په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٦\٢٠١١

بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە:

ئاوڕدانەوەیەک لە کارەساتەکانی پەنابەران و سیاسەتی رەگەزپەرستانە.

موزەفەر عەبدوڵا  


رۆژی 20 مانگی حوزەیرانی ھەمو ساڵێک لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران،وە بە رۆژی جیهانیی پەنابەران دانراوە.


لەم رۆژەدا وێرای کۆمیسیۆنی باڵا، ھەموو رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و رێکخراوەکانی پەنابەران و بەرگریکاران لە مافەکانی پەنابەران، ھەڵدەستن بە چالاکی جۆراوجۆر بۆ بەرگری لە مافەکانی پەنابەران.


بەڵام ئەگەر ئێستا چاوێک بخشێنین بە دیاردەی پەنابەری و بارودۆخی ژیانیان و مافەکانیان دەبیین سەرەرای ھەمو ھەوڵەکانی رێکخراوەکانی پەنابەران خۆیان ،دەبینین ئەم دیارەدەیە ساڵ بە ساڵ روو لە پەرەسەندنەو ھاوکات کارەساتەکانیان زیاترو زیاتر بووەو مافەکانیان زیاتر پێشێل کراوە.تەنانەت زۆر جار بە داخەوە خودی کۆمیساریای بالای پەنابەران رێژەیەکی زۆری ئەو پەنابەرانە رەت دەکاتەوە کە داوای پەنابەری لێدەکەن لە نوسینگەکانیان کە لە زۆرێک لە وولاتەکانی ھەن.


ھەڵبەت بە پێی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان ژمارەی پەنابەران ئێستا نزیک بە 60 ملیۆنە لە سەراسەری جھان و ئەم ئامارەش ساڵ بە ساڵ لە زیاد بووندایە.
ھاوکات بە پێچەوانەی ھەوڵو داوای رێکخراوەکانی پەنابەران خۆیان و خودی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران بۆ بەدی ھێنانی خواست و داواکانی پەنابەران و ئەو وولاتانەی کە بەڵگەنامەو بریارنامەی ژنیڤ لە بارەی مەفەکانی پەنابەرانەوە واژو کردوە ،ساڵ بە ساڵ زیاتر ئەو بریارنامەیە پێشێل دەکەن و بە ھەزار یەک بەھانە پەشیمان دەبنەوە لە واژوکەی خۆیان.


ئەمە لە کاتێکدایە کە دیاردەی پەنابەری لەم دوو دەیەیەدا بۆتە قەیرانێکی سیاسی و مرۆیی زۆر گەورە. لە لایەک بە ھۆی سەرکوتگەری و پێشێلکاری رژێمە قەومی و دینی یەکان، بە تایبەتی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و ئەفریکاو ئاسیای رۆژھەڵات ،و تا زۆریک لە ووڵاتەکانی ئەمریکای لاتینیش ،لە لایەکی ترشەوە وەک ووتمان، بەھۆی مل نەدانی ووڵاتانی رۆژئاوا بە وەرنەگرتنی پەنابەران.


ھەر بۆیە لەم چەند ساڵەدا دەبینن دەیان و بگرە سەدان جار رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و پەنابەران، لەوانە رێکخراوەی لێبوردنی نێو دەوڵەتی و چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکاو لێژنەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتوەکان و زۆری تر، راپۆرتیان دەرکردوەو ھەڵویستیان وەرگرتوە لەبەرامبەر ئەم پیشێلکاریانەی مافەکانی پەنابەران.تەنانەت پروپاگەندەی ئەو دەسەڵاتانەشیان پوچەڵ کردۆتەوە کە خۆیان بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پەنابەران داناوە ،لەوانە ئەو پروپاگەندانەی کە دەسەڵاتدارانی میلیشایی و تایەفی وەک پارتی یەکێتی و حکومەتی مالکی لە عێراق دەیکات لەبارەی دەستەبەر بوونی مافەکانی مرۆڤ لە سایەی ئەوانەوە.


ھەڵبەت تا ئەو جێگەیەش دەگەرێتەوە بە ووڵاتانی رۆژئاواوە ،وەک ووتمان کە مافەکانی پەنابەران پێشێل دەکەن، نمونەی زیندوی ئەمرۆیان ئوسترالیایە کە لەم رۆژانەدا کۆمیساریای باڵای پەنابەران و رێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی بە فەرمی سەرکۆنەی حکومەتی جولیا گیلەردیان کرد لەبارەی ئەو رێکەوتنامانەی کە لەم مانگەدا لەگەڵ حکومەتی ئەندەنوسیا مۆری کردوەو بریاریان داوە ھەر پەنابەرێک کە بە کەشتی دێنە ئوسترالیا بە زۆر بیانگێرێتەوە بۆ ئەندەنوسیا. ئەمە و لە جیاتی ئەمانە گوایە ئەو پەنابەرانە وەربگرێت کە لە نوسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ئەندەنوسیا مافی پەنابەریان بە فەرمی وەرگرتووە.


بەڵام ھەمو لایەکی چاودێر بۆ مافەکانی پەنابەران ئەو راستی یە دەزانێ کە ئەندەنوسیا نەک ھەر بریارنامەی مافەکانی پەنابەرانی واژو نەکردوە بەڵکو یەکێکە لەو دەوڵەتانەی کە بە بەلگە سەلماوە کە لیست و مێژوویان لەباری مافەکانی مرۆڤیشەوە زۆر زۆر رەشەو بە یەکێک لە دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکانی جھان دادەنرێت.
ھەر لە بارەی بارودۆخی پەنابەرانەوەو مافەکانیانەوە لە ئوسترالیا پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە ساڵ بە ساڵ ژیان و مافەکانی پەنابەران روو لە خراپی یە.وە لەم چەند ساڵەدا دەیان کارەساتی مەرگبار رووی داوە، لە چەشنی نوقوم بوونی چەندین کەشتی لە ئاوی ئۆقیانوسەکانی نزیک ئوسترالیا و، خنکانی سەدان پەنابەر کە زۆربەیان ژن و مناڵ بوونە.لەم لایشەوە دەیان دیاردەی خۆکوشتن و خنکاندن و سوتاندن لە کەمپە زۆرەملێکانی ناو ئوسترالیا و دورگەی کریسمس و ئەوانی تر کە کەمپی پەنابەری لێ یە، رووی داوە.


دیارە ئەم سیاسەتانەی ئەم ووڵاتانەی رۆژئاوا لە چەشنی دەوڵەتی ئوسترالیا ئاکامی باڵا دەست بوونی سیاسەت و کردەوەی رەگەزپەرستانەی ئەو حزبانەیە کە دەسەڵاتیان بە دەستەوەیە.


ئەمرۆ کە حزبی کرێکاران نزیک بە 4 ساڵە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە سیاسەتەکانی رۆژ بە رۆژ راسترەوترو رەگەزپەرستانە تر دەبێت بەرامبەر پەنابەران. تەنانەت جولیا گیلەردو ھاو باڵە راستەکانی لە ناو ئەو حزبەدا ،کە ساڵانی پێش بە دەسەڵات گەییشتنیان رەخنەیان لە حزبی یەک نەتەوەو لیبرال و جۆن ھاوەرد دەگرت کە زۆر راسیست بوو بەرامبەر پەنابەران، ئەمرۆ ئەمانە لە لیبرال و جۆن ھاوەرد راست ترو رەگەزپەرستانە ترن.


بەڵام ئەگەر چی لەسەرەوە دەسەڵات راسترەو راسیست تر دەبێت، ئەوە بە خۆشحاڵی یەوە لە خوارەوە لە ناو جەماوەردا رۆژ بە رۆژ بزوتنەوەی بەرگری لە مافەکانی پەنابەران لە پەرەگرتندایە.وە کەم رۆژ ھەیە نارەزایەتی بەرێ نەخرێت لە دژی سیاسەتەکانی حکومەت و بۆ بەرگری لە مافەکانی پەنابەران.ھەر لەم چەند رۆژەدا لە چەندین شاری ئوسترالیادا ھەڵسوراوانی بەرگری لە مافەکانی پەنابەران کە زیاتر کەسانی چەپ و سۆسیالستن نەک ھەر لە کۆرو کۆبونەوەکانی خۆیاندا، بەڵکو لەو بۆنانەی کە لە لایەن وەزارەتی کۆچیشەوە ساز کراوە بۆ بەرپرسانیان، ئەو ھەڵسوراو و بەرگریکارانە نەیان ھیشتوە بەرپرسانی وەزارەت قسە بکەن.


یەکێک لەو نمونانە رووداوی رۆژی 17-6 بو کە لە زانکۆی سدنی وەزیری کۆچ بریار بوو لە کۆنفرانسێکدا قسە بکات بەڵام بەرگریکارانی مافەکانی پەنابەران بە دروشم دان لە دژی سیاسەتەکانیان بۆ ماوەک نەیان ھێشت وەزیر قسەکانی بکات.


وە ھەر بۆ بەرگری لە مافەکانی پەنابەران و دژی سیاسەتی رەگەزپەرستانەی حکومەت و حزبە راستەکان بریارە رۆژی یەکشەممە 19-6 بە بۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە لە ھەمو شارە گەورەکانی ئوسترالیا خۆپیشاندان ساز.


18\6\2011

ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک