په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١٢

ئایا بە راستیی (پەیەدە) دوژمنی کوردە؟


عەلی مەحمود محەمەد    


سێشەمە ١٩ی یۆنی ٢٠١٢ ماڵپەڕی پەیامنێری سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان بابەتێکی بڵاو کردەوە بە ناوی (باڵی پەکەکە لە سوریا، لایەنگری رژێمی ئەسەد دەکات لە دژی نەیارانی) ، یەکسەر ماڵپەڕی بروسکەی سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشان (باڵی عەبدوڵای موھتەدی) وتارەکەی کۆپی کرد و جارێکی دیکە لە تۆپی بابەتەکانی خۆی بڵاوی کردەوە، پێشتریش ماڵپەڕی سبەی ئۆرگانی بزووتنەوەی گۆڕان ھەر بە ھەمان ئاراستە بابەتێکی لە سایتی تەلەفزیۆنی عەرەبییەوە وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی بەناوی شەبیحەکانی کورد و چەندین رۆژ لە تۆپی بابەتەکانیدا نمایشی کرد.

ئایا ئەوەی ئەم دەزگا راگەیاندن و پارتە سیاسییانە لە باشووری کوردستان بڵاوی دەکەنەوە، ھەقیقەتە یان بەشێکە لە شەڕی راگەیاندنی لایەنەکان بۆ پەیداکردنی نفوز لەو پارچەیەی کوردستان.

لە دوای ٥٥ ساڵ لە دامەزراندنی یەکەم پارتی سیاسی کورد لە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٥٥ لە رۆژئاوای کوردستان تا ئێستا بە تایبەت لە دوای ھەشتاکانەوە ، پارتەکانی رۆژئاوا لە نێوان ینک و پدک دابەش ببوون، بەڵام وردە وردە پەکەکە پێگەی ئەم لایەنانەی لە رۆژئاوای کوردستان بەرەو لاوازی برد تا گەیشتە سەر ئەوەی ھەنووکە بە ١٦ پارتی ناو ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی کاریگەری نیوەی پەیەدەیان لە رۆژئاوای کوردستان نەبێت، ئەمڕۆ موبادەرەکان شەقام بەدەست ئەم پارتەوەیە،تا ئەم پارتە زیاتر جەماوەری دەبێتەوە و کاریگەری لەسەر شەقام زیاتر دەبێت، ئاڵا ھەلگرانی دژایەتی زیاتر دەبێت، دیارە ئەمە مانای ئەوە نییە ئەم پارتە سیاسییە جەماوەرییە کەم ئەزمونە ھیچ ھەڵەیەکی نەبێت، گورەترین ھەڵەی بە بِروای من ئەوەیە وەک پارتیکی کۆپی تبق الاسڵی پەکەکە مامەڵە دەکات، نەک پارتێکی ساسی لە کێڵگەیەکدا خەبات دەکات جیایە لە پکک، لێ بە بڕوای من ئەم جەنگە سیاسی سایکۆلۆجییەی بەرامبەر بە پەیەدە دەکرێت ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ:


- ململانێی پارتی و یەکێتی بە تایبەت پارتییە بۆ شەڕی نفوز لە رۆژئاوای کوردستان، جەنگێکی سایکۆلۆجییە بەرپای دەکەن بۆ ئەوەی ببنە هاوکاری لایەنە پاشکۆکانی خۆیان کە لە ئێستادا لە ململانێ بۆ پەیدا کردنی هەژمۆنیا بەسەر خەباتی جەماوەرییا لە دواوەن.
- شەڕی ئەردۆگان و ئیخوان مسلمین و راگەیاندنە عەرەبیەکانی نزیک لەوانە وەک کەناڵەکانی جەزیرەو عەرەبییە لە بەرامبەر پە یە دە،چونکە بە پێچەوانەی رەوتی ئەوان دەجوڵێتەوە و رێگرە لە بەردەم ئەوەی کوردستان ببێتە بەشێک لە پرۆژەکەیان .

ئەی پەیەدە خەریک چییە؟


لەوەتەی سوریا بە گشتی وە رۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی بە ئاقاری گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت، پەیەدە توانیویەتی ئەم هەنگاوانە بنێت:


- کردنەوەی قوتابخانەی فێرکردنی زمانی کوردی و پێگەیاندنی مامۆستایانی تایبەتمەند و بنیات نانەوەی تاکی کورد لەسەر بنچینەی گەڕانەوە بۆ کورد بوون بە ناوەڕۆکێکی پێشکەوتنخوازانەی پشودرێژ،کە بەهەمان پرۆسەی درووستکردنەوەی تاکی کورد لە باکوردا دەڕوات .
- ژیانندنەوەی کولتور و هونەری کوردی و پێک هێنانی دەیان ناوەندی رۆشنبیری و هونەری و تیپی هونەری جۆراو جۆر، لە رێگەی هونەرەوە زیندوکردنەوەی تاکی کورد.
- هەڵمەتی گۆڕینی ناوی شوێنە تەعریب کراوەکان و گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکان بۆی و هەڵمەتی نووسینەوەی تابلۆکانی شوێنە گشتییەکان بە زمانی کوردی و گەڕاندنەوەی شوێنەواری کورد بوون بە ناوچە کوردییەکانەوە.
- پاشکۆیەتی نەکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوری و خۆپیشاندانەکانی هەینیانی رۆژئاوای کوردستان و سوریای کوردان مۆرکی کوردی و ناوی کوردی و ئاڵا و دروشمی کوردی پێیانەوە ناوە، کەچی لایەنەکانی دیکە دروشم و ئاڵاو ناوی خۆپیشاندانی هەینییەکانیان پاشکۆی لایەنە سورییە شۆفینییەکانی ئۆپۆزسیۆنە.
- پێک هێنانی هێزی تایبەتی چەکداری کوردی بۆ پاراستنی کوردستان.
- پێک هێنانی ئەنجومەنی گەل و رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان.
- کارکردن لەسەر کەیسی کۆمەڵکوژییەکان و چاندنی هوشیاری لەم بوارەدا.
- کاراکردنی رۆڵی پێشەنگانەی ژنان لە خەباتی سیاسیدا.
- کۆنترۆڵ کردنی شارو شارۆچکەکان و رێکخستنی ژیان.
- برەودان بە خەباتی جەماوەری رۆژانە و متمانە بە خۆبوون بۆ گەیشتن بە داخوازییەکان.
- رێکخستنی جەماوەر بۆ دامەزراندنی خۆ بەڕێوەبەرێتی دیموکراتی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان وەک هەنگاوی یەکەم و ناوکی داهاتووی دەسەڵاتی کوردی لەم بەشەدا.
- رێگە گرتن لە دەستخستنە ناو کاروباری رۆژئاوای کوردستان لە لایەن تورکیاوە.
- بڵاو کردنەوەی کلتوری پێشکەوتنخوازانە سەبارەت بە ژنان و رۆڵی کاریگەری جەماوەر بە گشتی وە هەژاران بە تایبەتی لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەرکردایەتیدا، بە هێنانە پێشەوەی نەوەیەکی نوێ لە سەرکردەی مەیدانی و کۆتایی هێنان بە رۆڵی سەرکردە پاسیفەکانی رابردوو.


ئەمانە تەنها بەشێکن لە کارەکانی ئەو هێزەی رۆژانە سەدان هەزار لە دەوری چالاکییەکانی کۆدەبنەوە، کە ئێوە ناوتان لێ ناون شەبیحە کوردییەکان، کە کارگەلێک ئەنجامدەدەن سانا نییە هەموو کەس بتوانێت دەمبکوتێت لە ئەنجامدانی، هەر ئەمکارانەشە وا دەکات رۆژ لە دوای رۆژ پارتە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستان لە بەرامبەر پە یە دە بچوک ببنەوە و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی ناچار بکات بە ١٦ پارتی ئەندامییەوە بە هاوتای ئەنجومەنی گەل کە تەنها پەیەدەی لە پشتە وەک نوێنەرایەتی گەلی کورد بناسرێن.


بۆیە جێی خۆیەتی هەموو ئەوانەی دژ بە پەیەدە قسەیان کردووە دوور لە زانینی راستییەکان،یان دیماگۆگیانە ویستیانە راستیەکان بشێوێنن لە ئەمڕۆ زوتر نییە داوای لێبوردنی لێ بکەن و هاوکاری بن لە هەنگاوە مەزنەکانی.

تێبیتی: کێشەی نەخوازراوی عەبدوڵا بەدرۆ لەسەر داگیرکردنی مومتەلەکاتی پەیەدە وە بوو لە لایەن ناوبراوەوە، لە کاتێکدا خاوەندی شەرعی ئەو مومتەلەکاتە داوای مافی شەرعی خۆی دەکردەوە،بەڵام ئەو بەردەوام بوو لە داگیرکردنی، ئەمە بووە هۆی ئەوەی ئەو کێشەیە دروست بوو کە ئەو کارەستە مرۆییەی لێکەوتەوە، لەو کارەستە پەیەدە زیان لێکەوتوو بوو، چونکە سەرکردەیەکی لە دەست دا.
________________________________________________
لینکەکان لە خوارەوە بخوێننەوە:

http://www.peyamner.com/PNAnews.aspx?ID=279605
http://brwska.net/news/item/825-bali-pkk-la-swrya-layangri-rjimi-asad-dekat-la-dji-neiarani.html
http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=3956&LinkID=60

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک