په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٥\٢٠٢٢

ئایا دەکرێ ئەم سیستەمە لە رێی چاکسازییەوە چاکبکرێ؟


زاھیر باھیر       


پێش ھاتنە سەر باسەکە دەبێت ئەوە بڵێێم بە ھەزاران پەرتووک و توێژینەوە و وتار لەسەر ئەم بابەتە نووسراون و بە دەیەھاش بڕوانامەی دکتۆرای لەسەر وەرگیراوە. لەبەر ئەوە ئەمەم نووسینە نەک ڕەنگە جێگای ڕەزامەندی گەلێک نەبێت، بە دڵنیایییشەوە مایەی قەناعەتکردن بە ھیچ کەسێکیش نییە بەڵام دەکرێت پرسیار لای خوێنەر بورووژێنێت.


ھەمیشە سێ جۆر تێڕوانینی جیاواز ھەبووە بەرانبەر بە سیستەمی مەوجوود. تێڕوانینی یەکەم کە تێڕوانینێکی باو و سەردەمیانەیە نوێنەرایەتی ئەو کەس و لایەنانە دەکات کە گۆڕانکاریی ڕەت دەکەنەوە و ڕادەستی سیستەمەکە بوون. تێروانینی دووەم دەزانن کە ئەم سیستەمە کەم و کوڕی ھەیە و بەڵام تا ئێستا ئەمە باشترین سیستەمێکە لای ئەمان کە بەشەرییەت بە خۆیەوە دیوە. بە ڕای ئەمان دەکرێت بە بەردەوامی لە نێو ھەناوی خۆیدا ڕیفۆربکرێت و باشتر ببێت. بۆ ئەمەش باوەڕیان بە ھەڵبژاردن و گروپی فشاریی و جۆرە چالاکییە چاکسازییەکان ھەیە ، کە دەتوانین ناوی لایەنی ڕیفۆرمیستیان لێبنێین. لایەنی سێیەم کە کەمایەتییەکی زۆر کەمن و لە لایەن زۆرینەوە بەڵگە و پاساوەکانیان ڕەتدەکرێتەوە ، ئەمانەش ئەو کەس و لایەنانەن کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی سەرەکی/ بنەڕەتیی واتە ھەڵتەکاندنی تەواوی سیستەمەکە و گۆڕینی بە سیستەمێک کە کۆمەڵی ناچیانیەتی و ناپلەبەندییە.


من خۆم لە لایەن و کۆمەڵی سێیەمدا دەبینمەوە. ڕەنگە نەتوانم جێگرەوەیەکی دروست بخەمە بەردەمی ھەموو ئارگویمێنیتکەران چونکە کەسێک نییە کە بتوانێت گوزارشت لە کۆمەڵی ئایندە بکات جگە لە پێشبینی ئەوەی کە مرۆڤایەتی ناکرێت ھەتا ھەتایە لە سای ئەم سیستەمەدا ژیان بکات بە ڕیفۆرمیش ئیسڵاح ناکرێت. بەڵام دەتوانم بە بەڵگەو بە ئامارەوە گوزارشت لە باش و خراپی کۆمەڵ و سیستەمی سەردەم بکەم.


ھاوکاتیش گرانە بۆ من کە قسە لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و ئەمەریکا و کەنەدە بکەم، بەڵام بۆ قسە لەسەر بەریتانیا گرفتێک لەوێدا نابینم.


بەریتانیا کە خاوەنی یەکەم شۆڕشی پیشەسازی و دایکی سیستەمی پەڕلەمانی جیھانی و یەکێکە لە وڵاتە گەوەرکان کە کۆڵۆنایزی گەلێک و ڵات و نەتەوەی کردووە ، ھەر ئاواش دووم یا سێیەم وڵاتی ئەوروپا و شەشەم وڵاتی دونیاییە لە دەوڵەمەندی و پێشکەوتنی پیشەسازیییەوە، دەکرێت نموونەی زیندوو و واقیعیمان بداتە دەست لە ژیانی کۆمەڵەکەی و ئاراستەو بەردەوامبوونییەوە.


من لەم نوسینەدا ھەوڵدەدەم زۆرێک لە لایەنەکان و دەزگە خزمەتگوزارییەکان و ژیانی خەڵکەکەی ھەر زۆر بە کورتی بە ئامار و بەڵگەوە بخەمە بەردەم ئەوانەی کە ئەم وتارە دەبینن تاکو، گەر بیانەوێت، ژیان لە سای سیستەمەکەدا وەکو خۆی ببینن.


یەکەم: ژیان بە گشتی لە بەریتانیا: ژیان لێرە ڕۆژ بە ڕۆژ گران و گرانتر دەبێت . گرانییەک کە بەریتانیا لە دوای حەفتاکانەوە و ھەندێک لە توێژەرەوانی بواری ئابوریی دەڵێن لە دوای جەنگی جیھانی دووھەمەوە، ئەم وڵاتە نەیدیوە بە خۆیەوە. من لە زۆرێک لە پۆستە فەیسبووکییەکانما و لە نوسینەکانی دیکەمدا باسم کردووە. کەلێنی نێوانی سەرمایەداران، سامانداران لەگەڵ خەڵکەکەی تردا لە گەوەرەبوندایە، داھاتی خەڵکی لە داکشاندابووە زۆر لە پێش شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیاوە. پێش شەڕەکە بانقی ناوەندی بەریتانیا ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا داھاتی خەڵکی دەگەڕێتەوە ڕادەی داھاتی ساڵانی پێش ٢٠١٠ وە، واتە پێش قەیرانە داراییەکە. بی گومان لە ئێستادا دەتوانین بڵێین بە ھۆی ئەم جەنگەوە لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ئەمە ڕوونادات. ھەندێک لە ئابووریناسەکان دەڵێن لە ساڵی ٢٠٣٠ دا داھات بە داھاتی پێشس سەردەمی قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ ڕێکدەبێتەوە.


بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم ڕۆژانە کە ڕاپرسی لەسەر کراوە لە بەریتانیا ٢ ملیۆن خەڵکی پێگەیشتوو [ڕوشد] ناتوانن کە ھەموو ڕۆژێک خواردن بخۆن بە ھۆی گرانییەوە، واتە ھەر لە ٧ کەسی ڕوشد یەک کەس . ئەم گرفتە لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵەوە بە بڕی لە سەدا ٥٧ زیادی کردووە.


وەزیرەکان بۆ حەلی ئەم بارودۆخە ناھەموارە چارەسەری سەیر سەیریان پێیە بۆ نموونە وەزیری ھاتوچۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە پشکنینی ساڵانەی سەیارە ببێتە ھەر دوو ساڵ جارێک گوایە ئەمە بۆ ھەر سەیارەیەک ٢٣ پاوەند دەگێڕیتەوە، بێ گویدانە پرسی سەلامەتی ڕێگاوبانی ھەموان. وەزیری پەروەردە، نەدیم زەھاوی، کە کوردە پێشنیاری ئەوەی کردووە کە ساڵێک زووتر منداڵ لە قوتابخانە وەرگیرێت و تەمەنی چوونە قوتابخانە نزمبکرێتەوە، گوایە ئەمە پارەی ساڵێکی دایەن و دایەنگا بۆ دایکان و باوکان دەگێڕێتەوە.


لە ساڵی ٢٠١٠ و تاکو ئێستا حکومەت بە بڕی لە سەدا ٦٠ بودجەی شارەوانییەکانی کەمکردۆتەوە ئەمەش بووەتە ھۆی داخستنی سێنتەری گەنجان، کتێبخانە گشتییەکان، کەمکردنەوەی پاسە لۆکاڵییەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان، کارایی لەسەر ریسایکلین داناوە ھەروەھا لەسەر ھونەر و کولتوریش.


کەلێنی نێوانی توێژاڵی دەستەبژێر [ئێلیت] و کرێکاران بە ڕادەیەکی ئێکجار زۆر فراوانتر بووە. بە گوێرەی توێژینەوەیەک و ڕاپرسییەک کە ساڵێک زیاتر پێش لە ئێستا کراوە ژمارەی جێ بەجێەکەرانی ھەندێک لە کۆمپانیاکان [ بەڕێوەبەرە گەورەکان] کە ٣٥٠ کەسن بڕی موچەیان ٥٣ جار ز یاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. لەم ژمارەیە ٤٣ بەڕێوەبەریان موچەیان ١٠٠ جار زیاترە لە کرێکارێکی ئاسایی. موچەی ساڵانەیان لە ١٥.٥ ملیۆن پاوەندەوە تا دێتە سەر ٨ ملیۆن، ئەوەیان کە موچەی لەوانی دیکە زیاترە جێ بەجێکاری کۆمپانیای ئەسترا زینیکە-یە.


