١\٣\٢٠١٢
ئایا باوی چەک
ماوە یان نا؟

جەلال محەمەد
ڕۆژی ھەینی ٢٤-٢-٢٠١١ کۆبوونەوەی بە ناو (ھەڤاڵانی گەلی سوریا) لە
وڵاتی تونس بەڕێوە چوو ، زۆربەی ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە بە
ئەمریکاشەوە جەختیان لەسەر پڕچەک کردنی دژبەرانی سوریا کرد ، ھۆکاری پڕ
چەککردنیش ئەوە بوو کە دەوڵەتەکەی بەشار ئەسەد توندوتیژی پەیڕەو دەکات
لە بەرامبەر خۆپیشاندەراندا . دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرێسیش ڕایگەیاند
:- پێویستە دژبەرانی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد پڕ چەک بکرێن بۆ پاراستنی
گەلی سوریا.
ئەوەی ئاشکرایە حیزبی بەعس دەسەڵاتدارە لە سوریادا ، حیزبی بەعسیش جگە
لە سیاسەتی نەتەوەپەرستی و سەرکوت ھیچ زمانێکی دیکە بە بنەما ناگرێت،
لێ بەڵێ ؛ لە ھەمان کاتدا پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە دژبەرانی
سوریا دوو بەشن:
١- دژبەرانی ناوخۆ کە بە " ھیئە التنسیق " بە ناوبانگن و کوردانیش لەم
ھەیئەتەدا جێگەیان گرتووە . ئەم ھەیئەتە دژ بە ھەر دەستێوەردانێکی
دەرەکیە لە سوریادا و ناخوازن مەرگەساتەکانی عێراق و لیبیا دووبارە
بێتەوە ، بەھۆی ئەم سیاسەتە ژیرانەوە کوردان لە مەرگەسات پارێزراون.
٢- دژبەرانی دەرەکی کە بە " ئەنجومەنی نیشتمانی سوریا " بە ناوبانگن و
لەلایەن ئیخوان الموسلمینەوە ڕێبەرایەتی دەکرێن ، ئیخوان الموسلمینیش
لە پێناو بە دەسەڵاتگەیشتندا ھەمیشە بانگەوازی بۆ دەستێوەردانی دەرەکی
و سوتاندنی تەڕ و وشک بەیەکەوە دەکات ، کردەوەکانی ئیخوان الموسلمین
دەستێوەردانی دەرەکی زۆری بە دوادا ھاتووە بە تایبەت لەلایەن تورکیاوە
، ئەنجامی ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ئیخوان الموسلمین کۆمەڵکوژی شارەکانی
حومس و حەما و ئیدلبی بە دواوە بووە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە کە ئایا باوی شەڕی چەکداری ماوە
یان نا؟
لە ڕابردوودا لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕاگەیەندرا {پێویستە پکک لە
چەک دابماڵرێت}. ئەگەر بە ھەڵەدا نەچووبێتم یەکەمین کەس کە پەسەندی
دەوڵەتی تورکی کرد و داوای بێ دەنگکردنی چەکی کرد نێچیرڤان بارزانی بوو
، ھەمیشە گوتەی تورکە فاشیەکانی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت {باوی چەک
نەماوە}، لە کاتێکدا نێچیرڤان بارزانی ئەو قسانەی دەکرد ھەر لە ھەمان
کاتدا جۆرەھا چەکی کۆکوژی ناتۆ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەسەر کورداندا
دەباری.
تاڵەبانیش بە دوای گوتەکانی نێچیرڤان بارزانیدا ئەسپی خۆی تاودا و گوتی
{سەردەمی گیڤارا بەسەر چوو}، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەھاری گەلان بە
وێنەی گیڤاراوە سەری ھەڵدا و دیکتاتۆرانی وەکو زەینالعابدین و
موبارەکی وڵاتبەدەر کرد و ملھوڕێکی وەکو عەلی عەبدوڵاشی لە دەسەڵات
دوورخستەوە . لێ بەڵێ ؛ خەباتی گەلان بە وێنەی تێکۆشەرانی وەکو
گیڤاراوە سەرھەڵدەدەن بەڵام جێگەی دڵگرانیە کە لەلایەن ھێزی
ئیمپریالیزمەوە شۆڕشەکان بە لاڕێدا دەبرێن و بەکرێگیراوانی وەکو مستەفا
عبدالجلیل و بورھان غەلیون ئامادە دەکرێن بۆ بە کۆیلە ھێشتنەوەی گەلان.
دوا بە دوای نێچیرڤان و تاڵەبانی دەروازەی گوتە بۆ ئەو کەسانە کرایەوە
کە پیشەی ھەمیشەییان ھەڵھاتن بووە لە ڕاستیەکان و ڕەوایەتیدان بە
ڕەشەکوژی داگیرکەران . کاتێک کۆماری ئیسلامیش مەزنترین ھێرشی کردە سەر
قەندیل لە ساڵی ڕابردوودا ، ھەر خودی ئەو کەسە ھەڵھاتوانە ھەموو
تاوانێکی ئەو شەڕەیان دایە پاڵ لایەنی کوردی و دەیانگوت باوی شەڕی
چەکداری نەماوە ، تەنانەت یەکێک کە بە ناو سکرتێری حیزبە و سەرتاپای
ژیانی لە ھەڵھاتندا بەسەر بردووە زۆر بێ شەرمانە دەیگوت {شەڕکردن تەنھا
لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدایە}، لە کاتێکدا ئەو کاکی بەناو سکرتێرە
ئەم گوتەیەی گوت کە ھێشتا ئەو گوتانەی لە گوێی کورداندا دەزرنگایەوە کە
ئامادەیی خۆی و حیزبەکەی دەردەبڕی بۆ تەسلیمبونەوە و ناوگۆڕین و
ھەڵوەشاندنەوەش لە پێناو مادە دەستوریەکانی ١٥ و ١٩ی خودی کۆماری
ئیسلامیدا . بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە:
http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5730
http://rojhelattimes.org/niviskar.php?id=3334
ھەر دوا بە دوای ئەم کاکی بەناو سکرتێرە
ئەوجار سکرتێری ڕاستەقینە ھاتە گۆ و گوتی { باوی شەڕی چەکداری نەماوە ،
چەکدار لەلای ئێمەش تەنھا بۆ پاسەوانی و نیگابانییە } . بڕوانە ئەم
لینکەی خوارەوە:
https://www.facebook.com/photo.php?v=2504887586080
ئەوەی لێرەدا جێگەی پرسیارە لە تەواوی ئەو
بەرپرسانە "ھەم داسەپاوەکان و ھەم ھەڵھاتووەکان" ئەوەیە:
١- ئایا باوی شەڕی چەکداری بۆ دژبەرانی سوریاش نەماوە؟
٢- ئەگەر چەک ھۆی پاراستنی گیانی گەلی سوریایە ، ئەی بۆچی بۆ کوردان
ھۆی پاراستن نییە و لە بەرژەوەندی داگیرکەراندایە؟
٣- ئەی توندوتیژی دژ بە کوردان بەکار ناھێنرێت لەلایەن داگیرکەرانەوە و
کوردانیش مافی خۆپاراستنیان نییە کە ھێندە بێ شەرمانە گوتەی داگیرکەران
دەڵێنەوە؟
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|