په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

               ئاسمانێکى تر بۆ خۆکوژى.

هه‌ردی شه‌فیق

وەرە داگیرم کە...

ئەى ئەو ئەوینەى ڕەنگت لەڕەنگى مەرگ ئەچێ

ئەم بوونە پرەِ لە نەبوونى من

چاوم بڕیوەتە ئەو سایە خوار و خێچەى

دواى خۆم ئاوابوون ئەیسرێتەوە

نیگاکانم لەو جێ پێ جێماوەى کەنار دەریادا جێ دێڵم

شەپۆڵێکى شێت لەگەڵ خۆیدا ڕاى دەماڵێ

ئەو پەرتووکە تۆز لێ نیشتووە ئەبەخشم بە مۆزەخانەیەک

ڕەنگە ژیان ئەویش نەهێڵێ

وەرەو داگیرم کە.......

ئەى ئەو کچەى هیواکانت لە ڕەنگى مەغریب ئەچێ

کەتۆ ناتوانى لەو شارە خەیاڵەدا ماڵێکى حەقیقى درووست بکەى

کۆڵبەرى و ماندوو بوونەکانت ڕاگرە

ئێمە ونبووى دەستى چى قەدەرێکى دۆڕاوین!

چى قەدەرێکى شێت یاریمان پێ دەکا!

دەریا جێگاى مەرگى گوناهبارو بێ گوناهە

دەریا شوێنى سڕینەوەى تاوان و سزایە

ئەو کەشتیانەى لە خەیاڵى ڕاوکردنى دۆلفینەکاندا

دەریا هەڵى لوشین

ئەو دۆلفینانەى میهرەبانیان لێ ئەتکا

تاساتى نغرۆ بوونى خۆیان و

کەشتیە تێک شکاوەکان

ڕێگاکانى سەلامەتیان

بە دەریاوان و ماسی گرە پیرەکان

نیشان ئەدا

وەرەو داگیرم کە.....

ئەى ئەو کچەى خەیاڵت وایە

درەختەکانى میهرەبانى

لەسەرشەقامە دوکەڵ لێنیشتوەکانى ئەمشارە دابڕوێنێ

کەشکۆڵەکەت هەڵگرە و دوورگەیەک بدۆزەرەوە مرۆڤى نەناسیبێ

غرور ئاوەدانى بیر بردینەوە

بە برینى جەنگەکانى ئاشنا کردین

ئەو دڕندانەى لە دارستانەکاندا قڕیان نەکردین

لەشارەکاندا قڕمان کردن

شار گۆڕستانێک بوو بۆ مردنى ڕوحى هەر هەموومان و

لە دایک بوونى درندەى جۆراو جۆر

شار گۆرستانێک بوو مردنى ویژدان و

ڕێگاى تێپەڕینى موسافیرەکانى غرور

ئەى ئەو ڕێبوارەى سپێدەکانت پڕکردووە لە زەردەو لێڵە

تەرمى کەڵەکەبوونى نێو ئەو هەموو دڕندە بەچى زیندوو ئەکەیتەوە؟!

سەرى خۆت لەم قومارەدا مەدۆڕێنە و

کەرامەتت مەخەرە ژێر پێى قافڵەکانى شەهوەت

خێراکە و شار بەجێ بێڵە

تا ئێستاش شەقامێک نییە بمان باتەوە کوچەکانى منداڵى

خەتاى عەینەکە ڕەشەکەى تۆ نییە گازاندەى لەدەست ئەکەى

ئەوە حەقیقەتى ئەم شارەیە

گلەى لەدەست چاوت مەکە تەنها تۆ

مەیتى ڕۆحەکان بەکۆڵى مرۆڤەکانى شارەوە ئەبینى

وەرەو داگیرم کە

ئەى ئەو کچەى چیرۆکەکانى مەحرومیت بۆ ئاوابوون ئەگێڕێتەوە

ئەم سەفەرى یاخى بوونە بۆ ئافرەتێکى یاخى بگێڕەوە

کەتەسلیم بوونى بەعیشق

بەتەسلیم بوونى خۆى ئەزانێ لەبەردەم پیاوێکدا

داگیرم کە بەبێ کوشتار

ئەى ئەو کچەى لەگوناهبارى تابلۆیەکى خەیاڵى ئەچى

زەمانێکە لەئالودە بوونى تەنهاى خۆمدا مردووم و تواناى بەرگریم نەماوە

زەمانێکە کەرامەتم لەژێر پێَى پۆستاڵێکى پیردا ئەشکێ

ئەى ئەو موسافیرەى شەو تا بەیانى نیوەى عومرت

ئەو نیوەکەى تر هەڵئەدەیتەوە

لەگەڵ میهرەبانى و عیشقدا گوزەراندت

ڕێگایەکى ترمان نیشان بدە بۆ خۆکوژى

ئەم ڕێگایانە کەڵکى ژیانیا پێوە نەماوە

ئاخر هەر ئەو ساتەى بەنێو ڕۆحى خۆمدا هاوارم کرد

ئەى ژیان تاریکیت نامترسێنێ

گەر هەموو ڕێگاکانت بەدۆزەخم ئاشنا بکات

من هەر ئەم میهرەبانییەى ڕۆحى خۆم ئەناسم

تۆ لێت پرسیم، بۆچ بپرسین

لەکوێ ڕاهاتین و بۆکوێ ئەچین؟

بۆ چ کۆیلەى پیرى ئاواتە سەڕەڕۆکان بین؟

من پێَم وتى سەیرى کاتژمێرەکەت کەو

بزانە چەن بەهەڵە داهاتوین

چەند بەسەرابدا تێپەڕیوین!

وەرەو داگیرم کە

ئەى ئەو کچەى لەبەردەم سواڵکەرێکدا خۆت دەبینى

گیرفانەکانى لە ئومێدەکانى تۆ پڕترن!

سەراب فێرى چاو شارکێ ى پشت ڕووخسارە درۆزنەکانى کردین

دەست هەڵگرە لەخەیاڵى ئەو خیابانە سەرابیە

لە فنجانەى ئەو فاڵچیانەدا تێکەڵمان کە

فریشتە و شەیتان پێکەوە کۆ ئەکاتەوە

دز و مالدزراو پێکەوە کۆ ئەکاتەوە

کۆتر و ڕاوچى پێَکەوە کۆ ئەکاتەوە

پڕم کە لەمارفیەتى ئەو ماڵانەى

گولڕ و ئاویان لەپاش و پێَشى جەنگەکانەوە ئەڕێژا

شمشێریان دەبەخشیە جەنگاوەرەکان و

دەم و چاى خۆیان ئەڕنى

بەگەڕانەوەى کوژراوەکان

داگیرم کە

ئەى ئەو کچەى ڕەنگت لەڕەنگى خەیاڵ ئەچێ

تاوەک عاشقێکى دڵشکاو و سەرەڕۆ

ئەو دڵەى داومە بەمردن بیبەخشمەوە بەژیان

ئەم سەحرا پڕە لە جێ پێ جێماوەکانى ونبوون

لە منداڵیەوە بەدواى کۆترەکەى چارەنووسدا غار ئەدەین

بەبێ ئەوەى لەوێستگەیەکدا

لەسەر پەنایەکدا

پشوویەک بدات بۆدەستەمۆبوون

گومانێک حەقیقەتى بوونم لەخۆیدا ئەکوژێ

ئاخر لەم ساراو سەرابى ونبونەدا

خۆم بەون بوونێکى ئەبەدى ئەسپێرم و

شوێن پێیەک بۆجاویدانى جیٍَناهێڵم

گڕى باروت نیشانى ئەو پەپولانە ئەدەم

بەدواى چرایەکى شێتدا عەوداڵن

چیم داوە لەو عاشقانەى ئیدمانى مەست بوونێک بوون

لە دنیاکەى تریشدا لێ ى نابێتەوە

چیم داوە لەو گومانانەى حەقیقەتى بوونم لەخۆیدا ئەکوژێ

چیم داوە لە خەیاڵى خاوى باڵندەکان

ئاسەوارێک لەم مۆزەخانەى ڕۆحە جێناهێڵم

پڕە لەجانتاى بەجێماوى موسافیرەکان.