دووەەم: وزەو سووتەمەنی: غاز و کارەبا و بەنزین و گازۆیل بە گشتی لە ھەموو ئەوروپا بەرزبوونەتەوە بەڵام لە بەریتانیا بە ڕادەیەکە کە جێگای باوەڕ نیە. لە سەرەتای مانگی نیسانەوە غاز بە ڕێژەی لە سەدا ٥٤ چوەتە سەرەوە و لە مانگی ئۆکتۆبەریشدا دووبارە سەردەکەوێتەوە لەبەر ئەوەی کە بڕیارەکەی حکومەت لە سەر دانانی نرخی غاز بەسەر دەچێت و ئەو کاتە کۆمپانیاکان لە بەرزکردنەوەیدا ئازاد دەبن. ئەمە لە کاتێکدا کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەم چەند ڕۆژە کۆمپانیای پیترۆلی بەریتانی لە ماوەی ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٥ ملیار پاوەندی قازانج کردووە کە دووقاتی ساڵانی پێشووە بۆ ھەمان ماوە، ٣ مانگ. ھەر ئاواش کۆمپانیای ' شێڵیش' ش بۆ ھەمان ماوە ٧.٣ ملیار پاوەندی قازنج کردووە. نرخی بەنزین و گازۆیل لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ٣٠ پێنس زیادی کردووە .
ڕاستە بەشێکی گرانبوونی ئەمانە و سەراپای پێداویستییەکان ھاتنە دەرەوەی بەریتانیایە لە یەکێتی ئەوروپا و بوونی شەڕەکە و بەردەوامبوونێتی. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانەش نەبوایە ژیان ساڵانە سەختتر دەبێت . ھەڵئاوسانی پارە لە مانگی ئازاردا لەسەدا ٧ بوو کە زیاترە لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر و وا پێشبینی دەکرێت کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا سەرکەوێت بۆ لەسەدا ١٠. ھەموو ئەمان لانی کەم داھاتی ساڵانەی خێزانێکی ئاسایی بە بڕی ١٥٠٠ پاوەند دابەزاندووە.


ڕاستییەک ھەیە کە ڕێژەی بێ کاریی زۆر نزمە بەڵام ئەوە بە ھۆی ئەوەوەیە کە خەڵکێکی زۆر ناچارن کارێک بکەن کە کرێیان لە خوار لایەنی کەمی کرێوەیە، نزیکەی ملیۆنێک کەسیش وێڕای کارکردنیان بەڵام موچەیان ئەوەندە نزمە بە یارمەتی سێنەتەرەکانی خواردن بەخشینەوە دەژین. ئەمە جگە لەوەی کە زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو لەوانەی کە کار دەکەن لەسەر سیستەمی زیڕۆ کۆنتراکت-ن واتە بێ گرێبەستیی و ھیج جۆرە مافێکیان لە پارەی نەخۆشی و نەخۆشی منداڵیان و ھۆڵیدەیی و خانەنشینیەوە نییە ، ھەموو چرکەیەکیش خاوەنکار بۆی ھەیە دەری بکات و ئەمڕۆ کاری پێدەکات و بەیانی نایەوێت. ھاوکاتیش خەڵکێکی زۆر خۆیان تۆمار کردووە کە کار بۆ خۆیان دەکەن تاکو لە فشار و ھەراسانکردنی دەزگەی سۆشیال ڕزگاریان بێت و ھیچ نەبێت یەک دوو دانەیەک لەو بیمانەی کە وەری دەگرن بەردەوام بێت.


سێیەم : بەشی تەندروستیی: لە ماوەی ئەم ٣٠ ساڵەی دواییدا ھەموو کارئاساییەک بۆ کردنەوەی خەستەخانە و عیادەی تایبەت کراوە تا ڕادەی فەرامۆشکردنی ھەندێک بەشیان. ھەندێک لە بەشەکانی خەستەخانەکانیش وەکو بەشی چارەسەری کتوپڕی و بەشی منداڵبوون کە کاتی خۆی لە ھەموو خەستەخانەیەکدا ھەبوون ئەوە چەند ساڵێکە کە ھەر بە سێ خەستەخانە یەکێک لەو بەشانەی تێدایە . بەشی ئیسعاف و فریاکەوتن کەرتی دەوڵەوتی و کەرتی تایبەتی بە ھاوبەشی بەڕێوەی دەبەن. کەرتی تایبەتی لەمەدا پارەیەکی خەیاڵی بەدەست دەھێنێت. لە سەر و ٦ ملیۆن کەس لە ئینگلەنددا ، لە لیستی چاوەڕوانی خەستەخانەدان بۆ وەرگرتنی چارەسەر. خەستەخانەکان نزیکەی ٥ ھەزار دکتۆر و ٤٠ ھەزار نێرسی دیکەیان پێویستە. زۆر جار نەخۆش لە بەشی ئیمێرجنسی ٢٤ کاژێر و ھەندێک جاریش ٤٨ کاژێر چاوەروان دەکات تاکو بگوێزرێتەوە بۆ قاوشەکان ، ھەندێکیش کە داوای ئیسعاف دەکەن چەند سەعاتێک چاوەڕانی دەکەن تا ئیسعاف دەگات.


لە بواری دانسازیشدا ورەدە وردە لە سای حکومەتی موحافیزین و حکومەتی لەیبەردا زۆرێک لە عیادەکان کرانە کەرتی تایبەتی. لە ساڵی پارەوە زیاتر لە ٢٠٠٠ دکتۆری ددان کەرتی دەوڵەتییان بەجێھێلاوە ، ژمارەیان ٢٣،٧٣٣ دکتۆر بووە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و دابەزیوە بۆ ٢١،٥٤٤ . لە ئێستادا وا خەمڵێنراوە کە ٤ ملیۆن کەس لە بەریتانیا بێ دکتۆری ددانن. لە ھەندێک ناوچەدا بۆ ١٠٠،٠٠٠ کەس تەنھا ٣٢ دکتۆری ددان ھەیە.


چوارەم: پرسی خانووبەرە و بێ جێگا و ڕێگایی: کێشەی خانووبەرە و بێ جێگایی و بێ ڕێگایی لە ساڵی ١٩٧٩ وە کە مارگرێت تاچتەر ھاتە سەر حوکم ئەم گرفتە لە گەورەبوون و فراوانبوودایە . ھۆکاری سەرەکی بۆ ئەمە دروستنەکردنی ژمارەی خانوی تەواو بوو لە لایەن حکومەتی موحافیزینەوە، ھاوکاتیش تاچتەر یەکێک لەو ڕیفۆرمانەی کە کردی سیاسەتی Right to Buy بوو واتە مافی کڕین. بۆ پیادەکردنی ئەم سیاسەتە ئەو کەسانەی کە لە خانوەکانی شارەوانی و خانوەکانی جەمعییەکانی خانووبەرەدا دەژییان، مافی کڕینی خانوەکەیان پێدارا بە داشکاندنی ١٥ ھەزار پاوەندی ئەو کاتە . لە ساڵی ٢٠١٥ دا ئەم برە پارەیە واتە خەڵاتە بەرزبووەوە بۆ ٥٠ ھەزار پاوەند. بێ گومان ئەم سیاسەتە نەک ھەر وای کرد کە ژمارەی ئەو خانوانە کەمببێتەوە و سەرەی دەستکەوتنیان بچێتە سەرەوە و بەڵکو ئەمە دانیشتوانی خانووەکان بوونە خاوەن خانوو و بەستنیەوە بە خاوەنکارەوە کە لە کاتی مانگرتندا جاران یەک جار بیریان لێکردبێتەوە ئێستا دەبێت جەند جارێک بیر لە مانگرتن بکەنەوە چونکە بە مانگرتنیان یانی بێ پارەییان ، ئەمەش یانی نەدانی سلفەی عەقارەکەیان بە نەدانیشی لە لایەن بانقەوە دەست بەسەر خانووەکەدا دەگیرا. ھاوکاتیش بانقی پێ دەوڵەومەندتر کرد بە ھێنانی سلفەوەرگری زیاتر بۆ کڕینی خانووەکانیان.


بێ گومان ھۆکاری دیکەش ھەن بۆ ئەمە ھەر وەکو کەمکردنەوەی بیمەی خانوو کە لە لە کاتێکدا دانیشتوان کاریان بکردایە، ھاتنی خەڵکی زۆر بۆ ئەم وڵاتە و کڕینی خانوویەکی زۆر لە لایەن نەک ھەر دەوڵەمەندەکانی ناوخۆ بەڵکو دەوڵەمەندەکانی شوێنەکانی تریشەوە وەکو دەوڵەمەندانی وڵاتانی کەنداو. ئەمانە ھەموی کارایی خۆی لەسەر زیادکردنی کەسانی بێ خانوو و ئەوانەی کە لەسەر شەقامەکان شەو و ڕۆژ بەسەر دەبەن دانا. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ ڕێژەی ئەوانەی کە لە سەر شەقامەکان دەژین لە ساڵی ٢٠١٠ وە تا ئەمساڵ بە ڕێژەی لە سەدا ٣٨ زیادی کردووە.


پێنجەم: منداڵان لە سای حوکمی لیبراڵدا: لەم کۆمەڵە بەناو مەدەنییەدا منداڵان و ژنانی تەنھاباڵ [واتە ھەر خۆی لە تەک منداڵەکانیدا دەژی] و کەمئەندامان و خانەنشینان گەورەترین باج دەدەن. لێرە بە گوێرەی ڕاپۆرتی فەرمی نزیکەی ٣ ملیۆن منداڵ لە ھەژاریدا دەژین ، بە ھاتنی ئەمساڵیش ٣٥٠ ھەزار منداڵی دیکە لەو لیستەدا ناونوسکران . خراپی ژیان و گێرمە و کێشەکانی، ژیانی خێزانی ھەڵوەشاندۆتەوە و ئیدمانبوونی زۆرێک بە مادە ھۆشبەرەکان و خراپ مامەڵکردنی منداڵان تا ڕادەی لاقەی جنسی کە بەشێکی لە لایەن خودی خێزانەکە و دەور و بەرە نزیکەکەیانەوەیە، ھەموو ئەمانە وای کردووە کە زۆرێک لەم منداڵانە کە ژیانێکی زۆر خراپیان ھەیە یاخود مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا دەکرێت ببرێنە بەشی خزمەتگوزاری سۆشیال یاخود شوێنی بە ئاگابوون لە منداڵان . بەڵام ھەندێک لەم منداڵانە لە تەمەنی مێردمنداڵییاندا ڕووبەڕوی گرفتی گەورەی وەکو مادە ھۆشبەرەکان و شەڕ و چەقۆ وەشاندن دەبنەوە ئیتر دەنێرێنە شوێنێک کە پێی دەڵین Custody [بەشی ئاگالێبوون - ڕیعایە] ھەم بۆ گەورەکردن و ھەم بۆ پەروەردەکردنیشیان بۆ ڕزگارکردنیان لەو گرفتانەی کە ھەیانە.


بە گوێرەی راپۆرتی دیوانی محاسەبەی نیشتمانی [The National Audit Office] کە لە ساڵی ٢٠٢١ دەریکرد دەڵێت نیوەی لەسەدا ٥٣ ئەو منداڵانەی کە لە بەشی کەستەدی-ن لە گروپە ئیتنیکییەکانن . پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی ئەوانەی کە لە کەستەدین لە ساڵی ٢٠٢٤ دووقات ببێتەوە.


ھەفتە نییە لە شارێک لە شارەکانی بەریتانیا چەندەھا کەس بە چەقۆ یاخود گولە نەکوژرێن لە ژن و گەنج و تا دەکاتە پیرە پیاو و پیرێژن ، بەشێک لەمانە مێردمنداڵانن کە بە ھۆیەک لە ھۆکارەکان ئاڵاون لە مادە ھۆشبەرەکانەوە و لە لایەن گەوەرەکانی دەڵاڵ و قاچاخچی ئەو مادانە، ئەو منداڵانە بەکاردھێنرێن. بە گوێرەی ئامارێکی نوێ تاوانکردن بە ڕێژەی لە سەدا ١٤ سەرکەوتووە. کوشتنی ژنان لە لایەن مێرد و برادەر و کەسانی ناسیاویانەو ڕووداوێکە کە ھەفتانە لانی کەم دوو ژن دەبنە قوربانیی.


شەشەم: دیمۆکراتیی و ئازادیی: کە باس لە دیمۆکراتی دەکرێێت وادەزانرێت ھەر ھەموو دەزگەکان لە ھەموو بوارەکاندا بە ھەڵبژاردنە بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ھەڵبژاردنە تەنھا بۆ ئەندام پەرلەمان و ئەندامانی شارەوانییە کە نە نوێنەرایەتی گەل دەکەن و نە نوێنەرایەتی کۆمۆنێتییەکە بەڵکو نوێنەرایەتی دەنگدەران دەکەن . ئەوەی کە گرنگە بە ھیچ شێوەیەک دەنگی لەسەر نادرێت کە ئەویش ئەو سیاسەتە سەرەکیانەیە کە حکومەت دەیکێشێت بۆ نموونە لە دروستکردنی شەڕ و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە ، بڕین و کەمکردنەوەی بیمەکان ، فرۆشتنی خانوەکانی شارەوانی ، دانانی یاساو ڕیساکان ، کەمکردنەوە و زیادکردنی باج و دانانی ڕاوێژکارەکانیان . لە لایەکی تریشەوە دانانی دادوەر و سەرۆکی پۆلیس و دەزگە سیخوڕییەکان و سەرۆکی بانق و بەڕیوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیاکان و دەزگەکانی دیکە بە دەنگدان نییە.


سەبارەت بە ئازادیی-ش لەم وڵاتەدا ھیچ جۆرە ئازادییەک نییە کە کاراییەکی کەم لەسەر سییاسەتی دەوڵەت دابنێت تەنانەت ئەو گروپە فشاریانەش کە دروستدەبن بە ھەموو شێوەیەک لەژێر چاودێری پۆلیس و دەزگەی سیخوریدان. پۆلیس لەم وڵاتەدا دەسەڵاتی رەھای ھەیە ، ئازادیی نییە لە خۆپیشاندان و پرۆتێست و مانگرتندا. کەسە چالاکە نقابییەکان یا چەپەکان و سۆشیالیست و ئەنارکستەکان لەژێر جاودێری سەر و مڕی پۆلیسدان لە کات داواکردنی ئیش دا یاخود گواستنەوە بۆ ئیشێکی تر شوێنی کاری تازە بەھۆی پۆلیسەوە کونییەی کەسەکەی لە لایە و بەو شێوەیەش ئەو کەسە لە وەرگرتنی کارەکە مەحروم دەبێت.

 
ھەر لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشووەوە بۆ نزیکەی ٤٠ ساڵ زیاتر دەزگە سیخوڕییەکان و پۆلیس چاودێری ١١٥٠ گرپی چەپەکان کردووە و چوونەتە ناویانەوە. لەم ماوەیەدا ١٣١ پۆلیس تێکەڵاوی گروپەکانی ژینگە و چەپەکان و ئەنارکیستەکان بوون بۆ سیخوڕیکردن بەسەریانەوە. ئەمەش لە سەرەتای ئەم چەرخەوە دەرکەوت و ئێستا پاش داوا قەیدکردنی ئەو کچە گەنجانەی کە پێیان ھەڵەخەڵەتان و منداڵیان لێدروستکردن و دواتر خۆیان ون کرد ، لە سەریان لە پارەکەوە لیپرسینەوە و لەگەڵ پۆلیس و بەرپرسانیان بۆ ئەم مەسەلەیە دەکرێت. ھێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە بەردەوامە و دووبارە بۆ بەشێکی دیکەیان لە ڕۆژی سێ شەمەوە، ٠٩/٠٥/ وە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردۆتەوە.


من پێشتر بە دەیەھا بەڵگە و ئامارەوە بە وتار و پۆستی فەیسبوکی ئەمەم خستۆتە بەردەم خوێنەر.


حەوتەم: گەندەڵی و ڕسوایی [ فەزیحە]: ئەو گەندەڵییەی کە لەم وڵاتەدا ھەیە وێرای ھەبوونی میدیا و سۆشیال میدیایەکی چالاک و لایەن و دەزگەی وەچ دۆگ و ھۆشیاریی خەڵکەکە لەم وڵاتەدا ھەیە، رەنگە ئەم گەندەڵییە ھەر لەو وڵاتانەدا ھەبێت کە کاتی خۆی کۆڵۆنی بەریتانیای عوزما بوون وەکو عێراق و پاکستان و ھیندستان و نایجیریا و ... بەڵام تەنھا جیاوازییەکە لێرە و لەوێ بە یاساییکردنی دزی و گەندەڵییە بەناوی کردنی لۆبیی-یەوە. من لەسە رئەمە لە ساڵی ٢٠١١١ دا وتارێکی دوور و درێژم نوسی بەڵام لەو کاتەوە گەندەڵییەکان زیاتری کردووە نەک کەمتر وەکو کڕینی خەڵاتی مەلیکە کە حیزبەکان بە تایبەتی حیزبی موحافزین کەسەکان ھەڵدەبژرێت، کڕینی پلەی نۆبڵ و Sir خاتوون / خانم و پایە ی حکومەیی، وەرگرنتی کۆنتراکت و قۆنتەرات ، بە تایبەت لەو کاتەوەی کە پەتای کۆرۆنا سەری ھەڵداوە بە دەیەھا ئابڕوچوون و گەندەدڵی لە حکومەت دەرکەوتووە.


ھەشتەم : پرسی ژینگە: باوەڕ ناکەم کەس بتوانێت بەرگریی لە سەلامەتی ژینگە کە سەلامەتیی ھەموو گیانلەبەر و زیندەوەرێکە بە مرۆڤیشەوە لە سای ئەم سیستەمە و دەوڵەتەکانییەوە لە ھیچ شوێنیکی ئەم دونیایەدا بکات و ژینگەش پارێزراو بێت . ڕووداوە سروشتیەکانی وەکو سەرکەوتنی پلەی گەرمیی تا ڕادەی ئاگرکەوتنەوە و وشککردنی ھەموو شتێک وەکو چۆن پارەکە لە کوردستاندا ڕویدا ، لافاو و تۆفان ڕوداوێکن کە بە بەردەوامی ڕوودەدەن و ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر و بە دەوامتر ڕوودەدەن. باوەڕ ناکەم کەسێک ھەبێت نکوڵی لەمە بکات . ئەم بارودۆخەش مرۆڤ کردە نەک خوا کرد، سەرەنجامی سیستەمی چیانیەتی و باڵادەستی و سەروەریی و بزنسە و دەوڵەت ناتوانێت لغاوی بزنس و تەماحی کەڵەکەی زیاتری سەرمایە بکات و ژمارەی سامانداران مەحف بکاتەوە لەبری زیاترکردنیان..


ئەنجامگیریی.


من لێرەدا لەو کەسانە پرسیار دەکەم کە لەم وڵاتە و وەکو ئەم وڵاتەدا دەژین کە ئەگەر ئەم ھەموو گیروگرفتەی ھەبێت و ساڵ بە ساڵیش خراپتر دەبیت ئایا دەکرێت ئومێدی ئایندەی باشتری لیبکەیت؟ دوای ئەوەش لەو کاتەوەی کە من لەم وڵاتەدا دەژیم فرمانداریی ھەر سێ حیزبە سەرەکییەکە : پارتی موحافیزین ، پارتی کرێکاران [لەیبەر] پارتی لیبراڵ دیمۆکرات ھەر ھەموویانمان بینی لەگەڵ پارتی سەوزی ئەڵمانی کە جیراڵد شرۆدە-ی سەرۆکی پارتی سەوزی ئەوێ بووە چانسلەر، ئێستا سەرۆکی پرۆژەی Nord Stream ئەندامێکی چالاکی بۆردی Gazprom یشە. ڕاستە 'پارتی کرێکاران' لێرە [ بەریتانیا] کە ھاتە سەر حوکم چەند ڕیفۆرمێکی کردووە وەکو زیادکردنی بیمەی منداڵان و دانانی جۆرێکی دیکە لە بیمە بۆ ھاوکاری زیاتری ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و بەرزکردنەوەی بڕێکی کەم لە داھاتی خانەنشینان بەڵام ھاوکاتیش سسیتەمی کاری ھاوبەشی کەرتی دەوڵەت و کەرتی تایبەتی دانا، فرۆشتنی خانووەکای شارەوانی زیاتر کرد ، بەپشتی دەوڵەتی ئێرە ئەمەریکا شەڕی ئەفغانستان کرد و عێراقی داگیرکرد، مەنحەی قوتابییانی زانکۆی بڕی و کردی بە قەرز جگە لە تۆێژاڵێکی زۆر کەم کە دەکرێت بە بەلاش زانکۆ تەواو بکەن. قەرزی قوتابییانی زانکۆ کە ساڵانە لە ٩ ھەزار پاوەندەوە دەسیتپیدەکات پارەیەکی ئێکجار زۆرە کە بڕێکیان تا کۆتایی ژیانیان ڕەنگە نەتوانن ئەو پارەیە بدەنەوە.


با واز لە ھەموو ئەو ئامار و ئاماژانە کە من لەم وتارەدا پەنام بۆ بردوون بھێنین و بیانخەینە سەبەتەی خۆڵەوە و پشتی پێنەبەستین ، بەڵام حەقیقەتێک ھەیە ، واقیعێک ھەیە و تەرجومەی ژیانیحاڵی کۆمەڵ دەکات کە ساڵ بە ساڵ بارودۆخی بژێوی و سیاسی و کۆمەڵایەتمییان خراپتر دەبێت. من نامەوێت لیستی ئەوانە بکەم چونکە ھەموومان ئەوە لە ژیانا دەبینین. بەڵام دەکرێت پرسیارێکی دیکە بکەین ھەر لەو واقیعەوە، گەر ژیانی خەڵکی باشتر بووبێت بە تێپەڕینی ١٢ ساڵی ڕەبەق کە ٣ ھەڵبژاردنی گشتی بەڕێکرد و پاش فشارێکی زۆری گروپە فشارییەکانیش ئەی بۆچی لە ھەلبژارادنی ئەندامانی شارەونییەکانی ڕۆژی ٥ ی ئەم مانگە [ ئایار] دەنگدەر سزای حیزبی حاکمیان دا نزیکەی ٤٠٠ کورسییان لەدەست چوو؟ بڵیی خەڵکی بە ھەڵە ئەمەیان کردبێت؟ یاخود بێ عەقڵ بووبێتن و ھەستیان بە باشبوونی ژیانیان نەکردبێت پاش تێپەربوونی ئەم ھەموو ساڵە؟ بۆچی خەڵک بە بەردەوامی لەسەر شەقامەکانن سەبارەت بە پرسی ژینگە ، ئازادیی ، کوژرانی ژنان ، قورسبوونی ژیان ، چاکسازی لە خەستەخانە و قوتابخانەکان، خانوو بەرە و بێ جێگا و ڕێگایی..؟


حوکمڕانانی بەریتانی نەک ھەر لە باشکردنی ژیانی ھاووڵاتیانیانا شکستیان ھێنا بەڵکو لە سیاسەتی دەرەوەیان و باشکردنی ژیانی ھاووڵاتیانی وڵاتەکانی دیکەش لە ڕێگای گۆڕیینی رژێمەکانیانەوە شکستێکی ئێکجار گەورەیان ھێنا : نموونەی زیندوو عێراق ، سوریا ، لیبیا ، ئەفغانستان . ساڵانە لە ئەفغانستان ٤.٥ ملیار پاوەندیان سەرف کردووە بەڵام لە کۆتاییدا تالیبانیان ھێنایەوە سەر حوکم.


بێ گومان دەبێت ئەوەش بزانرێت ئەوانەی کە دێنە سەرحکوم جێ بەجێکەری فرمانەکان و پیدوایتستییەکانی بزنسن بۆ سەرمایەی زیاتر بە کردنی داخوازییەکانی بزنس بە یاسا بۆ ھەژارکردنی ھاووڵاتیان و کەلەبچەکردنی "یاسا شکێنان".


لایەنگری لە دەوڵەت و سیستەم بە دانی لەسەدا ٨٠ موچە بۆ ئەو کرێکارانەی کە کاریان لە سەردەمی کۆرۆنادا، دەکەنە دەسکەگوڵی دەوڵەت و باشی دەوڵەتمان پێدەفرۆشنەوە. لە ڕاستیدا ئەوە سەراپای دەوڵەتەکانی ئەوروپا ھەمویان ھەمان سیاسەتیان بەکار‌ھێنا. مەسەلەکەش لە مرۆڤدۆستی و دڵسۆزی و وەلایان بۆ کرێکاران نەبوو بەڵکو لەبەر خاتری خۆیان و پاراستنی دەوڵەت و سیستەمی کاریکرێگرتە بوو. دەتوانیت چاوەڕوانی چی بکەیت کە ٢٨ ملیۆن کرێکار لە بەریتانیادا بکەیتە بەتاڵە و فڕێیان بدەیتە سەر جادە ، جگە لە پرۆتێست و ڕاپەڕین و دەستبەسەراگرتنی ھەموو سوپەرمارکێت و کارگەکان و دەزگە دەوڵەتی و کەرتە تایبەتییەکان؟ ٢٨ ملیۆن کرێکار لانی کەم ٤٠ ملیۆن کەس بە موچە و کرێی ئەوان دەژین. ئەمە جگە لەوەی گەر موچە نەبێت خەڵک چۆن قەرزی بانق و سلفەی عەقار و کرێی خانوو قیستی کۆمپانیای تەئمین و پارەی غازو کارەبا و سوتەمەنی بداتەوە ، ئایا بزنس لە دەوڵەت خۆش دەبێت لە حاڵەتی ئاوادا؟ بێ گومان نا.


بۆ ئەمە دەوڵەت ٥.٢ ملیار پاوەندی سەرف کرد کە لەمە ٣.٥ ملیاری چوونە لای کەسان و کۆمپانیا و بزنسی ساختە کە ھەندێکیان ھەر وجوودیان نەبوو. حکومەت لەم بڕە پارەیە ٢ ملیار پاوەندی ئەو قەرزەی سڕییەوە چونکە خۆشیان نەیاندەزانی چۆن سەرفیان کردووە . ئەوەشی کەماوەتەوە لە غەر غەرەدایە. ئەمە ھاوکارییەکەی دەوڵەت بوو.
 

١٠\٥\٢٠٢٢

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک