په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٣\٢٠١٨

ئاوڕێک له شیعری (وه‌رزه‌کان به‌سه‌رچوون)ی ئانا ماریائۆرتێزە.

 

  ئانا ماریا ئۆرتێزە

پێشه‌کی و وه‌رگێڕانی له ئیتالییه‌وه: زانکۆ یاری

ئانا ماریا ئۆرتێزە (Anna Maria Ortese)، ڕۆمان‌نووس و شاعێری بەناوبانگی سەدەی ١٩ی زایینیی ئەدەبیاتی ئیتالییه کە لە ساڵی ۱۹۱٤ لە (رۆم) لەدایکبووە و لە ساڵی ۱۹۹۸دا لە شاری ڕاپاڵۆ، کۆچی دوایی کرد. هەروەها یەکێک لە سێ ژنی نووسەری بەتوانای ئەو وڵاته بوو که پتر بە کۆ چیرۆکی "دەریا ناپێل ماچ ناکات" دەناسرێت، کۆمەڵە چیرۆکێک کە لە ناوەڕۆکیدا بارودۆخی خەڵکی ناپێل لەدوای جەنگی جیهانیی دووهەم تێدا باس کراوە. ئەم کۆمەڵە چیرۆکە بە وەرگێڕانی فارسیی ... لە لایەن چاپەمەنیی ئەفسوون له ئێران بڵاو کراوه.


ئۆرتێزە سەرەڕای ئەوەی کە چەندین خەڵاتی بەناوبانگ وەردەگرێت وەکوو ئستێرگا. (Premio Strega)، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ ڕەخنەگرانی ئەدەبی ئێگجار ئاڵۆز و ناکۆک بووه، جار وابوو لە لایەن ئەوانەوه سەربەرز دەکرا و سپاس‌ بێژی دەبوون، جاریش وابوو راشکاوانە ڕەخنەی لێدەکرا و بۆ ماوەیەک لە میدیاکان و کۆڕە ئەدەبییەکاندا هیچ هەواڵ و دەنگێک لێی نەبوو. لە نامەیەکیدا بۆ هاوڕێیەکی شاعیری دەنووسێت؛ "نووسینی بەیت دەربارەی شێعر کارێکی درووست نییە، چونکوو قەت ناکرێت کە لە پشتی قەنەپەک دانیشین و بۆ نووسینی شێعر بڕیار بدەین، تەنیا پەیوەندی به بەهرە، ورووژاوی و ساتدا هەیە، زۆر کەس هەیە کە تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ قوتابخانەدا نییە و تەنیا ڕێنوێنیان خوێندنی گوڵبژێرەکانی شیعر بووە.

ئۆرتێزە لە کۆتایی ژیانیدا و لەدوایی مەرگی، زۆرتر لە پێش دەناسرێت و ڕەخنەگەران جەخت دەکەنه سەر جێگە و پێگەی ئەو لە ئەدەبییاتی ئیتالییدا. سێ کۆمەڵه شێعر، ڕۆمان و کورتە چیرۆک لەم نووسەرە چاپکراوە. بەناوبانگبوونی ئۆرتێزە بە‌ هۆی ڕۆمانەکانیەتی؛ "شاژنی نێژراو"، "مانگ لەسەر دیوار"، "ڕۆژانی ئاسمان"، "ڕۆمانەکان و پێشهاتەکان" و "هەژاران و دڵپاکان" چەند بەرهەمی ئانا ماریا ئۆرتێزە بوون. فیلمی "پەیکەری شین" درووستکراوی ئالیچە ڕووهەرواشر، لە ڕۆمانێک بە هەمان نێو لە نووسراوەکانی ئۆرتێزە وەرگراوه.

ئەم شاعێره له نووسراوەکانیدا به بەکارهێنانی ناوەڕۆکێکی بەهێز، بە دوایپێشکەوتن و بەرزبوونەوەی هزر و ئاکاری کۆمەڵایەتیی مرۆڤە.. "وه‌رزه‌کان به‌سه‌رچوون" (بە ئیتالی: Le StagioniSonoPassate)، یەکێک لە شیعره سەرنج ڕاکێشەکانی ئۆرتێزەیە و ئەمه یەکەم وەرگێڕانی کوردیی ئەو شیعرەیه که لێرەدا بۆ یەکەمین جار دەیخوێننەوه.

   
وه‌رزه‌کان به‌سه‌رچوون.
وه‌رزه‌کان تاکوو ڕاده‌یه‌ک
به‌سه‌ماوه به‌سه‌رچوون، سه‌د جار.
گوڵپه‌ڕه سووره ژاکاوه‌کان و
چه‌ند گه‌ڵای سا‌ردی زێوینم هه‌یه:
ڕه‌نگه وه‌رزه‌کان هه‌ڵنه‌گه‌ڕێنه‌وه
چه‌نده گریام، پاشان چه‌نده پێکه‌نیم
له‌و ‌سه‌مای شایی و خۆشییه؛ به‌ڵام دوایی،
ماندوو، گوتم: لێمگە‌ڕێن. ئێستاکه
ئه‌وانه ئیدی نه‌ماون
زستان نییه و ته‌نانه‌ت نه هاوین،
نه پاییز و نه به‌هار
)ماڵئاوا، دانه‌ به‌فره‌کان
ماڵئاوا، لاوێن و دڵخۆشییه‌کانی بانه‌مه‌ڕ
ده‌ریا شینه‌کان، دارستانه زێڕینه‌کان
نه به‌ربه‌یانه و نه ئێواره
به‌ڵام گه‌ر به قامک ده‌ست بێنمه‌ سه‌ر به‌ردێک
دیسان خۆری تین ‌گه‌رم له‌سه‌ر
ئه‌و به‌رده به‌سته‌زمانه هه‌ست پێده‌که‌م و
بیر ده‌که‌مه‌وه که ژیانی من
خوشکی ئه‌ویه. ئه‌ستێره‌یه‌ک
دێت و سڵاوم لێ ناکات
ئیدی هیچکه‌س من ناناسێت...

_____________________________________
سه‌رچاوه‌کان:
1- Reed. Cosetta S. “Biography: Ortese, Anna Maria,” N.p., 2004.
2- “Anna Maria Ortese”, The Times Literary Supplement, 29 January 1970.
3- Slonim, Marc, Review of Poveri e sempelici, The New York Times Book Review, August 27, 1967, pp. 16, 18, 22 -3.
4- “Anna Maria Ortese”, EncyclopǣdiaBretannica.

 


zanko.yari@yahoo.co.uk
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک