنی باڵی شۆڕشگێڕان دەژمێردرێ و ھەر لەو ماوەیەدا مەلیک لەسێدارە درا و رژیمێکی کۆماری زۆر توند سەریھەڵدا. قۆناغی سێیەم: لە یۆلیۆی ١٧٩٤ وە بۆ نۆڤەمبەری ١٧٩٩ دەستپێدەکا. باڵە شۆڕشگێڕییەکە بەرەو دواوە گەڕایەوە و بۆرژوازییە مامناوەندییەکان دەستیان بەسەر حوکمدا داگرت. شۆڕشگێڕەکان به‌ره‌و دواوه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و دەستوورێکی نوێیان دەرکرد...
 

ماڵپه‌ڕی ته‌حسین عوسمان

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک