په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٢\٢٠٢٥

ئایا بزووتنەوەی کرێکاران

بزووتنەوەی سۆشیالیستی/ ئەنارکستییە؟


زاھیر باھیر       


سۆشیالیستە دەسەڵاتخوەازەکان و کۆمۆنیستەکان تا ڕادەیەکیش هەندێك لە ئەنارکستەکان وا دەزانن ئەم دوو بزوتنەوەیە یەکن و یەك ئامانجیان هەیە . من لەم وتارەدا دەمەوێت ئەو جیاوازییە بەیان بکەم و ئەو جۆرە تێگەیشتنە روونبکەمەوە. ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە هێزی کرێکاران کە شەرەیانی ئابووری وڵاتیان بەدەستەوەیە فەرامۆش بکرێت، نا ، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە شۆڕشی سۆشیالیستی/ ئەنارکستی بە بێ بەشداریکردنی چینی کرێکاران و ڕۆڵە گەورەکەیان هەرگیز ڕوونادات.
من لێرەدا دەمەوێت بڵێم دەکرێت ئەوە بزانین کە کرێکاران، لە جەوهەردا، (پۆتێنشەڵی) بەو واتایەی کە دەخوازرێت و داوایان لێدەکرێت شۆڕشگێڕ نین. بزوتنەوەی کرێکاران بزوتنەوەیەکی نقابییە سەراپای داخوازیییەکانیان لە واقیعی چەوساندنەوەی خۆیانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوان هۆڵیدەی زیاتر، کرێی زیاتر و سەلامەتی باشتری سەر کار، مافی دروسکردنی سەندیکا، کورتکردنەوەی کاتژمێری سەر کار، باشترکردنی ژیانیان، هەلومەرجی باشتری سەر کار و مۆڵەتی زیاتر و هەندێك مافی خێزانی دیکە، کرێکاران ئەمانەیان دەوێت و خەباتی بۆ دەکەن. زیاترین داخوازییان بەشداریکردنیانە لە ئیدارەی کارگە و کۆمپانیاکاندا و دەستکەوتنی پشکە. بەواتایەکی دیکە کار لەسەر ڕتوشکردن و ڕیفۆرمکردنی سیستەمی سەرمایەداری و مانەوەی دەکەن، ئەمە بارودۆخی کرێکاران بووە لە کۆن و ئێستاشدا. بێ گومان لە ئێستادا ئەم بارودۆخە باشتر دەبینین بە تایبەت توێژاڵێکی کرێکاری ئۆرۆستۆقراتی لەناو کرێکراندا دروست بووە کە کرێکارانی پیشەسازییە گرنگەکان و تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانن.
تا ئێستاش خەباتی کرێکاران خەباتی ئابووریانەیە نەك سیاسیانە، خەباتی نقابیانەیە نەك حیزبییانە، دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت نییە، بەڵکو خۆگونجاندن و ڕەواییبوونی خۆیەتی لە سای سیستەمەکەدا بەڵام بە ژیانێکی باشترەوە. کرێکاران دەتوانن حکومەتەکان، دەوڵەتەکان لە ماوەیەکی کەمدا بگۆڕن بەڵام ناتوانن و کاری ئەوانیش نییە کە هەرەس بە سیستەمەکە بهێنن و بیگۆڕن .
بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی/ سۆشیالیزمی/ ئەنارکستی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاراندا زۆر جیاوازن. ئەمان لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و سیستەمی سەرمایەداریدان، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی.
توخم و حیزبە کۆمۆنیستەکان/ سۆشیالیستە دەسەڵاتخوازەکان خۆیان باش دەزانن کە کرێکاران شۆڕشگێر نین بە واتای لەناوبردنی سیستەمەکە و دامەزراندنی سۆشیالیزم/ کۆمۆنیزم، هەر بەو هۆکارەشە ئەوان خۆیان بە دینەمۆی شۆڕش دەزانن و لە هەوڵی گواستنەوەی هۆشیاری سیاسی و شۆڕشگێڕانەدان بۆ ناویان . چونکە ئەمان تەواو پێجەوانەی ئەوان، کرێکاران، بیر دەکەنەوە بە گرتنەدەستی دەسەلات، گوایە ئەمان ڕیفۆرمیان ناوێت و لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتەوە دەتوانن کۆمەڵ بەرەو کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناپلەبەندیی ببەن.
ئەمان بارودۆخی کرێکاران باش دەزانن کە شادەماری ئابووری وڵاتیان لە دەستدایە و دەتوانن ژیان بوەستێنن، قازانج ڕاگرن، دەوڵەت و سسیستەمەکەی سست بکەن، ئەمانیش دەیانکەنە پەیژەیەك بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات هەر وەکو چۆن پێشتر کردویانە و ڕووی داوە.
ئەوەی لای من ڕوونە: یەك: کرێکاران هۆشیاری چینایەتییان هەیە چونکە هەن، بوونی هەر کەس و هەر زیندەوەر و گیانلەبەر و هەر لایەنێك بوونی هۆشیاریش بە گوێرەی ئەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژین لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، هۆشیاریش بە مەبەستی پاراستن لە خۆ و مانەوە و بژێوییان و خوودبەرژەوەندییە. دوو: وەکو لەسەرەوە وتم شۆڕش هەرگیز نابێت گەر کرێکاران بەشداری نەکەن و قوفڵ لە بەرهەمهێنانی زیاتر و قازانجی زیاتر نەدەن. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئەوان دەتوانن یا دەیانەوێت سیستەمەکە، سیستەمی کاری کرێگرتە هەڵوەشێننەوە، ئەوە کاری ئەوان نییە و بەدەرە لە ئەجەندەی خەباتکردنیان. سێ: ئەوەش دەزانم لە ڕووی مێژووییەوە زۆرێك لە بزووتنەوە سۆسیالیستیەکان، پارتەکان لە ڕێکخستنەکانی چینی کرێکارەوە گەشەیان کردووە و هەر بەهۆی ئەوانییشەوە چینی کرێکاران ئاشنا بوون بە سۆشیالیزم و ئایدیاکە و لە نێویاندا تەشەنەی کردووە.
لە مێژوودا گەلێك ڕاپەڕین و ڕووداو دەبینین کە بە دڵنیاییەوە کرێکاران تێیاندا بەشداری گرنگیان کردووە، ئەمانەش بوونەتە نموونەیەك کە هەمیشە سۆشیالیست و کۆمۆنیستی دەسەڵاتخواز و بڕێك لە ئەنارکستەکانیش ئاماژەی پێدەدەن و دەیکەنە بەڵگە کە گوایە ڕاپەڕین و شۆڕشەکان کە بوون، ئەوە دەسەلمێنن کە بزوتنەوەی کرێکاران و بزوتنەوەی سۆشیالیستی یەك شتن شۆڕش شۆڕشی کرێکارییە. نکوڵی ناکرێت ئەمە ڕای کارل مارکس-یش بووە هەر ئەو هۆکارەش بووە کە ئەو دڵی بە قۆناخی سەرمایەداری و پێشەوەچوونی تەکنەلۆجیا خۆش بووە کە دەبێتە هۆی زیادکردنی ژمارەی کرێکارانی پیشەسازی و هەر ئاواش دەبنە دینەمۆی شۆڕش چونکە لە ڕووی جۆرێتیشەوە[ نەوعییەت] دەگۆڕێن، ئەو دەسەڵاتەشی کە دروستی دەکەن دەوڵەتی دیکتاتۆرییەتی پڕۆلیتاریایە.
من بە پێویستی دەزانم بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەم نموونە گرنگەکانی بزوتنەوە کرێکارییەکان کە لە کۆتایی چەرخی نۆزدە و سەرەتای چەرخی بیستدا ڕوویان داوە بهێنمەوە. لێرەدا پەنا بۆ هەندێك ئامار دەبەم لە ڕونکردنەوە و گەیاندنی مەبەستەکەم سەبارەت بە ژمارەی کرێکارانی ئەو وڵاتانە و ئەندام و لایەنگرانیان بۆ ڕێکخراو و پارتەکانی ئەو سەردەمە.


یەك: کۆموونی پاریس.


کۆموونی پاریس لە ساڵی ١٨٧١ روویدا و بۆ ماوەیەی ٧٢ ڕۆژ دەوامی کرد. لەم ماوەیەدا زۆرێك لە بڕیار و دامەزراوە سەرمایەدارییەکانیان هەڵوەشاندەوە وەك کارکردنی شەوانە، قەدەخەکردنی کارکردنی منداڵان، بەکارهێنانی خانووبەرە خراپەکان، کۆمەڵایەتیکردنی موڵك و ماڵ و گۆڕینی وەزارەتە کۆنەکان بە ١٠ کۆمیسیۆنی جێبەجێکردن کە هەر کۆمیسیۆنێك هاوشێوەی وەزارەتێك بوو لەگەڵ زۆر خاڵی گرنگتری دیکە. کرێکارە شۆڕشگێڕەکان بە زۆری لەژێر هەژموونی بلانکییەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکاندا بوون. ئەم ئەزموونە زۆر جار لەلایەن مارکسیستەکانەوە وەك یەکەم هەوڵی جددی چینی کرێکار بۆ لەناوبردنی سەرمایەداری ئاماژەی پێدەکرێت.
ئەو ئیدارەیەی کە لەوێ دروست بوو لەبەر ئەوەی تەنها ٧٢ ڕۆژ دەوامی کرد ئیدارەیەکی تەواوی کرێکاران نەبوو هەروەها بیرۆکراتیانەش نەبوو لەبەر ئەوەی کۆموون زۆر تەمەنی کورت بوو. دەسەڵاتی یاسادانان-جێبەجێکاری ئەنجومەنی کۆموون- بوو، کە لە ٢٦ی ئازاری ١٨٧١ هەڵبژێردرا. کۆی گشتی ئەندامانی هەڵبژێردراو ٩٢ ئەندام بوون بەڵام ژمارەی ئەوانەی کە لە ڕاستیدا خزمەتیان کردووە لە هەر کاتێکدا ٧٩ ئەندامی چالاك بوون. ژمارەی کرێکارانی نێو ئەنجوومەنەکە نزیکەی ٣٠- ٤٠ ئەندام بوون. ژمارەیەکی دیکەش لە مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و کارمەندان و دوکاندارە بچووکەکان گروپێکی تر بوون کە لە ئەنجوومەنەکاندا بەشداربوون. لە شانی ئەمانیشەوە پیشەییەکانی وەکو پارێزەران، پزیشکان کەمینەیەکی بچووک بوون زۆرینەیان پاشخانی چینی کرێکارییان یاخود چینی ناوەڕاستی خوارەوەیان هەبوو کە زۆرێکیان داهاتیان لەڕادەبەدەر کەم بوو.

ژمارەی دانیشتوانی ئەو کاتەی پاریس لە نێوانی ١.٨ بۆ ٢ ملیۆن بوون ، بەڵام شەڕ و برسێتی و دەرکردن زۆر کەمیکردنەوە . لەگەڵ ئەوەدا لایەنگرانی کرێکاران بۆ کۆمارییەکان/ جاکۆبینەکان کە (کۆمارییە سوورەکان)شیان پێدەوترا ٤٠٠ هەزار - ٥٠٠ هەزار کرێکار بوون. سۆسیالیستەکان، بلانکویستەکان (سۆسیالیستە شۆڕشگێڕەکان) خاوەنی ٢٠٠ هەزار - ٢٥٠ هەزار ئەندامی کرێکار بوون هاوکاتیش ئەندامانی نیونەتەوەیی یەکەم، کە بە ع ئای دەبڵی ئەیعش ناسرابوو، هەردووك لایەنی وەکو مارکسیستەکان و سەر بە پرۆدۆنییەکانیانی لەخۆگرتبوو. ئەمانیش لە پاریس لە ساڵی ١٨٧١ دا ٦٥ هەزار بۆ ٧٠ هەزار ئەندمیان هەبوو. کۆمۆنیست و مارکسیستەکان کەمینەیەکی بچووک بەڵام کاریگەر بوون. ئەنارکیستەکان لە ڕووی فیکرییەوە گرنگ و کاریگەر بوون بەتایبەت پرۆدۆنییەکان بەڵام لە ڕووی ژمارەییەوە باڵادەست نەبوون. بەشێکی زۆری کرێکارانی پاریس کۆماریی و چەپ و سۆسیالیست بوون، لەگەڵ هیچ پارتێکی ستراکتۆردا هاوتەریب نەبوون.

دوو: بزوتنەوەی چینی کرێکران و شۆڕشی بەلشەفیکەکان.


شۆڕشی بەلشەفی ڕووسیای ساڵی ١٩١٧ کە سۆڤێتات ( ئەنجوومەنی کرێکاران ) دامەزرا و دەست بەسەر کارگەکاندا گیرا و بوونە بەشێك لە بزوتنەوەی بەلشەفیکەکان. هۆکارەکەش ئەوە بوو کە پارتی بەلشەفەیك لایەنگر و ئەندام و چالاکوانێکی زۆریان لە ناو کرێکاراندا هەبوو ئەمەش وای کرد کە لەلایەن زۆرێك لە کرێکارانەوە پشتیوانی لێبکرێت بۆ ڕوخاندنی حکومەتی کاتی ئیدی خاوەندارێتی تایبەتی پیشەسازی گەورە کۆتایی هات، هەمووی بووە موڵکی دەوڵەت.
با سەرنجێك لە ئامارەکان بدەین سەبارەت بە ژمارەی کرێکاران لە روسیا و بەشداریکردنی سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لە شۆڕشی ١٩١٧ دەدا.
قەبارەی چینی کرێکارانی ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧دا نزیکەی ٣ ملیۆن کرێکاری پیشەسازی بوو. بە کرێکارانی گواستنەوە و بیناسازی و جۆرەکانی دیکەی کرێکاران، ژمارەکە هەڵدەکشێت بۆ ٤.٥ بۆ ٥ ملیۆن. بەڵام پرۆلیتاریای پیشەسازی کە مارکسیستەکان مەبەستیانە لە چینی کرێکار، لە دەوروبەری ٣ ملیۆندا بوو.
هاوکاتیش لایەنگرانی پارتی بەلشەفی لە ناویاندا ٤٠-٦٠% بووە، خودی پارتەکەش خاوەنی١٥٠ هەزار بۆ ٢٠٠ هەزار ئەندامی کرێکاری بووە لەکۆی ٣٥٠ هەزار ئەندام . ئەمە تا ئۆکتۆبەری ١٩١٧. مەنشەفیکەکان بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ بۆ لە سەدا ٢٠ ئەندامی کرێکارییان هەبووە. بێ گوومان پارت و ڕێکخراوی تریش هەبوون ئەوانیش ئەندامی کرێکارییان هەبووە . ئەنارکستەکانیش بە بڕی لە سەدا ٥ کرێکاری پیشەسازی و کرێکارانی دیکەش کە زۆرترین چالاکییان لە پترۆگراد کرۆنشتاد و ئۆکرانیا بووە کە لایەنگریان بوون مەزەندەکراوە بە لە ٥%ی کرێکاران.
ئەمەی کە ڕووی دا لە لە ڕوسیادا ڕووداوێکی مێژووییە کە حیزبی بەلشەفی توانی بزووتنەوەی چینی کرێکاران و جەماوەری ڕووسی بەکاربهێنێت و بەهۆیانەوە بگاتە پایەی دەوڵەت.


سێ: شۆڕشی ئەڵمانیای ١٩١٨-١٩١٩.


لەو شۆڕشەدا ئەنجومەنی شۆڕشگێڕی کرێکاران لە سەرانسەری ئەڵمانیا دروست بوو کە ئامانجیان گۆڕینی سەرمایەداری بە کۆمارییەکی ئەنجومەن («رäتەرەپوبلک») بوو، بەتایبەت لە هەندێك ناوچەی وەك باڤاریا کۆماری سۆسیالیستییان ڕاگەیاندو ئامانجیان ڕوخاندنی سەرمایەداری بوو بەڵام هەر زوو شکستی هێنا.
ژمارەی کرێکارانی ئەڵمانیای ئەو کاتە کە زۆر لە ڕووسیا پیشەسازیتر بوو نزیکەی ١٢ بۆ ١٤ ملیۆن بوو کە زۆرێكیان دابەش بووبوون بەسەر سۆشیالدیمۆکرات کە گەورەترین ڕێکخراوی کرێکاران بوو، پارتی سۆشیالدیمۆکرت-ی نوێ و یەك دوو ڕێكخراوی تر کە نزیەکەی ٦ بۆ ٨ ملییۆن کرێکار لایەنگرانی ئەم پارت و ڕێکخراوانە بوون. ئەنارکستەکانیش کە وەکو ڕوسیا و ئیسپانیا بەهێز نەبوون کرێکارانی لایەنگری ئەمان لە ٥٠ هەزار بۆ ١٥٠ هەزار کرێکار بوون.


چوار: شۆڕشی ئیسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٧.


توخم و لایەن شۆڕشگێڕەکانی ئەم شۆڕشە(جنت-فائ)ەکێتییە ئەنارکۆ-سندیکالیستەکانئێإ ئەی ئای- لە ساڵی ١٩٢٧ لە ئیسپانیا دروستبوون زۆر نزیك بوون لە سی ئێن تی یەوە هەروەها نقابەی گشتی کرێکاران کە لە ساڵی ١٨٨٨ دروست بوو(ئوگت) (. ئەمان ئامانجیان هەڵوەشاندنەوەی سەرمایەداری و دەوڵەت بوو ئەوەندەشی بۆیان کرا کارگە و کێڵگە و وەسیلەکانی هاتووچۆ و گواستنەوەیان بەکۆمەڵ کرد. لەم شۆڕشەدا ئاشکرایە کە ئەنارکستەکان و توخمە سۆشیالیستەکانی دژە دەوڵەت و دەسەڵات ڕۆلی هەرە گەورەیان هەبوو کە بەشێکی زۆری کەتەلۆنیا و ئەراگۆن لە ژێر کۆنترۆڵی و ئەواندا بوو. ئەمە گەورەترین هەوڵی چینی کرێکارە ئەنارکیستییەکان بوو بۆ لەناوبرددنی سەرمایەداری لەو شوێنانەی کە سەرکەوتنیان تێدا بەدەست هێنابوو، بەڵام بەداخەوە لە لایەن هێزی یەکگرتووی فرانکۆ و ململانێی ناوخۆیی و شەڕەوە شۆڕشەکە شکستی هێنا.
قەبارەی چینی کرێکاریکارانی ئیسپانی ١٩٣٦-١٩٣٧ کە کەمتر پیشەسازی بوو بەراورد بە ئەڵمانیا و بەریتانیا ژمارەیان لە نێوانی ٢.٨ بۆ ٣.٢ ملیۆن کرێکار بوون. هەروەها بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی کرێکاری گوندنشین بوون کە بە کرێ کاریان دەکرد و جوتیارانی بێ زەوی بوون. ژمارەی هەر هەموویان دەچووە ٥.٥ بۆ ٦ ملیۆن کرێکار.
ئەندامانی سی ئێن تی لەناو کرێکاراندا لە نێوانی ١.٥ ملیۆن بۆ ٢ ملیۆن بوو واتە بەڕێژەی سەدی لە سەدا ٧٠ بۆ ٨٠ی کرێکاران بوون. هەروەها لایەنگرانیشیان زۆر بوو کە بەوان و ئەندامەکانەوە ژمارەیان لە نێوانی ٢.٥ بۆ ٣ ملیۆن کرێکار بوون بە تایبەت لە کەتەلۆنیا و بەرشەلۆنا و ئاراگۆن و بەشێكیش لە مەدرید.
گەورەترین گروپی شۆڕشگێڕ لە نێو چینی کرێکاراندافائ (فیدراسیۆنی ئەنارکیستی) بوون کە ٧٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار چەکداری هەبوو کە نزیکەی هەموویان کرێکار بوون.

پێنج: سۆڤێتاتەکانی ١٩١٩ ی هەنگاریا.


لە هەنگاریا لە ساڵی ١٩١٩ دا ئەنجوومەنی کرێکاران لەسەر دەستی حزبە سۆسیالیستی و کۆمۆنیستەکاندا دامەزرا کە ئامانجیان ڕووخاندنی سەرمایەداری و دروستکردنی کۆمارێکی سۆسیالیستی بوو. ئەمەش دروست بوو بەڵام تەنها ١٣٣ ڕۆژ دەوامی کرد دواتر لەلایەن هێزەکانی ڕۆمانیا و هێزی ناوخۆوە تێشکا.
قەبارەی چینی کرێکارانی هەنگاریا لە ساڵی ١٩١٩دا دوای جەنگی جیهانی یەکەم و داڕمانی نەمسا، کە بۆ ماوەیەکیش مەرجەرستانیان پێ دەوت، بەشە پیشەسازییییەکەی لە شارەکان ژمارەیان ٨٠٠ هەزار بۆ ١ ملیۆن بوو . هەنگاریای ئەو کاتە هێشتا لە ڕووی کشتوکاڵییەوە باڵادەست بوو. ئەو کرێکارانەی کە لە کشتوکاڵ و کێڵگەی جوتیارانی بێ زەوی، کاریان دەکرد ژمارەیان ١.٥ - ٢ ملیۆن بوون. سیاسەتی زاڵ لەوێ سیاسەتی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان بوو، ئەنارکستەکان کەم و ناڕێکخراو بوون لەوێ.

کرێکارەکان بەسەر کۆمۆنیستەکان و سۆشیالدیمۆکراتەکاندا دابەش بووبوون لە سەرەتای ساڵی ١٩١٩ دا پارتی سۆشیالدیمۆکرات ٥٠٠ هەزار بۆ ٦٠٠ هەزار ئەندامی هەبوو، بە کرێکاران و جوتیارانی بێ زەوییەوە هەر هەمووی دەچووە ٨٠٠ هەزار بۆ ١ ملیۆن ئەندام.
هەرچیش پارتی کۆمۆنیستی هەنگاریا بوو لە ساڵی ١٩١٨ دامەزرا، لە ئازاری ١٩١٩دا بە فەرمی ٣٠ هەزار بۆ ٥٠ هەزار ئەندامی هەبوو بەڵام لەگەڵ کەمی ئەندامەکانیدا کاریگەری زۆری هەبوو. ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە لایەنگریان بوون ١٠٠ هەزار بۆ ١٥٠ هەرزار کرێکار بوون.

ئەنجامگیریی.

لەم نموونانەی سەرەوە بە گوێرەی ئەو ئامارانە ئەوە دەردەکەێت کە ڕێکخراو و پارتی سۆشیالدیمۆکرات و پارتی بەلشەفی و سۆشیالیستەکان و نقابەکان و ئەنارکستەکان پێگەیەکی زۆر کارا و فراوانیان لەناو کرێکاراندا هەبووە. ئاشکراشە کە ئەم پێگە و هێزە زۆرە لەناو چالاکییەکان و بزوتنەوەکانی ئەو لایەنانەدا ڕەنگی داوەتەوە و زۆر بەهێز بوون بۆیە توانیویانە هەژموونێکی گەورەیان لەسەر کرێکاران هەبێت. بە ئاماژەکردن بەو ئامارانەی سەرەوە لە هەندێك وڵاتدا کرێکاران و ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکان وا ئاوێتە بووبوون کرێکاران پارتەکان بوون و پارتەکانیش کرێکاران بوون. ئەمەش ئاوای کردووە کە بزوتنەوەی کرێکارانی ئەو سەردەمە لە هەموو ئەو نمونانەی کە لە سەرەوە هێنامنەوە پاشکۆ و وابەستەی ئەو ڕێکخراو و پارتانە بوون کە لە سەرەوە ناونوسم کردون و بارگاوی بووبوون بە ئایدیا و پرنسپڵەکانی سۆشیالیزم و ئەنارکیزمیش تاڕادەیەك لە هەندێك شوێندا.

ئەی لە ئێستادا؟ ئەوەمان کە تۆزێك بە ئاگا بین یاخود کرێکار بین دەزانین کە کرێکاران و بزوتنەوەکەیان ئەوەند لاوازە کە تەنانەت ناتوانن بەرگری لەوانەش بکەن کە لە دوای ناوەڕاستی چەرخی پێشوودا بەدەستهێنراون. ئیتر دەبێت قسە لەسەر داڕمانی سیستەم و هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە چۆن بکەن ؟ ئاسان نەنەبوو کە ئامارێکی متمانەپێکرا و ڕونم دەستبکەوێت بۆ زانینی ژمارەی کرێکارە سۆشیالیست و کۆمۆنیست و ئەنارکستەکان لەناو ڕیزەکانی کرێکاران لەو وڵاتانەی کە ناوم لە سەرەوە هێنان بەڵام ئەوەی کە لەناو کڕیکارانی ئێستادا دەیبینین بە دەگمەن کەسانی هەڵگری ئایدیای سۆشیالیستی یا ئەنارکسستی لە ناو ڕیزەکانیدا بەرچاو دەکەوێت.

دەتوانین بڵێین بیناکردنی کۆمەڵی سۆشیالیستی لای خودی کرێکارانی ئێستا خەوە و لای ئەوانەشمان کە وادەزانین کە ئەوە ئەرك و وەزیفەی کرێکارانە خەیاڵە.

 

کانونی یەکەمی ٢٠٢٥

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک