په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٠

ئاو لە نێو ئاودا بە ئاو دەخنکێ

ئاگر لە نێو ئاگردا بە ئاگر دادەگیرسێ.

تەیب قادر

ـ گرینگ نییه‌ چەند کەس خۆی بە کوشتن نادا بۆ بینینی چرا
ـ گرینگ نییه‌ چەند کەس ژیان لە ژێر پیاڵە دەخواتەوە
ـ با بڕۆین بزانین لە دەرەوەی باخچەی ئەو پاسە چ باسە ؟
ـ ئەو هەرایە چیە لە سەر سەیرکردنی ئافرەتێکی سفوور ؟
ـ دوو سێبەر لە سەر درێژی باڵایان دەمەقاڵەیانە
کۆمەڵێک خەڵک دەورەیان داون
دەڵێن :
1 ـ پانتۆڵەکەت هەڵکێشە جوانتر دەردەکەوی
2 ـ پەنجەکانت گەرم بکە هەقی تۆیە
3 ـ خۆش نییه‌، هەندێک ڕۆیشتن بێرەدا بڕشێنە بۆنی خۆشدەبێ
4 ـ پەردەکە دادەنەوە و هەمووتان بڕۆنەوە بۆ بەتاڵی
ـ لەلای پاسە درێژەکە ئەو پاسەی ژمارەی تابلۆکەی چوار پیتە
دڵ فرۆشتن بەلاشە
بێ ئاگایی زۆر هەرزانە
رووچوون بە نێو تەنەکەی زبڵیی لە یادکردن هەر زۆر زۆر هەرزانە
ـ با قەڵەباڵەغی کات
کەمێک دوور خەینەوە لە بەر دەستی ئەو کەلاوە شەو شۆڕەدا
تا بەیانی خەبەرمان ببێتەوە و بە سەیرکردنی ئەو فیلمە رابگەین کە لە هۆڵی بیرکردنەوەدا پەخش دەکرێ
هەتا دەکرێ زوو
هەتا دەکرێ زوو پبَڕابگەین
دەڵێن : باس لە گەڕانەوەی نەفەرێک دەکا لە مردنەوە
دەڵێن : نەفەرەکە جانتایەکی پێیە پڕە لە وێنەی مردووەکانی ئەوێ
وێنەی ئێمەیشی تیایە
هەموومان خەمگین
شەکەت
بێزار
پەرتبوو بە سەر سینگی خەم
دەستێکمان لە کولانکەی گوناه گیربووە و
دەستێکیشمان لە تاریکی خێر
لا پەراسوێکمان لە کۆڵانی درۆ جێماوە و
لایەکەی تریش لە فڕێدانی حەقیقەت
قاچێکمان لە نیشتیمانە و قاچێکیشمان لە هەڵاتن
هەندێکیشمان پاک پاک وەک پرچی پەپولە
دەڵێن : هەموومان لە وێین لە ناو جانتای ئەو نەفەرە
هەتا دەکرێ زوو
دەمەوێ پێش هەمووان بچم بزانم لە کوێم ؟َ
دەمەوێ زوو بچم
نەک درەنگ
کە چووم خەڵکێکی زۆر هاتبن
نەکا کاتێ لە ناو جانتاکەی دەرمدێنێ
هێند شڕ بم بە دەست دەردێکی لەکەدارەوە
ئابڕووم بچێ
ژیان ئاوایە
هەندێک بە گرینگی نازانێ چرای هەبێ یان نەبێ
ژیان لە نێو پیاڵە بخواتەوە یان لە ژێر پیاڵە
دەبێ بڕۆین و بزانین لە دەرەوەی خۆمان چ باسە ؟
هەندێک سەیری ڕۆیشتنی ژنێکی سفوور دەکەن
هەندێکیش سەیری شەڕی دوو سێبەر
هەندێکی تریش سواری ئەو پاسە دەبن کە تابلۆکەی ژمارەی چوار پیتە
منیش دەمەوێ خۆم لە قەڵەباڵەغی کەلاوەی ئەو شەو شۆڕە دوور خەمەوە
تا
بەیانی زوو خەبەرم ببێتەوەو
بچمە سەیری ئەو فیلمە
زوو بچم
زوو زوو
بزانم من لە کوێم ؟

هەولێر - 5-16\6\2010
taibeqadir@gmail.com