په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٣

    ئاورە سۆرە!


دارا خونچە

گورزە ئاورەکی قورمزیی وە هندوڕمدا رۆدەچی
      هێدی.. هێدی دەملێستەوە..
      تنۆک.. تنۆک وەسەر لەپی ئارەزووە ئاوگەلەکانم دەپڕژێنی
      گۆلم.. گۆلم خەرمانی کول و کۆڤانم
             لە پەنا دیواری مەمکە تورت و خڕەکان بە با دەکا،
دەی دەبا چیدی
             واداری هەڵوەدابوونی مامزە سرکە چاوبزەکان نەبم

دەی دەبا چیدی
            لەبەر پێی ئەسپە سەرشێتەکانی ناخم کڕنۆش نەبەم

دەی دەبا چیدی

           کۆترە سپییە دندووک سۆرەکان سەر شانانم جێنەهێلن..
خۆ ئەمن؛
نە تووکی دامەنی یارۆیەکم
         وە قەفی سمێل و ردێنی سەرۆک و فەرماندان دەگۆڕمەوە
نە شەرمیشم بەوەیە:
ناکەسبەچە و دۆخینشل و خوانەناس و بێ نەتەوە و نیشتیمان بم
                 ئیدی ئەمن باکم چییە!؟

    لە سپێدەیەکی تاریک تاریک یان لە هێوارەیەکی رۆشن رۆشن

                                            چاوانم بپشکوێن..

                 ئیدی ئەمن باکم چییە!؟

                    لە نێوانی دوو مەمکی قوت گۆڕەوشار بکرێم

                    یاخود

                    لە نێوانی دوو لێوی پڕ لە گڕ هەڵپڕووکێم..

 

تا خودی خۆم پەیدۆزکرد سەرتاپای تەمەنی پیرییم وەسەرچوو، هەنووکەش کە جوامێرم و خەریکە بەرەو لاویی و زارۆکیی شۆڕدەبمەوە، وە نیازم بەرلەوەی بچمەوە نێو هەناوی دایە و پشتی بابە.. پێانبێژم: ئەگەر ئەو جارە دروستتان کردمەوە؛ با دوو مەمک و هەرچی ئەندامی نێرینە و مێینە هەنە پێمەوە بن، تا لەگەڵ یەکەمین چرکەی بوونم.. هاوسەرگیریی لەتەک خۆم بکەم.. بەشکەم چیدی'':

 

نە ئەز ئاور ناس بکەم و ئاورباز بم..
نە ئاوریش دامبپلۆسی و بملێستەوە و قووووووووووووووووتم بدا!!!

 

کۆتایی ئاداری ٢٠١٣ - لەندەن

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک