په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠٢٣

ئایا عەرەبەکانی ناو ئیسرائیل

هەمان مافی جووەکانیان هەیە؟


عامر سابیر       


لە ئیسرائیلدا نزیک بە دوو ملیۆن عەرەب ئەژی، کە ئەکاتە نزیک بە ٢١٪ی دانیشتوانی ئیسرائیل. ئەکادیمیست و مێژوونووسی ئیسرائیلی (ئیلان پاپەی) لە تەلەفزیۆنی (بی بی سی) لە بەرنامەی (هارد تۆک - وتووێژی سەخت) لە ٣٠\٦\٢٠١٤دا وەڵامی ئەم پرسیارەی سەرەوە ئەداتەوە.

 

ستیڤن سانکە:
باشە، با باسی فەلەستینییەکان یان عەرەبە ئیسرائیلییەکان بکەین کە هاوڵاتی دەوڵەتی ئیسرائیلن، کە ڕاپرسیەکیان لە نێودا کراوە کە لە ڕۆژنامەی (قودس پۆست - جورشەلیم پۆست) بڵاوکراوەتەوە، کە ٦٠٪ ئیسرائیلیان وەک شوێنێکی باش بۆ ژیان خستەڕوو، وە ٥٠٪ ئەوەیان وتووە کە ئەوان باوەڕیان بە رەوابوونی ئیسرائیل هەبوو وەک دەوڵەتێکی جوو، وە کەمتر لە ٢٥٪ دەیانەوێت بچن لە دەوڵەتێکی فەلەستین کە شانبەشانی ئیسرائیل بێت بژین؟

ئیلان پاپەی:
من گومانم لەم ڕاپرسیە هەیە، ئەگەر بڵێم یەک بابەت هەبێت کە بەراستی شارەزایی تەواوم لێی هەبێت، بریتییە لە بارودۆخی ژیانی فەلەستینییەکان لە ئیسرائیل، چونکە ئیسرائیل ماڵی سیاسی من بووە، ماڵی کەلتووری من بووە، ژیانی کۆمەڵایەتی من لەوێ بووە. نازانم بنەمای ئەو وەڵامانەی ئەو ڕاپرسیە چییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە ڕەنگدانەوەی هەستی فەلەستینییەکان نییە دەربارەی ئیسرائیل.


لێرەدا پێشکەشکەری بەرنامەکە (ستیڤن سانکە) قسەکان بە ئیلان پاپەی ئەبڕێت و ئەڵێ:
بەڵام ڕەنگە ڕەنگدانەوەی شتێک بێت کە من پرسیار دەکەم، ئایا ئێوە ئینکاری ئەوە دەکەن کە ئیسرائیل دیموکراسییە و بێگومان عەرەبەکانی ئیسرائیل مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیلدا؟ ئیسرائیل سیستەمێکی دادگایی هەیە کە توانای وەستانەوەی هەیە بەرانبەر ئەوانەی لە دەسەