١١\١٢\٢٠١٤
ئایا بە دەستوور و
دەستهەڵگرتن لە بەشێکی دەگەرێتەوە؟

سوارە کەمال
هەوڵی حیزبە کوردستانیەکان و حوکومەتی هەرێم
، بۆ گەراندنەوەی خاک (کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەكان)، تا ئەم ساتەش بە
شکستخواردوو هاتووتە ئەژمار.
لە دە ساڵی رابردوو ، سەرجەم هیواکانیان گرێدا بە جێبەجێکردنی ماددەی
١٤٠ وە ، بەڵام کردەکانی حوکومەتی " فیدرال " دەریخست دەستووری عیراق
بە پێ بەرژەوەندیی حیزبە دەسەڵاتدارەکان تەفسیر دەکرێت ، ئەوەی لە
بەرژەوەندیاندا نەبێ لە جێبەجێکردا پشتگوێ دەخەن . ئەزموونەکانی
رابردووش دەریان خستووە کە بریار بەدەستانی عەرەب بەراست و چەپیانەوە ،
ئەگەر هەندێک جار لە تاکتیکدا بە نەرم دەرکەوتبێتن ، هەردەم لە
ستراتیجدا لەگەل ویست و خواستی گەلی کوردا نین.
وێرای نەرێنی بوونی هەڵوێستی بەغدا ، زۆرێک لە شارەزایانی پەیوەست بەو
بوارە ، پێان وایە بریار بەدەستانی کوردش تومەتبارن ، لەبەر ئەوەی
چەندین دەرفەتیان هاتووتە پێش بۆ یەک لاکردنەوەی کەیسی ناوچە
دابرێنراوەکان ، کەچی بە هۆی پەیوەستبوونیان بە بەرژەوەندی شەخسی و
حیزبی ، ئەو هەلانەیان نەقۆزتۆتەوە.
دیارە لە ئێستادا بوونی گرژی لە ناوچە سونیەکان و بێ سەروبەرەیی سوپای
عێراق ، دۆخێکی هێناوەتە پێش لەگەل ئەوەی بێ مەترسی نیە لە سەر هەرێم ،
لە هەمان کاتدا دیڤاکتۆیەکی رەخساندووە ئەگەر بەووردی و ئاقلانە
بەرخۆردی لەتەکدا بکرێت وا پێدەچی زەمینەی گەراندنەوەی خاک لە جاران
باشتر مەیسەربووبێ!
لەسەر ئاستى نێو دەوڵەتى و ئیقلیمى ، هەڵوێست و کردەی زیاتر لە شەست
وڵات ، لەوانە ئەمریکا و ئەوروپا بەرانبەر بەم ڕەوشەی کوردستانی تێدایە
، ئەگەر چی نەگەیشتووتە ئاستی خواست و ویستی گەلی کورد ، بەڵام زۆرێک
لە شرۆڤەكارانی کوردو بیانی بەئەرێنی دەیبینن ، خالێکی تریش کە
لەبەرژەوەندی گەلی کوردە ، تا ئەم ساتەش حوکومەتی عیراق جورئەتی پێدانی
حهسانهی یاسایی به راوێژكارە ئەمریکیەکان نیە ، پێموایە ئەمەش بێ
دەرکەوتەی نەرێنی نابێ بۆ بەغدا.
ئەوەی لە ئێستادا بەتەنگەژەی بەردەم گەراندنەوەی خاک دەبینرێت ، جگە لە
نەبوونی یەکگوتاری حیزبەکان و یەکریزی دانشتوانی ئەو ناوچانە ،
هەڵوێستی هەردوو حوکومەتی ئێران و تورکیایە کە مشتومری زۆر هەڵدەگرن ،
وێرای ئەوەی ترسی گەرانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر کوردستان بە هاتنە
کایەی دەوڵەتی " سەربەخۆ " دەبینن ، بەڵام بۆچوون و هەڵوێستان
خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگری . بۆ نموونە تورکیا بەراورد بەرابردوو
ناچار بووە لایەنی کەم تا ئاستێک شێوازی دژایەتێکەی بەراورد بە ئێران
نەرمتر دەرکەوێ ، لایەنی کەم ئەگەر بە روگەشش بێت ویستویانە وا لە
کوردی باشوور بگەینن کە " نایەوێت " دوژمنایەتی بکەن.
بەڵام ئێران وێرای ئەوەی پهیوهندیی جۆراوجۆری لهگهڵ حیزبە
کوردیەکانی باشوور هەیە ، بەهۆی ئایدۆلۆژیەکەی ، هەڵویستی بەرانبەر بە
سەر بەخۆبوونی کورد زۆر نەرێنی ترە لە تورکیا . لەگەڵ ئەوەی رۆڵێ ئێران
لە نێو بریار بەدەستانی عیراق زۆر گهورهترو کارێگەرترە بەراورد بە
رۆڵی تورکیا ، بەڵام پێگەی ئێران لە نێو دونیابینی و سیاسەتی
نێودەوڵەتێدا ، لە ئاستێکە هێچ وڵاتێک ئێرەیی پێنابات.
دیارە وێرای نەرێنی هەڵویستی هەر هەردوو حوکومەت ، بە شێوەو شێوازی
جیاواز کۆمەڵی بەرژەوەندی سیاسی ، سەربازی ، ئەمنی و ئابووریان لەگەڵ
هەرێمدا هەیە ، بۆیە لە ئێستادا ناچارن رەچاوی هەندی لە بەرژەوەندیە
رووگەشەکانی کۆرد بکەن . بۆ نمونە ئەگەر لە دوێنێدا داخستنی مەرز ،
زەرمەندی یەکەم هەرێم دەبوو ، لەم روودا ئەگەر رووبدات کورد زەرەر
مەندی دووەم دەبێ و ئەوان یەکەم ، لەبەر ئەوەی قەبارەی ئەو سوودانەی لە
هەرێمدا بەدەستیان هێناوەو دەیهێنن ، بەداخستنی سنوورەکانیان چەندین
بەرابەر زەرەرمەند دەبن ، دیارە ئەمەش بەو مانایە ناوترێت کە پەیوەندی
( حوکومەتی هەرێم نەک حیزب ) لەگەڵیاندا پشتگوێبخرێت ، بەڵکو بە
پێچەوانەوە دەبێ بەردەوام لە هەوڵدابێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی
لەگەڵ وڵاتانی هاوسنووردا.
ئەوەی دەمێنێتەوە قسەی لەسەر بکرێت ، بریار بەدەستانی عەرەب و
دانشتوانی ئەو ناوچانەیە، ئەگەر لە دوێنێدا سەرجەم هەوڵی دەسەڵاتدارانی
عەرەب لە عیراق سەرتاپاخوازی بوو ، بەڵام لە ئێستادا دەکرێت وەک
هەرێمێکی وابەستەی سیاسەتی دەرەکی بهێندرێتە ئەژمارکردن ، وێرای ئەوەش
ئەو توانایەی حکومەتەکانی پێش ٢٠٠٣ هەیان بوو بۆ دژایەتیکردنی کورد ،
نەک هەر لە دەستیان داوە ، بەڵکو لەو باوەرەدان کورد بەرەو سەربەخۆیی
هەنگاوی جدی ناوەو پاشگەز نابێتەوە . ئەگینا لە خۆرا نیە حەیدەر عەبادی
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت " هەڕەشەکانی داعش وامان لێدەکات
رێکبکەوین".
ئەنجامنامە:
ئەگەر کورد هەنگاوی جدی بنێ بۆ گەراندنەوەی خاک ، هەڵوێستی وڵاتە
زڵهێزەکان نەرێنی نابێ ، لەهەمان کاتدا هەڵوێستی ئێران و تورکیاش ئەگەر
سەرەتاکەی بەنەرێنی بێت ، درێژە ناکێشی ، کەواتە حیزبەکانیش یەک
هەڵوێست دەبن ، کەواتە حوکومەتی هەرێم لەتوانایدایە سەرجەم ئەو
گرفتانەی دێتە پێش گەراندنەوەی خاک رێگا چارەی هەبێ بۆی ، تەنها
یەکێکیان نەبێ ئەویش یەکخستن و یەکرێزکردنی هەڵویستی دانشتوانی ئەو
ناوچانەیە ، ئەمێس تەنها بە قایلکردنی دانشتوانی ئەو ناوچانە مەیسەر
دەبێ ، هەنگاونان بۆ ئەمەش لە باشکرنی ڕەوشی ژیانی دانشتوانی ئەو
ناوچانەوە دەست پێدەکات ، ئەگینا بە دەست هەڵگرتن لەچەند ناوچەیەك بە
پاساوی ئەوەی كوردی تێدا نەماوە ، یان بە دەستوورو بەهێز ، ئەگەر
بشگەرێندرێتەوە هەردەم ئەو ناوچانە بە نا سەقامگیری دەمێنێتەوە.
swarekemal@yahoo.com
|