٥\٨\٢٠١٢
ئایا ئەردۆغان و
داود ئۆغلۆ لە پەکەکە و پەیەدە
خەمخۆرترن
بۆ ئایندەی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە؟

تاھیر حەسەن
سەردانی لە ناکاوی وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی تورکیا داود ئۆغلۆ، بۆ
پارێزگای کەرکوک، ھەڵگری چەند چەمک و
لێکدانەوەی سیاسی و ئابوریە و بۆخۆی ئامانجێکی تایبەت لە ناواخنیدا
ھەیە. ئەو سەردانە تایبەتە لە کاتێکدایە بێگوێدانە پرەنسیپە دیبلۆماسیە
باوەکانی نێو سیاسەتی دەوڵەتداری، ئەنجام دەدرێت و دەسەڵاتەکەی مالیکی
پێ قەڵس دەبێت.
ھەلومەرجی ئالۆزاوی سوریا و ھاتنە مەیدانی خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی
ئەو وڵاتە، دژی ڕژێمەکەی ئەسەدی کوڕ و بە ئومێدی کۆتا ھێنان بەو ڕژێمە
تاوانکارە، ساڵێکی زیاتر تێپەڕاندوە، بەڵام ھێندەی ئەم ساتە وەختە ڕژێم
نزیک نەبووەتەوە لە لێواری گۆڕی خۆیەوە. لە
ڕۆژئاوای کوردستانیشدا زۆرێک لە شارە کوردنشینەکان ڕزگار کراون و لە
ژێر دەستی پارتی یەکێتی دیموکراتدایە(پەیەدە)، ئەم پارتە بە ھەموو
مانا و لێکدانەوەیەکەوە جیاوازترە لە کۆی
پارتە بەرھەڵستکارەکانی مەوجود، چونکە لە
لایەک گرێدراوی ھیچ یەک لە ھەڵوێست و سیاسەتەکانی دەوڵەتانی ناوچەکە و
وڵاتانی زلھێزی سەرمایەداری نییە و لە
لایەکی دیکەشەوە نزیکایەتیەکی ئایدۆلۆژی ھەیە لەگەڵ پارتی
کڕێکارانی کوردستاندا. ئەم ھۆکارەیە وای لە کۆی پارتە بەرھەلستکارە
قەومی و دینیەکان کردوە کە پەژارە و خەمی خۆیان بەرانبەر بەو پارتە
دەردەبڕن و کەوتونەتە ناوناتۆرە ھەڵواسین و چەواشەکاریی
بەوەی ئەم پارتە کوردییە یەک سیاسەتی
دیکتاتۆریانە پەیڕەو دەکات و، دووش لایەنگری ڕژێمی بەعسی سوریایە.
ئەوەی وا دەوڵەتی شۆفێنیستی ئەردۆغانی بێزار کردوە و ئۆغلۆ بەپەلە
ڕەوانەی کوردستان دەکات و لە کەرکوک دانیشتن لەگەڵ پارێزگار بکات و
ئامادەیی خۆی دەرببڕێت بۆ ئیمزاکردنی وەرەقەی سپی، یانی ئامادەیی
دەوڵەتی تورکیا بۆ برەودان بەگەشەسەندنی شاری کەرکوک، خۆی لە خۆیدا
نیشانەیەکی ئاشکرای بە کرێگیراویی دەسەڵاتی
کوردی دەردەبڕێت بۆ ئەو ئامانجانەی کە دەوڵەتی تورکیا بە شوێنیەوەیەتی.
لە لایەکی تر دانیشتنی ئۆغلۆ لەگەڵ پارتە
کوردییەکانی دیکەی ڕۆژئاوا لە ھەولێر ھەمان
کاری تەسلیم بوونی ئەو پارتانە دەگەیەنێت کە
دەوڵەتی تورکیا دەخوازێت بیان کاتە دوژمنی پەیەدە. (من وەک خۆم ھیچ کات
لەگەڵ بیرکردنەوەی نەتەوەچێتی و مەیلە بوارژوازی و کۆنەپەرستیەکانی ئەم
ئایدۆلۆژیایەدا نیم، یانی وەک کەسێکی نەتەوەپەرست بیر ناکەمەوە و ڕێگاش
بە خۆم نادەم بکەومە نێو ئەو جۆرە
ئایدۆلۆژیایەوە).
پارتی کرێکارانی کوردستان، گەر پارتێکی نەتەوەپەرست و میللی گەرا بووایە،
ئێستا دەمێک بوو لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و خودی سیستەمی سەرمایەداریدا
گونجانی دەکرد و ساتوسەودای بە ئامانجەکانی خۆیەوە دەکرد، ھەروەک چۆن
پارتە کوردیەکانی کوردستان دەیکەن و نمونەی پارتە نەتەوەپەرست و
دینیەکانی وڵاتانی عەرەبی کردویانە و ھەر ھەمویان بەشێکن لەو پێکھاتە
ئامانج دارەی کە بە شوێن پاراستنی سیستەمی سەرمایەداریەوەن. بە
پێچەوانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان و خودی ئۆج ئالان، خاوەن ھەڵوێست
و سیاسەتی ڕۆشنن لە دیفاع کردن لە سۆسیالیزم و ئازادی، ئازادیەک کە ھیچ
سنوری نەتەوە و دینێک تێیدا بەم شێوازەی ھەیە بوونی
نییە. خودی ئەو ئامانج و خەباتەی ئەو پارتە
ھەڵگریەتی لە ڕووی عەمەلیەوە سەلماندویەتی
کە بە چ ئەندازەیەک دوژمنی سەرسەختی خودی سیستەمی نەتەوەپەرستی و
سیەرمایەداریە. گەر وا نەبووایە
لە نێو سیاسەت و سیستەمی باوی سەرمایەداریدا جێگەی دەبوەوە. خودی ئەو
پرەنسیپە بەرزانەی ئەو پارتە بە شوێنیەوەیەتی دەرخەری ئەوەن کە ئەو
پارتە پارتێکی سۆسیالیزمی سەر بە سۆسیالیزمی زانستیە، گەر ھەر کەسێک
بخوازێت لە ئۆج ئالان تێبگات، با پەرتوکی (داستانی ژیانەوە بخوێنێتەوە
یان پەرتوکی مێژویەک لە ئاگر بخوێنێتەوە کە چاوپێکەوتنێکی جەمیل بایکە)
ئەوجا بە ئاسانی و بە ڕۆشنی لەو ڕێڕەوە مەزنە تێدەگات کە
خەباتی ئەو پارتە لە پێناو چ ئامانجێکی
بەرزی سۆسیالیستیدایە.
ئۆج ئالان بە تێگەیشتنی من کەسێکە بە تەواوی
لە سیستەمی سەرمایەداری و بنەما چەوسێنەرەکانی ئەو سیستەمە تێگەیشتوە و
لە ھەمان کاتدا مرۆڤێکە لە ئامانجی بەرزی مارکس و ئەنگڵس و لینین،
تێفکریوە و پابەندە بەو ڕێچکە فکریەوە کە ئەو ڕابەرانە ھەڵگرین. لێرەدا
من ناخوازم مەدح و سەنای ئەو پارتە و ڕابەرەکەی بکەم، ھێندەی دەمەوێت
بە شێوەیەکی واقعیانە لەو پارتە تێبگەین بۆچی سەرجەم سیستەمی باو لەگەڵ
دەوڵەتەکانی ئەمڕۆ دژی خودی ئۆج ئالان و خەباتی پارتی کرێکارانن؟
تەواوی پارتە بەناو سۆسیالیستیەکان لەمڕۆدا یان سەر بەڕەوتی سۆسیالیزمی
شورەوی جارانن، یاخود سەر بە ڕەوتێکن نەیان توانیوە ئاستی خەباتیان
بگەیەننە ئەندازەیەک بوونیان ھەست پێبکرێت و
مەیلی کۆمەڵگایان بۆ لای خەباتەکەیان
ڕاکێشابێت، بە پێچەوانەوە پارتی کرێکارانی کوردستان، بە ئەندازەیەک لە
نێو خودی خۆیدا پەرەی بە خەبات داوە،
تواناکانی و ھەڵسوڕانیان دەرخەری ئەو بەرەو پێشەوەچونەیانە. پارتێکە لە
نێو خودی خۆیدا ھەڵگری چەمکە واقعیەکانی مانای ئازادین، خەبات کردن بۆ
ئازادیش ئەو لێبڕاویە مەزنەی دەوێت کە ئەو پارتە دەیکات.
ھەموو تاکێکی ئازادیخواز دەزانێت سیاسەتی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا ھێندە
وەحشیانەیە، تەنانەت وای لە زۆرێک لە خەڵکی تورکیش کردوە ھەر بەو چاوە
ڕاسیستی و نەژاد پەرستیەوە بیر بکەنەوە کە خودی سەرانی دەوڵەت بیر
دەکەنەوە، ئەوە ئاستی ڕاسیسمی دەوڵەتی تورکیە وادەکات کە بڵێت
پەکەکە، پارتێکی نەژاد پەرست و توندڕەو و
قەومیە، گەر وایە بۆچی دەسەڵاتی دەوڵەتی سەرمایەداری تورکی لەگەڵ
دەسەڵاتدارانی باشوردا ئەو کۆ پەیوەندیە ئابوری و سیاسیەی ھەیە؟ ئاخۆ
ئەوانیش میللی گەرایی و نەتەوە پەرست نین؟ دەبێت بە چاوێکی ڕەخنە
ئامێزەوە لەو تێگەیشتنانە ورد ببینەوە و لێیان تێبگەیەن. سیستەمی
سەرمایەداری لەمڕۆدا ئەوەی بە تەنھا بە دوژمنی سەرسەختی خۆی ببینێت،
تەنھاو تەنھا یەک ڕیزی چینی کرێکار و پارتی پێشڕەوی ئەو چینەیە، بە
غەیری ئەم چینە، سیستەمی سەرمایەداری ھیچ پارتێکی تر بە دوژمنی
خۆی نازانێت، خودی پارتە قەومیەکان و پارتە دینیەکان، بەشێکن لەو
پێکھاتە و ئامانجانەی کە سوودمەندی
یەکەم لێیان خودی سیستەمی قازانج پەرستی سەرمایەداریە، چونکە گەر بوونی
ئەو ئایدۆلۆژیا قەومی و دینیانە نەبێت، ئەوجا خودی ئەم سیستەمە
ناتوانێت جەنگەکانی برەو پێبدات لەگەڵ ململانێ ناوخۆییەکانیدا کە
دەکەوێتە بەردەم ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکانی
چینی کرێکارەوە.
