١۴\١\٢٠١٠
ئایا بەڕێز سەرۆکی هەرێم حاکمێکی ناعادلە؟!

سەلام عەبدوڵا
ئەگەر
پرسیار لە بەڕێز سەرۆکی هەرێم بکەین: ئایا ئێوە سێبەری خەڵکی کوردستانن
یان سێبەری خاوەن کۆمپانیاو بانق و عەقارەکان؟ بەدڵنیاییەوە دەفەرمێ:
من کوڕی گەلی کوردستانم و پلەوپایەکەم بەرهەمی خەباتی شەهیدان و
پێشمەرگەو میللەتە.
سەرۆکی هەرێم بەرپرسیارییەتی یەکەمی لە ئەستۆ گرتووەو سوێندی یاسایی
خواردووە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندی باڵای گەل و خاکی کوردستان. بەبێ
ئەوەی هیچ مەبەستی تۆمەتبارکردن لەپشت ئەم نووسینەوە هەبێت، سەرڕاستانە
دەڵێم: بەڕێزیان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستاون، چونکە بازنەی(پسپۆرو
تەکنۆکرات و سیاسەتمەدارە)ەکانی دەورووبەری بڕیاری داڕشتن و رێکخستنی
ژیانی رۆژانەی خەڵک بە ئابووری بازاڕی ئازاد داوە کە ئەمیش لەلایەن
کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەچێت، واتە(تەرخانکردنی دەزگاکانی دەوڵەت
لەپێناو کەرتی تایبەت). ئەمە بووە بە هۆی جوداکاری چینایەتی قووڵ لە
هەرێمەکەمان و ناوچە بە زۆر دابڕاوەکانیش زیاتر لێی دەناڵێنن.
ئایا ئەمە ناکۆک نییە لەگەل بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان؟ ئایا
بەڕێزیان نابینێ چۆن ئابووری ناوبراو لەلایەکەوە بەرژەوەندی
کەمایەتییەکی خاوەن ملیونان دۆلار، کۆمپانیا، بازرگانی و عەقاراتەکان
دەپارێزێ و بێویژدانانە خەریکی گەندەڵی و فەرهودکردنی سەروەت و سامانی
گشتی کەلەکەمانن و لەولاوە هەژارو نەگبەتی و بێ مافی لێکەوتۆتەوەو ئەم
زۆرینەیە خەریکی هاوارو دادو گلەیی و گازندەی ئاشکراو ناو ماڵەکانن.
ئەگەر وانییە، با بفەرمێ و لە کەناڵەکانی راگەیاند بۆ میللەت روونی
بکاتەوە، چۆن ئابووری بازاڕی ئازاد لە خزمەتی خەڵکی کوردستانە. بە
پێچەوانەوە دەبێ وەک بەرپرسی یەکەم لە هەرێم، دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت
بۆ رێگەگرتن لە ئابووری گەندەڵی و راورووتکردن و هەژارکردنی خەڵک(بازار
زۆر گرانەو لەدەرەقەتی نایەین)و لەبەرامبەریدا پێشنیاری ئابوورییەک
بکات، برایەتی و تەبایی و پێکەوە ژیانی کوردستانیان، توندوتۆڵ بکات.
زۆر باسی نموونەی(دوبەی)م بیستووەو لەم رۆژانە هەموو کەناڵەکانی
راگەیاندن وێنەی ئەفسوناوی و ئاهەنگی بەرزترین بورجی جیهان لە دوبەی
پیشاندا، بەڵام بەدەگمەن باسی ئیفلاسی ئابووری ئەو وەڵاتەیانە کردو چۆن
و بۆچی لە ژێر قەرزی50ملیار دۆلاری دەناڵێنێ!
عەدالەتی کۆمەڵایەتی خەونێکی ناواقیعی چەند کەسێکی ئیدیالیست و هەڵەشەو
پەلەپەلکەر نییە کە نازانن(هەڕەشە و پلانگێڕی دەرەکی
هەیە)یان(بۆچی140جێبەجێ ناکرێت)، بەپێچەوانەوە بەو پەڕی هوشیارییەوە
رەوشەکە لەبەرچاوەو بۆ بەرنگاربوونی هەر مەترسییەک دەبێ پێشتر
بیسەلمێنن(عادلن)، چونکە عەدالەتی کۆمەڵایەتی ئەو شێوە دەسەڵاتەیە کە
پایەی حوکمڕانی وەڵات پتەوترو جوانترو گەشترو یەک بە یەکی دانیشتوانی
وەڵاتیش شانازی پێوەدەکات.
ئەوەی ئێمەی زۆرینە کۆدەکاتەوە، ئەوەیە لە سایەی حکومەتی عەدالەتی
کۆمەڵایەتی کە دابینکەری راستەقینەی ئاشتی و ئاسایشە لە هەرێم، بژین،
نەک ئەم رێکخستنە ئابوورییە کە ئیمڕۆ باڵادەستەو بووە بە هۆی
چەوساندنەوەو رقوقینەو دووبەرەکی و کەرتبوون و کۆچبەری و نەخۆشییە
کۆمەڵایەتییەکان کە لەدواییشدا زیاتر بەرەو کارو کردەوەو زمانی
دوژمنایەتی خوێناوی و زیندانەکان دەمانبات.
لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی باڵای گەل وەک خۆی ئیمزای کردووەو گەورەیی
مێژوویی و تاقە مانای راستەقینەی ئەم ژیانە زۆر کورتە(حاکمی
دادپەروەر)دەستەبەر بکات و بۆ رێگەگرتن لە گشت جۆرە پیلانگێڕییەک دژ بە
ئەزموونەکەمان و هەر ئاشوبێک، ئەرکی بەرێزیانە لە هەموو کۆبوونەوەکانی
حکومەت و پەرلەمان بە زەقی و رەقی ئەم پرسیارە ئاراستەیان بکات: چەندە
پرەنسیپەکانی دادوەری کۆمەڵایەتی لە پڕۆژەو کارو چالاکییەکانتان
رەچاوکردووە، واتە چەندە دەستی کەرتی تایبەت کورت و کەرتی گشتی درێژتر
کردووە؟!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|