٢٩\٦\٢٠٢٠
ئایا ئەردۆگان
ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی دروستدەکا؟

زاھیر باھیر
بەربڵاوی ھێڕشەکانی ئەردۆگان بە ناردنی سەرباز و میلیشیاکانی بە
سەرێک بۆ لیبیا و ڕۆژاوا و بە سەرێکی دیکە بۆ باشوور ھەرەھا ھەڕەشەکانی
بۆ سەر قوبرس و یۆنان بەردەواومە. ئەم کارانەی ئەردۆگان کارادانەوەیەکی
زۆری لێکەوتۆتەوە و ھاوکاتیش دەرگایەکی گەورەی خستۆتە سەر پشت بۆ
لیداوان و قسەکردن لەسەریان. لە نێو سیاسییەکانی کورد و ڕۆشبیر و
قەڵەمبەدەستەکانیدا، ھەموان لەسە ئەوە ڕێکن کە ئەردۆگان بە دوای
دروستکرنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوەیە. بێ گومان ھەر کام لەمانەش
بەڵگەی خۆیانیان پێیە و لەو بەڵگانەش ھەڵپەی ئەردۆگانە کە ھەیتێکی لە
لیبیایەو ھەیتێکی لەو شوێنانەی دیکەیە کە پێشتر ناوم ھێنان.
بۆچونی من تەواو پێچەوانەی بۆچونی ئەوانەی سەرەوەیە . من لام وایە
ئەردۆگان ئەوەندە ساویلکە نییە کە بیەوێت ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی
دروستبکاتەوە ، بەڵکو ئەوەی کە دەیکات لە پێناوی بەرژەوەندییەکانیدایە
لەو شوێنانەی کە خۆی بۆ دەکوتێت. بۆ نموونە لە لیبیا سێ پرسی گەورە
ھەیە بۆ دەستتێوەردانی لە لیبیا. یەکەم: لە سەردەمی قەزافیی –دا
کۆمپانیاکانی تورکی بیناکردن و بیناکردنەوەی گەلێک پرۆژەی گەورەیان لە
ئەستۆ گرتبوو کە لە زۆربەیانا دەستبەکار بوون ، ھەندێکیشیان تەنھا
کۆنتراکتەکانیان واژۆ کرابوو. کە قەزافی ڕوخا ھەموو ئەو پرۆژانە وەستان
و ئەوەشی کە واژۆیان لەسەر کرابوون ھەر وەکو خۆیان ماونتەوە. دووەم:
مەسەلەی نەوتە کە ھەموان دەزانن کە لیبیا وڵاتێکی دەوڵەمەندە لە نەوت و
سامانی غازی سروشتتیدا ، ئەویش بەشی خۆی دەوێت و لە لایەن حکموتەکەی
فەیاز ئەل سەراج-وەلە پاداشتی ھاوکاریکردنی دژ بە ھێزی خەلیفە حەفتار،
پشکێکی لە نەوت پێدەدرێت . سێیەم: ئەردۆگان دووربینە و نایەوێت میسر کە
دژ بە ئیخوانەکانە ڕۆڵی لە لیبیادا، ھەبێت ، چونکە لە ئایندەدا بە
زەرەری ئەردۆگان و حیزبەکەی ئاکەپە دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە
لیبیا بوەتە پرسێکی ناوچەیی و جیھانیی.
لە تەک یۆنانا کێشەی ئاوی ھەیە و ھەروەھا گەڕان بە دوای نەوتدا . لەتەک
قوبرس-دا کێشەیەکی ٤٦ ساڵییە کە لە ساڵی ١٩٧٤ وە بەشە تورکییەکەیان لە
قوبرس بچڕیوە و دەوڵۆتکەیەکیان بۆ دروستکروە کە تەنھا ھەرخۆیان دانیان
پیادا ناوە و پەراوێزکەوتووە و لە ھەژارییدا دەژی. سەرۆکی ئەو بەشە
تورکییە و بەشی زۆری تورکەکانیش ئەوە دەزانن کە کڵاویان لەسەر نراوە بە
ناوی چیاکردنەوەی دەسەڵات و زەوییەوە لە کۆمەڵی قوبرسیی، کە زەرەور و
زیانێکی زۆریان لێکردووە ، چەند جارێک ھاتوونەتە سەر ئەوەی کە
ڕێکبکەونەوە لە گەڵ حکومەتی مەرکەزیی قوبرسدا بەڵام ئەردۆگان ھەڕەشەیە
و فشارێکی گەورەیە و بەو ھۆکارە ئەوە ڕونادات و ئەردۆگانیش نایەوێت
تورکەکانی ئەوێ بچنەوە سەر وڵاتی قوبرس و ببنەوە بە بەشێک لەو کۆمەڵە.
ھەرچیش دەستتێوەردانی ئەردۆگان لە ڕۆژاوادا ھەیە و ھێڕشکردن و
داگیرکردنەکانی، ھۆکارەکانی لای ھەموان ڕوونە و پێویست ناکات لەسە ئەمە
درێژ دادڕی بکەم.
سەبارەت بە داگیرکردنی باشوریش ئەردۆگان نایەوێت یا ڕاستتر ناتوانێت و
ناکرێت کە باشوور داگیر بکات . ھۆکاری ئەمەش یەکجار زۆرن. لەوانە ئەو،
پێویستی بەوە نییە کە لە کاتێکدا والی خۆی لە باشووردا ھەبێت، ھەموو
بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە ھەموو ڕویەکەوە لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی
باشوردا پارێزراو بێت ، چی سیاسی، ئابووریی ، فەرھەنگیی و ڕۆشنبیریی و
کولتوریی و زۆری تر . ئەردۆگان پێویستی بەو سەریەشەیە نییە کە بێت
ھەولێر و زاخۆو دھۆک[ ئەگەر بیشتوانێت] داگیر بکات و بە سەدەھا بنکەی
سەربازیی دانێت و پارەیەکی خەیاڵی سەرفبکات و ھەمیشەش لە دڵە ڕاوکێی
کوژرانی سەربازو ئەفسەرانیا بێت و خۆی بخاتە ژێر لۆمەی دەوڵەتانی
ئەوروپا و ئەمەریکا و ڕوسیا و جەماوەری سەرشەقامەکانی ئەوروپا و
کوردستان، دژایەتی بکەن. ھاوکاتیش کوردستان بەشێکە لە عێراق ، عێراق-یش
دەوڵەتە بە ھەموو کەموو کوڕییەکەوە کە ناکرێت وا بە ئاسانی لەشکری
وڵاتێکی دیکە بێت داگیری بکات. خودی عێراقیش بە تەنھا موڵکی خۆی نییە
بەڵکو موڵکی ئێران و ڕوسیا و ئەمەریکا و خەڵکی عەرەبی ناوخۆو ھەموو
عەرەبەکانی دەرو دراوسێ و جیھانە ، ھیچ لایەک لەو لایانە بێ دەنگ نابن
لە داگیرکردنی ئەو سێ شارەی کوردستان . دوای ئەوەش کوردستان[ باشوور]
ھەر بریتی نییە لە ھەولێر و زاخۆو دھۆک، کوردستان وڵاتێکی پان و بەرینە،
سەرێکی لە سوریایە سەرێکی لە ئێرانە. تورکیا چۆندەتوانێت داگیری بکات
؟!! تورکیا ھەموو کوردستانی بە بێ تەقە ، ئابوریانە ، داگیرکردووە ئیتر
بۆچی دەیەوێت بە ھێزی سەربازیی داگیری بکات کە زەرەرێکی گەورەی لیدەکات
، تەنانەت دەبێتە ھۆی ڕووخانی، ھەر خەڵکەکەی خۆی دژی دەچێتە سەرشەقام ،
چونکە ئەوەی کە لە ھێزی دابینکردنی سەربازەکانیا سەرفیدەکات لە
باشووردا، لە قووتی خەڵکی لە تورکیای دەگرێتەوە. داگیرکرنی کوێت
لەلایەن ێەدامەوە باشترین نمونەیە، گەر ێەدام نەچوایەتە کوێتەوە،
ڕەنگبوایە ئێستاش لە سەر حوکم بمایەتەوە.
دەوڵەتی تورکییە ھێڕشێکە کردویەتی خۆشی دەزانێت کە سەرکەوتن
بەدەستناھێنێت، بەڵام دەبێت بیکات ھەم بۆ قورتاربوونی کاتیی لە ھەندێک
ئەزمەی، ھەم کردنی بەناو جەنگی " تیرۆریزم" و ڕازیکردنی ڕاستڕەو و
فاشییەکانی ناو کۆمەڵی تورکیا. ڕەنگە لەشکری تورکیا بۆ ماوەیەک
بمێنێتەوە بەڵام مانەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لە باشوردا نە بۆی دەکرێت و
نە ئەوەش پلانێتی . ئەوە ڕاستییە کە ئەردۆگان و ھەندێک لەو وەزیرەکانی
ڕاگەیاندنی سەیر سەیر و مەترسیدارانە دەدەن ، بەڵام ئەوانە جەنگی
میدیاین و دەبێت زۆر باوەڕیان پێنەکەین .
ئەوەش ڕاستییە کە ئەردۆگان کۆشکێکی گەورەی
لە ستایەڵی کۆنی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی دروستکردوە و پاسەوانەکانی بە
جل و پۆشاکی سەردەمی عوسمانییەوەن ، بەڵام ئەمانە ھیچ نین و بەڵگە نین
بۆ ئەوەی کە ئەو دەەیەوێت دەوڵەتی عوسمانیی دروستبکات. ئەمە تەنھا بۆ
دروستکردن و ڕاگرتنی شکۆی خۆیەتی، بۆ خۆڵکردنە چاوی ئەوانەن کە خەون بە
ئیمپراتۆرییەتی عوسمانییەوە دەبینن و خولیای گەڕانەوەی ئەو سەردەم و
زەمانەیان و ڕاکێشانیانە بەرەو ئاکەپە ، دەنا ئەردۆگان ئەوەندە گێل
نییە پاش ١٠٣ ساڵ بیەوێت ئەوە بکات.
دەسەڵات و دەسەڵاتداران زۆر زیرەکن و
تاکتیکی زۆر سەیر و سەمەرە بەکاردەھێننلە پێناوی مانەوەی خۆیاندا کە
ئەمەش تەنھا لەسەر حسابی گێلێتی بەشێک لە گەلە. بۆ نموونە تەماشای
ێەدام بکەن لە ڕۆژەکانی جەنگی ئیرانو عێراقدا گەڕایەوە بۆ دین ، ھەر
خودی جەنگەکەشی بەناوی قادسییەوە ناونا تاکو جەماوەر بۆ مەبەستی خۆی
ھەڵخەڵەتێنێت. ئومەی عەرەبی و عروبەی بەکاردەھێنا تاکو ھاوپشتی بۆ خۆی
لە جەنگی لەتەک کورد و ھەم لەتەک ئێرانیشدا،پەیدا بکات . ھەر ئاواش
نمونەی داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمەریکا و ھاوپەیماناناوە مانەوەیان
و جەنگیان لە ئەفغانستان ، لە لیبیا ، لە سوریا بە ئێمە دەلێن جەنگی "
دژە تیرۆرە" بەڵام ئایا وایە؟ وەڵام لای خۆتانە بە بەڵگە و دۆکۆمێنتەوە.
ھێڕشی دەوڵەتی تورکییە بۆ سەر باشوور، ھێڕشە بۆسەر پەکەکە چونکە پەکەکە
لە بەشی باشووردایە ، ھێڕشیشە بۆسەر یەکێتی و پارتی تاکو زیاتر
بیانکاتە پاشکۆی خۆی و ئامادەی ھەموو جۆرە سازشێک بن، تاکو پێگەیان
لەناو جەماوەری کوردیدا ئەوەندەی تر لاوازبێت و ڕسواتر بن.
ئەوەی کە ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کە پاگەندەی داگیرکردنی باشوور و
مانەوەی تورکیا لەوێ، ئیدی ھەرکەس ئەو پاگەندانە بکات : پەکەکە ،
سیاسییەکان ڕۆشنبیران یا ئەھلی فەیسبوک، بە گەوەرەترین زیان لەسەر
جەماوەری باشوور دەگەڕێتەوە، پاگەندەیەکی ترسناکە و جگە لە
ناڕاستییەکەی، ورە و بەرھەڵستی و دژایەتیکردنی لەشکری تورکیا بە
جەماوەر ناھێڵێت و ئەوەندەی تر دەیانتەپێنێت. ئەم پاگەندانە خەڵکی
دەکاتە کۆیلەیەکی بێ بیرکەرەوەی چاولەدەمی حیزب و ڕۆشنبیر و کادیرانی
زانکۆ و پسپۆڕەکان و سیاسییەکان و لەدەستدانی ھەموو توانا و ھێزێکی خۆی.
٢٧\٦\٢٠٢٠
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|