په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١١\٢٠١٨

ئاوا ژیاین!!
"هیوادارم رۆژێک سەرکەوتن بەدەست بهێنین".


خۆشناو         

- کابرای گوێبڕاويان ئەم بەيانيە لە مەيدانی ماستەکە کوشت. باوکم بە دایکمی گووت:
دایکم سەیری گوی باوکمی کرد و بەدوایدا سەیری گوێی هەموومانی کرد.
- چوار مەيتی کوڕی گەنجيان هێناوەتەوە، لە بەردەرکی سەرا فڕێيان داون، تا خەڵکی چاو ترسێن بکەن.
دايکتان بمرێت ديارە بە ڕاکێشان هێناویانەتەوە بۆيە ڕانکوچۆخەکانيان لەگەڵ ئەندامی لەشيان شيتاڵ شيتاڵ بووە.
دایکم:
کتوپڕ ئەم رستەی گووت و لە قولپی گریانی دا.
باوکم، بە گریانەکەی دایکم گوێی نەدا، ئەڵێن:
- مفاوەزاتە، وەفديان بۆ پایتەخت چووە.
- باوکە مزافەتی چییە؟
خوشکە هەرەلاوەکەمان، لە ژێر لێوێوە ئەو رستەیەی بە پچڕ پچڕ پچڕی بە دوای رستەکەی باوکمدا گووت.
باوکم بەدەنگێکی بەرز و لەگەلیدا چاوی لەهەموومان زەقکردەوە،
گووتی:
مناڵەکان چەند کەرەت پێم گوتوون، لە گفتوگۆی لەخۆتان گەورەتردا هەڵمەدەنێ، مفاوەزات کاری مناڵان نییە.
هەموومان هێمنی باڵی بەسەردا کێشاین، کەسمان ورتەمان لەدەم نە هاتە دەرێ، هێمنییەکە چەند چرکەیەکی خایاند.
دايکم هەرچەندە گوێی لەهەرهەواڵێک دەبوو، سنگی لەعەرد دەسوو، دوای بە هەموو هێزی بە هەردوو دەست بەرانی خۆيدا ئەماڵی و دەستی بۆ ئاسمان برز ئەکردەوە، هاواری ئەکرد،
- خوايە بۆ خاتری خۆتو فەخری عالەمين ، ئەم ئاگرە لەماڵ ومناڵەکانم بەدوور خەيت، ئامین.
- ئافرەت گووتم مفاوەزاتە.
دایکم، بە گفتەکانی باوکم گوێی نەدا.
ساڵەکان تێپەر بوون، نەروو بەری ماڵمان، نە گفتوو گۆی ئێوارانمان ئە گۆرا.
یەك دووساڵ بوو سمێڵم بۆرکردبوو، تا ئەودەمە دووسێ جار لەسەر خۆتێهەڵ قوڵتان لەگفتوگۆی سياسی گەورەکانی دەورووپشتمدا، شەقم نەخواردبوو، وەلێ خاس تەریق کرابوومەوە.
سەیرێکی باوکم کرد نەموێرا وشەیەک بدرکێنم.
ئامۆژگاری باش کرابووم:
لە ئاخافتنی خەڵکانی لەخۆم گەورەتردا ناماقوڵی نەکەم.
سوپاس بۆ پەروەردەدارم جار جار گوێرایەڵ بووم.
کاتێک گوێم لە دايکم ئەبوو دوعای ئاگرە سوورە بەدوورەی ئەکرد، ئەچوومە تەکێوە بە هێواشی بۆ ئەوەی عاجز نەبێت بەزەردەخەنەيەکی ساکاری ئەو کاتانەمەوە پێم ئەگووت:
-دایکە وەك وردە بۆرژوازی لە شۆڕش دەڕوانیت.
- ڕۆڵە ئاخر وەکی ئێوە خوێنەواريم نييە.
قەيرێك بێ دەنگ دەبوو، بەنيوە گريانێکەوە، دەستی بۆ سەربانی دەستە بەرەکەی ئەوبەرەوە درێژ ئەکرد، بەدەنگی بەرز ئەيگووت،
- شتێکتان لێبێت لەو سەربانەوە خۆم دەخەمە خوارێ.
ئەوەندە دەستی بۆ ئەو سەربانەی ئەوبەرەوە درێژ کردبوو، چەندەها خەوی کۆشماخاوی(ترسناک) پێوە بینی بووم. گەر رۆژێک بە باوک بووم و پارەم پەیداکرد، ئەوسەربانەی ئەوبەرەوە تەل بەنگ دەکەم، تا دایکم پاش مردنمان نە توانێ خۆی لێوەی فرێبداتە خوارێ.
دایکم درێژەی بە گفتەکانی ئەدا:
- دڵم بۆ ئەو گەنجانە ئەسووتێن، بەزەيم بە دايکياندا دێتەوە، هەر دايکێ مناڵێکی لەدەست چوو ژيانی مەحاڵە، مردنی باشترە. مناڵە شیرینەکانم، ئێوە نايزانن، لەمەکتەب فێرتان ناکەن،
- جەرگ چەند شيرينە.
- دایکە رۆژێکیان مامۆستا گووتی شیرینی زۆر مەخۆن بۆ دانتان خراپە.
خوشکێکی لە خۆم تەمەن کەمتر، ئەمەی گتوو، بێ دەنگ بوو.
دايکم وەکی زۆربەی دايکانی ئەو سەردەمە خوێندەواری چ نەبوو. بەکچێنی براکەی فێری نووسينی ناوی خۆی کردبوو. بەداخەوە !! لە بيری چووبۆوە. کاتێک داوام لێی ئەکرد ناوی خۆی بنوسێت، يەك دوو خەتی ڕاستو چەپی لێ ئەدا، پاشان ئەوەندە شەدەو زەمەی و ژێرو سەری بۆ دائەنا، لە قالۆنچەی باڵدار نەبوايە له چی تر نە ئەچوو، حەيف نموونەيەکم لێهەڵنەگرتن، ئەدی ئەورۆ يەکێ لە تابلۆ بچوکە خەتییە ناودارەکان ئەبوو.
نەم ئەوێرا پێبکەنم،
دایە:
- حەيف ئەمەندە حەزت لە خوێنەواری بوو، بۆ نەچوويتە قوتابخانە.
دایکم بە خاخەوە گووتی:
-ئەو دەمە قوتابخانەی کچان نەبوون، تەنها قوتابخانەيەکی پياوان بە شەو هەبوو. بەرۆژ حوجرە بۆ کوران هەبوون
- لە دلێ خۆمد ا ئەم گووت بۆیە کەیفی بە هەواڵەکانی بابم نایەت.
- ئەی خاڵم بۆ زۆرتر خۆی لە گەڵتا هيلاك نەکرد؟
- ئەو ژنی هێنا من هەروەها شووم کرد.
هەتا ئەم دواییانە کۆچی دوای کرد،
- کاتێک باسی کچێنی و عيشوەو ڕابواردنی لاوێتی خۆی دەکرد، بە شوکردن قفڵی ئەکرد، ئەوگووت بردويانە بۆ عەسکەری و شەڕی سەفەربەرلگ.
باوکم بە گوێرەی تێگەیشتنمی ئێستا، بەزمی نوێژکردنی ئێوارانی دوای کارکردنی خۆش بوو. هەموو ڕۆژێ زياد لە نيو چارەکە کاتژمێرێ دوای نوێژی خەوتنان لەسەر بەرماڵەکەی ئەمايەوە،
دوعای ئەکرد.
دەستی بۆ ئاسمان بەرز ئەکردەوە، لە گەڵیا لە خودا ئەپارایەوە.
- خوایە لە شەڕو ئاژاوە !! خۆم و ماڵو مناڵم بپارێزی،
ئامين!!.
مناڵ بوين ئەودەمە، خێزانێکی زۆر بووین، نۆ منال وگەورە میرد منال بووین، گەورەکەمان تەمەنی لە شانزە ساڵ تیپەری نەکرد بوو.
باوکم ئێواران زۆری لێ ئەکردین کاتی دوعا خوێندنەکانی لە دوای خۆيەوە بڵێين ئامین، ئێمە برا وخوشك، دايك و باوک و بە نەنکمەوە دوانزە کەس لە ژوورێکی بچوکی دوازدە مەتری چوارگۆشەدا، هاوارمان ئەکرد
⦁ ئامين.
شانس مان هەبوو، برمیچی ماڵەکەمان دارە ڕابوو چیمەنتۆ نەبوو ئەدی دەنگ دانەوەی نێوو خانووی چیمەنتۆ، کەڕی ئەکردین.
وابزانم ئەو دوعايانەی ئەو سەردەمە دەورێکی هەبوو لە مەقام و پايەی ئێستای گەلی کوردا. شوکر بۆ "خوا" کافرمان کەمە.
پەچە و لەچکی و شرە و پاتاڵی بێگانە مان زۆر کردووە.
- خوايە نەمانکەی بە پياوی کەس، ئامين.
-دوازدە کەس بەجارێك بە دەنگی بەرز، ئامين!!
- خوایە رەزیلی دوژمنمان نەکەی، ئامین،
باوکم ئەی گووت قایمتر!! ئئئئامممین
- خوايە لە شەڕی شەيتان خۆم و ماڵ و مناڵەکانم بەدورمان خەيت.
ئامين، ئامين!!
- خوايە وەك پێغەمبەرت و موسوڵمانانت لەشەڕی بەدرو حونەين پاراست ئێمەش ئاوا بپارێزی،
ئامين، ئامين، ئامين!!
باوکم جارجارێك لەسەر بەرماڵەکەی ئاوری ئەدايەوە، بەچاوێکی بزەوە سەيری ئەکردين،
- گوێم لە هەندێکتان نيە بڵێن ئامين،
ئێمەش، هەموو بەیەك دەنگ نەنکيشمان لەگەڵماندا ئەمان قيڕان: ئامین.
هەموو بەیەک دەنگ،
- بەخوا ئامين بڕمان نەکردووە.
هەتا ئەو دواييانە بە تەواوی نەم ئەزانی ئامين واتای چييە؟ لەئەورووپا و لە فەڕەنسا لە ناو کەنيسەکانياندا، قەشەکان دوعا ئەخوێنن، کۆتای بە گوتنی " ئامين " ئەهێنن. ڕۆژێکی لە کنیسەیەکدا لە قەشەیەک مانای (ئامین) پرسیم:
- کاتیک دوعا دەکەن دووای ئەهێنن بە ئامین مانای چی دەگەيێنێت؟،
وەڵامی دامەوە؛
بەگوێرەی ئينسایکلۆپيديای لاروووس بۆی شيکردمەوە:
وشەیەی ئارامی، رەنگە سریانی بێت.
- واتە "Ainsi soit-il", "TERMINANT UNE PRIERE"، بەزمانی کوری مەنتیقەی خۆمان: دواپێهێنانی نوێژێك، یان مانای :
- " هەروەها باوابێت "،
ئەو کات کەمێک لە "ئامينەکانی" کن خۆمان تێگەيشم.

 


٢٠٠٠ - پاریس
meriwany5@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک