په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٦\٢٠٢٢

"ئاتابای" لە دەرھێنانی "نیکی کەریمی"

لە سینەمایەکانی ھەرێمی کوردستان نمایش دەکرێ.

 

مەنسوور جیھانی

 

فیلمی سینەمایی "ئاتابای" لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی "نیکی کەریمی" ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران لە سینەمایەکانی سلێمانی، ھەولێر و دھۆک لە ھەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

فیلمی سینەمایی "ئاتابای" لە دەرھێنان و بەرھەمھێنانی "نیکی کەریمی" ئەستێرەی بە ناوبانگی سینەمای ئێران، لە نووسینی "ھادی حەجازی فەر" و "نیکی کەریمی" و بە ڕۆڵ بینینی ھەندێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: ھادی حەجازی فەر، سەحەر دەوڵەتشاھی، جەواد عیزەتی، دانیاڵ نوروش، یوسفعەلی دەریادڵ، مەھلەقا مەی نووش، مەعسوومە ڕەبانی نیا و میرمەجید حوسێنی لە سینەمایەکانی شارە جۆراوجۆرەکانی ھەرێمی کوردستان دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.

"ئاتابای" بەرھەمی ساڵی ٢٠١٩ و بە بەرپرسیاری "محەمەد تۆریوەریان"، بە ھەماھەنگی خاتوو "مێھری فەریقی" بەرپرسی کۆمپانیای کلاسی ڤیژن و بە ھاوکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەم نزیکانە لە سینەما "سالم" لە شاری سلێمانی، لە سینەمای "ئێمپایێر"ی فامیلی مۆڵ لە شاری ھەولێر و ھەروەھا لە سینەمای "دھۆک مۆڵ" لە شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان نمایش دەکرێت.

ئەم فیلمە کە یەکەمین جار، لە سی و ھەشتەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی فەجر نمایشکرا و کاندیدی وەرگرتنی سیمورغی بلوورین لە ٥ بەش و ھەروەھا فیلمی ھەڵبژاردەی ڕخنەگران و نووسەرانی گۆڤاری مانگانەی "فیلم" لە ژمارەی ڕەشەمەی ساڵی ٢٠١٩ بوو؛ لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی فیلم لە ئاستی جیھاندا بەشداریی کردووە، لەوانە: چلەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و کۆنی فیلمی "کەمبریج" لە وڵاتی بەریتانیا و باوەڕپێکراوی ئاکادیمیای ھونەرەکان و فیلم و تەلەڤیزیۆنی بەریتانیا "بەفتا"، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ئاسیا پەسیفیک" لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "داکا" لە وڵاتی بەنگڵادیش، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پۆنا" لە وڵاتی ھیندستان، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "سۆفیەمنار" لە وڵاتی بوڵگاریا و چەندین فێستیڤاڵی دیکە بەشداریی کردووە.

فیلمی سینەمایی "ئاتابای" لە چواردەیەمین خولی جەژنی گەورەی ڕخنەگران و نووسەرانی سینەمایی ئێرانیش توانی ٥ خەڵاتی سەرەکی لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم، خەڵاتی باشترین دەرھێنان، خەڵاتی باشترین سیناریۆ، خەڵاتی باشترین ئەکتەری ڕۆڵی تەواوکەری پیاو بۆ "جەواد عیزەتی" و ھەروەھا خەڵاتی باشترین موزیکی دەق بۆ موزیکزانی ناوداری ئێرانی مامۆستا "حوسێن عەلیزادە" بەدەست بێنێت.

"ئاتابای" سەرنجی نووسەران و ڕەخنەگرانی بەرچاویی نێودەوڵەتیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە؛ پڕۆفیسۆر "ژان میشێل فڕۆدۆن" نووسەر و ڕەخنەگری ناوداری بڵاوکراوەکانی "لۆمۆند" و "کایە دۆ سینەما" و مامۆستای سینەما لە زانکۆی "سۆڕبۆن" لە پاریس، دوای بینینی دوایین بەرھەمی سینەمایی "نیکی کەریمی" وتارێکی سەبارەت بەم بەرھەمە سینەماییە نووسیوە کە لە بەشێکیدا ھاتووە: پێنجەمین فیلمی "نیکی کەریمی" ددان پێدانانێکی ڕاشکاوانەیە بە تواناکانی ئەو لە بواریی فیلمسازیدا. "ئاتابای" نە تەنیا پێداگرە لەسەر تواناکانی "نیکی کەریمی" لە بواری فیلمسازیدا، بەڵکوو شایەدییەکە بۆ ئازادیی ناخی کە ئەم تواناییەی لەودا بەدیھێناوە تا سنوورەکانی وێنەگرتنی چیرۆکێکی کاریگەی ببەزێنێت و سەرنجی ھەر جۆرە بینەرێکیش بۆلای خۆی ڕابکێشێت.

لە پوختەی سیناریۆی فیلمی سینەمایی "ئاتابای"دا ھاتووە: "کازم ئاتابای" تەمەن ٤٠ ساڵ بە ھاوڕێیەتی لەگەڵ باوک و خوشکەزاکەی لە پیرکەندی ژیان بەسەر دەبەن و ... .

ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی "ئاتابای" بریتین لە؛ دەرھێنەر: نیکی کەریمی، نووسەر: نیکی کەریمی و ھادی حەجازی فەڕ، موزیک: مامۆستا حوسێن عەلیزادە، وێنەگر: سامان لوتفیان، مونتاژ: حوسێن جەمشیدی گەوھەری و بەرھەمھێنەر: نیکی کەریمی.

"نیکی کەریمی" ئەم ڕۆژانە ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتی بیست و یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "تڕابیکا" لە ئەمەریکا بە بەرپرسیاریی ئەکتەری ناوداری سینەمای جیھان "ڕۆبێرت دێنیرۆ"ی لە ئەستۆ دایە.

بۆ زانیاریی پتر:

https://drive.google.com/drive/folders/1bS-EhlhXGzKSSS8q2eCIh6h83qHF2RHW

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک