ئایا ده‌کرێ هیچ ئومێدێك به هه‌ڵبژاردنه‌کانی ''په‌رله‌مانی کوردستان'' ه‌وه گرێ بدرێته‌وه!؟
موحسین که‌ریم
ره‌نگه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بیرکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی زۆری نه‌وێت. ئه‌و لایه‌ن و که‌سانه‌ی که تائێستا سوودیان له هه‌ڵبژاردنه جۆراوجۆره‌کان دیوه، یان ئه‌و لایه‌نانه‌ی که ده‌یانه‌وێ به‌سه‌ر به‌رده‌بازی ناره‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵکدا چه‌ند کورسیه‌كی ده‌سه‌ڵات له دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌که بپچڕن، ده‌ڵێن به‌ڵێ. به‌ڵام له‌روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خه‌ڵکه‌وه بێگومان نه‌خێر، چونکه له کوردستانی عێراقدا هه‌ڵبژاردن ئازاد نیه. خه‌ڵك ئازاد نین له‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان به‌کێ بده‌ن و به کێی نه‌ده‌ن! دوو حیزبی چه‌کدار که ده‌سه‌ڵات و سامانی کۆمه‌ڵگایان له‌ده‌ستی خۆیاندا پاوان کردوه به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی هه‌ڵبژاردندا زاڵن و هیچ پێوانه‌و مه‌رج و چوارچێوه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنه‌کان له ئه‌ڵقه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی کۆتایی ئه‌وان ده‌رناچێت!
یه‌کێتی و پارتی و ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان به‌وانه‌وه به‌ستۆته‌وه، نه‌ك هه‌ر ئومێدی گۆڕان و باشبوونی ژیانی خه‌ڵك، به‌ڵكو چاره‌نووسی سیاسی و بوون ونه‌بوونی خه‌ڵك به‌و هه‌ڵبژاردنانه‌وه گرێ ده‌ده‌نه‌وه. ئه‌و سیناریۆیه ده‌خه‌نه پێشچاوی خه‌ڵك که ئه‌گه‌ر بێت‌و ده‌نگ نه‌ده‌ن و هه‌ڵبه‌ته ده‌نگ به‌وانیش نه‌ده‌ن، ئه‌وا کوردستان رووبه‌رووی کاره‌سات ده‌بێته‌وه. ئه‌وه‌شی که هه‌یه نامێنێ! دوژمنانی کورد ده‌رفه‌ت دێنن و ئه‌وه‌ی نه‌کراوه به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا ده‌هێنن! به‌کورتی یان به‌شداری کردن له هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان به‌و دوو حیزبه یان نه‌مان! له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا، وه‌کو پیشه‌ی هه‌موو کاتێکیان، ده‌که‌ونه هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین له‌و خه‌ڵکه‌ی که نایانه‌وێ به‌شداری ئه‌و گاڵته‌جاریانه بکه‌ن، یاخود نایانه‌وێ ده‌نگ به‌وان بده‌ن. نانی خه‌ڵک به‌ده‌ستی ئه‌وانه. ده‌سه‌ڵات و چه‌کیش هه‌ر به‌ده‌ستی ئه‌وانه. خۆشیان حیزبی چه‌کدارن و پێوانه‌کانی میلیشیا زاڵه به‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی سیاسی و ئیداریاندا. قه‌یناکا بۆ سیمای "دیموکراسی" خۆیان پێویستیان به هه‌ڵبژاردنه، پێویستیان به‌وه هه‌یه چه‌ند لایه‌نێکی دیکه‌ش له سنوری دیاریکراوی ئه‌واندا له "یاری هه‌ڵبژاردن"دا به‌شدار بکه‌ن، ئێستا سه‌رده‌می دیموکراسییه! به‌ڵام مه‌ترسی دروستکردن بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی ئه‌وان هێڵی سنوری هه‌ڵبژاردنه‌کانه! ئه‌مه سیناریۆی سه‌ره‌کی هه‌ڵبژاردنه‌کانی "په‌رله‌مان"یش ده‌بێت.
ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیکه که له‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی وپارتی ناڕازین و ئومێدی ئه‌وه ده‌خه‌نه به‌رده‌م خه‌ڵك که ئه‌گه‌ر ده‌نگ به‌وان بدرێت ئاڵوگۆڕ به قازانجی خه‌ڵك روو ده‌دات و، گوایه به‌رنامه‌و پلاتفۆرمی سیاسی ئه‌وان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكدایه، ته‌نها ده‌یانه‌وێ وه‌همی گۆڕان له‌رێگای هه‌مان میکانیزمی سیاسی باو، واته ته‌فره‌دان و چاوبه‌ستنی جه‌ماوه‌ره‌وه، له‌ناو خه‌ڵکدا په‌ره پێبده‌ن. ده‌یانه‌وێ ناڕه‌زایه‌تی و توڕه‌یی خه‌ڵک له‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا-میلیشیایی یه‌کێتی وپارتی به‌شێوه‌یه‌کی قازانجپه‌رستانه بۆ سوودی سیاسی خۆیان و بۆ مامه‌ڵه‌ی سیاسی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی وپارتیدا به‌کاربێنن. چوارحیزبه‌که( یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و زه‌حمه‌تکێشان و سۆشیالیست) که تائێستا به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر یان هاوپه‌یمانی یه‌کێتی وپارتی بوون، یان به‌شداری ده‌سه‌ڵاتیان بوون و بگره مووچه‌ی ئه‌وانیش وه‌رده‌گرن، به تاك وبه‌کۆ هه‌رئه‌وه ده‌که‌ن که تائێستا کردویانه. بێجگه له‌وه‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای هاتنه‌خواره‌وه‌ی ره‌سیدی سیاسی یه‌کێتی وپارتی، هه‌وڵده‌ده‌ن به‌شێکی زیاتر له‌ده‌سه‌ڵاتی یه‌کێتی وپارتی بۆخۆیان به‌ده‌ست بێنن! ئه‌وه‌ی له نێو ئه‌م ده‌سته‌یه‌دا تازه‌یه دیارده‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و لیسته‌که‌یه‌تی!
ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی که نه‌وشیروان بتوانێ کارێکی له‌وچه‌شنه بکات زۆر لۆژیکیی نایه‌ته پێش چاو. سیسته‌می هه‌ڵبژاردن له کوردستان سیسته‌مێکی ئازاد نییه تا که‌سانێك بتوانن به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیستی حیزبه‌کانیاندا دابه‌زن، بتوانن وه‌کو لیستی سه‌ربه‌خۆ یان وه‌کو تاک کاندید بن. مه‌گه‌رئه‌وه‌ی نه‌وشیراون واز له یه‌کێتی بێنێ، و یه‌کێتی وپارتی لیستی ئه‌میش وه‌کو رتوشێکی دیکه بۆ"جوانکردنی سیمای دیموکراسی"یه‌که‌ی خۆیان قبوڵ بکه‌ن! به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ ئه‌گه‌رهاتوو لیستی نه‌وشیروان بوو به (ئه‌مری واقیع)، ئایا ره‌وه‌ندێکی نوێ و له‌هه‌مووی گرنگتر ره‌وه‌ندێکی به قازانجی خه‌ڵك به‌ڕێ ده‌که‌وێت!؟
به‌چه‌ند به‌ڵگه ده‌توانین وه‌ڵامی نه‌خێر بده‌ینه‌وه. یه‌که‌م؛ نه‌وشیروان که ده‌یان ساڵه که‌سایه‌تی دووه‌می ناو یه‌کێتی بووه، شه‌ر‌یکی لۆژیکیی ئه‌و ره‌وه‌نده سیاسیه‌یه که ئێستا یه‌کێتی پێگه‌یشتووه. نه‌وشیروان له داڕشتنی سیاسه‌ت، له جێبه‌جێکردنی، له رابه‌رایه‌تیکردنی هێزێك که بۆ ئه‌و به‌رنامه‌و سیاسه‌ته رێکخراوه رۆلی کارای هه‌بووه، و هه‌ر به‌و به‌ڵگه‌یه‌ش ئێستا به‌شێك له هێزه‌کانی یه‌کێتی له ده‌وری ئه‌و کۆبوونه‌ته‌وه. که‌واته له راستی‌داو دوور له پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی، نه‌وشیروان ئه‌جندایه‌کی سیاسی دیکه‌ی نییه بێجگه له‌وه‌ی که له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵدا بوویه‌تی و پیاده‌ی کردووه.
دووه‌م؛ نه‌وشیروان تا ماوه‌یه‌کیش له‌مه‌وبه‌ر له‌ناو یه‌کێتیدا هێڵێکی سیاسی دیکه‌ی نوێنه‌رایه‌تی نه‌ده‌کرد. ته‌نانه‌ت کاتێك ناچاربوو که پلاتفۆرمێکی سیاسی بۆ خۆی و هاوبیره‌کانی بنوسێت، له‌و پلاتفۆرمه‌دا وه‌کو راوێژکاری سیاسی یه‌کێتی به تایبه‌تی و ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، ده‌رکه‌وت. له سیناریۆ جیاوازه‌کانیدا که له‌یه‌کێك له ووتاره‌کانیدا خستبوویه‌روو، ویستبووی پۆتانسیلی خۆی بۆ یه‌کێتی وپارتی نیشان بدات. ویستبووی ئه‌وه نیشان بدات که ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر پشتگوێ خستنی، ئه‌وا ناچار ده‌بێ یه‌کێك له‌و سیناریۆیانه هه‌ڵبژێرێت! که‌واته پلاتفۆرمه سیاسیه‌که‌شی بۆ که‌مپینی پڕوپاگه‌نده‌یی و بۆ فشارخستنه سه‌ر یه‌کێتییه به پله‌ی سه‌ره‌کی. شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی ناوحیزبه ئێستا گوازراوه‌ته‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی حیزب.
سێهه‌م؛ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌هیچ کاتێك و له‌هیچ ده‌ورانێكی ژیانی سیاسیی‌دا په‌یوه‌ست نه‌بووه به خه‌باتی خه‌ڵكی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێشی کوردستانه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی یه‌کێك له مافه سیاسی وئابووریه‌کانی. دوژمنی سه‌رسه‌ختی هه‌موو خواست و رامان و ئاسۆیه‌کی یه‌کسانیخوازانه بووه و هه‌یه. به‌رده‌وام له سه‌نگه‌ری دژایه‌تیکردنی هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی یه‌کسانیخوازانه‌و ئازادیخوازانه‌ی کرێکاراندا وه‌ستاوه و، ده‌وری سه‌ره‌کی گێڕاوه بۆ سه‌رکوتکردنی هه‌ر ده‌نگێکی ناڕازی و چه‌پ و کۆمۆنیست. ئێستاش ده‌یه‌وێ ماڵی له‌قولۆقی یه‌کێتی و ناسیۆنالیزمی کورد له‌سه‌ر خۆشباوه‌ڕکردن و ده‌گه‌دان له بزووتنه‌وه‌ی هه‌قخوازی خه‌ڵکی کرێکار‌و بێبه‌شی کوردستان له‌ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا- میلیشیایی کورد، نۆژه‌ن بکاته‌وه.
ئایا دوای ئه‌م لێکدانه‌وانه به‌وه ده‌گه‌ین که خه‌ڵك هیچ ئومێدێکی ئیجابی به هه‌ڵبژاردن و په‌رله‌مانه‌وه نه‌به‌ستێته‌وه؟ ئایا ناکرێ چه‌په‌کان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان بکه‌ن و پلاتفۆرمێکی سیاسی جیاواز و ئینسانی بخه‌نه به‌رده‌می خه‌ڵك و بانگه‌وازیان بکه‌ن بۆ ده‌نگدان به لیست وپلاتفۆرمی چه‌پ؟
ئه‌گه‌ر له کوردستان لانی که‌می ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی له ووڵاته په‌رله‌مانیه‌کان بۆ به‌شداری خه‌ڵک و بۆ کاندیدبوون هه‌یه، فه‌راهه‌م بوایه، ده‌کرا قسه له‌وه بکرایه که لایه‌نه چه‌په‌کانیش به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و ته‌نانه‌ت کاندیدیشیان بنێرنه په‌رله‌مان. به‌ڵام له کوردستان دوو حیزبی ناسیۆنالیستی چه‌کدار به‌سه‌ر هه‌لومه‌رجی سیاسی کوردستاندا زاڵن که هه‌موو شتێکیان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان دابه‌ش و دیاریکردوه. ده‌سه‌ڵات له‌نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌دا دابه‌شکراوه و ئه‌وانی دیکه به هه‌ڵبژاردن و بێ هه‌ڵبژاردن ده‌بێ داوای به‌ش له‌وان بکه‌ن. میکانیزمی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و به‌شداریی له ده‌سه‌ڵاتدا، توانایی زۆروزه‌به‌ندی مالی، ژماره‌ی هێزی چه‌کدار و به‌کارهێنانی هێزی چه‌کداره بۆ گۆڕینی هاوسه‌نگی و ته‌رتیباته سیاسیه‌کان. بۆیه له هه‌لومه‌رجێکی سیاسی وادا هه‌ر هێزێك که بیه‌وێ به قازانجی جه‌ماوه‌ری کرێکار و زه‌حمه‌تکێش ئاڵوگۆڕێك بکات نه‌ك هیچ پانتاییه‌كی سیاسی بۆ ناهێڵرێته‌وه، به‌ڵکو لوله‌ی چه‌کی میلیشیای دوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌که‌ی پیشان ده‌درێت! بێجگه له‌وه‌ی که له‌باری وادا ئۆپۆزیسیۆنه نیوپایده‌ره ئیسلامیه‌کانیشیان به پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی دژی کۆمۆنیستی کاری ئه‌وان ته‌واو ده‌که‌ن. به‌مشێوه‌یه که‌شوهه‌وایه‌کی جه‌نگی ده‌روونیی بۆ جه‌ماوه‌ریش دروست ده‌که‌ن که ئه‌گه‌ر بیشیانه‌وێت، نه‌وێرن ده‌نگ به کاندیده‌کانی چه‌پ بده‌ن.
له‌حاڵه‌تێکی وادا با‌نگه‌شه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ به‌شداری کردن له‌هه‌ڵبژاردندا، کاتێك که‌خه‌ڵکی کرێکار‌و زه‌حمه‌تکێش له ده‌سه‌ڵاتی چاوچنۆکی بۆرژوا-ناسیۆنالیستی کورد وه‌ته‌نگ هاتوون، بانگه‌شه‌کردنیانه بۆ چاوپۆشیکردن له‌و هه‌موو بێمافی و نایه‌کسانیه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی کوردایه‌تی به‌سه‌ریاندا سه‌پاندوون. له‌باری کرده‌ییه‌وه جارێکی دیکه مسۆگه‌رکردنی ده‌نگی خه‌ڵكه بۆ ناسیۆنالیزمی کورد، چونکه له‌پێشه‌وه گۆڕه‌پانی یاریه‌که به‌پله‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌و دوو حیزبه و له حاشیه‌ی ئه‌وانیشدا بۆ ئیسلامی و ناسیۆنالیسته نارازی و تۆراوه‌کان دیاری و سنوورکێشراوه!
به‌مشێوه‌یه ناکرێ خه‌ڵك به‌وه ئومێده‌وار بکرێن که له‌رێگای ده‌نگه‌کانیانه‌وه ده‌توانن ئاڵوگۆڕی جدی به قازانجی خۆیان به‌ده‌ست بێنن. هه‌رهێزێکی سیاسی جدی ده‌بێ ئه‌وه بۆ خه‌ڵک روون بکاته‌وه که هیچ مافێك و خواستێکی جدی و ره‌وای ئه‌وان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه و ده‌سه‌ڵات وپه‌رله‌مانێکدا که له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌وه دێته‌ده‌ره‌وه، مه‌یسه‌ر نابێت. ده‌بێ رێگای خه‌باتی ده‌ره‌وه‌ی"هه‌ڵبژاردن"ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌حزابی میلیشیایی بخه‌نه به‌رده‌می خه‌ڵك. ئه‌و رێگایه‌ی که هه‌موو حیزبه ووردو درشته ئیسلامی و ناسیۆنالسیته‌کان، به چوار حیزبه‌که‌و به‌وانی دیکه‌وه وه‌کو مه‌ترسی له‌ده‌ستدانی ئه‌زمونه‌که ناوی ده‌به‌ن و یه‌کێتی وپارتیی لێ ئاگادارده‌که‌نه‌وه! رێگای خه‌باتی سه‌ربه‌خۆو هوشیارانه‌ی جه‌ماوه‌ری کرێکار‌و بێبه‌شی کوردستان بۆ کۆتایی هێنان به نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌هره‌مه‌ند بوون له ژیانێکی ئاسووده‌و هاوچه‌رخ و یه‌کسان.
چاره‌نووسی سیاسی خه‌ڵکی کوردستان له‌نێوان دوو ئه‌گه‌ردا دیاری و ته‌نگه‌به‌ر نه‌کراوه‌ته‌وه. یان ده‌بێ به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکه‌ن و ده‌نگ بده‌ن، یان ئه‌گه‌ر به‌شداری نه‌که‌ن و ده‌نگ به یه‌کێتی وپارتی یان ده‌سته‌و تاقمه ئیسلامی و ناسیۆنالیسته‌کانی دیکه نه‌ده‌ن، ئیتر ده‌بێ چاوه‌ڕێی چاره‌نوسێکی تاریك و ڕه‌ش بکه‌ن!؟ ئه‌وه پڕوپاگه‌نده‌ی سیاسی یه‌کێتی وپارتی و به‌گشتی ناسیۆنالیزمی کورده. بێگومان له‌روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه ژیانی خه‌ڵک وئاینده‌ی به‌ستراوه‌ته‌وه به بوون وبه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌وه. نه‌مانی ئه‌وان واته نه‌مانی کوردیش! به‌ڵام ئه‌مه ته‌نها درۆیه‌کی سیاسیه بۆ بێئیراده‌کردنی خه‌ڵک وته‌سلیمکردنی ژیان و چاره‌نووسیانه به‌و دوو حیزبه‌و به بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی.
خه‌ڵکی کوردستان ده‌توانن، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ، به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان نه‌که‌ن و جارێکی دیکه یه‌کێتی وپارتی و هیچ کام له‌و گروپ و ده‌سته ئیسلامیانه‌ی دیکه، که ئه‌گه‌ر ده‌ستیان بڕوات ئه‌وه‌شی که ئێستا هه‌یه به‌ناوی ناشه‌رعی بوونه‌وه له خه‌ڵکی ده‌ستێننه‌وه، نه‌که‌نه‌وه به دێوه‌زمه به‌سه‌رسه‌ری خۆیانه‌وه. ده‌توانن هێزی جه‌ماوه‌ریی سه‌دان هه‌زاریی و ملیۆنیی خۆیان بۆ چاره‌نووسێکی دیکه نمایش بکه‌ن. ده‌توانن له‌جیاتی به‌شداریکردن له گاڵته‌جاری ده‌نگداندا که تائێستا بێجگه له نه‌بوونی و نه‌هامه‌تی هیچی دیکه‌ی بۆ نه‌هێناون، مارشی خۆیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ به‌ڕێ بخه‌ن. به‌م هاتنه مه‌یدانه‌یان ده‌توانن مۆری خۆیان له ئاینده‌ی سیاسی کوردستان و جۆری ده‌سه‌ڵاته‌که‌شی بده‌ن به‌جۆرێك که زۆرترین ماف و خواسته مرۆییه‌کانی ئه‌وان ده‌سته‌به‌ر بکات.
muhsin_km@yahoo.com
|