 

               ژان و دڵشکان .

 

دڵى دێوانەم...

پێم وتى ئەم سەفەرە پڕە لەهەناسە غەریبەکانى غوربەت و

لە وڵاتى سەوزبوونى بێهودەیەکان

گوڵەکان بە هەناسە نائومێدیەکانى من دەژاکێن

پەپولەکان بەحەسرەتەکانى من دەسوتێن

سەیرکە لەو دیوو پەردە ئاڵۆزەکانى وەهمەوە چى دەبینى؟

لەو دیوو فەزاى خەیاڵەوە چى دەبینى؟

لەو دیوو غوبارەکانى نائومێدیەوە ؟

لەو دیوو تەم و تومانى سەوزەڵانییەوە؟

مرۆڤ بوون چى قێزەوەن بووە دڵى دێوانەم

بەدەم هەڵوەرین و

سەوزبوون و

تێپەڕینى ئەم وەرزانەوە

ژێر ئەم ئاسمانە

سایەیەکى تیا نەماوەتەوە بۆ حەسانەوە

سەیرکە دڵى دێوانەم...

لە گۆڕستانى ڕۆحە بێنازەکان و

وڵاتى ئەوینى دڵشکاوەکان

لە نێو جەنگەڵى ئەو دارستانەى

سایە دارەکان مرۆڤەکان بەرەو سەر خەوى مەرگ ئەبەن

لە تەنیشت ئەو ئێسکە پەیکەرانەوە

لەسەر ئاوازى کەڕەناى شەڕەکان

سەماى مەرگى خۆیان ئەکەن

فریشتەیەک هەیە خەیاڵەکانى پڕبێت لەپەپولەى سپى؟

پەپولەکان ئەو نورانیانە بن

بەدەمن خوێندنەوەى ئایەتەکانى بەرائەتەوە

بەدەم تەواو کردنى نوێژەکانیان لەبەر باراندا بڵێن

خودایە ناشکور نەبووم گەورەت کردم

بەڵام بۆڕۆحى منداڵیت لێسەندمەوە؟!

ئەمڕۆ باڵدارێکى باڵشکاوى دڵشکاوم لەمەملەکەتى سەراب نشینەدا

جگە لەدەنگى حەزینى کوکوختیەک ئاشنایەکى ترم نییە

لەژێر دڵۆپەکانی باران و نەسیمی گوڵەکان

لەم سەفەری لێوان لێوە لە قەدەرەکانی دڵشکان و ماڵئاوایی

ئەکرێت من و تۆ تەنها ئاسمانێکمان هەبێت

ئەویش سەقفی ماڵەکەمان؟!

ئەو پەپولە سپیانەی لە رۆحی رەشی ئێمەدا نانوون

لە دڵی شکاوی ئێمەدا غەزەب ئەکێشن

هێندەی باڵای مەغریبێک لە مەرگەوە دوور نین

بەسیە چیتر گوناه مەکە

ئاخر نە رۆژگارەکانی بیرچوونەوە دادمان ئەدا و

نە گریانی سەر گۆڕەکان

دڵی دێوانەم...

ئەو رۆژانەی لە فەزای خەیاڵدا حەقیقەتم ون ئەکرد

هەر ئەو رۆژانە بوون

هەزار ئاواتی بەباچووی خۆمم کفن و دفن ئەکرد

هەزار خۆزگەی کوژراو و مەیلی دڵشکاوم ئەشاردەوە

خەیاڵەکانیشم هەمیشە بانگیان ئەکردم

هۆ ئازیزەکەم...

بەو دڕندەیە خۆت مەکوژە تا گوڵەکانی باخچەکەت بکوژی

نیانتر خۆت بکوژە

تا گوڵەکانی باخچەکەت بژی

دڵی دێوانەم...

ماڵێکمان لە دڵی یەکتریدا چێ نەکرد بۆ نیشتەجێ بوون

چی بێ ماریفەت بوون ئەو شەڕانەی بە کۆلچێ مەعریفەوە دەمانکردن!

کە رومان لەسەر پشتی ئەو درەختانەدا چاند

بەدەم نەسیمەوە پێدەکەنین

شەوەکانمان هێندە بە شەهوەت ئاڵودە کرد

شوێنێکمان نەهێشتەوە بۆ بۆنکردنی گوڵی رۆح

بۆ ئاوی چی ئەگەڕێی دڵی من؟!

ئەو زەلکاوە لەمێژە بۆگەن بووە

چاوەڕێ مەکە رۆژێ لەجێی باران پەپولە ببارێ و

خواوەند کوخێکت لەژێر تریفەی مانگەشەودا پێ ببەخشێ و

عیشق هەناسە و دار و دیواری بنەخشێنێ

تۆ کە فریشتەیەکت لە رۆحتدا پێ پەروەردە ناکرێ

وەک سواڵکەرێک لەم خیابانی خەیاڵەدا

تەمەننای ئەوە مەکە

چیتر خوداوەند دڵن نەشکێنێ!

دڵی دێوانەم...

چەند شەو سەیری ئاسمانمان کرد لەجێی باران فریشتە بارێ و نەباری؟!

چەند شەڕی دەستەویەخەمان لەگەڵ مەرگ کرد

تا عیشق سەرێک لە ماڵە تاریکەکانمان بدات و نەهات؟!

چەند عەوداڵیمان کرد جگە لە عیشق هەناسەیەکی تر بدۆزینەوە

بۆ خاڵی کردنەوەی مەینەتیەکانمان و نەمان دۆزیەوە؟!

چەند ویستمان کاتژمێرەکانمان بوەستێنین و لەگەڵ خۆرەتاوا سەما بکەین

کاتژمێرەکانمان لە تاریکیدا خێراتر تێدەپەڕین؟!

تێنەگەشتین هیچ تێنەگەشتین

نە لە چاوی ئەو کچانەی بۆ یەکەمجار بەدوای پیاوێکدا ئەگەڕان ماچیان بکا و

نە لە زمانی ئەو کوڕانەی دەیانویست

ئافرەتێکی تەنیا، لە ئیحساسەکانی تەنیاییان بگا

دڵی دێوانەم...

گوێم لە ترپەی هەنگاوەکانی خەیاڵێکە پێم ئەڵێ

پایز سەمای مەغریبی ئەو باڵندانەیە بەرەو مەرگ کۆچ ئەکەن

لەمێژە من و تۆ سەیری سەوزەلانیمان نەکردووە

دوکەڵ سەوزەڵانەکانی بەخشیون بە خۆڵەمێش

بۆیە سێبەرە لارەکانمان پەلامارمان ئەدەن

کە لە ناسکیدا بە حەسرەتەکانی پەپولەیەک ئەسوتێی

ناسکی بوو من و تۆی بەم جوانییە ئاشنا کرد

یان ئەو بوو لە غوبار و دەکەڵێکدا لێکی کردین؟!

بزانە لەودیو پەنجەرەکەتەوە چی خەیاڵێک دەبینی

لەو گوڵستانی جوانیەدا

بە دڕکەزی و پەرژینەکانی باخچەکانەوە خۆت گیرۆدە مەکە

خۆت سەرقاڵ مەکە

ئەشێت عیشق وەک شارێک خاپور بێ

بەڵام کەلاوەی خەیاڵەکانی هەر ئەمێنێ

ئەو کاتەی رۆحت پڕ دەبێ لە ئازار هەوڵ بدە شیعرێک بنووسی

ئەوکاتەی دڵت پڕ دەبێ لە مەحرومی هەوڵ بدە شتێک بڵێی

دڵی دێوانەم...

ئەو نەسیمەی بەخشەی گەڵاکان مۆسیقای مەرگ لێئەدات

خوڕەی ئەو ئاوانەی دەڵێن زەمەن دەڕوا

عیشق دەڕوا

ژیان دەڕوا

وەفا هەر دەمێنێ

فڕین بە فەزای خەیاڵدا ناتباتەوە ئاسمانی عیشقی بەدەست چوو

عیشق کەنەفتێکی پیرە

ئەو پاڵەوانانەی جاران نییە پڕمان کاتەوە لە ئیحساس

لێوان لێومان کاتەوە لە ناسکی

دڵی دێوانەم

گوێم لە ترپەی هەنگاوەکانی خەیاڵێکە پێم ئەڵێ

سەفا بکە بەنێو پێدەشتەکانی بەهارا

لە بێدەنگیدا گوێت شل کە بۆ چریکە و خەمی باڵندەکان

هەنگاوەکانت بەسەر خاکی خۆڵدا هەڵگرە و

چاوەکانت پڕکە لە دیمەنی سەوزایی

عیشق سەفایە بەنێو خەیاڵە جوانەکانی عیشقدا

عیشق فڕینە بە فەزای بێسنووری خۆشخەیاڵیدا

عیشق سەفایە بەنێو گریان و دڵشکانەکانی عیشقدا

عیشق گوێگرتنە لە ترپەی باڵەکان و دڵی دوو پەپولەدا

عیشق خوێندنەوەی قەسیدەکانی دڵە لە چاودا

عیشق گۆرانی وتنی دوو دڵە بۆ یەکتر

دابەشبوونی رۆحێکە بەسەر دوو دڵدا

دابەشبوونی دڵێکە بەسەر دوو جەستەدا

عیشق خۆتەڵقین کردنی عاشقە بە گەڕانەوەی یادگارییەکان و

بنیادنانەوەی جوانیەکان

عیشق زیندووبوونەوەی دوو مردووە لە دڵدا

عیشق ناسینەوەی ئەستێرەکانە

لەژێر ئاسمانی ساماڵ و تریفەی مانگەشەودا

عیشق سەماکردنی سەوزاییە بەدەم نەسیمی بەیانیانی بەهارەوە

عیشق خوڵقاندنی جیهانە لە ئامێزی دوو دڵی بێگوناه و گوناهباردا

عیشق دنیایەکی سەوزە لەبەر پەنجەرەکەی تۆدا

شنەیەکە بێ پرست دەرگاکان ئەخانە سەرپشت و

پەنجەرەکان ئەخاتە سەما

عیشق ئەزموونی عاشقێکە پڕ لە ئیحساس و خاڵی لە ژاکانی گوڵ

عیشق عیبادەتی گوڵ و پەپولەیەکە بۆ یەکتر

عیشق ئەو بارانەیە دارستان و بیابان و سەوزایی ئەشواتەوە

عیشق ئەو مۆسیقا ناسکەیە کەشی ژوورەکەت شاعیرانە ئەکات

عیشق داگیر کردنی گوڵێک نییە لە قەفەزی پەپولەدا

عیشق زیندانی کردنی پەپولە نییە لە دڵی گوڵدا

عیشق خوڵقاندنی ماڵێکە

لە باڵی پەپولە و پەڕەی گوڵ

دڵی دێوانەم بە چی خۆشحاڵ بم

کە عاشق بوونی تر لە رۆح و دڵتدا نەبێ

تەمەنێک خۆت و عیشقت دۆڕاندووە

کە من دڵێک لە سینەمدا بە فرمێسک ئەژی و

بە گریان لێئەدا و

هەموو جوانیەکانی خۆی لە رۆحتدا نابووت کردووە

بە چی دڵخۆش بم

جگە لە عیشق هەناسەیەکی تر هەیە بۆ خۆشنودیمان لەم ژیانەدا؟

عیشق سەندنەوەی خۆشەویستیم بوو لە ساماندا و سەروەت مەند بوونم بوو لە ئیحساسدا

هەوڵدانی تەبیبەکان بێفایدەیە

ئەو مەرگە هەرگیز رۆحی من جێناهێڵێ

مەرگی ئەو بەهارانەی بەسەر رۆحی مندا تێپەڕین و

گەڵای تەمەنی تێدا بووە مەرگی موحیبەتی عیشق

چی عیشقێکی مایەپوچە ژیان

چی سەفەرێکی مایەپووچە عیشق

لە وڵاتی تابلۆکانی گوناه و نیشتیمانی خەیاڵە سپیەکان

گۆێگرتن لە عاتیفە پیرەکان بێفایدەیە

سەیرکردنی سەوزەڵانی بێفایدەیە

دڵی دێوانەم بە ئارامی بنوو

بۆ من هەرچیەک بێت مردن شیرینترە لە ژیان!