ئایا بۆش پێش ئه‌وه‌ی کۆشکی سپی جێبهێڵێت جه‌نگی سێیه‌میش به‌رپاده‌کات؟
هه‌ورامان عه‌لی ماوه‌ی زیاتر له سه‌ده‌یه‌که خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ده‌ست جه‌نگ و نائارامیه‌کانه‌وه ده‌ناڵێنێت. ولاته ئیمپریالیسته‌کان هه‌ر قۆناغه‌ی به ناوێك و له‌ژێر په‌رده‌ی مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری‌دا پرۆژه‌کانی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌م ناوچه گرنگه‌ی جیهاندا ده‌سه‌پێنن . له پاش کۆتایهاتنی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی و داڕوخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی، ناوچه‌که دابه‌شکرا به‌سه‌ر سه‌رکه‌وتوانی جه‌نگدا، ئه‌وکات تازه نه‌وت له‌م ناوچه‌یه دۆزرابوویه‌وه، دابینکردنی نه‌وت بۆ کۆمپانیا ده‌وله‌تییه‌کانی ولاتانی خۆرئاوا ڕۆڵی سه‌ره‌کی له دیاریکردنی شکڵ و شێوه‌ی جوگرافیای سیاسی ناوچه‌که‌دا بینی. له خۆرهه‌لاتی نیوه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا به‌پێی په‌یماننامه‌ی سایس- بیکۆ، هه‌ر چه‌ند چاله نه‌وتێکیان جیاکرده‌وه و شێخێکیان وه‌ک پاسه‌وان به‌سه‌ریانه‌وه دانا و ناوی ده‌وله‌تیان لێ نا. ده‌وله‌ته ئیمپریالیستییه‌کان له‌لایه‌ك وه‌ك بازارێکی گه‌وره‌ی ساخکردنه‌وه‌ی کالاکانیان و له‌لایه‌کی تریشه‌وه وه‌ك ناوچه‌یه‌کی ستراتیژی که‌ره‌سه‌ی خاوی پیشه‌سازیه‌کانیان چاو له‌م ناوچه‌یه ده‌که‌ن.
سنوره جوگرافییه‌کانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راست، هیچکامیان نه‌ك هه‌ر سنوری نۆرماڵ و سروشتی نین، به‌ڵکو رێك پێچه‌وانه‌ی خواست و ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی ناوچه‌که دروستکراون . ئامانجی یه‌که‌می ئه‌م دابه‌شکردنه، بۆ ئه‌وه بوو ئاسانتر بتوانرێت دانیشتوانه‌که‌یان کۆنتڕۆڵ بکرێن. سیاسه‌تی فه‌ڕمی به‌ریتانیا که ڕۆڵی سه‌ره‌کی له دابه‌شکردنی ناوچه‌که‌دا هه‌بوو، سیاسه‌تی ( په‌رتکه و زاڵبه) بوو. تا جه‌نگی جیهانی دووه‌میش ده‌وله‌ته ئه‌وروپاییه‌کان ناوچه‌که‌یان خستبووه ژێر رکێفی سیاسی و ئابوری خۆیانه‌وه، پاش جه‌نگی جیهانی دووه‌م و دامه‌زراندنی ده‌وله‌تی ئیسرائیل، ئه‌مه‌ریکا بوو به یاریکه‌ری سه‌ره‌کی گۆره‌پانه‌که. ئیتر له‌و کاته‌وه ناوچه‌ی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، له به‌ر دوو هۆکاری سه‌ره‌کی به‌شێك له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریکا پێکده‌هێنێت :
یه‌که‌م : بونی نه‌وتێکی یه‌ده‌کی فراوان له ناوچه‌که‌دا، که ده‌توانرێت بوترێت شاده‌ماری پیشه‌سازی ئه‌مه‌ریکا؛ ئه‌مرۆ له‌سه‌رئه‌م نه‌وته وه‌ستاوه. دووه‌م : پاراستنی ئاسایش و بالاده‌ستی سه‌ربازی ده‌وله‌تی ئیسرائیل به‌سه‌ر ده‌وله‌تانی ناوچه‌که‌دا. به‌درێژایی نیو سه‌ده‌ی رابردوو، دابینکردنی نه‌وت و ئاسایشی ده‌وله‌تی ئیسرائیل له خۆهه‌لاتی ناوه‌راستدا، پایه بنه‌ره‌تیه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا بوون.
له دوای کۆتایی هاتنی جه‌نگی سارد، کێشمه‌کێشی روسیا و چین له‌لایه‌ك و ئه‌مه‌ریکا له‌لایه‌کی تره‌وه له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی جێپێی خۆیان له‌م ناوچه‌یه‌دا، له‌زۆر شکڵ و شێوه‌ی جیاوازدا ده‌بینرێت . ده‌مێکه کێشه‌ی به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌که‌ی ئێران، چوارچێوه‌یه‌که بۆ چوونه‌پێشی ئه‌و ململانێ و ناکۆکیانه‌ی ئه‌م ولاته زلهێزانه .
ئه‌مه‌ریکا هێزه‌کانی ناوچه‌که‌ی بۆ دوو هێزی ناکۆك و دژبه‌یه‌ك له ژێرناوی ( میانره‌و و تونره‌و) دابه‌شکردووه. ئه‌و هێز و ده‌وله‌تانه‌ی له بازنه‌ی هاریکاری سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ودا ده‌خولێنه‌وه، به هێزه میانره‌وه‌کان ده‌ناسێنێت و ئه‌و هێزانه‌ش له دژی سیاسه‌ته‌کانی وین له ناوچه‌که‌دا له‌وانه ئێران ، سوریا ، حیزب الله و حماسی فه‌له‌ستنی و.......به هێزی توندڕه‌و هه‌ژمار ده‌کات. ئێران وه‌ك لایه‌نێکی کێشه‌که به ئاشکرا ده‌ست له کاروباری ولاتانی ناوچه‌که وه‌رده‌دات ، به‌کرده‌وه له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راستدا رێگری بۆ چونه‌پێشی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مه‌ریکا دروست ده‌کات، ده‌ست تێوه‌ردانی سوپای پاسدارانی ئێران له کاروباری ناوخۆی عێراق و لوبنان و زۆر ولاتی تر به‌جۆرێکه، له کاتی چاره‌سه‌ری هه‌ر کێشه‌یه‌کدا راسته‌وخۆ ئێران لایه‌نێکی گفتوگۆکانه! هه‌ر بۆیه به‌بێ کلكوگۆێکردنی سیاسه‌ته‌کانی ئێران له ناوچه‌که‌دا، ئه‌مه‌ریکا ناتوانێت به‌رژه‌وه‌ندیه ستراتیژیه‌کانی خۆی مسۆگه‌ر بکات. ده‌مێکه سیناریۆی لێدانی ئێران له سه‌ر مێزی گفتوگۆی پنتاگۆن و کۆشکی سپی دانراوه. پێشهاته سیاسیه‌کانی چه‌ند مانگی رابردوو، ئاماژه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌لگیرسانی جه‌نگێکی نوێ له ناوچه‌که‌دا ده‌که‌ن، له‌وانه :
1 - بوژانه‌وه‌ی گفتوگۆکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل که له‌دوای مه‌رگی اسحاق رابین( 1922- 1995 ) سه‌رۆك شالیاری ده‌وله‌تی ئیسرائیل، که له 4 ی نۆڤه‌مبێری سالی 1995دا تیرۆر کراو یه‌کێك له ئاکامه‌کانی تیرۆری وی، به بنبه‌ست گه‌یشتنی گفتوگۆکانی سوریا و ئیسرائیل بوو. به بروای زۆرێك له چاودێره سیاسیه‌کان، ئاماجی گفتوگۆی ئه‌م جاره، تێکدانی هاوپه‌یمانیه‌تی سوریا و ئێرانه، تاکو له حاله‌تی هه‌لگیرسانی جه‌نگدا، کاریگه‌ری کاردانه‌وه‌ی ئێران له‌سه‌ر ده‌وله‌تی ئیسرائیل که‌م بکرێته‌وه. 2 – رێکه‌وتنی لایه‌نه ناکۆکه‌کانی نێو گۆره‌پانی سیاسی لوبنان و (هه‌لبژاردنی) سه‌رۆكکۆمار و پابه‌ندکردنی چه‌کداره‌کانی «حیزب‌الله» به سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی ئه‌و ولاته‌وه، که ئه‌م چه‌کدارانه کارتێکی گرنگن به ده‌ست سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه و له هه‌ر روبه‌روبونه‌وه‌یه‌کی نوێ‌دا ئێران به دلنیایه‌وه به‌کاریان ده‌هێنێت. 3 – هه‌ولدانی پەێگێرانە بۆ چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکیه‌کانی نێوان «حەماس» و ده‌سه‌لاتداریه‌تییه خۆجێیه‌که‌ی فه‌له‌ستینیه‌کان به رابه‌رایه‌تیکردنی رێکخراوی «فه‌تح» و به سه‌رکردایه‌تی «محمود عه‌باس» تا له کاتی هه‌لگیرسانی جه‌نگدا، ئێران که‌مترین توانای مانۆرکردنی سه‌ربازی له‌م به‌ره‌یه‌دا هه‌بێت. 4 – چاوپۆشیکردنی ئه‌مه‌ریکا له جموجولی سه‌ربازی تورکیا و سنووربه‌زاندنه رۆژانه‌ییه‌کانی چه‌ند مانگی رابردووی و هاریکاریکردنی سه‌ربازی ئه‌و سوپایه به بیانووی راوه‌دوونانی گه‌ریلاکانی (پ.ك.ك)، به‌شێکه له سیاسه‌تی نواندنی نه‌رمی ئه‌مه‌ریکا له‌گه‌ل ده‌وله‌تی «تورکیە»دا به ئامانجی دابرانی سیاسی و ئابوری حکومه‌ته‌که‌ی ئۆردوگان له‌گه‌ل کۆماری ئیسلامی ئێران و زه‌مینه‌سازکردن بۆ ئه‌وه‌ی له کاتی هه‌لگیرسانی جه‌نگدا، ئه‌مه‌ریکا سوود له بنکه سه‌ربازیه‌کانی نێو خاکی تورکیا وه‌ربگرێت. 5 – جموجۆڵی دیبلۆماسی ئه‌مه‌ریکا له ناوچه‌که‌دا و سه‌ردانه په‌یتاپه‌یتاکانی سه‌رۆك «بوش» و جێگره‌که‌ی و «کۆنده‌لیزا رایس»ی شالیاری ده‌ره‌وه بۆ ناوچه‌که و هه‌لمه‌ته به‌رفراوانه دیبلۆماسیه‌کانی ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌لخراندنی ده‌وله‌ته‌کانی تری دنیا دژی سیاسه‌ته‌کانی ئێران له نێو کۆروکۆمه‌ڵه نێو ده‌وڵه‌تیه‌کاندا؛ هه‌ر له ئاژانسی وزه‌ی ئه‌تۆمییه‌وه بگره تا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی. 6 – که‌نارەگیری سوپاسالای فه‌رمانده‌ی خۆرهه‌لاتی ناوه‌راستی سوپای ئه‌مه‌ریکا له مانگی رابردودا، که زۆرێك له چاودێرانی روداوه سیاسیه‌کان، هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گێرنه‌وه که ئه‌و وه‌ك فه‌رمانده‌یه‌کی مه‌یدانی و ئاگادار له توانا سه‌ربازییه‌کان، نه‌یاری هێرش بوو بۆ سه‌ر ئێران و به‌م هۆیه‌شه‌وه که‌وتبووه ژێر گوشاری زۆری حکومه‌ته‌که‌ی بوش . 7 – هه‌ڕه‌شه راسته‌وخۆکانی چه‌ند رۆژی رابردووی «شائول مۆفاز» جێگری سه‌رۆك شالیاری ئیسرائیل، که وتی "ئیسرائیل گورزی کوشنده ده‌سره‌وێنێته ئێران، گه‌ر به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌که‌ی رانه‌گرێت" .......هتد. گشت روداوه‌کان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن، که جه‌نگێکی تر له خۆرهه‌لاتی ناوه‌راستدا به ڕێوه‌یه؛ ئه‌مه ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه و له حاڵه‌تی پاشه‌کشه‌نه‌کردنی ئێران‌دا، هێرشی سه‌ربازی حه‌تمیه!. لێرەدا پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه: له حاڵێکدا ئه‌مه‌ریکا یان ئیسرائیل بۆردومانی دامه‌زراوه ئه تۆمیه‌کانی ئێرانیان کرد، کاردانه‌وه‌ی ئێران چی ده‌بێت؟ ئایا ئێران جه‌نگی سه‌رتاسه‌ری ڕاده‌گه‌یه‌نت؟ ڕاسته‌وخۆ ئیسرائیل موشه‌کباران ده‌کات؟ گه‌روی هورمز له به‌رامبه‌ر که‌شتییه بازرگانی و نه‌وت هه‌ڵگره‌کاندا داده‌خات؟ له عیراق و ئه‌فگانستان و لوبنان و فه‌له‌ستین ...هتد، له رێگه‌ی داروده‌سته ئیسلامی و حزب‌الله چه‌کداره‌کانه‌وه جه‌نگه‌که سه‌رتاسه‌ری ده‌کاته‌وه؟ ئایا سوریا و حزب‌الله بێلایه‌ن ده‌بن یان ده‌بنه لایه‌نێکی جه‌نگه‌که؟ .....یان ئێران سوود له تاقیکردنه‌وه‌کانی رابردوو وه‌رده‌گرێت و ده‌ست له به‌رنامه ئه‌تۆمیه‌که‌ی هه‌لده‌گرێت و له حالی روبه‌روبونه‌وه‌ی هێرشی سه‌ربازیشدا وه‌ک عیراقی سالی 1982 و سوریه‌ی ئه‌م سال، بێده‌نگی هه‌لده‌بژێرێت ..؟ وه‌لامی ئه‌م پرسیارانه‌وه گه‌لێکی تریش له روداوه‌کانی چه‌ند مانگی داهاتودا ده‌بێت.
11.6.2008
|