٢٤\٨\٢٠١٤
ئاوارە.

هێمن ئەمانی "باران"
بۆ "ئاوارەکانی" ئەم دواییە، کە لە تاو "تیرۆریستەکانی داعش" پەنایان
بۆ کوردستان هێنا.
ساردم
بێ هەست و نەست
چاوم نوقاو
جاروبارێکیش نیگایێ
وەک کچۆڵەی سەر چیاکان..
بیرم ناچی
کە چۆن بە پۆل
لە بیابانی دووکەڵاویی
بیر تەپیوی چەک بەدەستدا
لاشە شکاو
بێ نان و ئاو
وەدەرکەوتن.
بە بنەماڵە هەموو هاتن
پەنابەری ماڵی من بوون
ماڵی ئێمە..،
هی هەموومان.
کەچی باوکمان
باوکی زێدمان "بە زڕی..، بە ناو"
زۆر بەگەرمیی
بەخێرهاتنی کردن و
لەبەر دەرگە
لە نێو گەرما
لە نێو سەرما
جێگەی کردن.
بەڕەیەکی کۆنی کونی لا نەوتاویی
هی بەر پێ بوو
ماڵی ئێمە..،
ماڵی هەموومان
پێ بەخشین و
منەتێکیش...
کورم، کچم،
رۆڵەکانی خۆشبەختیی من
دەبێ وەک من
وەک باوکتان "بە زڕی..، بە ناو"
میواندۆست و
بەخشندە بن.
٢١\٨\٢٠١٤
hemnamani@yahoo.com
|