بریا لە ھەر وڵاتێکدا ئۆج ئالانێک و پارتێکی وەک پارتی کرێکارانی
کوردستان بوونی ھەبوایە، ئەوجا دەبینرا کە
ئاڵوگۆڕە سیاسی و ئابوریەکان بە چ شێوەیەک دەبوون. ئەوە ئاستی بەرەو
پێشچونی ئەو پارتەیە کە ئەمڕۆ تەواوی سیاسەتی دەوڵەتی تورکی و ناوچەکە
و جیھانیش لێی ھاتونەتە مەیدان و خەریکی تەشھیر کردنین، ئەوە گریانی
بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی میللی گەرای سوریایە کە ھێندەی دەسەڵاتی ڕژیمی بەعسی
سوریا خەم و پەژارەشیانە بەرانبەر بە پارتی پەیەدە، چونکە دەزانن ئەو
پارتە بە شوێن ئامانجێکەوەیە کە جیاوازترە لەو ئامانجانەی خودی کۆی
پارتە بەرھەڵستکارە دینی و میللی گەراییەکانی دیکە بە شوێنیەوەن. ئەوە
ئاستی پاشکۆیی ئەو پارتانەیە بە سیاسەت و ئامانجەکانی وڵاتانی زلھێزی
وەک ئەمریکا و تورکیا و وڵاتانی عەرەبیەوە،
کە خودی ئامانجەکانی شۆڕشی بەرەو ھەڵدێر بردوە، ھەروەک ئەو پارتە
عێراقیانەی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە لەسەر دەبابەی ئەمریکیەوە
خۆیان کرد بە دەسەڵاتدار بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی عێراقەوە،
دەرئەنجامەکانیش ھەمو لایەک و ھەمو مرۆڤێکی ئازادیخواز دەیبینێت کە ئەو
کۆمەڵگایەیان بە چ ئەندازەیەکی ناشیرین لەبەریەک ھەڵوەشاندۆتەوە و بۆ
سەدان ساڵ بەرەو دواوەیان گەڕاندۆتەوە.
ئەوە خەمخۆریی دەوڵەتی سیاسی تورکیا
نییە بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی سوریا و کوردستان،
ئەوان ھێندەی بە شوێن داگیرکارییەکەوەن،
ھێندەی بە شوێن ھێز و ھاوسەنگیەوەن لە دوای
رووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، بۆ ئەوەی
هەژموونی پاوانخوازیی
خۆیان بسەپینن بەسەر ستراتیژی ناوچەکەدا، بە
ھیچ شێوازێک بە شوێن ئازادکردن و رزگارکردنی خەڵکی بەشمەینەتی سوریاوە
نین. ئەوان دەخوازن مەدێکی ئیسلامی سیاسی سەر بە
خۆیان و ڕەوتی سونی گەرایی لە ناوچەکەدا بەھێز بکەن و ھەروەک
سەردەمی عوسمانیەکان و سەفەویەکان، جارێکی تر کۆمەڵگاکان بخەنە نێو
ھەمان ژیان و دواکەوتوویەکەوە. ئەوە ئامانجی
سەرەکی دەوڵەتی سیاسی تورکیایە و لەو ڕێگایەشەوە دەخوازێت نەک ھەر
پەیەدە و پەکەکە لە نێو بەرێت، بەڵکو
ئامانجیان لەناودانی سەرجەم ئازادیخوازانە.
دەوڵەتی تورکیا، جێبەجێکەری خودی پەیام و
ستراتیژی ئەمریکای زلھێز و ناتۆیە، ئەو دەوڵەتە فاشیە بەو پشتگیرییە
نێودەوڵەتیەوە توانای مانەوەی خۆی ڕاگرتوە لە بەرانبەر خەباتی پارتی
کرێکارانی کوردستاندا، ئەوە سیاسەتی دەوڵەتی زلھێزی سەرمایەداری
ئەمریکایە کە خودی خۆی بەرھەمھێنەری تیرۆریزمە، بە پەکەکە ش دەڵێت
پارتێکی تیرۆریستیە، ئاخۆ چەوسێنەر تیرۆریستە یان چەوساوە و ئازادیخواز؟
فەرموون ئەم لینکەش ببینن:
www.hawlati.co/babetekan/23970
٢\٨\٢٠١٢
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|