٢٢\١\٢٠١٠
ئاخ هەڵەبجە.

عەلی مەحمود محەمەد
لەوە ساناتر نییە دەست بدەیتە قەڵەم و بەیانێک بنووسیت،بۆ من5 دەقە لە
کاتەکەم دەگرێت،دەمتوانی ئەمجارەش بینووسم و 5 دەقە دوای دەرچوونی
بەیانەکە بڵاوی بکەمەوە،ئاخر بە بەیان بوایە ئێستا کۆفی عەنان فێری
کوردی ببوو،جۆرج بۆشیش لەدوای خانە نشینی لە کوردستان نیشتەجێ دەبوو.
لە دوای جەنگی جیهانی دووەم،لە دوای هێرۆشیما و ناکازاکی،هەڵەبجە
جەرگبڕترین تاوانە،ڕاستە ئەنفال لە هەڵەبجە گەورەترە،وەلێ هەڵەبجە بووە
ناسنامەی کورد و دۆزەکەمانی بە جیهان ناساند،وەلێ ئەنفال بووە جینۆساید.
نە هیرۆشیما و نە ناکازاکی جینۆساید نین ،وەلێ هۆلۆکۆست و دارفۆر بە
جینۆساید هاتۆتە ژماردن.
سێ تاوان "جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ" بە تاوانە
گەورەکان دێنە ژماردن ،ئەو تاوانانەی نە زەمەن کۆنیان دەکات و لەبیریان
دەکات و تاوانکارانی دەتوانن خۆ لە دەست دادوەری بپارێزن،نە جێگاش
دەتوانێت بەئاشکرا داڵدەی بکەرانی بدات و لە دادگاییکردن بیان پارێزێت.
تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە،خودی کیمیابارانەکە ،بە هۆی ئەوەی لەو چرکە
ساتە شار بووە بەشێک لە بەرەی شەڕی ئێران-عێراق،کێشەکەشی بووە کێشەیەکی
نێو دەوڵەتی،بۆیە ئەو تاوانە بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی
دێتە ژماردن.
دەکرێت و ڕەوایە داوا بکەین16-3 بکرێتەڕۆژی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی
لە جیهاندا ،چۆن ڕۆژی لێدانی هیرۆشیما کرا بە ڕۆژی قەدەغەکردنی چەکی
ئەتۆمی.
چۆن هەڵەبجە چووە پەرتووکی گینسەوە لە تایبەت بە چەکی کیمیاوی و یەکەم
شارە لە مێژووی مرۆڤایەتی زۆرترین قوربانی ئەو چەکەی دابێت.
وەلێ داوا بکەین کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ببێتەجینۆساید ،بە بڕوای من
لە گەڵ پێوەرەکانی جیتۆساید نایاتەوە و هەوڵێکی نەزۆکە،باشترە ئەو
پرسیارە بکەین بۆ نەبووە جینۆساید؟،کێن مسەببەکان؟،هۆکارەکان چین؟،من
لە داهاتوودا وەڵامی ئەو پرسیارەتان بۆ دەدەمەوە ئەگەر سەریشم لە
پێناوی گۆڕەکەی عومەری خاوەر دانابێت.
وەلێ دەشێت مامەڵەی بەعس لە گەڵ خەڵکی هەڵەبجە"ئەنفالکردن و ناردنیان
بۆ نگرە سەلمان،کۆکردنەوەیان لە ئۆردوگاکان.."کار لە سەریان بکرێت بۆ
بەجینۆساید ناسینی.
ئەگەر ئێوە ناوێرن بڵێن ئەوانەی هەڵەبجەیان کرد بە کەربەلا ،ئەوانن
ناهێڵن کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ببێت بە جینۆساید،ئەوا من بە دەنگێکی
بەرز دەیڵێم.
خەڵکی هەڵەبجە ئامادەم یەک ملیۆن بەیانتان بۆ بنووسم،یەک ملیۆن
ئیمزاتان بۆ کۆبکەمەوە،بەڵام ڕاستی تاڵە،جینۆساید نە بە ئیمزاو نە قسەی
خۆش و نە بە سینگ کوتان نایات.
ببوورن خۆشەویستانم.
|