ئاوازە بێ نازەکانی ماڵێکی بێ ماف!

سهلام
عهبدوڵا
رۆژێک
وەک هەر رۆژێکی تر، گەڕەک بە گەڕەکـ، کۆڵان بە کۆڵان و دەرگا بە دەرگا،
بۆ گوڵە جوانە دڵشکاو وخەمناکەکانی وەتەنەکەم دەگەڕێم و کاتێ
دەیاندۆزمەوە هەست دەکەم دایکوباوک و هاوڕێ و کەسوکارو برادەرە
دێرینەکانم دەدۆزمەوە: ئەمانە بە هەموو مانایەک، پارچەیەکن لە هۆش و
ئەقڵ و بیرو مێژوو و کەسایەتیم:
لێرە باوکێکی دەستکورت و رەنگ زەردو لەوێ دایکێک لە روحی خۆی بێزار و
لەولاوە منداڵە ژیکەلەو روو بەخەندەکان کە هێشتا لە واتای قووڵی
نیشتەجێبوونیان لەناو کلاوە شڕەکان تێنەگەیشتوون، هێشتا بە وردی
ناتوانن لە خەم و پەژارەو دەردەسەری دایکەکانیان تێبگەن، بەڵام
پرسیارکردنەکانیان نیشانەی هوشیاری سەرەتاییە بۆ تێگەیشتن لەم عالەمە
کە گیرۆدەی دەستی چەوسانەوەو بێوێژدانی و بێ کەرامەتکردنی ئینسانە!
رۆژ و مانگ بە نۆرە هەڵدێن، زەنگی قوتابخانەکان بەشێوەیەکی رۆتین،
لێدەدرێ و قوتابیان سروودی(ئەی دەقیب)دەڵێن. کاری هێزی بازوو و ئەقڵی،
بەدەوری دەچەرخێ و بە پلەی یەکەم بەدەوری زێدەبایی دەسووڕیتەوەو
لەگەلیدا مەبەستی دەسەڵاتداران و ژیان بەو مەرجانە کە خۆیان دەیانەوێ،
دیاریدەکەن، واتە زێدەبایی و چۆنێتی دابینکردنی بەرهەمهێنانی کاڵا و
قازانج، نەک مرۆڤ و ئازادییەکەی!
ئایا ئێمە تەنها بە قوڕبەسەری و مەرگ مەحکومین؟! ئایا شێوە ژیانێکی تر
نییە کە تێدا ئینسان بە خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بژێت؟!
ئیمڕۆ دیسان خۆم لەناو کەلاوە شڕێکی(هاو رەگەزو هاو- نیشتمان و
هاو-زمان و نەتەوە)ی تر لە گەڕەکی(ئاغا و خەلیفە)، بینییەوە:
کاتێ لە دەرگاکەیان درا، دەنگێک بە دەم پێکەنینەوە سەری لە دەرگاکە
دەرهێناو وتی"دایکمان لە ماڵ نییە"، بەڵام ناسیاوەکەیان بە دوو وشە
مەبەستی سەردانەکەی بۆ روونکردەوەو زوو وتیان: فەرموو.
پێنج کیشوەر،
پێنج منداڵی پێخاوس و جلوبەرگ چڵکن،
پێنج منداڵی رووخۆش و دەم بە پێکەنین،
پێنج منداڵی هەتیوکەوتوو
پێنج منداڵی نیگای شیرین
پێنج منداڵی بزێو
پێنج ئینسانی منداڵی لێ زەوتکراو...
پێنج کیشوەری کۆتکراو....
برا گەورەکەیان لە ماڵەوە نییە،
یەکەم وتی: ئەیە کییە؟!
دووهەم وتی: ئەڕا هاتیە؟
سێهەم وتی: ناوی چەسە؟
چوارەم سەیری دەکردو لەخۆشیاندا هیچی نەوت و کەروێشک ئاسا، بازیدەدا و
رایدەکردو پێدەکەنی!
منیش لەوکاتدا کۆڵێ خەمی خۆمم هەبوو، بەدڵ وتم(لێم ببوورن و بۆ ماوەیەک
بێدەنگیم هەڵبژارد)!
- ئەی باوکتان لە کوێیە؟
- پێشی 2ساڵ و نیو ماڵئاوایی کرد
لەبەر ئەوەی باوکیان(مەحمود شەهاب)بێکار بووە، تەنانەت منداڵەکانیشی لە
هەر مافێکی سەرەتایی، بێ ماف کراون.
ئەم(ماڵە)موڵکی خۆتانە؟- چەند شەرمە ئەم جۆرە پرسیارانە ئاراستەی منداڵ
بکرێت-
-نەخێر. ئێمە کرێچین و دەبێ مانگانە50هەزار دینار بە خاوەنەکەی بدەین.
-چۆن دەژێن؟
-خزمەکانمان و خەڵکی"خێرەومەن"کۆمەکمان دەکەن!
(نەجات یوسف)ی دایکیان لەگەل منداڵەکانی لەناو دوو ژووری تاریک و
بەرهەیوانێکی سەردەمی(سەفەربلک)کە شایەنی نیشتەجێبوونی مرۆڤ نییە،
رۆژگارە رەشەکانی بەسەر دەبات.
-چی لەگەل ئەم منداڵانە روودەدا ئەگەر دایکیان نەخۆش کەوت یان کۆچی
دوایی کرد؟
ئایا بەو پرسیارانە هەستی منداڵەکانم بریندار نەکرد؟ ئایا پاش رۆیشتنم،
دەستیان بەیاریکردنی خۆیان کردەوە، یان خەمبار بوون؟ تۆ بڵێ پێیان
وابێت، باکیان دەگەڕێتەوە؟
ئەم پرسیارانە لە عالەمی خاوەن دەسەڵات بایی پوشێک نرخی نییەو مەحاڵە
روو لە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەیان بکات..."خۆشحاڵ بەخۆیان"، بەڵام با
هاواری ئەڵوەنیان کەڕیان بکات...
گەرچی ئەم خێزانە لە گەڕەکی(ئاغاوخەلیفە)نیشتەجێن، بەڵام نە ماڵیان و
نە شێوەی ژیان و نە خزمی"ئاغا" و"خەلیفە"ەکانن و نە حکومەت و نە حزب و
نە ئیدارەیەکیان هەیە؟
دایکێک و 5منداڵ کە نازانن ژیانی منداڵی چییەو ئەگەر نەخۆش بکەون،
هەرگیز لە نەخۆشخانە تایبەتەکان چارەسەر ناکرێن و توانایان بەسەر
خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان ناشکی، بەڵام دەستبەجێ لە کۆمپانییە
تایبەتەکان وەردەگیرێن، کەچی لەولاوە حکومەتێک فەرمانڕەوایی دەکات و
خۆی بە خزمەتکاری گەل دەزانێ وەلێ بە کردەوە سەرەتاییترین مافی ژیان و
رۆژگاری ئەم منداڵانە و دایکیان سووتاندووە!
لەگەل ئەوپەڕی رێز و سەڵاو بۆ فراکسیونی ژنان لە پەرلەمان کوردستان!
dwaroj@yahoo.de
|