١٨\٢\٢٠١٣
ئایا عەبدوڵا ئۆج
ئالان کەسێکی ناسیۆنالیستیە؟

تاهیر
حەسەن
دەمەوێت بپرسم؛ ئاخۆ گرتنی ئۆج ئالان لە ١٥/٢/١٩٩٩داو ڕادەست کردنەوەی
بۆ ژێر دەستی دەوڵەتی تورکیا تەنها لەبەر خاتری کورد بوونەکەی بووە
کە وەک یاخی بویەکی دژی دەوڵەتی تورکیا خەباتی پێشخستوە یان جیاوازتر
لە کورد بوونەکەی و ناسیۆنالیست بوونەکەی، هۆکاری ئەسڵی تر لە پشت
گرتنەکەیەوە بووە؟
بزووتنەوەی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان هەر لە دروست بوونیەوە،
تەنها وەک بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی باوی کوردایەتی نەهاتە نێو
خەباتی سیاسیەوە، بە پێچەوانەوە لەگەڵ ئەو کۆ چەوساندنەوە زۆرەی
دەوڵەتی تورکیا بەرانبەر خەڵکی کورد زمان کردویەتی و تا سنوری سیاسەتی
قڕ کردن و جینۆساید کردن ئاستی زوڵم و سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی خۆی
پێشخستوە لە مێژووەکەیدا، هێشتا خودی بزووتنەوەی سیاسی پارتی کرێکارانی
کوردستان هەر لە سەرەتای هەفتاکانەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، خۆی
نەخستە ئەو ئاستە لەوەی بەرانبەر سیستەمی شۆڤێنی ناسیۆنالیستی تورکی
بێت بەهەمان شێوازو ئاستی سیاسەتی ڕەگەز پەرستانەی ناسیۆنالیستی پێش
بخات، بەپێچەوانەوە خودی جیاوازی ئەو بزووتنەوە سیاسیە جەماوەریە
لەوەدا بوو، بە پێچەوانەی تەواوی سیاسەتی باوی ناسیۆنالیستی و دینی
حاکم، ئەم بە سەد و هەشتا پلە، لەو جۆرە سیاسەتانە دوور کەوتۆتەوە و
پرەنسیپی سیاسەتێکی ئەلتەرناتیڤی ئازادی بەخشی، ئاواکردنی کۆمەڵگای
شارستانی دیموکراتی هەڵبژاردوە. ئەلتەرناتیڤێک، بەهیچ شێوەیەک ئامادە
نییە، خودی دەسەڵاتدارێتی بەبنەما بگرێت، هێندەی لە خەمی ئەوەدایە،
خەباتەکەی بە سەرکەوتن بگەیەنێت تا کۆمەڵگایەک ئاوا بێت، لەسەر ئەساسی
دادپەروەری و یەکسانی و ئازادی، جێی خۆی بگرێت لە مێژوودا.
خودی ئەو بزووتنەوە سیاسیە، بە تێگەیشتنی خۆم، سەرکەوتنەکەی بۆ ئاستی
تۆخ بوونەوە ناسیۆنالیستیەکەی ناگەڕێتەوە، هێندەی ئەوەی هاتوە ڕەخنەی
ناسیۆنالیزمی کردوەو و خودی دەوڵەت و نەتەوەش بەبەشێ لە درێژ کردنەوەی
چەوساندنەوەی چینایەتی دەزانێت. لە پەرتوکی (مێژووویەک لە ئاگر،
دیمانەیەکە لەگەڵ جەمیل بایک، وتەیەکی ئۆج ئالان دوبارە دەکاتەوە لەوەی
چۆن خواستویەتی خەڵکی کورد زمان ڕزگار بکات لەو چەوساندنەوە فاشیزمەی
دەوڵەتی تورک، دەڵێت؛ یانی ئاپۆ(من گووتم ببمە ژەنەراڵیکی تورکیا بۆ
ئەوەی کورد ڕزگار بکەم، بینیم ئەو ڕیگایەم لێگیراوە و ئەو ڕێگایە نابێت،
خۆم لە ئیسلامییەتیدا قووڵکردەوە، بینیم ئەمەش نابێت، لە کۆتاییدا
بینیم سۆسیالیزم وەڵامی ئەو داخوازییانەم دەداتەوە، چونکە سۆسیالیزم
ناهەقی و زوڵم پەسەند ناکات و ئازادی بەبنەما وەرگرتووە. بۆیە دەڵیت؛
بینیم مەگەر کورد تەنیا بە فیکری سۆسیالیستی ڕزگاری ببێت و بوومە
سۆسیالیست و چارەسەریم لە سۆسیالیزمدا دۆزییەوە. "دیارە مەبەستی ئەو
سۆسیالیزمە بنیات نراوەی ئەزمونی شورەوی و چین و سۆسیال دیموکراتی
ئەوروپا نییە، بەڵکو مەبەستی سۆسیالیزمی زانستی مارکس و ئەنگڵسە، گەر
پەرتوکەکانی مانیفێستۆی شارستانی دیموکراتی، بخوێنرێتەوە، مرۆڤ بەباشی
دەتوانێت تێبگات کە خودی ئاپۆ، بە چ ئەندازەیەک قوڵ بوەتەوە لە
شیکردنەوەی فیکری سۆسیالیزمی زانستی و ئەو ڕەخنانەشی هەیەتی دەربارەی
سەرنەکەوتنی ئەو سۆسیالیزمە زانستیە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان". گەر بە
تێگەیشتنێکی ووردەوە ئەم وتەیەی هەڵنەسەنگێنین وا دەر دەکەوێت کە ئاپۆ
بۆخۆی ناسیۆنالیستێکی عەیارە (٢٤)ە،
بەڵام ڕاستیەکەی وانییە و ئەو تا سەر ئێسقان دژی ناسیۆنالیزم بوون
و ڕەگەزپەرستی قەومیە.
گرتنی ئۆج ئالان لە کینیا و ڕادەست کردنەوەی بە دەوڵوتی تورکیا، تەنها
هۆکار خواستە یاخی بوونەکەی بوە لە کۆی سیستەمی سەرمایەداری، چونکە گەر
ئەو مرۆڤە تەنها لەبەر کورد بوونی بوایە، پێ نەدەچوو تەواوی وڵاتانی
زلهێزی جیهان ببنە دوژمن کاری، ئەو کات بەهەرچ جۆرێک بایە لە نێو
سیاسەتی سیستەمی باودا دەیان گونجاند و کورسیەکیان پێدەدا، تا ئەوەی
هەم وەک ناسیۆنالیستێک دەربکەوێت و هەم هەڵگری پەیامی ژێر بە ژێری
خواستە داگیرکاریەکانی ئیمپریالیزمی جیهانیش بێت. نەچونە ژێر باری
خواستی کۆی ئایدۆلۆژیای مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لەلایەن، ئۆج ئالان و
خودی بزووتنەوەکەش، بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە، کە چارەسەری یەکجاری لە
نێو ئەم سیستەمە چەوسێنەرەدا نییە، کە تەنها خواستی ڕیاکاری و بردنە
پێشی قازانج و دزینی زێدە بەرهەمە، ئەو زێدە بەرهەمەی کە ڕەنجی
ملیاردەها مرۆڤی بن دەست و چەوساوەیە، خودی گرنگی ئەم خاڵەیە کە
سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوە و سەرکردایەتیەکەشی تا ئێستا بە پێوە ڕاگرتوە
لە بەرانبەر کۆی زلهێزانی جیهانی سەرمایەداریدا.
گرتنی ئۆج ئالان نە وەک کەسایەتیەکی ئیسلامی سیاسی ئوسامەیە کە خودی
سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکا پشکی هەبوو لە دروست کردنەکەیدا و هەوڵی
قەبە کردنی دا تا لەو ڕێگاوە خواستە ملهوڕی و دژە ئازادیەکانی خۆی
بباتە پێشەوە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بە پێچەوانەوە ناچار کردنی
ئاپۆ تا ئەوەی لە وڵاتی سوریا هەڵبێت لە ساڵی ١٩٩٨ دا و ڕوو کردنە
وڵاتانی ڕۆژئاوای بەناو دیموکراسی، تەواوی ئەو گەمە قێزەونەی سیستەمی
سەرمایەداری ڕوون بوەوە کە بۆچی تەنها وڵاتێکیش ئامادە نەبوو ڕێگا بەم
مرۆڤە بدات لە وڵاتەکەیدا بمێنێتەوە؟ ئاخۆ گەر ئاپۆ هەمان بیرکردنەوەی
سیستەمی ناسیۆنالیستی و سەرمایەداری هەبوایە بە حورمەتەوە جێگایان بۆ
دانەدەنا؟ ئاخۆ هۆکاری ئەوەی کە ١٤ ساڵە ئەو مرۆڤە لە نێو گرتوخانەی
ئیمراڵی بەند کراوە، تەنها بۆ ئەو بیر کردنەوە تەندروستەی ناگەڕێتەوە
کە دەخوازێت بە چ شێوازێک دژایەتی کۆی سیستەمی باوی چەوسێنەر بکات؟ من
وا لە خودی ئۆج ئالان تێدەگەم. گەر ئەو مرۆڤە هەر کاتێک نەرمیەک
بنوێنێت لە بەرانبەر کۆی سیستەمی باوی سەرمایەداریدا و خۆی بهێنێتەوە
لەگەڵ ئاستی وشیاری سیاسی باوی تێگەیشتنی ناسیۆنالیستیدا، زۆر بە
ئاسانی دەتوانێت لە زیندان وەدەر بخرێت و لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا سات و
سەودا بکات، بە پێچەوانەوە، ئەو ڕێبازەی لە خودی کەسایەتی ئاپۆدا هەیە
تا دەگات بە خودی بزووتنەوەکەش، تەنها چارەسەر لە ئاوا کردنی
کۆمەڵگایەکی یەکسان و داد پەروەردا دەبیننەوە کە پێچەوانەی خواستی
سیستەمی خاوەندارێتی تایبەتی، باوە. خوێندنەوەی پەرتووکەکانی
ئۆج ئالان ئەم ڕاستیە نیشان دەدەن. بۆیە لای من خوێندنەوەی ئۆج ئالان
بە گرنگ دەزانم و خوازیارم هەر تاکێکی
ئازادیخواز و چەپ و ڕۆشنبیر، بتوانێت پەرتووکەکانی
ئەو مرۆڤە بخوێنێتەوە، تا لەوێوە لە کۆی نهێنی مێژوو تێبگەیت و هەم لە
کۆی نهێنی ئەو گەمە قێزەونەش تێبگەیت، لەوەی لەبەر کامە هۆکار بوو، کە
ئاپۆ لە گەمەیەکی نێو زلهێزان و سیخوڕانی جیهانی سەرمایەداریدا گیرا
و لە نێو تاریکی بەندیخانەدا هێشتویانەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خودی
بەندیخانەش نەیتوانی چۆک بە ئاستی ئیرادە و بڕوابوونی ئەو مرۆڤە دابدات
کە خواستی ئاواکردنی کۆمەڵگایەکی جیاوازتر لە کۆمەڵگای باوی هەیە و
خەباتی بزووتنەوەکەشی بەستۆتەوە بە ئاواکردنی کۆمەڵگایەک کە لەسەر
بنچینەی ئەتنی و قەومی و رەگەزپەرستی ئاوا
نەکرێت، بەڵکو کۆمەڵگایەک بێت بۆ هەموان و کەس لەویتر خۆی بە
گەورەتر و مەزن تر نەزانێت و پارە و سەرمایە
بنچینەی ئاواکردنی ئەو کۆمەڵگایە نەبێت. ئاخۆ ئێستا بۆمان ڕوون
دەبێتەوە کە گرتنی ئۆج ئالان تەنها لەبەر خواستی ناسیۆنالیست بوونەکەی
نەبووە؟
١٧\٢\٢٠١٣
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|