په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٢\٢٠١٢

ئاستنزمیى پەیامەکەى (کەمال میراودەلى)ى سەرۆکى ناشەرعیی هەرێمى کوردستان.

هیوا ره‌ش      


پەیامێکى دکتۆر کەمال میراوەدەلیم خوێندەوە کە بە سۆنگەى خۆپیشاندانەکەى دەڤەرى باڵەکایەتى - چۆمان - ئاراستەى خەڵکى کوردستانى کردووە و جۆرێک لە خۆپەرستى و خۆدەرخستن و خۆبەزلزانینیشى تێدایە ، ئەمەو وێڕاى ئەوەى چەند خاڵێکى لاوازى ترى لە خۆ گرتووە :

١ - ئەگەر بەڕێزیان بڕوای بە پرۆسەی دیموکراسی و سیستمی ھەڵبژاردنی ئازاد و سنوقەکانی دەنگدان ھەیە ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو نەک سەرۆکی ھەرێم نیە بەڵکو سەرۆکی کەلاوەکۆنێکیش نیە ، چونکە لە ھەڵبژاردندا شکستی ھێناوە .

٢ - ئەگەر بەڕێزیان ئۆپۆزیسیۆن پشتیوانیی لێنەکردایە ، بڕوا ناکەم لە ١٠٪ی ئەو دەنگانەی بەدەست بھێنایە کە ھێنابووی ، نازانم لە پای چی ڕووی خۆی لێیان وەردەچەرخێنێ ؟ ! سەرۆک نابێت بۆ ویستی خۆی ھەم لە ناڵ و ھەم لە بزماریش بدات ، دەشتوانێ بۆ ڕاستیی ئەمەش بۆ جاری دووەم خۆی کاندید بکاتەوە تا سەنگی خۆی باشتر بزانێ .

٣ - ئەگەر بەڕێزیان خۆی بە - سەرۆکی شەرعیی - ھەرێم دەزانێ ! باشتر وایە سەرۆک لە ناو وڵاتەوە سەرۆکایەتیی گەلەکەی بکات نەک لە ھەندەرانەوە پلیتەی قین و تۆڵە گڕ بدات .

٤ - ئەگەر بەڕێزیان دەسەڵاتی کوردستان بە - فاشیەت - ناو دەبات ئەدی چۆن توانی لە ھەندەرانەوە بگەڕێتەوە کوردستان و خۆی کاندید بکات و شاڵاوی ھەڵبژاردنیش بەرپا بکات ، جا یا جەنابی لە مانای فاشییەت تێنەگەییشتووە یان ئەم ماستە مویەکی تێدایە !

٥ - ئەگەر بەڕێزیان خۆی بە - سەرۆکی شەرعیی - ھەرێم دەزانێ ! ئەدی بۆچی لە پەیامەدرێژدادڕییەکەیدا بانگەوازی خەڵکی تەواوی ناوچەکانی ھەرێم ( خۆشەویستانی باڵەکایەتی و سۆران ، نەوەکانی پاشاکۆرەی قارەمان ، خەڵکی بەشەرەف و بەجەرگی پشدەر و بتوێن و کۆیە ، قارەمانانی ڕاپەڕین و شێرەکانی سەفین ، ڕۆڵەکانی کوردستان لە برادۆست و زاخۆ و ئامێدی ، ڕۆڵەکانی دھۆک و ھەولێر ، ڕۆڵەکانی سلێمانی ھەڵەبجە و کەلار و کفری و چەمچەماڵ ) ی کردووە و ناویانی ھێناوە ، بەڵام - سەرۆکی شەرعیی - ھەرێم و ناشەرعیی ناوچە داگیرکراوەکان ، کەرکوک و خانەقین و سەعدیە و جەلەولا و مەخمور و ژەنگار و تەلەعفەر و --- تد لە کولەکەی تەڕدا داناوە ، ئینشائەڵا لە ئاییندەیدا ختوکەی خەڵکی ئەو ناوچانەش دەدات و ئەمجارەیان لە ھەندەرانەوە لە باتی پەیام - مۆلۆتۆف - مان بۆ ھەناردە دەکات .

٦ - ئەگەر بەڕێزیان خۆی بە - سەرۆکی شەرعیی - ھەرێم دەزانێ ، دەبا پاسپۆڕت و ڕەگەزی ئەوروپایی بخاتە ناو تەنەکەی زبڵەوە و ناسنامەی نەتەوەیی لە گیرفانی خۆی بنێت و - قازی محەمەد - ئاسا لە نێو خاک و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستاندا درێژە بە خەبات بدات و ئامادە بێت لە پێناویاندا گیان بەخت بکات .

٧ - سەرۆکی شەرعیی سەیرەکەی لەوەدایە تایبەتمەندانە باسی گومرکی ئیبراھیم خەلیل و سیویەکی ئاب دەکات ، ئەمەش قین و بوغزی تایبەتیی ئەو لە بنەماڵەی بارزانی و پارتی دەردەخات نەک غەمخۆریی بۆ گەل و نیشتمان ، چونکە بە ھەماھەنگیی زلحیزب و تەواوی سەرکردەکان ، وڵاتەکەمان کراوەتە کەلاکی بەردەم قەل و داڵ و چەقەڵ و ڕێوییەکان و ھەریەکە و لە بەزمێک دەخوێنێ و لەسەر ئاوازێک گۆرانیی دزی و تاڵانی بۆ یەکتر دەچڕن و نیشتمانەکەمانیان کردۆتە مەیدانی جریتبازیی دوژمنان و دەزگا ھەواڵگرییەکان و ساغکردنەوەی ململانێکان .

سەرۆکى ناشەرعیى تاراوگەى بەڕێز ، ئەحمەد خەلیلى زاناى ئیسلامیى مرۆڤى بە چوار بەش ناساندووە :
ا - ئەو کەسەى زانایە و شت دەزانێ دەشزانێ دەزانێ ، ئەوە مامۆستاتان بێ و لێوەى فێر بن .
ب - ئەو کەسەى شت دەزانێ ناشزانێ شت دەزانێ ، ئەوە بیرى بخەنەوە کە دەزانێ تا سودى لێوەر بگرن .
ج - ئەو کەسەى شت نازانێ دەشزانێ نازانێ ، ئەوە قوتابییە و فێرى بکەن .
د - ئەو کەسەى شت نازانێ ناشزانێ نازانێ ، ئەوە گەمژەیە و وێڵى بکەن .

بە هیوام بەڕێزتانیش هونەرى سەرکردایەتى لە نێو خەڵکەوە فێر ببن بۆ ئەوەى متمانە لە دەست نەدەن ، ئەگەر وا دەزانى کە هونەرى سەرۆکایەتیى خۆڕسکانە لە خودى خۆتدا هەیە یان وەکو سروشێک لە ئاسمانەوە بۆت دابەزیوە ئەوا دیارە هیچ نازانى و وا دەزانى کە دەزانى ، بۆیە ئێمەش ناچارین وێڵت بکەین .

ئەگەر بە خۆماندا هەڵواسین وێنەى سەرۆک و فەرخە سەرۆک
هێندە ژمارەیان زۆرن ، جێگەیان نابێتەوە لە سنگ و بەرۆک

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک