١٢\٦\٢٠١٦
ئایا بزووتنەوەی
ئەنارکیستی لە باشووردا بوونی ھەیە؟

زاھیر باھیر
لە کۆبوونەوەکان و دیمانەی ڕادوێیەکان و دانیشتنی دوو قۆڵی و گروپی،
زۆر جار ئەو پرسیارەی سەرەوەم لێکراوە . منیش ڕاستگۆیانە بە گوێرەی ئەو
زانیارییەی کە ھەبوومە لە وەڵامیاندا وتوومە نەک ھەر بزووتنەوەیەکی
ئاوا نییە بەڵکو گرۆپێکی کاراش بەناوی ئەنارکیستیەوە لەوێ نییە و
بەبیرەوەری منیش نەبووە. ھەڵبەتە ئەم وەڵامە ھەمیشە پرسیارێکی دیکەی
بەدوی خۆیدا ھێناوە کە ئەویش پرسیاری " بۆچی" بووە.
ناکرێت لە کاتێکدا کە دەسەڵات و زۆوڵم و زۆر ھەبووبێت و ھاوکاتیش ھزری
ئەنارکیزم وەکو ھزرێکی سروشتی یاخیگەری ناوخودی مرۆڤ ھەبووبێت، نکوڵی
ئەوە بکرێت کە خەڵکانێک وەک تاک یاخود وەک گروپێکی ناڕێکخراو
لەبەرپەرچدانەوەی دەسەڵات و ئەو زوڵم و زۆرەدا، نەبووبێت. بێگومان
خەڵکانێک ھەبوون کە دژایەتی دەسەڵاتیان کردووە و تێڕوانینیان بۆی
وەکو دووژمنی بەشەرییەت، سەرچاوەی ھەموو کارەساتەکان، تەماشایان
کردووە. ئەوەش لەپای دەرککردنیان بەو ڕاستیییە، بووە کە ھیچ وەختێک
بەرژەوەندی ناوکۆیی لە نێوانی دەسەڵات و ھەژاران و بەشخوراواندا نەبووە.
لەو بارەشدا کەسانێک ھەن ڕاپەڕینی زنجەکان و خەواریجەکان و مەزدەکی و
بەرمەکی و قەرمەتییەکان و ئەوانی دیکەی سەردەمی کۆن ، بە ڕاپەڕینێکی
شێوە ئەنارکیستانە/شیوعییانە دەزانن، گەرچی ئەم بزووتنەوە و ڕاپەڕینانە
مۆرکی ئەنارکستییەت و شیوعییەتیان لە خۆیان نەداوە. بە ھەرحاڵ قسەی من
لەسەر ئێستاو چەرخی ڕابووردووە.
ئەگەر سەرنجێک لە واقیعی کۆمەڵی باشوور لە دوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە
بدەین ، کۆمەڵە ھۆکارێک بۆ دەرنەکەوتنی ئەنارکیستییەت وەکو ھزرێکی
سەربەخۆی دیار و ھەم وەکو سەرھەڵنەدانی چەند گروپێکیش کە دەمڕاستی ئەو
ھزرە بن، ھەن، بەڵام بە ڕای من چوار ھۆکاری سەرەکی لەم بوارەدا ڕۆڵی
سەرەکی، بینیوە، کە ئەوانەش ئەمانەن:
یەکەم: کوردستان بەشێک بووە لە عێراق و پاشکۆیی عێراق-یش بە وڵاتی
سۆڤێتەوە:
تەواوی ئەو کتێب و گۆڤار و نوسینانەی کە سەبارەت بە مارکسیزم و
لینیننزم و ماویزم بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و چەپەکانی دونیا و ھەتا
سەبارەت بە دین بەھەردوو لایەنەکەیەوە واتە بەرەنگاربوونەوەی دین یاخود
تەرفگیری دین ، ھەر ھەموو ئەمانە بە زمانی عەرەبی بوون . عێراقی ئەو
سەردەمەش لە ساڵی ١٩٥٨ وە خۆشی وابەستەی سۆڤێت بوو جگە لە چەندساڵێکی
کەم نەبێت. کتێب و ئەدەبیاتی چەپ و کۆمۆنیستی کە بە زمانی عەرەبی بوون،
یا لە خانەی بڵاوکراوەی ڕۆشنبیری دیمەشق بووە، یا خانەی پێشکەتن (
تەقەدوم) یا لە بێروت و خودی ڕوسیا خۆی بوون، چاپکراون. ڕۆڵی حیزبی
شیوعی سوری کە خالد بەگداش سەرکردەی بووە لەتەک ڕژێمی سوری کە ھەر لە
شەستەکانەوە یەکێک بووە لەو ڕژێمانەی کە دۆست و وابەستەی سۆڤێتی
جاران بووە، ڕۆڵی گرنگی لەو بوارەد، بینیوە.
ھەرچیش سەبارەت بە ھزری ئەنارکیستیانە و چالاکی و تەواوی بزووتنەوەی
ئەنارکیستی لە ھەر کونجێکی ئەم جیھانەدا، بووە، بە شێوەیەکی قێزەوەند
و دژە مرۆڤ و دژە شۆڕش بۆ ئێمە گوێزراونەتەوە، چونکە سەراپای ئەدەبیات
و تەبلیغاتی ئەنارکیستیانە لە لایەن چەپ و کۆمۆنیستەکانەوە لە ڕوسییەوە
وەرگێڕراونەتە سەر زمانی عەرەبی کە ھەمووشی لە یەکێک لەو
چاپخانانەی سەرەوە، بە چاپ و بڵاوکردنەوە گەیەندراون. ھەر بەم ھۆیەشەوە
ئەنارکیزم و فکری ئەنارکیستیانە وەکو ئەوەی کە لە سەرەوە نوسیمن بە
چەواشەیی و دژە ھەموو شتێک بە ئێمە ناسێنراوە. لە باشترین حاڵەتیدا
بە " فەوزەوی" "بەرەڵایی و بێ سەرەوبەرەیی" بە ئێمە ڕاگەیانراوە . واتە
یەک لایەنی ئەنارکیسیزم کە دژە دەوڵەت بووە و ئەویش بەگوێرەی بۆچون و
شیکردنەوە و ویستی بەلشەفی و شیوعییەکانی ئەو کاتە لێکدراوەتەوە، کە
ئەنارکیستەکان فەوزایان دەوێت و باوەڕیان بە دەوڵەت و دەسەڵات، نییەو
ھەمووی ڕەتدەکەنەوە و کۆمەڵ لە حاڵەتی پشێوی و ئاڵۆزی و بەرەڵایی و بێ
یاسایی و بێ ڕێکخستنی و.. ھتد بەجێدەھێڵن و ئیدی کۆمەڵێکی ئاخۆران و
ماخۆران دەبێت.
سەیر لەوەدا بوو کاتێک کە ھزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئاوا دەناسرا و
ھێڕشی دەکرایە سەر، بەڵام تاکە کتێبێک یا گۆڤارێک یاخود بڵاوکراوەیەکی
ئەنارکیستی نەبوو لەبەردەستدا تاکو خوێنەر پێشئەوەی، ئەوەی دژی دەنوسرا
، بیخوێندایەتەوە. بۆ نموونە " بوئسی فەلسەفەی " مارکس کە لەسەر جۆزیف
پرۆدن نوسیبووی ، کە بە ئاسانی لە بازاڕی کتێب فرۆشاندا دەستددەکەوت ،کەچی
خودی کتێبەکەی پرۆدۆن کە مارکس ڕەدی دابووەوە، ئەوەندەی من بزانم لە
عێراق-دا وجودی نەبوو. تەواوی ئەدەبیاتی ئەنارکیستی کە ڕەدیان دراوەتەوە،
خۆیان لەبەردەست خۆوینەردا، نەبوون.
لە حاڵەتێکی ئاوادا نەبوونی گروپێکی ئەنارکیستی نەک ھەر مەحاڵ بوو،
بەڵکو دەستکەوتن و خوێندنەوەی ئەدەبیاتی ئەنارکیستیش، تاکو لە ھزر و
پرینسیپەکانی ئەنارکیزم، تێبگەین، کارێکی ڕێلێگیراو بوو.
دووەم: ھەبوونی حیزبگەلێکی زۆر و پاشکۆبوون بۆیان:
عێراق و کوردستان لە دوای ساڵانی سییەکانی چەرخی ڕابوردووە زێدی زاینی
حیزبگەلێکی زۆر بووە ھەر لە حیزبی نەتەوەیی و دینی و نیشتمانی لیبراڵ
تا دەگاتە کۆمۆنیستی. سەرجەمی ئەم حیزبانەش بۆ مەبەستی گەیشتنە دەسەڵات
ھەمیشە لە ململانێی نێوانیادا لە گەوجاندنی ھاووڵاتیاندا بوون . ئەمەش
لە ڕێگای پەروەدەکردن و سیخناخکردنی گوێی ھاووڵاتیان بە تەبلیغات و
ئەدەبیاتیان، بووە. ئەندامان و لایەنگرانی باش ئەوانەبوون کە باشتر
پەیڕەوی فرمانەکان و تاکتیک و ستراتیجێتی، حیزبیاد دەکرد ، ئەوانەبوون
کە بە موو لە پێڕەوپڕۆگرامی حیزب دەرنەچون ، ئەوانەن کە پاشکۆ و
وابەستەی تەواوی حیزب و سەرکردەکانی حیزببون ، ئەوانەن کە ئایدۆلۆجییەت
شەڕی برا و خوشکی خۆیان و دراوسێی و خزم و ڕەگەزێکی یا نەتەوەیەکی
دیکەی پێکردون و بێ ئەوەی کە خودی خۆیان بۆ تەنھا چرکەیەکیش لە
سیاسەتی ڕاست و ھەڵەی حیزب و سەرکردە ،تێفکریبێتن. بەداخەوە کە ئەم
نەرێت و خووە تا ھەنوکەش ھەر بەردەوامە.
لە بارودۆخێکی ئاوادا نە فکر پێشدەکەویت و نە گەشەش دەکات، لە
ژینگەیەکی ئاوادا سەرجەمی مرۆڤەکان دابەشدەبن بەسەر حیزبەکاندا و
دەبنە بورغویەکی بچوکی ماشێنی حیزب و حیزبیش بە ئارەزوی خۆی
دەیانسوڕێنێتەوە و ئەم دەنگیان پێدەدات، ئەویان پێدەکوژێت و ئەو
تەبلیغاتەیان پێدەسپێرێت. مرۆڤ لەم حاڵەتەدا کە دەبێتە کۆیلەی حیزب
ناتوانێت بەخۆی بیربکاتەوە ، ناتوانێت بڕیاری خۆی بدات ، دەستەووەسانە
لە لێکدانەوە و سەرنجدانی بەدەر لە حیزب و سەرکردە لە ڕوداوەکان، عاجزە
لە پێشبینیکردنی کارەساتەکان، کامفاڵێتی و ساویلکەیی بەڵام دڵگەرم دڵ
پر لە قین بۆ ھەڵگرانی ھەموو ڕاوبۆچونێکی جوودا لە خۆی، خەسڵەتی
لەبەرچاوی خەڵکانی حیزبییە.
لە کاتێکدا کە ھزری ئەنارکیستی گەشەی سروشتی خودی تاکەکان خۆیانە
ھەمیشەش لە گۆڕان و تەشەنەکردندایە. لە دیدی ئەنارکیستییەوە تاکەکان
دەبێت لە بیرکردنەوە و سەرجەمی ئەو بڕیارانەی کە پێوەستن بەخۆیانەوە،
ئازادبن. ھاوکاتیش کە ئەو ھزرە دژە دەوڵەت و دەسەڵات و ڕێکخراوەیی شێوە
ھیراشیانەیە ، بەدڵنیاییەوە ، لەگەڵ ئەو بارودۆخەی کە پەنجەم بۆ ڕاکێشا
نە گەشە دەکات و نە دێتەوە لەگەڵیا.
سێیەم: جەنگ و ماڵوێرانی و کوشتن بڕین لە عێراق و کوردستاندا:
عێراق و کوردستان یەکێکن لەو وڵاتانەی کە پتر لە نیو سەدەیە ئاشتی و
ئاسایشی بەخۆیەوە نەبینوە. عێراق سێ جەنگی گەورەی : ئێران و عێراق،
شەڕی کەنداوی ١٩٩١ و داگیرکردنی ئەم دواییەی ٢٠٠٣ ، بە خۆیەوە بینیوە و
کارایی و ھەژموونی خۆی و بەسەر کوردستانیشدا بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ
، داناوە. ئەمە جگە لە بزووتنەوەی کوردی کە لە ساڵی ١٩٦١ دا دەستی
پێکرد کە ئەمیش بەڕۆڵی خۆی لەسەردەستی ھەردوو لادا چ حکومەتە
یەکبەدوایەکەکانی عێراق و چ بزووتنەوەی کوردی کارەسات و کوشتن و بڕین و
کیمیاباران و ئەنفال و ژنکوشتن و ماڵوێرانیی و ھەڵکەندنی خەڵکی لە زێدی
خۆیی و لەناوبردن و سەرنگونکردنی خەڵکانێکی زۆری بەسەر ھاووڵاتیانی
کوردستان و تاڕادەیەکیش ناوچەکانی دیکەی عێراقیشی، ھیناوە.
ئێمەی کورد ئەزموونێکی یەکجار زۆرمان لە جەنگ و بەیەکدادان و
ماڵکاولیدا ھەیە، کە شوێنەوار و کارەساتەکانی جەنگ لە یاد و بیرەوەری
نەوەی ئێمە و باوک و باپیارنیشماندا، چەسپیوە.
جەنگ ئەو تارماییە ڕەشە نەگریسەیە کە تەنھا بازرگانانی شەڕ و کۆمپانییە
گەورەکانی دروستکەری چەک و کەرەسەکانی دیکەی جەنگ و دەسەڵات بە گشتی
قازانجی لێدەچننەوە و ئەوانی دیکەمان جگە لە نەھامەتی و برسێتی و
ھەڵکەندن لەجێی خۆمان و باوباپیرانمان ، زەرەر و زیان نەبێت ، چیدیکەی
لێ نابەستینەوە. جەنگ ھەمیشە زەمینەی برسێتی و گرانی و ڕەو و لێکدابڕان
و حەسرەتکێشی بینینەوەی خۆشەویستانمان و بێکاری و لانەوازەیی و بوون
بەقوربانی ، دەسازێنێت . لەو شوێنەی جەنگ بێت ھەموو شتێک، ھەموو
نەگریسییەک ھەواری خۆی ھەڵخستووە تەنھا خۆشەویستی و تەبایی و ئاشتی و
ئاسایش نەبێت. لەبارودۆخێکی ئاوادا تەنھا فریای سەلامەتی و خۆپاراستنی
خۆمان و داخوازییە سەرەکییەکانی ژیان دەکەوین، تەنھا بەدووی ژیانی
کولەمەرگی و مەمرە و مەژییەوەین ، ھەرچی فکر و ھزری نوێ، ئاسۆی ڕونی
تێفکرین لەو کات و زەمەنەدا نە تەشەنە دەکات و زۆر بە دەگمەنیش
ڕێدەکەوێت فکرێکی نوێ کە جیابێت لەوەی کە پێی پەروەردە و گۆشکراوین،
سەرھەڵبدات.
لە شوێنێک جەنگ ھەبێت ، فکری ئەنارکیستیزم کە بەشداری دروستکردنی شۆڕشی
کۆمەڵایەتی دەکات، گرانە، بتروکێت. لە ھەر شوێنێک جەنگ ھەبێت تابوری
برسێتی بەڕێدەکات، ڕیزی خۆفرۆشان و بەکرێگیراوانی دەسەڵات زیاددەکات،
سەربەستی و ئازادییەکان کەمدەکات، مێشک و ھۆشی لێدوان و دیالۆگ و ئاشی
ژیانی ئاسایی لەگەڕدەخات ھەر بەم ھۆیانەشەوە، فکر و ئەزموونی ئەنارکیزم
نەک ھەر گەشە پێناکات بەڵکو ئەوەشی کە ھەیە لەباری دەبات.
چوارەم: کۆمەڵی ئێمە و کولتوور:
کۆمەڵی ئیمە پێکھاتەیەکی تێکەڵەیە لە کولتووری خێڵەکی و دینیانە، کە
بناخەی لەسەر ھەیکەلێکی ھیراشی ، قوچکەیی بنیاتنراوە و ئەو داب و
نەرێتەش کە ھەیە کە ھاوکات ڕەنگدانەوەی ھەیکەل و ئابورییەکەیەتی،
پارێزەرێکی چاکی ئەو شێوە ژیانەی کۆمەڵیشە.
لە شانەی یەکەمی کۆمەڵ-وە کە خێزانە تاکو دایەنگا و قوتابخانە و زانکۆ
و کارگە و شوێنە کشتیارییەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و بەشەکانی
دیکەی مەدەنی و عەسکەری تا دەگاتە لوتکەکەی کە پەڕلەمان و پیاوانی
حوکمڕان و کەسی سەرەکی سەرۆکی وڵاتن، ھەر ھەموو ئەمانە لەسەر یەک بناخە
دروستکراون کە ھیراشیییەتە. ھیراشییەتیش یانی بوونی پاشۆکۆیی، دیلیی
فکر و ئەندێشە، یانی ناسەربەخۆیی و نائازادی تاک ، یانی ھەر ھەموو
کەسێک لەبنی بنەوەی کۆمەڵ ، لە شانەی خوارەوەی کۆمەڵ تا دواکەسی، دەبێت
چاوەڕوانی سەروی خۆی بکات لە فرمان وەرگرتن، لە وەرگرتنی ئامۆژگاری ،
تەنانەت لەبیرکردنەوە لە کێشەیەک و گەڕان بەدوای چارەسەرەکەیشیدا.
کۆمەڵی ھیراشی بە یارمەتی کوڵتوور و داب و نەرێت، لەم کۆمەڵەد،ا بچوک
دەبێت ڕێز لە گەوەرە بگرێت، ڕیزەکانی خوارەوە گوێ لەوانەی سەرەوەی
خۆیان بگرن، فەرمان لەوانەوە وەرگرن موبادەرە و داھێنان سەرنگوندەکرێن،
ئەندامانی حیزب و ئەوانەی کە لە خوارەوەن مشتە لەگوێ و ڕوو لەدەمی
سەرکردە دەبن. ئەم کۆمەڵە ھیراشییە کە ناوەندگەرایی لە ھەموو کون و
کەلەبەرێکی خودی کۆمەڵدا قوتکردۆتەوە ئیدی بچڕاندنی زنجیرەکانی ئەو
ناوەندگەرییە مەحاڵە ، ڕێکخستنەوەی کۆمەڵ لە شێوەیەکی نوێی ئاسۆییدا،
کارێکی نەک ھەر ئاسان و ئاسایی نیە بگرە شۆڕشی لە بواری پەروەردە و
ڕۆشنبیری و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا لە پاڵ شۆڕشی ئابوریدا، دەوێت.
شۆڕشی کۆمەڵایەتیش بێ لێدان لە پایە بەھیزەکانی ھەیکەلە ھەرەمییەکان،
دابونەرێتە ڕزیوەکان، وتە و فۆرمیلە کۆنە لەکارکەوتووەکانی ناو کۆمەڵ ،
ئەنجامدانی کارێکی ئەستەمە.
لە کۆمەڵی ھەرەمیدا، نە تاک ڕۆڵی ھەیە و نە متمانەشی بەخۆی ھەیە لە
ژینگەیەکی فرە حیزبی ، فرە کوێخایی، ژنکوژی، کولتووری خێڵ و دین کە ھەر
لە سەرەتاوە لە بری ئەوەی تاک خۆی خۆی دروستبکات، لەبری ئەوەی خۆی
فکربکاتەوە ، لەبری ئەوەی خۆی بڕیارەکان بۆ خۆی بدات و بەدەم
چارەسەرەکانی کێشەکانییەوە، بچێت ، کەچی تاکی کۆمەڵی ئێمە دروستدەکرێت،
فکری دەرخوارد دەدرێت، بڕیاری بۆ دەدرێت، چارەسەری کێشەکانیشی بێ
بەشداریکردنی ئەو و بێ ئارەزووی ئەو ،دەکرێت، لە ژینگەیەکی ئاوادا کە
تاک سەربەست نەبێت، فکریشی بۆ نایەت، ھزرێکی نوێ لای ئەو پەیدا نابێت،
گەر بشبێت زەمینەی گەشەکردنی نابێت.
٩\٦\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|