په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١\٢٠١٤

    ئاوازەکانى خۆکوشتن.


گۆران ره‌ئوف

زۆر کات بیرم لە خۆکوشتن کردۆتەوە!
هەندێ جار، هەندێ میوزیک
هەستێکى لەو جۆرەم بۆ دروستدەکات!
یان کۆتایی فیلمگەلێک و
ڕاڤەکردنى تێکستە سەیرەکان!

دەزانم ئەوکاتانەشى
لەپڕ حاڵم تێکەدەچێت
شتێک خەیاڵەکانم دەباتەوە سەر
ڕێگایەکى زۆر ڕوناکى خۆکوشتن!

بڕێک لە شەوەکان،
کە تێیدا نیگەرانم و نازانم بۆ؟!
تاریکییەکى پشت هیواکانم
وەک تەمى سەر شاخەکان
دەڕژێنە پێدەشتەکانى تەنیایم و
تەنها بۆنى خۆکوشتنیان لێدێ!

من کەسێکى سادەم،
هەستناکەم دونیام ئەوەندە ئاڵۆزبێت!
بەڵام سروشتیانە ئاگام لە وەسوەسەى
خۆکوشتن هەیە!

شەیدا نیم بەژیان،
سەرسامى هیچ کام لە چیرۆکەکانى نیم!
غەمگینى من بۆئەوەیە
حاڵم لە حاڵى کەس ناچێت!
ئارەزوومە ڕۆژێک لە پڕ ژیان بگۆڕێت!
باوەڕم بەوەنییە وەک دەرونناسەکان
هەوڵبەم بۆ باشبونى دۆخم!
من پێویستیم بە موعجیزەیە!

هاوڕێکانم مرۆ گەلێکى جۆراوجۆرن
هەڵبەت شتێکى سەیرم نەوتوە!
بەڵام ئەمە بۆمن باش نییە و
بەردەوام بیرى خۆکوشتنم دەخەنەوە!

ژیان باش دەڕوات!
خەڵکى سەرقاڵ نین بەخۆیانەوە!
بیر لەودیوى قەدەرەکانى خۆیان دەکەنەوە!
هەمیشە جەنجاڵییەکى جوانیان تێدایە و
من نیمە!
هەستەکەم هەر ئەو جەنجاڵییە یە
دەمباتەوە بۆ ژورى خۆکوشتن!

دراوسێکانم نامناسن،
وابزانم ئەمەش هەواڵێکى سەیرنییە!
هەڵبەت من خەریک نیم
بەنوسینەوەى شتە سەیرەکان!
ئەوان تەنها دەزانن لە گەڕەگەماندا
کەسێک هەیە ڕۆژانە دوجار دەبینرێت..
جارێک کاتێ ئێوارە دێت، ئەو دەڕوا!
جارێکى تریش لە نیوەى شەواندا دەگەڕێتەوە!
ئەمە بۆئەوان مایەى گومانە..
پرسیارى گەورە گەورەش لەبارەیەوە دەکەن!

ڕۆژگارێکە،
یان باشترە بڵێم لە ڕۆژگارێکداین..
هەرئەوەى کە مرۆڤین زۆر کێشەیە!
ئێستاى مرۆڤبون،
هەنوکەیەکى ئاڵۆزە بۆ دروستبونى
وێنا سەیرەکانى مرۆڤى نوێ!
سەیرنییە گەر بڵێم سەردەمى
ئاڕاستەکردنى یەک گوللەیە
بۆ قوڵاییەکانى ناو دەم!

هەمیشە توڕەم لەو ڕستانەى
لەمەڕ (ڕق)ى ئینسانەوە دەوترێن..
ئەو دێڕانەم مەبەستە:
کە (مرۆڤى گەورە دورە لە ڕقەوە!)...
بەڵام گەر بونى (ڕق) لەمندا هۆکاربێت بۆ بچوکیم
ئەوا هەر قبوڵمە..
من ناتوانم ڕقى خۆم بشارمەوە
لەبەرانبەر کەپیتالیزمدا!
ناتوانم ڕقم لە مامۆستا گێژەڵەکانى
سەردەمى خوێندن نەبێت!
ناتوانم ڕقم لەو خزمە سەقەتانەم نەبێت
کەبەس دەتوانن پێبکەنن!
ناتوانم ڕقم لەو کیژانە نەبێت،
کە دەرگاى خەیاڵەکانیان بۆ ئەبەد داخراوە!
ڕقم لەو شارانە نەبێت
کە مرۆڤەکانى بەردەوام لەناویەکدا دەخولێنەوە!
باوەڕموایە بونى ڕق لە مرۆڤدا
خەسڵەتێکى بنەڕەتى مرۆڤبونە!

پێشنیارم بۆ ئەو هاوڕێیانەى
ڕەخنەى ئەوە دەگرن،
کە باس لە دنیایەکى زۆر ڕەش دەکەم و
هاوکات خۆشم بەشێکم لە مرۆڤى نوێ!
کێشەى ئەوان ئەوەیە تێناگەن کەمن ناژیم!
تێناگەن جیاوازى من و ئەوان ئەوەیە..
بەواتاکانى ژیان من نەژیاوم و
ئەوان بەردەوام لە پرۆسەیەکدان ناوى ژیانە!
دیوێکى تر جیاوازییەکەمان ئەوەیە..
من بەهیوانیم، ڕۆژێک بژیم و ئیدى لە بۆڵە بۆڵ بکەوم،
بەڵام ئەوان واتێدەگەن...
من لە بێهودەییەکى ئەبەدییەوە دەبۆڵێنم!

ئەو سەرکردانەى
لەبارەى مژدەى بەهەشتییانەوە دەپەیڤن
من پڕ بەدڵ خۆشمدەوێن!
ئەو مرۆڤانەى
دڵیان بە مژدە بەهەشتییەکانى سەرکردەکان خۆشە!
من لەناخى دڵمەوە عاشقیانم!
دژایەتى من بۆ مرۆڤبون لەوێوە دروستبووە
خۆفریودانێکى قوڵ دەبینم لە سەیماى شاعیرەکاندا!
ئەو شاعیرانە دەڵێم لە کەپتى سێکسیدا بونەتە هەڵبەستڤانى گەل!
ئەو شاعیرانە دەڵێم لە هەمو جێیەکدان و
لەهەمو جەنجاڵییەکانى ژیاندان!
تەنیا لە نێو خودى خۆیاندا نین!

گەر باوەڕ بەو لۆژیکەى خۆم بهێنم
" کە زەوى جێگەى شیکارێکى لۆژیکى نییە"!
ئەوا پێویستە بڵێم:
لە هۆکارى تێکچونى ژیان بگەڕێن و
بەدواى شیکاریشدا مەگەڕێن..
بۆ بنەڕبڕکردنى گەوادییەکانى ژیان
پێویستیمان بە خۆکوشتنى جەماعى هەیە!
 

ماڵپەڕی گۆران رەئوف

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک