په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\١٠\٢٠٢٦

ئاو مەکە بە ئاشی میدیا و سۆشیال میدیای فەرمی سیستەمەکەدا.


زاھیر باھیر       

 

لە رووداوەکانی ئەم دواییەی فەرەنسادا ئەوەی زیاتر نیشان دەدرا لەلایەن کوردانی باشوورەوە ئەو کلیپ و گرتە ڤیدۆیانە بوون لە لاپەڕەکانی فەیسبوک و تیکتۆک دەربارەی تاڵانی و دزی بوغازە و شۆپە گەورەکان بوون کە زیاتر لە لایەن خەڵکانی بێیانەوە و نەوەکانیانەوە دەکرا بە تایبەت خەڵکانی موسڵمان.


بەڕاستی کارەساتە کە تۆ ئەو ڕووداوە گەورەیەی فەرەنسا و وڵاتانی دیکە تەنھا لە گۆشەیەکی تەسکی زۆر کەمی بێ ئاگا لە ھۆکاری ڕاپەڕینی خەڵکی ببینیت . نەک ھەر ئەوە بەڵکو پەیامێکی زۆر ھەڵە و خزمەتکەری دەوڵەت و سیستەمەکە بڵاوبکەیتەوە.


ئەوەی کە لەو گرتە ڤیدۆیانەدا بینرا و لە وتار و پۆستەکاندا بیسترا ھەر یەکەیان خزمەت بە ئەجەندەیەکی سیاسی جیاواز دەکەن کە دەیانەوێت ئەوە نیشان بدەن کە ئەو کارانەی کە ڕویداوە تەنھا خەڵکانی کۆچبەر و پەنابەر وەچەکانی ئەوان بوون . ئەمەش تەنھا دووپاتکردنەوە و پشتراستکردنەوەی قسە و لێدوان و راگەیاندنی ھەندێک لە سیاسییەکان بە تایبەت ترامپ سەرانی حیزبە ڕاستڕەو و ڕایسستەکانەوە بوو کە ئەوانیش بە مەبەستی تایبەتی ئەوانەیان بڵاو دەکردەوە.


گرتە ڤیدۆکان وەکو خۆی ڕوون نەکراونەتەوە کە چی ڕوودەدات و ھۆکاری رووداوەکان چین و بۆچی گەنجان لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپادا ھاتوونەتە سەر شەقام و ڕاپەریون . کە خودی ئەمە ھاوبەشی زۆرێک لە گرفتەکانیانە نەک لاساییکردنەوە. گەنجان ئایندەیەکی ڕون لە بەردەمیاندا نییە ، گەنجانی پەنابەر و کۆچبەر و وەچەکانیان بە تایبەت موسڵمانان پەراوێز خراون و بارودۆخەکە کارایی خراپی خۆی زیاتر لەسەر ئەوان داناوە.


ئەوەی بووەتە ھۆی ھەڵگیرسانی خۆپیشاندانەکان، لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ھەم جیاوازە و ھەم زیاتریش ھاوبەشە. لە فەڕەنسا، جموجۆڵەکە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولدا لە قوتابخانەکانەوە دەستی پێکرد، ئەوەش وەک بێئومێدییەک بەرامبەر بە فەشەلی درێژخایەن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک قەرەباڵغیی پۆلەکان، کەمیی مامۆستایان، و وێرانبوونی بینا و دامەزراوەکان . تا کاتی خۆپیشاندانە گەورەکەی ڕۆژی شەممە، کارمەندانی کەرتی گشتیش پەیوەست ببوون، و سکاڵا و داواکارییەکان فراوانتر بوون سەبارەت بە گرانی بژێویی ژیانیان.


لە ئیساپانیا چەندەھا ساڵە بزوتنەوەی خانووبەرە کە بزوتنەوەیەکی زۆر بەھێزە دامەزراوە. ئەوە بوو لەم چەند ھەفتەی پێشووەدا بە تەواوی ئیسپانیای شڵەقاند و حکومەتیان ناچار کرد بە بانگھێشکردنی ھەڵبژاردنی گشتی لە ڕۆژی ٢٩ی مانگی ئایندەدا.


لە بەلجیکا، لە لایەکی ترەوە، قوتابییان دژی بەرزکردنەوەی کرێ وەستاونەتەوە و داوای کاتژمێری زیاتری وانەوتنەوە دەکەن.. قوتابییانی یۆنان لەسەر گرانیی تێچووی نیشتەجێبوون و دەستڕاگەیشتن بە شوێنی نیشتەجێبوون ھاتوونەتە دەنگ، لە کاتێکدا قوتابییانی ئەڵمانیا دژی ئەگەری گەڕاندنەوەی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ خۆپیشاندانیان کردووە.


ئەگەر لە دەرەوەی ئەورووپای ڕۆژئاوا بڕوانیت، جیاوازییەکان زۆر زیاتر و ڕوونتر دەردەکەون. لە ئەلبانیا، ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیی قوتابییان لەسەر بنەمای جموجۆڵێکی دژەحکومەتیی پێشووتر دروست بووە، کە ئێستاش بووەتە ڕاپەڕینێکی سەربەخۆی گەنجان.


لە سێربیا، قوتابییان ڕابەرایەتیی نزیکەی دوو ساڵ لە خۆپیشاندانی تا ڕادەیەک ئاشتییانەیان کردووە بەدوای کارەساتی وێستگەی شەمەندەفەری نوڤی ساد.. بزووتنەوەکەیان پەیوەست بووەوە بە داواکاری کۆتاییھێنان بە گەندەڵی، نەبوونی لێپرسینەوەی دامەزراوەیی و بێکردەوەیی سیاسی بێ بوونی ئایندەیەکی ڕوون.. لە ئێستاشدا قوتابییان بە لیستی سەربەخۆی خۆیان بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەم کۆتایی ھەفتەیەدا دەکەن.


قوتابییانی ئیتالیا بەھەمان شێوە بە ھەمان ھۆکار و کەم یا زۆر ، ھاتوونەتە سەر شەقام . بەڵام ھاوکاتیش توێژاڵەکانی دیکەی کۆمەڵگەش بە ھۆی ئەوەی کە گرانی پیداویستییەکانی ژیان کارایی زۆر نالەباری لەسەریان داناوە ھاوپشتی قووتابییان دەکەن.


ئێستائەوە نزیکەی ١٠ ڕۆژە لە باشووری ئیتالیا شۆفێرانی بارھەڵگرەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و ڕێگاکانیان داخستووە و پێداویستییەکانی ژیان لە مارکێتەکاندا کەمبوونەتەوە. ھاوکاتیش ٧١ کەسیان ڕادەستکراون دەدرێن بە دەسەڵاتدارانی دادوەری و ٢٤٢ کەسیش غەرامە کراون بەھۆی داخستنی ڕێگاکانەوە . ئەمەش چالاکی راستەوخۆیە بە گوێرەی یاسای ئیتالیا ئەو چالاکیانە قەدەخەن. ھاوکاتیش بەرپرسێکی حکومی ھۆشداری دایە شۆفێرانی بارھەڵگرەکان کە ڕێگریکردن لە ڕێگا سەرەکییە گشتیەکان دەتوانێت سزای زیندانیکردنی بەسەردا بێت.


لە لایەکی دیکەوە لە سەرانسەری ئەوروپادا کڕینی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر دەبێت و و بێتوانایی کڕیاران و کرێچییان نیشان دەدات. خزمەتگوزارییە گشتییەکان لە ژێر فشاردان، و پرۆسەی تێپەڕبوون بەرەو دامەزراندن و کارکردنی پارێزراو نادیار و ناڕوونە.
ڕاپۆرتی ئیورۆستات ھەندێک ئاماری خستۆتە بەرچاو کە نرخەکانی خانووبەرە لە یەکێتیی ئەورووپا لە نێوان ساڵی ٢٠١٠ و چارەکی چوارەمی ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی ٪٥٥.٤ و کرێی خانووەکان بە ڕێژەی ٪٢٦.٧ بەرز بوونەتەوە. (توێژینەوەی گەنجانی دامەزراوەی توی) بۆ ساڵی ٢٠٢٦ دەرخەری ئەوە بووە کە ٪٥٢ لە گەنجانی تەمەن ١٦ بۆ ٢٦ ساڵ لە حەوت وڵاتی ئەورووپیدا پێشبینی دەکەن دۆخیی ژیانیان لە دایک و باوکیان خراپتر بێت، ئەمەش لە بەرامبەر بە %٢٥ کە پێشبینی دەکەن دۆخی ژیانیان لە باوکو دایکیان باشتر بێت.


بێکاریی گەنجان لە ناوچەی یۆرۆدا بە شێوازێکی بەرچاو بەرزتر دەمێنێتەوە لە بێکاریی گشتی. توێژینەوەیەک لەسەر کۆمپانیا فەڕەنسییەکان ئەوەی دەرخستووە کە دابەزینێکی خێراتر لە دامەزراندنی دائیمیدا لە نێوان کرێکارانی تەمەن ٢١ بۆ ٢٩ ساڵدا ڕوویداوە لەو پیشە و کارانەی کە بەرکەوتن و کاریگەرییان بە دەستکردی زیرەک ھەیە گەر چی بانکی ناوەندیی ئەورووپی ھۆشداری دەدات کە بەڵگەکان نیشانی دەدات کە ھێشتا ناتوانن ئەو ھۆکارە دیاری بکەن. بەڵام خودی ئەم نادیارییە دەتوانێت ھەستێکی ھاوبەش بە نەبوونی ئارامی لە سەرتاسەری سنووری نەتەوەیییەکاندا دروست بکات.


ئەمانەی سەرەوە بڕێکن لەو ھۆکارانەی کە بوونە ھۆی ڕژانە سەرشەقامی خەڵکی، کە چی تر گەنجان ھیوایان بە ئایندەیان نییە باقی خەڵکانی دیکەش دەیانەوێت ڕێگرییەک بکەن لە ئایندەی خراپبوونی بارودۆخی ئابوورییان.
 

٢٣\١٠\٢٠٢٦
ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک