په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٢\٢٠١٧

ئایا بۆرژوازیەت لە رێگەی ھێزی چەکدارییەوە دەڕووخێندرێ یان پێی بەھێز دەکرێ؟

تاهیر حەسەن     


مارکس کۆی شرۆڤە سیاسی و ئابوریەکانی تەواو واقعیانە داوەتە بەر لێکۆڵینەوەی زانستیانەو دوور لەیۆتۆپیایەک کەلەخەون و خەیاڵەوە بۆی چوبێت و دایھێنابێت.

لەکاتێکدا بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەڵێت؛ئەو سیستەمە بەدەستی خۆی گۆڕ ھەڵکەنی بۆخۆی دروست کردوە،یانی چینی پرۆلیتاریا. دیارە ئەوەیشی کەسیستەمی سەرمایەداری بەئاگای بێت یان بەنائاگای،لەوەی چۆن و بۆچی گۆڕ ھەڵکەنی خۆی دروست دەکات. ھیچ کات واقعی نیە،ھێندەی ئەوەی گەر خودی سیستەمەکە وانەبێت،ئەوا ناتوانرێت جیاوازتر ببینرێتەوە لەچاو سیستەمی کۆیلایەتی و سیستەمی دەرەبەگایەتی. بۆرژوازیەت وەک چینێکی خاوەن دەسەڵاتدارو خاوەن دەوڵەت و لەیەک ووشەدا،دەست بەسەرا گەری کۆی ئابوری وئامرازەکانی بەرھەمھێنان بۆ ژێر چنگی خۆی. ئەوا ھەر لەو ڕێگەیەیشیەوە،بۆ گەشەکردن و بردنەپێشی بازاڕو پیشەسازی و بەرھەمھێنان و زیاد کردنی سەرمایە،ھەمیشە پێویستی بەبونی زێدەبەھا ھەیە،کەئەویش لەڕێگەی چەوساندنەوەی چینی بەرھەمھێنەران و خودی ململانێی نێوان بازاڕەکانەوە بۆ ساغ کردنەوەی کاڵا بەرھەم ھاتوەکان،وەدەست دەخات. لەم نێوەدا،ئەم چینە بۆرژوا خاوەن سەرمایەدارانە،لەنێو خودی خۆیشیاندا پێک نایەن و ھەمیشەو بەردەوام لەنێو ململانێ و دژایەتی و جەنگدان لەدژی یەکتری. گەر چینی بۆرژوازی بۆ پاراستنی خۆی و بونیادە چەوسێنەرەکەی نەبێت،ئەوکات نەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی دەوڵەت وئەو دامودەزگایانەی کەدەوڵەت ڕاگیر دەکەن،وەنەدەستی دەبرد بۆ دروست کردنی کارگەی چەک دروست کردن بەگشت جۆرو چۆنیەتیەکانیەوە.

وەک وتم جەنگ وەک بەشێک لەماھیەتی سیستەمی چینە چەوسێنەرەکان دەبێت ببینرێت،نەک وەک خواست و ئامانجی زۆرینەی ئەو چینەی کەلەڕێی چینی دەسەڵاتدارەوە دەچەوسێنرێتەوە،بۆیە جەنگەکان و ھەڵسوڕێنەرانی دەتوانین تەنھا یەک شوناسیان پێ بدەین،ئەویش جەنگ تەنھا خواست و ئامانجی چینە چەوسێنەرە دەسەڵاتدارەکان بوە،نەک خواست و ئامانجی چینە چەوساوەکان. بۆیە ڕزگار بونی چینی کرێکارو گشت بەرەی ڕەنجدەرو زەحمەتکێش تەنھا لەڕێی ھاتنەمەیدانی شۆڕشگێڕانەوە دەتوانێت سەرکەوتن بەدەست بھێنێت نەک لەڕێی ھێزی چەکداریەوە.

خودی دەوڵەتانی بۆرژوازی لەم سەرەمەدا،ھیچ کات باکیان بەشەڕی چەکداری نیە،بەڵکو زۆریشیان پێ خۆشە،چونکە ئەوان لەڕێی شەڕی چەکداریەوە تەواو تێک ناشکێنرێن،بەڵکو دەتوانن لاواز ببن،بەپێچەوانەوە،لەڕێی شەڕی چەکداریەوە دژی دەوڵەتانی بۆرژوازی،ئەوەی زەڕەرمەند دەبێت خودی چینە بەرھەمھێنەرەکانن،چونکە لەو ڕێگایانەوە،بێ کاری زیاد دەبێت و بەرھەمھێنان بەرەو داکشان دەڕوات،عێراقی دەورەی ڕژێمی بەعس نمونەیەکە لەسەدان نمونە،چەندین ساڵ ھێزی چەکداری بزوتنەوەی کوردایەتی بونی ھەبو،کەچی بەھیچ شێوەیەک نەیتوانی زەرەرێکی والەو ڕژێمە بدات کەناچاری بکات تەسلیمی ببێت،بەپێچەوانەوە،ڕژێمی بەعس ھێندەیتر دڕوھارتر بو بۆسەر گیانی خەڵکی سیڤیل و شۆڕشگێڕی کورد زمان. دواتر لەنێو ئەو شێوە بزوتنەوە چەکداریانەیشدا،لێکپچڕانی زیاتری نێوان قڵشتی چینایەتی دروست دەبێت. ڕژێمی بەعس دوای ھیلاک بونی لەجەنگی ھەشت ساڵەیدا لەبەرانبەر دەوڵەتی ئاخوندەکانی ئێرانداو دواجار بەناچاری پەلاماردانی کوێت و داگیر کردنی،بوە ئەو ھۆکارو دەرئەنجامەی کەھەلی دابەدەست ئیمپریالیزمی ئەمریکی و لەڕێی جەنگی کاول کاریانەوە،ھەم لەلایەک مەدی شۆڕشگێڕی خەڵکی عێراقیان تێک شکاندو ھەم لەلایەکیترەوە خودی ڕژێمیشیان ڕوخاند،ڕوخاندنێک نەک لەپێناو چونەسەری مەدی ھۆشیاری سیاسی چینایەتی چینی زەحمەتکێش و بەرھەمھێنەر،بەڵکو ڕوخاندنێک لەپێناو سەپاندنی ھێزوھەیمەنتی ھێز لەڕێگەی جەنگ و ئامرازەکانی جەنگەوە. ئەو چەمکە،بۆیە لەلایەن خودی چینی سەرمایەداریەوە بەردەوام وەک بونی ھەناسەدانیان درێژەی پێدەدەن و کۆی زانستی بەدەست ھاتو دەخەنە ئەو پێناوە،تابەکۆمەڵگەکان و خودی چینی بەرھەمھێنەری کۆمەڵگە بڵێت،گەر ھەرکەس و چینێک خاوەنی چەک نەبێت ئەوا ناتوانێت دەست ببات بۆ ڕوخانی ھیچ دەوڵەتێک،بەڵام لەڕاستیدا وانیەو ئەو فەلسەفەیە تەنھا چەواشەکارانەیەو گەر خودی چینی کرێکاری بەرھەمھێنەرو ئەو ملیۆنان لەکرێ وەرگرانە،دەست ببەن بۆ وەستاندنی چەرخەکانی بەرھەمھێنان،ئەوا،ھیچ چەکێکی مرۆڤ کوژ فریای خودی خاوەنەکەیشی ناکەوێت.


بۆرژوازیەت تەنھا لەھاتنەمەیدانی سیاسیانەی سەرشەقام و وەستانی کارگەران دەترسێت کاتێک بەشێوازی ڕێکخراوبونی خۆیان ودەست دەکەن بەمانگرتن و بەرھەمھێنان و کۆی چالاکیەکان دەوەستێنن،کەگەر ئەو چینە نەبێت بەبۆرژواکان ھەڵناسوڕێت.

دەست بردن بۆجێگا ھەستیارەکان خاوەن دەوڵەتە چەوسێنەرەکان دێنێتە لەرزین،نەک پەنابردن بۆ دروست کردنی ھێزی چەکدارو ڕوبەڕوبونەوەی چەکداریانە. دیارە ئەوە ڕونە کەدەوڵەتانی بۆرژوازی ھەروا بەئارەزوی خۆیان دەست لەدەوڵەت داریەکانیان ھەڵناگرن،بەڵام پێم وانیە لەڕێگەی چەکداریشەوە بتوانرێت بڕوخێنرێن.

بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ڕژانە سەرشەقامەکان و ڕێکخراوبونی ھێزی چینایەتی بەبونی پارتی شۆڕشگێڕی سەربەو چینە،بۆیەک جار ھاتنە مەیدانی،دەیان ھێندەی ساڵانێک دەبێت کەبەھێزی چەکداری ڕوبەڕوی دەوڵەت ببێتەوە.

ئێستا پارتی و یەکێتی کەخاوەنی حکومەت و دەسەڵاتن،بەو بارە لاوازەی خۆیشیانەوە،زۆریان پێ باشترە کەھێزێکی چەکداری نەیاریان ھەبێت و شەڕی سەنگەر بەسەنگەریان لەگەڵ بکات،بەڵام نەک ھێزێک و خرۆشانێکی جەماوەری سەرتاسەری خاوەن یەک ھەڵوێست بینن کەلەشەقامدا لەمەیدان و خەباتدا بن لەدژیان. ئەوان بەرگەی ئەوی یەکەمیان دەگرن،بەڵام ناتوانن بۆماوەی مانگێک بەرگەی ھاتنە مەیدانێکی سەرتاسەری جەماوەری بگرن. جائەو نمونەیە دەکرێت بگونجێت بۆ ھەردەوڵەتێک کەچەندێکیش دڕندەو داپڵۆسێنەربێت. دەڵێت کاتێک زۆر ھات قەواڵە بەتاڵە،ئەو وتەیە،بۆ خاوەنانی دەوڵەتی چەوسێنەرانیش ھەر ڕاست دەبێت،کاتێک زۆرینەی کۆمەڵگە ھاتنە مەیدان و دەستیان برد بۆبەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی ئیتر ئەو چینە دەسەڵاتدارە ھەربەناچارانە ناچار دەبێت واز لەدەسەڵات بھێنێت،بەتایبەتیش لەوکاتانەی کەھێزی سوپاو پۆلیس دەچنە پاڵ جەماوەری شۆڕشگێڕەوە.

مێژوو زۆر نمونەی وای تێدایە. شۆڕشی کۆمۆنەی پاریسی ساڵی ١٨٧١بۆخۆی بەئەزمونترین و پڕ لەواقعێانەترین شێوازی شۆڕشگێڕانەو بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی بوو لەدژی دەسەڵاتدارانی چەوسێنەر. دواتر شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ و ئێستایش لەم سەدەیەدا،گەرچی سیستەمی زلھێزانی سەرمایەداری خاوەنی داھێنانی زۆرن لەچەکی کۆکوژو وێران کەردا،بەڵام گەر مرۆڤایەتی وابزانێت کەئەو زلھێزانە و بەرھەمھێنەرانی چەک لەڕێی ھێزی چەکداریەوە دەڕوخێنرێن،ئەوا من بڕوام بەکارێکی وانیەو دەتوانم بەیەقینەوە بڵێم کەدەوڵەتانی زلھێزی سەرمایەداری و کۆی دەوڵەتانی دیکەی سەرکوت گەری بۆرژوازی،تەنھا و تەنھا لەڕێی بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیەوە دەتوانرێن بڕوخێنرێن و دەسەڵاتی چەوسێنەرانەیان کۆتای پێ بھێنرێت.


٩\١٢\٢٠١٧
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک