٢٣\٩\٢٠١٧
ئایا دەبینە یەکەم
قوربانیی گشتپرسیی لە جیهاندا؟

عەلی مەحمود محەمەد
گشتپرسیی کوردستان وەک سندوقی باندۆرای لێ ھاتووە, دەڵێی ھەموو شەڕو
نھامەتیەکانی مرۆڤایەتی لەوێدا ھەڵگیراوە, دەڵێی رۆژی بیدارکردنەوەی
شەیتانەکانی مێژووە, لە گەڵ ھەڵدانەوەی سەرقەپاغەکەی دەرەچنە دەرەوەو
پەلامارمان دەدەن, تسۆنامی ھەڕەشە ھەڵی کردووە,گشتپرسیی دەسکەلای
سەرکێشییەکەو لە لێواری کارەساتداین خەریکە بمانبات , ھەموو ناکۆکەکانی
جیھانی کردووە بە ھاوبیری یەک, ھەموو قسەیان لەسەری ھەیە, ئەوروپییەکان
وازیان لە کەتەلۆنیا ھێناوە, داوای چارەسەرکردنی گشتپرسیی کوردستان
دەکەن, ئێران و ئەمەریکا پێکەوە بە دوو ئاوازی جیاوە دژن , ھەموو
ململانێ و کێشەکانیان بۆ لەناو دانی گشتپرسیی دەخەنە لاوە, نەتەنیاھۆو
تیسیر خالید لە بەرەی دیموکراتی فەڵەستین پێکەوە لە گەڵن, ئەوانەی دژ
بە گشتپرسیین بۆ کوردستان, بۆ شوێنەکانی دیکە لە گەڵن و کەچی وەک
ئازادیخواز خۆیان نمایش دەکەن, کورد جینۆساید کراوە و داوای بەغداش
ناکات, کەچی فەلەستینییەکان نە جینۆساید کراون و داوای پایتەختی
ئیسرائیلیش دەکەن و دەست بۆ کاری تیرۆریستیش دەبەن (حماس) کەچی
پشتیوانن بۆی,
ھەمویان دەزانن سەربەخۆیی بۆ کورد رەوایە, لە بەرامبەریدا ھەندەک
ھەڕەشە دەکات و ھەندێکی دیکە بۆڵە بۆڵ و منجە منج, بە کۆرسیش دژن,
جەنەراڵ پیترایۆس بەڕێوەبەری پێشوی سی ئای ئەی : کورد مافی خۆیەتی
سەربەخۆ بێت بەس ئێستا نا,ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ
غوتیریش ھاوسۆزی بۆمان دەربڕیوە و کاتی نییە , ئەمەریکا و روسیا و
ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا, مافی خۆتانە بەس کاتی نییە, ئێران و
تورکیا و عێراق و سوریا, مافتان نییە ھیچ کات, لە کاتێکدا ئیسلامییەکان
پێیان وایە, گشتپرسیی پیلانی دابەشکردنی وڵاتانی ئیسلامی تورکیاو ئێران
و سوریایە, پیاوانی ئاینی کریستان و ئیسرائیل و بەشێکی بەرچاو لە
عەلمانییە پێشکەوتنخوازەکان پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان
راگەیاندووەو بە ئەرکی ئەخلاقی خۆیان ھەڵستاون.
کورد ئەو ھەموو شەرەی بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر لە بڕی ھەموو
مرۆڤایەتی کرد, سەرکردایەتی شەڕی پێچەوانەی کرد لە ھەمبەر داعش, کلیلی
دەرگای رەقەو موسڵی کردەوە, دۆخە کەم ئارامەکەی ئێستای رۆژھەڵاتی
ناوەڕاست بە لولەی چەکی ئەو زامن بووەو پێک ھاتووە , کەچی دەڵێن ئارامی
تێک دەدەن, ھەر خۆشی بڕیار لەسەر ئارامیەکەی دەدات , کەچی ئێستا دژ بە
مافی چارەنوسین و ھەندەی ئەم ھەفتەیە لێی نەپاڕانەوە بۆ ئەوەی راپرسی
لەسەر چارەنوسی خۆی نەکات, خەریکە ئەنکل سام ١٩٧٥ دوبارە دەکاتەوە,
دەبێت وەک سەردەمی کیسنجەر لە پشتەوە خەنجەر نەوەشێنرێت ؟, دژایەتی
ئەوان بۆ پرۆسەکەیە نەک شێوازی حوکمی دوای سەربەخۆیی, بۆیە دژ بە
چارەنوسی سەرجەم کورستانیانن, بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە, ستەمکار و
ستەملێکراوەوە,سبەی ئەمە بەرامبەر رۆژئاواش دەکەن, دەبێت دەستی پشتەوەی
ئەنکڵ چی ھەڵگرتبێت ؟؟, قەت ھەندەی ئێستا بازاڕی سیاسەتی کورد گەرم
نەبووە, ھەندەی ئێستا سەفاو مەروای دیپلۆماتکارانی وڵاتانی گەورەی
جیھانی بەخۆوە نەبینیوە,٢٠٠ رۆژ قەتڵ و عام کراین, شەیتان و
عوزرائیلەکان زیاترمان نەبینی, خەونمان بە بڵاوکردنەوەی ھەواڵی مەرگمان
دەبینی, ئێمە نە لە چیک و سلۆفاکیا دەژێین, نە لە کیبیک و کەنەداش تا
بە نامەی دڵداری و پاڕانەوە پێمان بڵێن وڵات بەجێ مەھێڵن جیا مەبنەوە
تکایە, ئێمە لە وڵاتی حەرەس و قەومی و حەرەس جمھوری و سوپای بەدر و
حەشدین,وەک فایەق شێخ عەلی وتەنی عێراق قوڵپە دات بۆ شەڕی ناوخۆیی,
بۆیە بە مان و نەمانمان لە عێراق, چاوەڕوانی کارەساتین, ئەرێ لە خەونی
دەوڵەت بێدار بوینەوە ؟, یان بەرەو خەونی کوشتار دەڕۆین؟, ئەرێ لە
ھەرەشەی دۆست و ھاوپەیمانانی دوێنێ سڵەمینەوە؟, ئەرێ ھەر ئەمانە سبەی
دیسانەوە وەک دۆست دەرگامان پێ ناگرنەوە ؟, باشە ئەگەر بڕیاری
جیابونەوە نەدرێت, دەتوانرێت لە گەڵ ئەمانە ژیان بۆ جارێکی دیکە بەسەر
ببردرێتەوە؟, دەڵێن ھاوڕێیەتی لە سەفەر و شەریکی بەدەر دەکەوێت, ئێمەش
برادەرانی دوێنێمان بۆ دەرکەوت, ئاخر ئەوان لە ماندویەتی دوای داعش
بحەسێنەوە,داوای جیابونەوەش نەکەین, ئەوا دەرگامان پێ دەگرنەوە, تەنھا
ماوە فتوایەک بدرێت, تا گرتنەوەی ھەولێر قەیتانی پۆستاڵەکانیان
نەکەنەوە.
ھێشتا خەیاڵدانی بەعس مایەی ئیلھامی دەسەڵاتدارانی عێراق و ناوچەکەیە,
بیری بەعس لە پێش و دوای بەعس ھەر ھەبوەو دەبێت, بەعسی شیعی , بەعسی
سونی , بەعسی کوردی و تورکمانی و ... ھەیە, وێنە ئەو چرکە ساتە ماوە بە
گاڕان پەلاماری جووەکان دەدرێت پێش بەعس, لە سبایەکەریش وێنەیەکی دیکەی
بەعسیانە دوبارە دەبێتەوە, ئەبو عوزرائیلییەکانیش وێنەیەکی دیکەن, تا
دور کەوینەوە لە خەیاڵدانی بەعسیانە , جوانتر دەبین, با دور کەوینەوە
لە ستەمکاری بەعسیانە, با ئازادی تەواو بدرێت بە تەواوی پێکھاتە
نەتەوەیی و ئاینییەکان, نەک تەنھا داڵدەیان بدەین و کەمە مافێکیان بۆ
رۆکەین, ئاخر ئەوان ئازاد نەبن, ئێمەش ئازاد نابین, ئەوەی خۆی کۆیلە
بێت ناتوانێت کەس ئازاد بکات, ٢٥ ساڵە ستەم بەسەر ئەم خەڵکەدا دەسەپێنن,
چۆن دەتوانن ئیدعای ئازادیخوازی بکەن؟؟
کە گوێت لە پەیامی ئەبو عوزرائیل, دیل کوژە تاوانبارەکەی حەشدی شەعبی و
بڕیارە یەکگرتووانەکەی سونەو شیعە لە پەرلەمانەکەیانەوە دەبێت, کە لە
ھەموو شت ناکۆک بوون, تەنانەت لە سەر ناو عەلی و عوسمان دەیان ھەزاریان
لە یەکتر کوشت, لە ناویاندا زۆر دو براکەسی نزیکی یەکتر و ھاومەزھەبیشی
تێدا بوو, وەلێ لە ھەمبەر گشتپرسیی کوردستان تەبا و یەکگرتو بوون, جگە
لە دەنگی لاوازی حیزبی شیوعی و دیموکراسی خوازانی چەشنی میسال ئالوسی و
لیستی مەدەنی, ھەموو یەکپارچە دژن, دیموکراسیەتی پەرلەمانتارانی عێراق
ھەر ئەوەندە بڕیان کرد, بە کۆی دەنگ بڕیاری شەڕیان دا, ئەرێ ئەمرۆش وەک
دوێنێیە؟, یان خراپتر لەوانەی رابردوو دەبێت, شەڕی جاران بەرگی
نەتەوەیی پۆشیبوو, ئەوجار نۆرەی بەرگی ئاینییە, ئەمەش دەریدەخات یاری
گشتپرسیی لەم ناوچەیەی جینۆساید مەترسیدار و گەورەیە, لە ئاستی بچوکی
عەقڵی دەسەڵاتدارانی ھەرێمەکە نییە, ئیتر ھەڕەشەو گوڕەشەکانی عێراق و
تورکیاو ئێران لێ گەڕێ, دەتوانین لە لیستێکی گەورە ناوی ھەڕەشەکەران
بنووسین, ژمارەشیان رۆژ لە دوای رۆژ ھەر لە ھەڵکشانە, پیاوانی ئاینی,
مەرجەعی موقەدەس, ئۆپۆزسیۆن, نوسەر و بیرمەند, ھونەرمەند و رۆژنامەنوس,
ئەوانەی نان و خوێمانیان خوارد, ..... ھەمووی لە خۆ دەگرێت, تا لە رۆژی
دەنگدان نزیک دەبینەوە, ئاوازی ھەڕەشەکان دەگۆڕێن, نەغمەی خیتابەکان
جیاوازن, زمانی قسەکان توندترن, سپێنەی چاوەکان سورترن, ھەڕەشەکان
زاکیرە تاڵەکانی مێژوو زیندو دەکاتەوە لامان, دەڵێی رۆژە رەشەکە لە
دوای دەنگدانەکەوە دەست پێدەکات, خۆ ئامادەکارییەکانی سەر ناوچە بەریەک
کەوتەکان لە مەندەلییەوە بۆ بەعقوبە و سەلاحەدین, پەلامارە دەست
پێنەکردووەکان, نەخشە ژێر زەمینەکان, شانە چەکدارە نووستووەکان,
چەکدارە مەدەنییە ئامادەکان بۆ شەڕی ناوخۆیی, مەترسییەکانی بەرەی
توورکمانی و بابلیون و حەشدی حەویجە, ھێشتا رومادی و موسڵ فریای خۆ
کۆکردنەوە نەکەوتون, ھیشتا تامی ماستی ھەولێر و کەبابی سلێمانی لەسەر
دەمیانە, ھێشتا لە بەردەم کارەبای کوردستان خۆیان فێنکە کەنەوە, داخوا
چەند پڵانی گەورە لە ئامادەکردان, چەند بۆسە لە رێدان وەک تاوانەکەی
کەرکوک, ئێمەش وا لە شەڕی بەڵێ و نەخێرداین, ھێشتا لە خەونی ھەڵبژاردن
و ھێنانەوەی کورسییەکانین, ھێشتا دەڵێین حاڵمان باشە بۆ تێکی دەدەن,
ئاخر ئێمە ئەزمون لە تاڵییەکانی خۆمان وەرناگرین نەخوازەلا
دراوسێکانمان, ئاگامان لەوە نیە ھەمان سیناریۆی رۆژھەڵات لێرە بەرەو
دوبارە بونەوە دەچێت,داخوا چەند کەس و دەستەو گروپ لە خۆ ئامادەکردندان
بۆ یەکەم تەقە, داخوا چەند حەسەنی و خاڵخاڵیمان بۆ ئامادە کراوە, داخوا
چەند پلانی وەک مەندەلی پێگەیوون ,داخوا عەسائیبی ئەھلی ھەق خەریکی چین؟؟,
داخوا قاسم سلێمانی بە دەست بەتاڵی نێردرایەوە رازییە؟؟.
لەسەرەتای راگەیاندنی گشتپرسیی ھەندێک دەنگ باسی مەترسیەکانی
راگەیاندنی گشتپرسییان کرد,لە گەڵ نزیک بوونەوە لە کاتژمیری سفر
ھەڕەشەکان بەربڵاوترو توندتر دەبن, تا ئاستی پەلاماری سەربازی, کە
پێشتر تەنھا بیر لە ئابلوقەی ئابووری دەکرایەوە, کە زانرا سنورەکان
قودسیەتی نییە,ئەوجا ھەڕەشەی پەلامار ھاتە پێشەوە, ئێمە لە ھەرێمی
جینۆسایددا دەژێین نەک چیک و سلۆفاکیا, بۆیە ئەو ترسە حەقیقەتی ھەیە لە
روانگەی کارەساتە جەرگبڕەکانی ھەشتاکان و کۆماری مھابادەوە تەنانەت,
رێکەوتنامەی جەزائیر و روداوەکانی ٢٨ حوزەیران و ٣١ی ئابیشەوە, بۆ
خوێندنەوەی لایەنێکی ئەو روداوانە ھەندێک راستی تێدایە, دەکرێت لە
روداوێکی بچوکەوە کارەساتی گەورە بەدی بێت , وەلێ لە خوێندنەوەی تەواوی
واقعیەکە دەتوانین بڵێین دوبارە بونەوەی لەم ژینگە سیاسییەی ئێستا
نابێت کە کورد لە باشورو رۆژئاوا تێیدایە, ھەرچەندە سیاسییەکانی ئێمە
قەت ئەزموون لە رابردوو وەرناگرن و ساوێلکانە سەیری سیاسەت و ھێزەکانی
بەرامبەر دەکەن, باشترین نموونەش خوێندنەوەی ھەڵەیانە بۆ داعش کە چەند
دەنگێکی کەم نەبێت وتمان ناتوانین دراوسێی دڕندە بین, ئەوانی دی وتیان
ئاگرە سورە لە خۆمان بە دورە, تەنانەت بە ئەرکی ئەخلاقیانەو مرۆڤانەی
خۆشیان ھەڵنەستان بەوەی لە پەنایانەوە مرۆڤەکان جینۆساید دەکران, ئایا
دەکرێت ئەو روداوە تاڵانەی رابردوو جارێکی دیکە لە بێدەنگیدا دوبارە
بنەوە؟.
ئایا ئێستاش ھەمان زەمینە دێتە پێشەوە بۆ قڕ کردنمان ؟؟, ئەمە پرسیارە
گەورەکەیە, بڕیار بەدەستانی گشتپرسیی ئەوانەی لە پشت مێزەکانەوە لە
بەردەم کامیراکان دانیشتونە, دەبێت بەرپرسیارێتی تەواو بگرنە ئەستۆ بۆ
ھەر ئەگەرێک کە گەل لە دوای گشتپرسیی بەرەو روی دەبێتەوە, خۆ ئەوان
تەنھا لە دەستکەوت شەریک نین, خۆ خەریک ئەوەش نین دوای ناخۆشییەکان
خۆیان و ماڵ و مناڵیان بای بای بکەن, بەڵکە ئەوان لە ھەموو ئەگەرە
کراوەکانی پرۆسەکە شەریکن و بەرپرسیارن.
مەترسی و ئەگەرەکان.
دوای بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ بەشداری لە گشتپرسیی دۆخەکە
ئاڵۆزتر بوەوە, ئێستا ئەوان بە سنوری پێش ١٩-٣-٢٠٠٣ رازین جیابێتەوە,
تەنانەت بە چونە سەری ھەندێک شارۆچکەی وەک مەخمور و خانەقین و .....
شوێنی دیش, جگە لە کەرکووک , وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە, کەرکووک بۆ خۆی
تەڵە گەورەکەیە, کورد بە نیاز بێت ھەموو پارێزگای کەرکووک بێ رەزامەندی
پێکھاتکان بە دەست بخات خەیاڵە,کەرکوک شاری نەعلەتییەکان, نەوت و فرە
پێکھاتەیییە, راستە سەربەخۆیی کوردستان بە کەرکوکەوە, پایەی دەوڵەت
بوونەکەی مسۆگەرە, وەلێ ئەستەمە پێکھاتەکان کە ھەموو درێژکراوەی
دەرەوەی شارەکەن رازی بن, بۆیە باشترە کورد دەست لە بەشێکی کەرکوک
ھەڵگرێت, وەک حەویجە و ریازو..... تەنانەت بەشێک لەناو شار, بە نیازی
جێبەجێکردنی ئەزمونی برۆکسلانە بین بۆ سەربەخۆیی بە کەرکوکەوە بەدی
نایات, ئەزموونی بەرلینیانە لە ھەموو کێشەو گرفتەکان رزگارمان دەکات,
واز لە خەونی پیرۆزی خاک و مێژوو بھێنرێت, مامەڵە لە گەڵ واقع و
پارسەنگی ھێزەکان بکرێت.
بۆ ئەوەی گشتپرسیی شەرعیەتی نێو دەوڵەتی وەربگرێت وەک تەیموری رۆژھەڵات
و باشوری سودان و .... دەبێت دەوڵەتی عێراق رازی بێت, نابێت تاک لایەنە
ئەنجامدرێت, دولایەنەش ئەستەمە, مەگەر دوای شەڕێکی دۆڕاو رازی بن وەک
باشوری سودان.
تەنانەت تورکمانە شیعەکانی ناو سوپای بەدر چالاکترن وەک لە تورکمانە
سونییەکانی ناو بەرەی تورکمانی, عەرەبە شیعە ھاوردەکان گورجو گۆڵترن لە
عەرەبە سونییەکان,ئێستا بەرەو روی چوار گروپی جیا بویتەتەوە" تورکمانی
سونی, عەرەبی سونی, تورکمانی شیعە, عەرەبی شیعە", بە چوار ئەجندەی
سیاسی جیاجیاوە, چۆن بەسەر ئەم ھەمووە دەپەڕێیتەوە بۆ گوڵ.
نەک تورکمانە سونییەکان بە تەنھا ملکەچی فەرمانی بابی عالی دەبن, بگرە
تورکیا پێشتر نەیھێشت رێکەوتنی کوردو حکومەت بەدی بێت وەک تاڵەبانی
رایگەیاند, ئەو لە بۆسەی لەبار بردنی ھەموو خەو و خەیاڵێکی خۆشی تۆیە.
دوای دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر بەشداریکردن لە
گشتپرسییەکەی کوردستان, کێرڤی نەعرەتەی شەڕی نەتەوەیی چووە سەر,
پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی ١٧٣ لە کۆی ٢٠٤ دەنگ, دەنگیان بە بڕیاری
پەرلەمانی عێراق دا بۆ بەرەو روبونەوەی گشتپرسیی کوردستان, لە ١٢ی
ئەیلول حەیدەر عەبادی پابەندکرا بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق,
واتا چەک شوێنی پەنجە و دیموکراسیەت و دادگای گرتەوە, نەتوانێت دابینی
بکات کودەتای بەسەردا دەکرێت, دەوەستێتە سەر ئەوەی چۆن کەڵک لە کێشەی
ناوخۆییەکانی کوردستان دەبینێت, ئەمەش لە گەڵ بەرز بونەوەی نەحرەتەی
شەڕی نەتەوایەتی کزو لاواز دەبێت, جەمسەر گەری نەتەوایەتی دروستە بێت,
نەخێر لێرە دەبێتە سفر, بەڵێش لە بەرامبەر دەبێتە سفرەکەی دی.
بارودۆخی ئێستای کورد لەو کاتانەی پێشو جیایە کە بە پێچەوانەی شەپۆڵ
مەلەی دەکرد لە ھەشتاکان و تەنانەت نەوەدەکان تەنانەت لە حالەتی ینک لە
٣١ی ئاب, بەوەی ھاوپەیمانی ئێرانی ھەڵبژاردبوو,ھەنووکە کورد لە باشورو
رۆژئاوا بەشێکە لە ھاوپەیمانی جیھانی, لە بری جیھان شەڕی تیرۆریستان
دەکەن, توانیویانە سۆزی شەقامی وڵاتانی رۆژئاوا بەدەست بھێنن,ئەگەر
حکومەتەکانیان بەھۆی بەرژەوەندییەوە نەوێرن پشتیوانی بکەن, ئەوا
رایگشتی لەگەڵە, ئاخر چۆن وێنەی ئەو کچە نەشمیلە جوانە چەکدارانە لە
بیرە کەن, ئەفسانەی داعشیان بەتاڵ کردەوە, ئەو کات ھەموو جیھان دژی پان
ئیسلامیزمی کۆماری ئیسلامی ئێران بوون, سەیر کەن ٢٠٠ رۆژ پرۆسەی ئەنفال
بەردەوامە بە بەردەم مانگی دەستکردەکانیانەوە, کە تەواوی جموجۆڵە
سەربازییەکان و خاپورکاری و بەکارھێنانی چەکی کیمیاوی وێنە گرتووە وەلێ
فزە ناکرێت, تەنانەت ئێرانیش لە ھەندێک حالەت بە بەکار ھێنانی چەکی
کیمیاوی تۆمەتبار دەکەن, تا ٣ رۆژ دوایی تەواو بوونی بە فەرمی پرۆسەی
ئەنفال لە ٦-٩-١٩٨٨ واتا ٩-٩-١٩٨٨, ئەمەریکا یەک قسەشی لەسەر ناکات,
ئاخر چوونە باوەشی ئێران, وەک چوونە باوەشی ئەژدیھایە, وەلێ ئەمرۆ نەک
چاوەروانی سزای رۆژئاوا نین, بەڵکە لە چاوەڕوانی پاداشتیشداین ئەگەر
وەفا لە سیاسەتدا بوونی ھەبێت بە تایبەت وڵاتانی رۆژئاوا, ھەرچەندە
پێشتر ئاگادار کراینەوە, کە ئەمەریکا کوردان بە تایبەت لە رۆژئاوا
بەکار دەھێنێت و لە کۆتادا خیانەتیان لێ دەکات, لەم قۆناغەدا وێڕای
مەلە نەکردن پێچەوانەی شەپۆڵ, ھاوکات وەک بەشێک لە گەورەترین
ھاوپەیمانی لە دژی تیرۆر لە پێشەوەی جەنگدا بووە بە درێژایی سەدان
کیلۆمەتر لە خانەقینەوە بۆ عەفرین, وە شەڕکەری سەرەکیشن, لە بیرمانیش
نەچێت , جیھانی دوای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی, جیایە لە جیھانی پێش
ئەو, واتا قۆناغی دوای ساڵی ٢٠٠٢, ساڵی ٢٠١٧ ەش , ساڵی بەرەو روبونەوەی
کۆمەڵکوژی رۆھینیغاکانی بۆرمایە, وێڕای مەلەی پێچەوانەی تەوژمی
پارتەکەیان,وەلێ توانی رایگشتی جیھان بۆ خۆی رابکێشێت,مرۆڤایەتی
ھوشیارە و بە ئاگایە لە بەرامبەر ھەوڵی قڕ کردنی مرۆڤ, ئەو رۆژە
نایاتەوە دوای ٢٠٠ رۆژ قڕکردن دەنگێک بۆ راگرتنی نەبێت, رێگا نادرێت
ببینە یەکەم قوربانی گشتپرسیی لە جیھاندا.
سەربەخۆیی کورد دیاردەی دۆمینۆز دەخولقێنێت لە ناوچەکە, نەخشەی سیاسی
ناوچەکە وەک باڵکان ھەڵەوەشێنێتەوە, بۆیە ئەستەمە بە سانایی بھێڵن
تێپەڕن.
ھەرچەندە گشتپرسیی نە راگەیاندنی شەڕە وەک دەوڵەت باخچەلی دەیڵێت,
بەڵکە پرۆسەیەکی مەدەنیانەیە, وەک دەبینین لە عێراق زیاتر ئێران و
تورکیا نیگەڕانن لە ئەنجامدانی, ئێران لە سێ لاوە بە تەڵەی دەزانێت "
دروستکراوی ئەمەریکا-ئیسرائیل-سعودیە بێت لەوێوە کێشەی بۆ بنێنەوە لە
ریگای کوردەکان و ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییەوە, کوردەکانی رۆژھەڵات ھان بدات
بۆ ھەمان داخوازی و ھەست بە ھێزی زیاتر بکەن, عێراق کە بۆتە بەشێک لە
ئێران پارچە پارچە بێت,ھاوکات تورکیاش بەرەو روی سێ مەترسی دەکاتەوە,
بۆیە ئەویش بە توندی نەیارێتی, لە باکور و رۆژئاوا کێشەی بۆ دەنێنەوە,
بەتایبەت رۆژئاوا لە ئێستادا, پێی دەچێت لە گەڵ گشتپرسیی کوردستاندا,
ئەوانیش لە دووەم رۆژی پایزی گەرمی ئەمساڵ ٢٢-٩ کۆمۆنەکەی خۆیان
ھەڵبژێرن, بیردۆزە سیاسییەکەی ( پۆکچین-ئۆجەلان) بەرنە بواری پراتیکەوە
لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراسی, ھاوکات ئەمانە سەقفی داواکاری لە باکوریش
بەرز دەکاتەوە, لە لایەکی کەوە ئەو شارو شارۆچکانەی بە شاری تورکمانی
دادەنرا وەک کەرکوک و پردێ و دوز.... بچنە چوارچێوەی نەخشەی کۆمارە
ساواکەی کوردستانەوە, ئەگەر سازش بە گشتپرسییەوە نەکرا, ئەمەش لە گەڵ
خەونی ناسیۆنالزمی تورکدا نایاتەوە.
ھەڕەشەکان تورکیا تەنانەت بەو ٦ ئاستەنگەی رۆژنامەی ئایدنلیکی پارتی
وەتەنی دۆغۆ پەرینچەک رانەوەستان, چونە سەر " دان نەنان بە دەوڵەتەکە,
داخستنی ئیبراھیم خەلیل, کردنەوەی دەروازەی تەلەعفەر, راگرتنی ھەناردەی
نەوت, دەستگرتن بەسەر کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی پارتی و بارزانی,
دەرکردنی کەناڵی روداو لە تورک سات" , گەیاندیانە ھەڕەشەی شەڕ, وەک
رۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیک لە پارتی دادو گەشەپێدان(ئاک پارتی)ی
دەسەڵاتدار رایگەیاند " سزای ئابوری, داخستنی سنوری ئاسمانی و زەمینی و
دەستێوەردانی سەربازی " دیاریکردووە بۆ سزادانی حکومەتی سەربەخۆی
کوردستان.
ئیکلەر باشبۆغ سەرۆک ئەرکانی پێشوی تورکیا داوی کرد پەرلەمانی تورکیا
وەک عێراق گشتپرسیی رەت بکاتەوە, وەلێ ئەمە مەترسی بۆ تورکیا دروستە
کات, ئەوکاتە شەڕ دەخرێتە ناو پەرلەمانەوە, چۆن ھەڵوێستی پەرلەمانی
عێراق لیستەکانی نەیاریشی خستە پشت بەڵێوە, لێرەشدا ھەدەپ دەخاتە
سەنگەری گشتپرسییەوە بە دوایدا گفتوگۆ لەسەری دەباتە ناو ماڵی خۆیەوە,
ھەرچەندە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پێشوازی لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق
کرد,وە ئەنجومەنی ئاسایشی تورکیا بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان کۆبونەوە و بە
ھەڵەیەکی مێژوییان دایە قەڵەم, وێڕای ئەوەی ئەردۆگان و بنەماڵەکەی
قازانجی زۆریان لە ھەرێمی کوردستان دەستکەوتووە, وەلێ ناتوانن بێدەنگ
بن لە بەرامبەر فشاری نەتەوەییەکان, کە ھەنووکە تاکە ھاوپەیمانین لە
وڵات.
ھەرچی ئێرانە کە سەرکردایەتی بەرەکەی دیکە دەکات"ئێران, عێراق, سوریا"
لە ئیمامی جوعمەکانەوە تا ئەوانی دی ھەڕەشەی خۆیان کرد, ئەگەر تورکیا
بەھۆی پەیوەندی رابردووی پارتی بە تورکیاوەو بێدەنگی وڵاتانی کەنداوی
عەرەبی وا بکات گومان بخرێتە سەر ھەڵوێستی راستەقینەی ئاک پارتی, دیارە
من باوەرم بە تیۆری موئامەرە نییە, گومانم لەویش ھەیە, ئەوا نەیاری
ئێران بۆ گشتپرسیی و ترس لێی وەک موئامەرەی ئەمەریکا-ئیسرائیل-سعودیە
ھیچ گومانێکیان لەسەر نییە,لێرەدا بەشێک لە ھەڵوێستەکانیان دەخەینە روو"
چوار مەرجەعی شیعی ( جواد خالێی, شێخ قاسم تائی, فازل بدێری, ئەبو
ئەلحەسەن حەمید موقەدەس ئەلغەریقی ) دژ بە گشتپرسیی بەیانامەی
ھاوبەشیان دەرکرد, پێشتریش تەقی مودەرسی و سەرجەم پارتە شیعە گەڕاکان
دژی وەستانەوە, ئەحمەد خاتەمی رایگەیاند ئەمە پرۆژەی ئیسرائیلییە,
چەندین کەسی دیکەیان رایان گەیاندەوە پرۆژەی ئیسرائیلی دووەمە و داوەکە
بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانە, ھاوکات سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی
ئێران عەلی شامخانی ھوشداری لە شەڕی ناوخۆیی کوردستان دەدات, جاری
دووەم باس لە داخستنی سنورەکان و ھەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکان دەکات",
ھەرچی وەزیری دەرەوەی عێراقە ئیبراھیم جەعفەرییە رایگەیاند, گشتپرسیی
کوردستان ئاسایشی ناوچەکە تێک دەدات, دواتر پێ بە پێی کات زمانی
ھەڕەشەی ئەم پیاوە ئیسلامییە میانەڕەوە توند دەبێتەوە , دێتە سەر ھەمان
ئاواز و ریتمی ھەڕەشەکانی سەدام حوسێن و دەڵێت"پێویستە سەرکردەکانی
کورد ئامادەی ھەر جۆرە سزایەک ببن, لەوە خراپتر بەسەر کورد دێت وەک
پێشبینی دەکەن".
ھەموو ھەڕەشەی باجی قورسە کەن, باجی قورس زۆر ئەگەر دەگرێتەوە, مزگەوت
و حوسێنیەو تەکییە و کۆنفرانسە رۆژنامەنوسیی و بۆنە ئاینی و نیشتمانی و
حیزبییەکان بونەتە شوێنی فتوادان دژ بە گشتپرسیی کوردستان, ھەڕەشەی شەڕ
لە ھەموو لایەکەوە, گەردەلولی رق لە ھەرێمەکە ھەڵی کردووە, یەکەمجارە
کوردستان نیگای وای بکەوێتە سەر, تەنانەت ئەحمەد ئەبو غێس ئەمینداری
جامعەی عەرەبیشی ھێنایە کوردستان, ئەمە موعجیزە رونەداوەکەی
دیبلۆماسیەت بوو,
من لێرەدا کۆمەڵێک سیناریۆ دەخەمە روو, وەک پێشبینی کە روبدەن,ھەرچەندە
قۆناغی دوای سەرکەوتنی بەڵێ زەحمەت و مەترسیدارە, مەترسیدارەترە لە
پرۆسەی ئەنجامدانی گشتپرسییەکە, ئاوا سانا نییە وەک باسە کرێت:
- لە پێش ئەنجامدانی گشتپرسیی ھەردوولا رازی بن بە نێوەندی گەرایی بە
زەمانەتی نێو دەوڵەتی, زەمانەتی مانەوەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بکات,
ھەموو ترسەکان بِڕەوێنێتەوە, باشترە داوای شێوازێکی باڵاتر لە
فیدراڵیەت بکرێت, وڵاتانی ئەمەریکاو ھاوپەیمانانی و ناوچەکەو رۆژئاواش
قازانجیانە, ئەم رێکەوتنە ببێتە لەمپەرێک لەبەردەم کۆتا ھەنگاوی عێراق
بۆ بوونی بە وڵاتێکی ئیسلامی شیعە, ترسەکە بوونی ھەیە, تازە قوتابخانە
لە بەرتەلە بەناوی ئیمام خومەینی دەکرێتەوە, ئەگەریش زەمانەتی
سەربەخۆیی و گشتپرسیی کرا, بۆ ٢٠ ساڵی ئایندەش بێت قازانجە بەو مەرجەی
ببردرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ئەگەر بەھۆی بارگرژییەوە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم,
گشتپرسیی لەو دەڤەرانە نەکرا, بەتایبەت کەرکووک, یاخود گشتپرسیی کرا
لەماوەی نزیکدا سەربەخۆیی رانەگەیەنرا, لە ھەردوو حالەتەکە بە شکستی
پرۆسەکە کۆتایی دێت.
- گشتپرسیی کرا بە دەنگی زۆری بەڵێ سەرکەوت, یەکسەر ئیعلانی سەربەخۆیی
کرا, لێرەدا بەرەو روی کۆمەڵێک ئەگەر دەبینەوە:
- پەلاماری سەربازی بۆ سەر کوردستان و بەرەو روبونەوەی چەکداری, بۆ
جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی کە رێوشوێنی ئەنجامدانی گشتپرسیی
راگرت, ئەو ترسەی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا ھەیانە, بەمەش سەقامگیری
ناوچەکە بەتەواوی تێک دەچێت, بۆیە وڵاتانی رۆژئاوا رێگا بەم سیناریۆیە
نادەن,. ئێران ھێز بەکار بھێنێت دەکەوێتە تەڵەوە , وەلێ تورکیا دەست
کراوەتر دەبێت بە تایبەت بە بەھانەی کەرکوک و ئەو ناوچانەی تورکمانی
تێدایە ئەگەر بارگرژی دروست بێت.
١- ئەگەری ھەڵگیرسانی شەڕ و ھاتنی ھێزی ئاشتی پارێز بۆ ناوچەکە,
دەرکردنی بڕیاری مرۆڤ دۆستانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان, ئەمەش مانەوەی
قەوارەکە بۆ کاتێکی نادیار مسۆگەر دەکات.
٢- بەرەو رونەبونەی پەلاماری سەربازی و ئەنجامدانی کۆچی بە کۆمەڵ
لەبەرامبەر پەلامارەکان, وەک رۆھینجینەکانی بۆرما, ھەژاندنی بیروڕای
گشتی جیھان, کە شەقام لە گەڵ کوردایە, لە بەرامبەر ئەو پەلامارانە, بە
دوایدا وڵاتانی رۆژئاوا ھەڵوێست وەرە گرن و پارێزگاری ھاووڵاتیان دەکەن,
قەوارەکە دەپارێزرێت.
٣- ھەوڵبدرێت لە رێگای نەیارانی سەربەخۆیی کوردستانەوە, بە تایبەت لە
شاری کەرکوک, کێشە دروست بکرێت, لە رێگای کێشەکانەوە ھێز بجوڵێنرێت ,
ئەمە خراپترین سیناریۆیە, دەیانەوێت لە رێگای تەڵەی توندو تیژییەوە
پەلاماری سەربازی بدەن, وردە شەڕی سوپایی ئاساییە زوو دەتوانرێت
بکوژێنرێتەوە , وەلێ شەڕی نەتەوایەتی لە ناوچە سنورییەکان مەترسیدارە ,
نابێت رێگای پێ بدرێت , بکەونە ناو بۆسەی بوون بە بەشێک لەو شەڕە,
ئاساییە ھەندێک ناوچە وەک ناوچەی کێشە لەسەر بەجێ بھێڵرێت, نمونە لەسەر
ئەمە لە سودان ناوچەی ئەبی دەوڵەمەند بە نەوت , ناوچەکانی دبە فەخار,
حبل مقینێ,کاکا تجاریا,کافی کنجی ...... .
٤- سەپاندنی ئابلوقەی ئابوری بەسەر کوردستاندا لە ھەر چوار لاوە, ئەم
سیناریۆش تا سەر بڕ ناکات, لۆبی کوردی وەک ساڵی ١٩٩١ نییە, دەکرێت
ئابلوقەکە تێک بشکێنرێت, یاخود لە حالەتی جیابونەوەی سونییەکان بە دوای
کورددا" ئەگەر سپۆنسەری ئەم پرۆسەیە وڵاتانی کەنداو بن" بە سانایی
دەتوانرێت کوردستان لە رێگای ئوردنەوە بگەیەنرێتە دەرەوە , ئەگەر
تورکیا لەسەر سەرکێشی خۆی بەردەوام بێت, تەحەمولی زیای ئابلوقەکە بکات,
لێرەدا ئەگەر ئابلوقە چڕ و درێژخایەن بوو, پرسیار ئەوەیە دەتوانین وەک
کۆرییەکان بە گیا خواردن بەرەو روی ئابلوقەی ئابووری ببینەوە؟.
٥- لە بەرامبەر ئابلوقەی ئابوری وڵاتان, کوردیش بەرامبەر بە عێراق و
وڵاتانی ناوچەکە" دەروازە سنوری, ئاو , ئاسمان, نەوت و گازو کانەکان و
پەیوەندی بازرگانی ھەیە ".
٦- لە ھەموو حالەتەکان کە زانرا ئیتر کوردستان بەشێک نییە لە عێراق,
بەڵگەنامەکانی ھاووڵاتیانی کوردستان و دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم لە لایەن
عێراقەوە پەک دەخرێت, ھاووڵاتیان لە ھەموو ماف و خاوەندارییەک
دادەماڵێنرێن, ئەوکات ھاووڵاتیان خاوەند ھیچ بەڵگەنامەیەک نابن.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم لە کۆی ١٠٨ گشتپرسیی لە ١٧١ ساڵی رابردوودا
کە لە جیھان ئەنجامدراوە, دەشێت کورد ببێتە یەکەم شەھید و قوربانی
گشتپرسیی لە مێژووی مرۆڤایەتی؟؟؟, ئەمجارە سنورەکانیش داڵدەمان نادەن,
ھەموو سنورەکان دەبنە دوژمن, با بەورییاوە مامەڵە بکەین.
alimahmud2001@yahoo.com
|