په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٨\٢٠١٥

ئاخەر ئەو تاقانەی مالەکەم بوو!

رێبوار عارف    

 

دیسان چوارشەممەی ڕابردوا ھەواڵی غەرق بوونی کەشتیەک کە زیاتر لە ٦٠٠ کۆچبەری ھەلگرتبوو، بووە مانێشتی سەرەکی زۆرێک لە گۆڤارو ڕۆژنامەکانی دنیا. بەپێ دواین زانیاریەکان زیاتر لە ٢٠٠ کەس لەو ئینسانانە تەرمەکانیشیان پاش بەدواچوون وپشکنینیکی زۆری ھێزەکانی کەناردەریا ھەر نەدۆزرانەوە. کە ئەمە گۆشەیەک لە تراژیدیاکانی ئەم ڕۆژانەیەو تەنیا لەم سالدا زیاتر لە ٢٠٠٠ ئینسان لەم ڕێگەدا گیانیان لەدەستداوە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئەم دنیا پر ناعەدالەتی ونابەرابەرە تا کەی درێژە بە تەمەنی وەیشومی خۆی دەدات؟ تا کەی زۆربەی زۆری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەھۆی برسیەتی و بیکاری و ھەژاریەوە ڕەنج دەبەن لەم ژیانەو ناچارن بۆ پەیداکردنی سەرپەنایەکی ئەمن مل بدەن بەم ھەموو کارەسات و ڕووداوانەی ڕۆژانە کە بەنرخی گیان لەدەستدانی ئەوان تەواو دەبێت. تاکەی ناعەدالەتی و گەندەلی وستەم و چەوسانەوەو سەرکوتی سیاسی و فەرھەنگی وکۆمەلایەتی دەیان ھەزار ئینسان ڕووبە ڕووی ئەم مەرگی بەکۆمەڵە دەکاتەوە؟!

ئاخۆ ژیان لە چ تالاو کارەساتگەلێدا بگوزەرێت کاتێک ئێمەی ئینسان کە رۆژانە گویبیستی ئەم ھەواڵە جەرگ بڕو مەرگبارە دەبینین ودەبیستین، کەچی ھێشتا بەدوای دۆزینەوەی کەنالێک و ڕێگەوبانێکەوەین بۆ ڕووکردنە دنیایەکیتر. ھەربەڕاستی ئەوە چ شتێکە کە دەبێتەھۆکاری ئاواربوون ونادیدەگرتنی ھەموو ئەو کارەسات و ڕووداوانەی ڕۆژانە کە گیانی سەدان کەس لەگەڵ خۆیدا ڕاپێچی بن دەرکان دەکات. ئەوەی کەئێمە لە شاشەی تەلفزیونەکان و لە کەنالە ئاسمانیەکانەوە دەیبینین، کەوتنە سەر ئاوی دەریای چەند پارچە کەلوپەل و شیردانە پلاستیکیەکانی مندالانە، کە شەپۆلی دەریاکان دەیانجوڵێنێت و لەگەڵ خۆیدا دەیباتە رۆخی دەریا، بەلام جەستەی یەک ئینسان، دوو ئینسان، دەیان ئینسان، سەدان ئینسان و بگرە ھەزاران ئینسان دەکەونە ژێر دەریاکان و بۆ ھەمیشە نابینرینەوەو نادۆزرینەوەو سەرباری ھەموو ئەمانەش دواتر جەستەکانیان بە نایاسای لەقەلەم دەکەن و دەریا لەگەڵ خۆیدا لولیان دەکات وئەزیزانیشان بۆ ھەمیشە لە نەک ھەر لە سوێی نەگەڕانەوەو نەبینینەوەودا بەسەر دەبەن بەڵکو دۆزینەوەی جەستەی جگەرگۆشەکانیشیان دەبێتە خۆزگەو ئاواتێکی ھەرە گەورە کە بۆ ھەمیشە ئەو تارماییە بەرۆکیان بەرنادات.

١٤ سال بەرلە ئێستە شەوێکی درەنگ وەخت تەلفونێکم بۆھات، لەگەڵ وەلامدانەوەو گوێبستی یەکەم ڕستەدا، ھەستم بە بارگرانی و نیگەراینەکی یەیکجار گەورەکرد. ئاخر ئێستەشی لەگەڵدابێت دەنگی پرسۆزو پارانەوەی ئەو دایکە بەجۆرێک لە گوێمدا دەزرنگێتەوە، لەگەڵ ھەموو ھەواڵێکی لەمجۆرەدا کابوسێک بەرۆکم دەگرێت. ئەو لە ھەولێرەوە تەلفونی بۆ کردم و ووتی:(بەقوربانی خۆلی ژیرپێلاوەکەتبم سۆراخێکی دۆزینەوەی لاشەی کورەکەمم بۆ بکە، دەلێن لە ئاوێکی نزیک بەو ولاتی ئیتالیایە لەگەل چەند کەسیکدا غەرق بوون....ئەوەندەی ووت و ئیتر بۆ ماوەیەک زمانی شکاو بێدەنگ بوو دواتر بەدەم گریانەوە ووتی ئاخەر ئەو تاقانەی مالەکەم بوو تاقانە). ئەوەی لەم ڕۆژانە بارۆمەتری نیگەرانیەکانم دەباتە سەرەوە ھەمان ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونەیە، کە ئەم دەسەلاتە نابەرپرس و بەھەق قێزونە ھەموو دەروازەکانی بەڕووی ژیانی گەنجاندا داخستووەو ناچاریان دەکات بە پەنابردن بۆ کەشتی مەرگ. ئاخەر دەسەلاتێک کە تەنیا (وەزاری سامانە سروشتییەکانی ڕایگەیەنیت کە لەئەنجامی تەقاندنەوەی بۆری نەوتی کوردستان- جیھان ٢٥٠ ملیۆن دینار زەرەرمان ھەیە)...‌ ئایا تەنیاو تەنیا وێنەکانی پشت ئەم لێدوانە نەیدەتوانی وەلام بە کێشەکانی ئاوارەبوونی ھەموو ئەو گەنجانە بداتەوە کە توێشووی ئەم سەفەرە بیگەرانەوەیان لەکۆلناوە؟ ئایا دەسەلاتێک زەرەیەک ھەقیانەتی ھەبوایە پاش چارەکە سەدەیەک کیشەی ئاو، کارە، بانزین وسووتەمەنی دەکردە ھەوینی قەیرانەکانی رۆژانە بۆ تالکردنی ژیانی ھاولاتیان و خۆشگوزەرانی فیرعەونەکان و بردنە سەرەوەی ریژەی میلیاردیرەکان وکەچی ھیشتا بەچاوی سووکایەتیەو بروانیتە ئەو گەنجانەی کە بەھەشتەکەی ئەوانیان لیبووە بەجەھەنم و بەناچار ڕوو لە ئایندەیەکی نادیارو پرکارەساتی وا دەکەن کەدەیان و سەدان پلکە قومری ھیشتا چاوەروانی گەرانەوەی جەستەی جگەرگۆشەکانیان بن؟ ئاخەر کورەکەی ئەو تاقانەی مالەکەی بوو؛ تاقانە!

 

 

rebwar.arif@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک