په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١٥

کورتە چیڕۆک:

ئاسۆ و پشقل.

سەباح تاھیر     


پارەی ماتۆرسکیلی نەبوو، لەبەر شارەوانیش نەیدەتوانی گوێدرێژێک راگرێ بۆ راکێشانی عەرەبانەکەی. ناچار بە پاڵنان یان بە راکێشان عەرەبانەکەی بە ناوشاردا دەگێڕا.


‌ئەو فافۆن و تەلی کارەبای دەکڕییەوە لە ماڵان. قوتووی بەتاڵی ساردەمەنییە گازییەکانی کۆدەکردەوە و دەیفرۆشتەوە.


‌ئەو تەنیا گۆڕان لە دوای راپەڕین ھەستی پێبکا ئەوەیە سەربازی راکردوو نییە، ئازادە لە پاڵنانی عەرەبانەکەی، کە لە دوای تێکچوونی گوندەکەیان ئەوە پیشەیەتی.


‌ھێشتا ھیوای زۆرە بە ژیان، منداڵەکەی ناو ناوە ئاسۆ. ئاسۆ لە قوتابخانەکەی زیرەکی پۆلە، بەڵام حەز دەکا ھاوکاریی باوکی بکا، چونکە هەموو رۆژێ کە دەگەڕێتەوە، گوێی لە باوکێتی کە دەڵێ پشتم شکا بە راکێشان و پاڵنانی ئەم عەرەبانەیە، کاتێکیش دایکی دەڵێ پیاوەکە خوا کەریمە، ئەوەندەش باشە چاک نییە مەجبووری دەستی نامەرد نابین...


‌ئاسۆ زۆری لە باوکی کرد ھەینی ھاوکاریی بێ، دەمێک بە دەستە بچووکەکانی پاڵی بە عەرەبانە دەنا، تاوێکیش راکێشان...‌ پرسیاری زۆری لە باوکی دەکرد:


- باوکە تۆ چۆن کاک (......) دەناسی؟
- کوڕم پێشمەرگە بوو لە سنووری گوندەکەمان.
- باوکە یانی ئەویش لە خانووی قوڕ دەژیا؟
- بەڵێ کوڕەکەم پێشمەرگایەتی زەحمەت بوو...
- باوکە ئەی منداڵەکانی ئەوان لە گوند بوون؟
- بەڵێ ماڵی کاک فڵان لە ژوورێکی ئێمە بوون، زۆر بەستەزمان بوون منداڵەکانی دەستوپێ سپی بوون..
- باوکە واتە لە گوندیش بوون پاک و خاوێن و دەستوپێ سپی بوون!!؟
- نا کوڕم مەبەستم ئەوەیە، چڵێ داریان پێ کۆنەدەکرایەوە، پشقڵ و مێوژیان لێک جیا نەدەکردەوە، ھھھھھھھھھە لە بیرمە ئەو (.......) کە ئێستا ........ە جارێک تێروپڕ پشقلی خواردبوو وایزانیبوو مێوژە!!!
- بۆ ھێندە منداڵ بوو باوکە؟!
- لە تەمەنی تۆ گەورەتر بوو زۆر!!!
- ئەی چۆن ھھھھھە پشقڵل و ھھھھە مێوژی لێک جیا نەدەکردەوە، باوکە ئەدی ئێستا چۆن بۆتە، ھھھھھھە باوکە دەبێ کاریگەریی پشقل نەبێ ھھھھھھھە... باوکە ئەم باڵەخانە گەورە خاوەنەکەی کێیە؟؟
- کوڕم ھی ........!!!!!
- باوکە ئەی گوتت، لە گوندەکەی ئێمە پێشمەرگە بووە؟؟
- بەڵێ کوڕم راستە، ئەو دەم ھیچی نەبوو، ئەمە لە دوای راپەڕین کردویەتی!!
- بە چی باوکە، خۆ تۆ ئەڵێی من ئەوەندە ساڵە عەرەبانەم ھەیە؟؟
- کوڕم ئاخر ئەو بازرگانی دەکا خۆ عەرەبانە راناکێشێ!!
- ئەھا بازرگانی، باوکە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە و بە کاری حیزب خەریك نەبووایە، رەنگە ئێستا خاوەنی چەندین باڵەخانە دەبوو؟؟
- کوڕم ھیچ!!
- چۆن باوکە؟
- کە گەورەبووی تێدەگەی کوڕم بە چی پەیدای کردوە...

 

ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک