ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک
له مێژوو!
گێڕانه‌وه‌یه‌کی تازه‌ی رووداوه‌کانی هه‌فته‌ی دووه‌می ته‌مووزی
2000!
'شایه‌تحاڵێکی ناو رووداوه‌کان'

موحسین که‌ریم
به‌شی یه‌که‌م
هه‌فته‌ی دووه‌می ته‌مووزی ساڵی 2000، نه‌وشیروان مسته‌فا حاکمی
سلێمانی بوو. ئه‌و ده‌مه تاڵه‌بانی له تارانی پایته‌خت له خزمه‌تی
ده‌سه‌تدارانی رژێمی کۆنه‌په‌رستی ئیسلامیی دا چاوه‌روانی فه‌رمان بوو
بۆ رزگاربوون له به‌ڵای کۆمۆنیزمی کرێکاری. تاڵه‌بانی په‌یامه‌که‌ی
خۆی له ره‌حیمی سه‌فه‌وی، سه‌رۆکی سوپای پاسدارانی رژێمی تیرۆریست و
تیرۆرپه‌روه‌ری ئیسلامی وه‌رگرت و بڕیاری جێبه‌جیکردنه‌که‌شی به"کاکه
نه‌وه" سپارد!
پیلانه‌که‌ی تاڵه‌بانی- نه‌وشیروان به‌رامبه‌ر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری
ده‌بوایه به‌هه‌ر نرخێک بێت جێبه‌جێ بکرێ! ده‌بوایه بیانویه‌ک په‌یدا
بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی خۆیان و به‌جۆرێکیش خه‌ڵک چه‌واشه بکه‌ن.
بیانوی چونه‌ده‌ره‌وه‌ی باره‌گای چه‌کداری حیزبه‌کان، وه‌کو ئه‌وه‌ی
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی یه‌که‌مین و گه‌وره‌ترین میلیشیای چه‌کداری
له ناوشاردا بڵاوکردبێته‌وه، کرایه ئه‌و بیانوه‌ی که په‌لاماری
حیزبی پێبده‌ن.
سه‌ره‌تا نه‌وشیروان مسته‌فا ئا‌وو کاره‌با و هێڵی ته‌له‌فۆنی باره‌گای
سیاسی رابه‌ری حیزبی، که دراوسێی ماڵه‌که‌ی خۆی بوو، بڕی. پاشان هی
باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانیشیان بڕی. حیزب ویستی که به‌شێوه‌یه‌کی
هێمنانه ئه‌و پیلانه‌ی یه‌کێتی پوچه‌ڵ بکاته‌وه، بۆیه له‌گه‌ڵ چه‌ند
حیزبێک له‌وانه زه‌حمه‌تکێشان و شیوعی دانیشتین و پێمان راگه‌یاندن که
هه‌رچه‌نده ئێمه ده‌زانین ئه‌وه بیانویه‌کی پوچه بۆ هێرشکردنه سه‌ر
حیزبی ئێمه، چونکه هه‌ر به‌رپرسیارێکی یه‌کێتی خۆی به ئه‌ندازه‌ی
باره‌گایه‌کی ئێمه پاسه‌وانی هه‌یه و خه‌ڵکیشیان هه‌راسان کردوه، به‌ڵام
ئێمه ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌و کێشه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی سیاسی
چاره‌سه‌ر بکه‌ین. هاوکاتیش په‌نامان برده‌به‌ر ئاگادارکردنه‌وه‌ی رای
گشتی ده‌رباره‌ی ئه‌و پیلان و شه‌ڕفرۆشیه‌ی یه‌کێتی و چه‌ند
خۆپیشاندانیش له‌لایه‌ن ستافه‌کانی باره‌گاکانی حیزبه‌وه ئه‌نجامدران.
به‌ڵام "کاکه نه‌وه"ی جێبه‌جێکه‌ری راسپارده‌که‌ی تاڵه‌بانی و قین له‌دڵ
له کۆمۆنیزمی کرێکاری، گوێی به‌مانه نه‌دا.
رۆژی 13 و 14ی ته‌مووز، هه‌موو ده‌وروبه‌ری باره‌گاکانی رابه‌ری و
کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب به چه‌کداری ئاسایشی یه‌کێتی گیران. سه‌دان چه‌کداری
یه‌کێتی له‌ژێر فه‌رمانی راسته‌وخۆی نه‌وشیروندا شه‌قامه‌کانی سه‌هۆڵه‌و
کاره‌باکه‌و عه‌لی ناجی و گه‌ره‌کی عه‌قارییان ته‌نی.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 13/7 هێزێکی زۆری ئاسایش له ده‌وروبه‌ری کۆمیته‌ی
سلێمانی حیزب پێشیان به خۆپیشاندانی ژماره‌یه‌ک له هاورێیانی حیزب
گرت که بڕیاربوو بۆ پشتیوانی له هاورێیانی ناو باره‌گای کۆمیته‌ی
سلێمانی خۆپیشاندانێک به‌ره‌و ناوشار و بۆ به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆ
له سه‌رای سلێمانی به‌رێبخه‌ن و داوا بکه‌ن که گه‌مارۆی ئا‌وو کاره‌با
له‌سه‌ر ئه‌و هاورێیانه هه‌ڵبگیرێ. هێزه‌کانی ئاسایش که رۆژی پێشتر
نه‌یانتوانیبوو خۆپیشاندانێکی دیکه‌ی هاوشیوه له‌به‌رده‌م باره‌گای وه‌زاره‌تی
ناوخۆی تێک بده‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌کاتی قسه‌کردنی تایه‌ر حه‌سه‌ندا
بۆ خه‌ڵک ئیستفزازی هاورێیانی پاسه‌وانی تایه‌ریان کردبوو، بۆیه به
هه‌موو نرخێک ده‌یانویست ئه‌م خۆپیشاندانه‌ی دووه‌م هه‌ر له‌یه‌که‌م
ساته‌کانیدا سه‌رکوت بکه‌ن. ئه‌وه‌بوو ئاسایش زۆر دڕندانه که‌وته په‌لاماردانی
خۆپیشانده‌ران و ته‌قه‌لێکردن و لێدانیان و به‌ره به‌ره له باره‌گای
کۆمیته‌ی سلێمانی نزیک ده‌بونه‌وه. ئه‌وه‌بوو به‌شێکی به‌رچاو له‌و
هاورێیانه گه‌ڕانه‌وه ناو باره‌گای کۆمیته که هه‌ندێکیان
برینداربوون. هێزه‌کانی ئاسایش و پۆلیسی یه‌کێتی له‌نزیک باره‌گای
کۆمیته‌وه دامه‌زران و ده‌یانویست بێنه ناوباره‌گاکه‌وه‌و داگیری بکه‌ن،
به‌ڵام هاورێیانی پاسه‌وانی باره‌گای کۆمیته پێشیان پێ‌گرتن. ئه‌وه‌نده‌ی
نه‌مابوو که هه‌ر ئه‌وکاته کاره‌ساتێکی سامناک له‌لایه‌ن چه‌کداره‌کانی
ئاسایشی یه‌کێتی به سه‌رکردایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فاو ده‌ستوپیوه‌نده‌کانی
بقه‌ومێ ئه‌گه‌ر ئێمه هوشیارانه بارودۆخه‌که‌مان ئارام نه‌کردایه‌ته‌وه.
ئه‌وکاته من به‌رپرسی کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب بووم. له‌کاتی ئه‌و
روداوه‌دا له‌ناو کۆمیته‌دابووم. له‌لایه‌که‌وه هاورێیانی خۆمانم
هێورکرده‌وه که دان به‌خۆیاندا بگرن و به شه‌ڕه‌نگێزی چه‌کداره‌کانی
ئاسایش ئیستفزاز نه‌بن، و له‌لایه‌کی دیکه‌وه داوام له‌وان کرد که به‌رپرسێکیان
بێت و له‌سه‌ر ئه‌و کێشه‌یه قسه بکه‌ین. ئه‌وبوو ئه‌فسه‌رێکی پۆلیس
به‌ناوی عمید ئه‌حمه‌د هات و که‌سێکی دیکه که ئاسایش بوو به ناوی
رێبوار له‌گه‌ڵیدا هاته ژوره‌وه. ئه‌گه‌رچی عمید ئه‌حمه‌د که‌سێکی
کامڵتر و زۆرتریش متفاهم ده‌هاته پێشچاو، به‌ڵام ئه‌فسه‌ره‌که‌ی
ئاسایش وای ده‌زانی که ئێمه دیلی ئه‌وانین. ئه‌یویست له‌ناو باره‌گه‌که‌ی
خۆماندا موحاسه‌به‌ی هاورێ‌یه‌کی ئێمه بکات له‌سه‌ر چۆنیه‌تی
دانیشتنه‌که‌ی. ئه‌وه‌بوو من پێم ووت: تۆ بۆت نیه له باره‌گای
خۆماندا موحاسه‌به‌ی که‌سی ئێمه بکه‌یت. عمید ئه‌حمه‌د که به‌رپرسی
یه‌که‌می ئه‌و هێزه بوو پشتگیری قسه‌که‌ی منی کرد.
عه‌مید ئه‌حمه‌د دیاربوو وا تێگه‌یه‌نرابوو که ئێمه سه‌رکێشی له
حوکمی یاسا ده‌که‌ین و به‌م مه‌به‌سته‌ش به‌شداری له‌و چالاکیه‌ی
ئاسایش‌دا کردبوو. به‌ڵام کاتێک گوێی له قسه‌کانی من بوو ده‌رباره‌ی
بوونی هێزی چه‌کداری حیزبه‌کان له‌ناو ماڵی خه‌ڵکدا، که من ووتم ئێمه
یه‌که‌م هێز و حیزب ده‌بین که پشتگیری بردنه ده‌ره‌وه‌ی هێزی چه‌کداری
حیزبه‌کان و نه‌هێشتنی دیارده‌ی چه‌کداری له‌ناو شاره‌کاندا ده‌که‌ین،
وئاماده‌یی خۆشمان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه‌ی یه‌کێتی دروستی
کردبوو راگه‌یاند، عمید ئه‌حمه‌د به‌خۆشحاڵیه‌وه باره‌گای جێهێشت و ئه‌وه‌شی
راگه‌یاند که ئه‌و به‌رپرسانی سه‌ره‌وه له‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێمه
ئاگادار ده‌کاته‌وه.
به‌ڵام چه‌ند سه‌عاتێک دوای ئه‌وه، کاتێک من له باره‌گای کۆمیته‌ی
سلێمانیه‌وه به‌ره‌و باره‌گای رابه‌ری له عه‌لی ناجی ده‌گه‌ڕامه‌وه،
چه‌ندین ئۆتۆمبیلی پڕ له ئاسایش به‌چه‌ک و دار‌و کوته‌که‌وه به‌ره‌و
باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی ده‌چوون. من له‌گه‌ڵ ئه‌و هاورێیانه‌ی له‌گه‌ڵمدا
بوون گه‌ڕاینه‌وه بۆ کۆمیته، چونکه ده‌ترسام له‌وه‌ی که بچنه سه‌ر
باره‌گای کۆمیته و له نه‌بونی ئێمه‌دا کاره‌ساتێک بقه‌ومێ. ئه‌وه‌بوو
گه‌ڕاینه‌وه بۆلای باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی و پاش ئه‌وه‌ی دڵنیابووم
له‌وه‌ی که هێزه‌که‌ی ئاسایش له‌سه‌ر جاده‌ی کاره‌باکه و دوور له
باره‌گای کۆمیته‌وه بڵاوبونه‌ته‌وه، گه‌ڕاینه‌وه بۆ باره‌گای سه‌رکردایه‌تی
حیزب.
سه‌رله‌به‌یانی 14/7 چه‌کداره‌کانی پاسه‌وانی ماڵی نه‌وشیروان ده‌ستیان
کرده ئیستیفزازکردنی پاسه‌وانه‌کانی باره‌گای سه‌رکردایه‌تی حیزبی ئێمه.
هه‌رکه‌سێک بۆ سه‌ردان رووی له باره‌گاکانی ئێمه ده‌کرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی
ده‌ستگیر ده‌کرا. ده‌ستیان له که‌س نه‌پاراست و زیندانه‌کانی
ئاسایشیان پڕکرد له دۆست ولایه‌نگران و که‌سوکاری هاوڕێیانی ئێمه.
پیرومناڵ له‌م ره‌شبگیره‌ی یه‌کێتی و نه‌وشیروان قورتار نه‌بوون!
هاورێیانی ئێمه که له‌ناوباره‌گاکاندا له‌ژێر گه‌مارۆدابوون، ماوه‌ی
هه‌فته‌یه‌ک بێ ئاوی خواردنه‌وه و بێ کاره‌با بوون. ته‌نانه‌ت بۆ هه‌ڵخراندنی
خه‌ڵکی گه‌ره‌ک له دژی ئێمه، ئا‌وو کاره‌بای ئه‌و کۆڵانه‌شیان بڕیبوو
که باره‌گای رابه‌ریی ئێمه‌ی تێدابوو! ئێمه وه‌فدێکمان نارده لای
خه‌ڵکی گه‌ره‌ک تا مه‌به‌سته‌که‌ی یه‌کێتییان له‌و گه‌مارۆیه بۆ روون
بکه‌ینه‌وه.
هه‌ر هاورێیه‌کمان ده‌چوه ده‌ره‌وه بۆ کرینی پێداوسیتی ژیانی رۆژانه
نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه. ده‌یان قه‌ناسه‌به‌ده‌ستیان له‌سه‌ر بانی ماڵه‌کان
و باره‌گاکانی خۆیان و ته‌نانه‌ت باره‌گای حیزبه‌کانی دیکه‌ش بڵاوکرده‌وه.
ده‌یان که‌مینیان له‌سه‌ر جاده‌کان وده‌وروبه‌ری هه‌ردوو باره‌گای سه‌رکردایه‌تی
حیزب له عه‌لی ناجی ته‌نیشت ماڵی نه‌وشیروان وده‌وربه‌ری باره‌گای
کۆمیته‌ی سلێمانی له کاره‌باکه به بیکه‌یسی یه‌وه بۆ هاورێیانی
ئێمه دانابوو.
ده‌وروبه‌ری نیوه‌ڕۆی 14/7 چه‌کداره‌کانی ئاسایش له‌نزیک باره‌گای سه‌رکردایه‌تی
حیزبی ئێمه په‌لاماری 2 هاورێی ئێمه ده‌ده‌ن و پاش ئه‌وه‌ی به‌برینداری
ده‌ستگیریان ده‌که‌ن، ره‌وانه‌ی زیندانی ئاسایشیان ده‌که‌ن. دوانیوه‌ڕۆی
14ی ته‌مووز به‌ره‌به‌ره چه‌کداره‌کانی پاسه‌وانی نه‌وشیروان له باره‌گای
رابه‌ری نزیک ده‌بونه‌وه و ئیستیفزازی هاورێیانی پاسه‌وانی باره‌گه‌که‌یان
ده‌کرد. ده‌یانویست ده‌مه‌قاله‌یه‌ک دروست بێت وته‌قه‌یه‌ک بکرێ تا
پیلانه‌که‌یان به‌رێوه‌به‌رن! به‌ڵام ئێمه خۆمان گرت و پاسه‌وانه‌کانی
خۆمان ئاگادارکرد که ئه‌وپه‌ڕی هێمنی بپارێزن و خۆیان بگرن وهیچ
بیانویه‌ک نه‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه.
به‌شی دووه‌م
بارودۆخه‌که له‌وه‌زیاتر قابیلی کۆنترۆڵ نه‌بوو. پاسه‌وانه‌کانی نه‌وشیروان
ئه‌وه‌نده له هاورێیانی پاسه‌وانی باره‌گای سه‌رکردایه‌تی ئێمه نزیک
بووبوونه‌وه که ته‌نها چه‌ند سانتیمه‌ترێک لێکی جیاده‌کردنه‌وه! ئه‌مه
بێجگه له‌وه‌ی چاویان ده‌بڕیه چاوی هاورێیانی ئێمه و ئیستفزازیان ده‌کردن!
هاورێیانی پارێزگاری باره‌گای رابه‌ری هاتن و ئێمه‌یان له‌و وه‌زعه
ئاگادار کرده‌وه. کاتێک چوومه ده‌ره‌وه و بارودۆخه‌که‌م بینی له‌وه
دڵنیابووم که پاسه‌وانه‌کانی نه‌وشیروان بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕێن که بیته‌قێننه‌وه
و ئێمه‌ش به ده‌ستپێشخه‌ر تاوانبار بکه‌ن. من هاوڕێیانی مه‌کته‌بی
سیاسیم، که ئه‌و کات زۆربه‌یان له‌ناو باره‌گاکه‌دا بوون، ئاگادارکرده‌وه
که ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخه‌که له ئانوساتدایه و ده‌بێ کارێک بکه‌ین.
ئه‌وکات نه‌وشیروان له ماڵه‌که‌ی خۆیه‌وه سه‌رپه‌رشتی ئه‌و هێزه په‌لامارده‌ره‌ی
یه‌کێتیی ده‌کرد که ده‌وروبه‌ری باره‌گاکانی ئێمه‌یان گه‌مارۆدابوو.
بێگومان له‌ژێر فه‌رمانی خۆیدا پاسه‌وانه‌کانیشی به‌وشێوه‌یه
ئیستفزازی پاسه‌وانه‌کانی باره‌گای ئێمه‌یان ده‌کرد.
بڕیاربوو ئێواره من بچم بۆ گه‌ڕه‌کی ئازادی بۆ کۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵک
و ئاگادارکردنه‌وه‌یان له نیازی سیاسی یه‌کێتی بۆ په‌لاماردانی باره‌گاکانی
ئێمه له شاری سلێمانی. هاورێیانی دیکه‌ی مه‌کته‌بی سیاسی سه‌رگه‌رمی
ئه‌وه‌بوون که چی بکه‌ن بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی پیلانه‌که‌ی یه‌کێتی. ده‌وری
سه‌عات 5 بوو من به‌ره‌و کۆمیته‌ی سلێمانی حیزب به‌ڕێ که‌وتم تا له‌وێوه
به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی ئازادی به‌ڕێ بکه‌وم. کاتێک له باره‌گای سه‌رکردایه‌تی
حیزبه‌وه به ئۆتۆمبلێکی حیزب و له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کدا هاتینه‌خواره‌وه
و به‌ناو پاسه‌وانه‌کانی نه‌وشیرواندا تێپه‌ڕبووین، گه‌یشتینه سه‌ر ئه‌و
شه‌قامه‌ی که به‌ره‌و خه‌سته‌خانه‌ی علی ناجی ده‌ڕۆیشت. له‌وکاته‌دا
ده‌یان چه‌کداری ئاسایشی یه‌کێتیمان بینی که له‌مبه‌رو ئه‌وبه‌ری شه‌قامه‌که‌دا
بڵاوبوبونه‌وه و کاتێک ئێمه‌یان بینی هه‌ندێکیان هه‌ستانه سه‌رپێ و
که‌وتنه مله‌قوتێ! به‌ڵام ئێمه له‌سه‌ر رۆشتنی خۆمان به‌رده‌وام
بووین. گه‌یشتینه نزیک کاره‌باکه و ویستمان به‌و فه‌رعه‌دا بڕۆین که
به‌ره‌و باره‌گای کۆمیته ده‌چوو، به‌ڵام بینیمان که سه‌رکۆڵانه‌که
به به‌رد گیراوه. دیاره بۆ ئه‌وه‌بوو که هیچ ئۆتۆمبیلێک و به‌تایبه‌تی
ئۆتۆمبیلی ئێمه نه‌توانێ له‌و فه‌رعه‌وه بڕوات. هاورێ عبدولباسگ که
ئۆتۆمبیله‌که‌ی لێده‌خوری ویستی بگه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر جاده‌ی سالم، به‌ڵام
من پێم ووت که بچینه کۆڵانێکی ئه‌ودیو، چونکه پێموابوو که له‌کاتی
گه‌ڕانه‌وه‌ماندا له دواوه ته‌قه‌مان لێده‌که‌ن.
کاتێک هاوڕێ عبدولباسگ به‌خێرایی ئۆتۆمبیله‌که‌ی به‌ره‌و کۆڵانی دووه‌م
لێخوری، له‌سه‌ر کۆڵانه‌که توشمان بوو به تووشی دوو چه‌کداری ئاسایشه‌وه،
هه‌ر که ئێمه‌یان بینی هه‌ستانه سه‌رپێ و داوایان لێ‌کردین که راوه‌ستین.
ئێمه‌ش راوه‌ستاین و هاورێ هاوکار محمد - به‌رپرسی هاورێیانی پارێزگاری-
دابه‌زی بۆئه‌وه‌ی قسه‌یانه له‌گه‌ڵ بکات. یه‌کێکیان که دیاربوو به‌رپرس
بوو ووتی بۆ کوێ ده‌چن؟ وتمان ده‌چین بۆ ئه‌و مه‌قه‌ڕه‌ی پشته‌وه.
دیاربوو ئێمه‌یان ده‌ناسی و ده‌شیانزانی که ده‌چین بۆ باره‌گای کۆمیته‌ی
سلێمانی. هه‌ردوکیان سه‌یرێکی ئێمه‌یان کرد‌و سه‌یرێکی یه‌کتریان کرد.
به‌رپرسه‌که ووتی بڕۆن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی دوه‌م دیاربوو که نارازی بوو
رێگا بدات بڕۆین، به چاوێکی پڕ له‌پرسیاره‌وه سه‌یرێکی به‌رپرسه‌که‌ی
کرده‌وه، به‌ڵام به‌رپرسه‌که دوباره ووتی بڕۆن. هاوکار سواری
ئۆتۆمبیله‌که بوه‌وه‌و رۆشتین. به‌هاوڕێیانم ووت ئاگاداربن له
دواوه ته‌قه‌مان لێ نه‌که‌ن. به‌هه‌رحاڵ گه‌یشتینه باره‌گای کۆمیته‌ی
سلێمانی و له‌وێ هاوڕێ زمناکۆ عزیز ، به‌هنام محمد و غه‌ریب حسین له‌گه‌ڵ
من مانه‌وه. هاورێیانی دیکه گه‌ڕانه‌وه تا هه‌ندێ که‌لوپه‌ل بۆ باره‌گای
رادیۆی حیزب و سه‌رکردایه‌تی حیزب بکڕن و دوای ئه‌وه له‌گه‌ڵ هاورێ
کاروان نه‌جمه‌دین بگه‌ڕێنه‌وه بۆلای من تا پێکه‌وه بچین بۆ گه‌ڕه‌کی
ئازادی بۆ کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا.
ئێمه له باره‌گای کۆمیته‌ی سلێمانی ماینه‌وه. هاورێی به‌رپرسی
پارێزگاریی باره‌گای کۆمیته هاته لام و پێی ووتم که ژماره‌یه‌کی
زۆری چه‌کداری یه‌کێتی که له‌سه‌ر بانی ماڵی چه‌تۆ حه‌وێزی ئه‌ندامی
سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی، که دراوسێی باره‌گاکه‌ی ئێمه بوو، دامه‌زرابوون
بۆ په‌لاماردانی باره‌گاکه‌ی ئێمه، چه‌ند جارێک وه‌کو شه‌رێکی نه‌فسی
له‌گه‌ڵ ئه‌ودا داوایان لێکردبوو که ته‌لسیم بن و باره‌گای کۆمیته‌یان
ته‌لسیم بکه‌ن! هاوکات ده‌وروبه‌ری کاره‌باکه‌و خوار کاره‌باکه به‌لای
گه‌ره‌کی ئابڵاخدا هه‌مووی به چه‌کداری یه‌کێتی ته‌نرابوو.
نزیکه‌ی سه‌عات و نیوێکی پێچوو ئه‌و هاورێیانه‌ی بڕیاربوو بێنه‌وه به
شوێنمدا نه‌گه‌ڕانه‌وه. زۆر نیگه‌ران بووم، چونکه بڕیار نه‌بوو ئه‌وه‌نده‌یان
پێ بچێت! له‌ناو باره‌گای کۆمیته‌دا ده‌هاتم و ده‌چووم و چاودێری
بارودۆخی هاوڕێیان و باره‌گاکه‌م ده‌کرد. ئه‌وه‌بوو هاورێ ی به‌رپرسی
باره‌گای کۆمیته هاته لام و پێی ووتم که چه‌کداره‌کانی یه‌کێتی نزیک
بوونه‌ته‌وه‌و به‌جۆرێک دامه‌زراون که خۆیان بۆ په‌لاماردانی باره‌گاکه
ئاماده‌کردوه. هێزه‌که‌ی ئێمه که‌م و گه‌مارۆ درابووین. بێجگه له‌وه‌ش
ئاسایشی یه‌کێتی هه‌وڵی دابوو که سوود له جاسوس وه‌ربگرێ بۆ چاودێری
بارودۆخ و جموجوڵ و رۆحیه‌تی هێزه‌که‌ی ئێمه.
1-2 جار که‌سێک به‌ناوی ئه‌وه‌ی که هه‌واڵ بۆ ئێمه دێنێ هاتبوه ناو
باره‌گای کۆمیته‌وه. من لێی به‌گومان بووم و داوام لێکرد کۆمیته
جێبهێڵێت ده‌نا ناچار ده‌بین لای خۆمان گلی بده‌ینه‌وه تا ئه‌و
بارودۆخه به‌لایه‌کدا ده‌که‌وێ. ئه‌وه‌بو کابرا رۆی. هاوکاتیش که‌سێک
له چه‌کداره‌کانی ئێمه که تازه په‌یوه‌ندی به حیزبه‌وه کردبوو،
به‌هۆی که‌می ژماره‌ی چه‌کداره‌وه به داخه‌وه چه‌کی درابووه ده‌ست،
2 جار له‌به‌رده‌م ده‌رگای ژوری کۆمیته کاتێک من ده‌هاتمه ده‌ره‌وه
بۆ چاودێری هاوڕێیان و ناو باره‌گاکه، به‌جۆرێ ده‌شڵه‌ژا که گومانی
لا دروست کردم. هاورێی به‌رپرسی پاسه‌وانه‌کانی باره‌گام له هه‌ڵسوکه‌ته‌کانی
ئه‌و که‌سه ئاگادارکرده‌وه‌و پێم ووت که له جێگایه‌ک دایبنێ ئه‌گه‌ر
نیازیشی خراپ بێت هیچی پێنه‌کرێت!
ئه‌وکاته من له گه‌ڕانه‌وه‌ی هاورێیان و سه‌ردانه‌که‌م بۆ گه‌ڕه‌کی
ئازادی بێ ئومێدبووم. ئیتر بیرم له‌وه کرده‌وه که ده‌بێ نه‌خشه‌یه‌کی
دیکه دابنێین. ئه‌وه‌بوو داوام له هاورێی به‌رپرسی هێزه‌که‌مان کرد
نه‌خشه‌یه‌ک دابنێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر په‌لاماریان داین هه‌وڵ بده‌ین
به که‌مترین زیانی گیانی ده‌رچین. من ئه‌وه‌شم پێ ووتن که ئێمه
بڕیاری شه‌ڕمان نیه‌و ته‌نها به‌رگری له‌خۆمان ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر هاتوو
په‌لاماریان داین.
ده‌وروبه‌ری سه‌عات 7:20 ی ئێواره له‌کاتێکدا چه‌کداره‌کانی یه‌کێتی
ته‌نها چه‌ند مه‌ترێک له ده‌رگای کۆمیته‌وه دووربوون و ئه‌وانی دیکه‌شیان
که له‌سه‌ر بانه‌که‌ی ماڵی چه‌تۆ حه‌وێزی بوون له که‌میندابوون بۆ
هاورێیانی ئێمه و چاودێریان ده‌کردن. له‌وکاته‌دا گوێمان له چه‌ند ده‌سترێژی
گولله بوو. به داخه‌وه هیچ هۆیه‌کی په‌یوه‌ندیکردن له‌نێوان ئێمه‌و
هاورێیانی دیکه‌ی رابه‌ریدا نه‌بوو! نه‌مانزانی ئه‌و ته‌قه و ده‌ستڕێژه
له کێ بوو و چی قه‌ومابوو. دوای ماوه‌یه‌کی که‌م له بیستنی ده‌نگی
ته‌قه‌کردنه‌که ئه‌و هێزه‌ی ئاسایش که نزیک بوبونه‌وه له ده‌رگای
کۆمیته کشانه‌وه دواوه‌و له دووره‌وه چاودێری باره‌گه‌که‌یان ده‌کرد.
ئێمه ئه‌وکاته ئه‌و گومانه‌مان لا دروست بوو که ده‌بێ چه‌کداره‌کانی
یه‌کێتی له جێگایه‌کی تر تاوانێکیان کردبێت و کاره‌که‌یان ته‌واوبووبێت
بۆیه وا له نزیک کۆمیته کشانه‌وه! واته ئامانجی سه‌ره‌کییان رابه‌ری
حیزب بوو به‌ڵام واشیان دانابوو که ئه‌گه‌ر پێویست بکات په‌لاماری
ئێمه‌ش بده‌ن!
ته‌مووزی
2009
|