په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١٢\٢٠١٠

ئایا داخوازیی و خۆپیشاندانى توێژەرانى کۆمەڵایەتى و دەروونى لە ٢٧\١٢\٢٠١٠رەوایە؟


کۆمەڵناس: حەمەى ئەحمەد رەسوڵ


لەمێژە، بەڕێز کاک جەزا حەمە ساڵح والى/ سەرۆکى کۆمەڵەى کۆمەڵناسان و دەرووناسان لەشارى هەڵمەت و خۆپیشاندان، وەکو ماندوونەناسێک کارو ئیشەکانى لە خزمەتى توێژەرە کۆمەڵایەتى و دەروونییەکاندا خستۆتەگەڕ، بۆ باشترکردنى گوزەران و ژیانى کۆمەڵایەتى و ئاسوودەترکردنى حاڵەتى دەروونیى ئەوان تێدەکۆشێت..دەنگى دلێرو بڵندى ئەو جوامێرە بەرزترە لە وەڵامنەدانەوەو بەدوادانەچوونى بەرپرس و وەزیرو بەڕێوەبەرەکانى ئەم بوارە.


داخوازییەکانى توێژەرانى کۆمەڵایەتى و دەروونى هێندە زۆر و بارگران نین بۆ هیچ وەزارەتێک بە تایبەت وەزارەتى پەرەوەردە، چونکە تەنیا ئەوان دەیانەوێت دابمەزرێن و مووچەو دەرماڵەکەیان زیاد بکرێت، ئایا دەیانەوێت ژنیان بۆ بێنن و خەرجى زەماوەندەکانیان بۆ مەیسەر بکەن، کە دەبوا لەم وڵاتە زۆر زەنگینەى سیخناخ لە نەوتەدا، ئەوەشیان بگرتایەتە ئەستۆ و وەکو کوڕ و کوڕەزاکانى خۆیان تەماشایان بکردنایە کە وەکو ملیۆنەرە ئەوروپییەکان ژیانى هایلایڤ دەژین؟


ئایا ئەوان داخوازن خانوو یان شووقەیان بۆ تەرخان بکەن و ئێوەش زۆر هەژارن و دەرەقەت نایەن بۆیان مەیسەر بکەن؟ کە دەبوا ئەوەشیان بۆ فەراهەم بکەن چونکە ئەم نیشتمانەى ئێمە داهاتەکەى وەکو ئۆقیانووس بەرین و فراوانە و خەڵکانى زۆرینەى کوردستانیش کرێنشین و کرێچین و زۆرن ئەوانەى وەکو قەرەج و رەوەندى هەناسەسارد دەژین.


ئەم کوردستانە ئازادو زەنگینە کراوەتەوە بەسەر ئاریشەو کێشە کۆمەڵایەتى و دەروونییە زۆرو زەوەندەکانیداو رۆژ دواى رۆژ پڕترو ئاڵۆزتر هەگاو دەنێت و تاکەکانى ئەم کۆمەڵگەیە زەلیلترو بێئیرادەترو بێسەروبەرەترو خەمبارترو دڵتەنگترو تووڕەتر و بێزارتر و توندوتیژتر و شەڕانگێزتر هەنگاوى نێگەتیڤ دەنێن.. ئەوە ئێمەى کۆمەڵناس و دەرووناسین کە پێشتر درک بەوە دەکەین و وەکو زاناى کۆمەڵناسیى گەورەى عێراقى (دکتۆر عەلى وەردى) پێشنیهادو خوێندنەوەمان بۆ رەوشى ئەمڕۆو ئایندەى نزیکى ئەم کۆمەڵگەیە ئەوەیە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان بەرەو هەرەسهێنان و تەنگژە دەڕۆن..


بیر و هزر و دەروونى تاکى کوردى پشێوتر و راڕاتر و لەرزۆکتر و دوودڵتر هەنگاو دەنێت.. تۆ بڕوانە پەیوەندى نێوان خوێندکار و مامۆستا چى بەسەرهاتووە؟ خۆکوشتنى خوێندکارى یەک لەسەر یەک ئاماژەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو پەیوەندییەو نەمانى رێز و خۆشەویستى و متمانەى نێوانیان.. هەروەها شەڕ و توندوتیژیی بەکارهێنانى نێوان خوێنکاران بەرەو خراپترو زۆرتر هەنگاودەنێت..


کوڕان و کچانى هەرزەى خوێنکار بەهۆى بەکارهێنانى پێچەوانەوەو چەواشەى مۆبایلەوە زۆرترین کارەسات و ڕووداوى بەدواى خۆیداهێناوە، ئەو ئاکامن و دەرەنجامانەى لەمیانەى ڕوودانى ئەو ئاریشەو کێشانەدا دێنەکایەوە بە مامۆستاو بەڕێوەبەرو یاریدەدەرە بەڕێزو هێژاکانى خوێندنگەکانى کوردستان چارەسەر نابن و نازانن رێگەچارەشى بۆ بدۆزنەوە..


نەوەى نوێى ئەمڕۆ بە منداڵ و مێردمنداڵ و گەنجییەوە هیچ شتێکى لە نەوەى کۆن و تەمەن مامناوەند ناچێت، هیچ رەفتارو هەڵسوکەوتێکى کۆمەڵایەتى و پێداویستیەکانیان لە رەفتارو پێداویستى نەوەى پێش راپەڕین ناچێت. بۆیە بەڕێزانى وەزارەتى پەروەردەى (مەعنى) بەم باسوخواسە، تەنیا چارەسەر بۆئەوەى کێشە کۆمەڵایەتیەکانى ئەمڕۆو ئایندەى نزیک زیاترو ئاڵۆزتر نەبن و کۆمەڵگاش بەرەو نەخۆشى پەتاى زیاتر نەبەن، دەبێت توێژەرانى زیاتر دابمەزرێن، دەبێت مووچەشیان بۆ زیاتر بکەن، چونکە ئەوان دەبنە پارێزەرو نوژدارو پزیشکى کۆمەڵگاو دەرونى تاکە هیلاک و ماندووەکان، ئەگەر ئێوە هەست بەو مەترسییە دەکەن و ئاگاتان لەوەیە کە شۆڕشى ئایندەى نزیک، شۆڕشى بەلێشاوى گرفتە کۆمەڵایەتى و فشارە دەروونییەکانە.. ئەگەر ئێوە دەزانن و ئەو زانیاریەتان لەلا نییە، دەبێت هێژایانى بەرپرس ئەوە چاک بزانن کە ئەم قۆناغەى کۆمەڵگاى نوێى کوردستان زۆر هەستیارە.. بەڵام ئەمە بۆچى؟؟


چونکە لەقۆناغى ئینتقالیدا، بوژانەوەى ئابوورى و ئاوەدانى و عیمرانى زیادبوونى داهات و سامان و بەرهەمهێنان، قەیرانى نیشتەجێبون و لێکترازانى کۆمەڵایەتى و زۆربوونى بێزارى و ماندووبونى ناکاو و فشارى دىروونى و نەخۆشى و کێشە کۆمەڵایەتیەکانى بەدوادا دێت. مرۆڤى ئەم سەردەمە بەرەو نامۆبوون دەچێت، تەنانەت منداڵیش دووچارى خەمۆکى دەبنەوە، زۆربونى ئامێرە کارەبایى و کەرەستەکانى وەکو سەیارەو تەلەفزیۆن و سەتەلایت و مۆبایل و پۆشاک و زێڕو.........تاد. هەموویان دەبنە سەرچاوەى سەریەشەى زیاترو جەنجاڵتر کردنى هزرو دەروونى مرۆڤ. نەمانى متمانەو ساردبونەوەى ویژدان و ماناى راستەقینەى هاوڕێیەتى و خزمایەتى و دراوسێیەتى و هەروەها زیادبوونى بەرژەوەندى تاکەکەسى وا لە تاکى کوردى هاوچەرخ دەکات، خۆپەرست و بەتەماعترو پارەپەرسترو بێناوەرۆکترو توندوتیژتر بێت... ئمێستاکە ڕاستەوڕاست کۆمەلچگا ئازادەکەمان بەو قۆناغەدا تێدەپەڕێ..


باوەڕتان هەبێت، بێئەوەى پەنا بۆ درۆکردن بەرین، دەبێت ئەو راستییە تاڵە بڵێین کە زۆرینەمان دووچارى فشارى دەروونى و خەمۆکى و دڵتەنگى و تووڕەیى و بێزارى بووینەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ توێژەرانى کۆمەڵایەتى و دەروونى پێویستن و کارەکەیان بێسێودوو کردن، لەکارو خزمەتگوزارى پۆلیسى هاتووچۆو دکتۆرو پەرستیارانى هێژا دەچێت بۆ تیمارکردنى دەروونى تاک و پەیوەندییەکانى نێو کۆمەڵگه‌ى.


بۆیە لەکۆتاییدا، بەندە کە نزیکەى پێنج ساڵە لە هەندەران گەڕاومەتەوەو دانەمەزراوم (چونکە واستەم نییەو بێ پشتوپەنام) لەڕۆژى 27ى12ى2010 دا( کە هەموو دونیا ئاهەنگى جەژن و کریسمەس و دیارى بەخشینەوە دەگێڕن!!!!) بەندەى دانەمەزراو، لەپێشەوەى ئەو خۆپیشاندانەدام کە دوێنێ بوو پەرلەمانتارە بەڕێزەکان و سەرۆکى هەرێمى هێژامان ئیمزایان کرد کە دەبێت بەپێى مۆڵەت و یاسا خۆپیشاندانى ناکاویش ساز بکرێت!!


کەواتە بەڕێزەکانم: دانەمەزراندنى توێژەران زۆر زۆر ناڕەوایە و زیادنەکردنى مووچە و دەرماڵەشیان لەو ناڕەواتر. رۆژانە خەڵکانێک هەن کە واستەیان هەیە و خزم و کەسى بەرپرسەکانن بە تەنها تەلەفۆنێک دادەمەزرێن، یان لەوە جەرگبڕتر ئەوەیە کە هەندێکیان، ئەمڕۆ دادەمەزرێن و سبەینێ بە پلەى وەزیر خانەنشین دەکرێن.. ئەمە ئەوپەڕى ناڕەواییە و چەقى گەندەڵى نیشان دەدا..!!

 

ماڵپه‌ڕی حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ره‌سوڵ