په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٩\٢٠١٦

  ئاوازە ماندووەکانی یەکتەنی.

نەژاد عەزیز سورمێ

                - بەشی یەکەم -

-  -


وشە تەنیا باڵ نییە ،
لەبەر پێی شازادەدا
بە سوپاس بدرەوشێتەوە...
پەرۆشیی،
کانگەی پێسپاردەیی و
ئاراستەی ڕێ پێ ھەڵەکردن دەرچوو...
کەژێ، ھەر لە دەستپێکدا
کێڵگەیەکی بەردراو بوو... دۆڕاو بوو...
کەژێ بە ڕووبەندی وا دەردەکەوت
لە قەنەوزی گۆمە وەستاوەکانی دەکرد...
لە ساوی ئاو ،
لە ئەندازەگیریی تۆزاڵی خۆلێگۆڕان...
لە دەستپێکەوە ،
چاوی لێ بوو
لە تاڵ تاڵ و
سات سات و
چڵی چڵی دەوروبەر فێر ببوو ،
چاو لە ئاسمان
ورشەی مانگ لە زەڵکاودا نقوم بکا...

وشە نوخشەی ختوکەدانی ویژدانە!
ئەشقیای بە کێوکەوتوو؛
ھاوڕێی باران...
ئەوە نیگای ھاودەم نەبوو
ڕوو لە ئاسمان...
ئەوە چاوی ئارەزووبازی کەژێ بوو
کە دەمگوت نەفرەت لە ڕۆشنایی دەکا ؛
خۆی لە پاکدامەنی دەدزێتەوە ،
وا دەرچوو...
سپێدەی ھاوین ،
لە چاوی تەلیسماوی درۆینی کەژێ دا
گڕی دەباراند...
خەیاڵم دەکرد ئەو ڕاڕەوە
بە بێ تۆ نەچێتە سەر...
ئەستێرە بکوژێنەوە
جارێکی تر بەیان نەدا...
بەڵام وشە ھەرگیز ،
بوونەوەرێکی بە تەنێ نییە.
مەگەر جوانی و ڕەندی دونیا
لە کوێدا جێیان دەبێتەوە...؟!
بۆ ڕوناھی ڕێ
من وشەم بەسە.
تۆیش تا ھەتایێ نوقمی
وەھمە لەززەت بەخشە ،
ئایدزھێناکانی خۆت بە...!
وشە تەنیا باڵ نییە کەژێ !
کەژێ ی ژوورە تاریکە پەنھانەکان
وشە تەنیا باڵ نییە...
من وشەم بەسە...
کەژێی فێڵباز!


١٢\٨\٢٠٠٤

 

- ا -

گریان... ختوکەی خەیاڵە نووستووەکانی ناخ
لە بەھەستترین تەجەللایدا..
گریان وەجدی شەفەق و نامەی سپێدە ،
لەو چرکە کورتانەی بنەوشەیی دەنوێنێ...
مرۆڤ چەندی پێویستی بە شیعرە، پێویستی بە گریانە...
شاعیر تا پتر لە کڵپەی ئاگر و
یەکتەنی شاخ و
تەوژمی باھۆز بگا...
دەبێ بگری...
گریان ئیکسیری دارایی ڕوناھییە...
شاعیران دەبێ بگرین...
تا خەڵوەتی نھێنیەکانیان گوڵی لێ بڕوێ...
بە نابەڵەدم مەزانە...
پێویستە قسەیەک لەو مەسەلەیە بکەین...
گریان... باڵی ئەو ڕەنگاڵانەشە
ئازادانە ئەم چڵ و ئەو چڵ دەکەن...
گریان... بارانی ناوەختی ڕێکەوتی خۆشەویستی و
ڕەشەبای جودابوونەوە و
ھاواری برسیەتی و بەجێھێشتنی وار و نیشتمانیشە...
ھەمیشە سەردەمی بێ گریان،
بە ڕۆژگاری بێئومێدی و ھیوابڕاوی ناوزەد دەکرێن...
گریان...دەستەواژەیەک نییە ،
مانای لێکبدرێتەوە ،
گریان نیازێکە
وێنەی کەڤاڵی ھونەرمەندێک ،
بە کۆمەڵێک ڕەھەندی دیار و نادیار دەخوێندرێتەوە...

دەسا بابگرین بە سەر سێبەری ،
ئەو ئاوازانەی گژوگیای بناریان بە عەشق دەنەخشاند...
بابگرین
بە سەر تارمایی ئەو خەونانەی بە شیعر دەستیان پێکرد و
بە شیعر کۆتاییان ھات...
با بگرین !
بەسەر جوانییەک
پێشەنگی کەژاوە و
چرای سەفەرە...
بابگرین...
ئاسمان چاومان لێ دەکا...
ئاسمان لاساییمان دەکاتەوە...


٦\٨\٢٠٠٤
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک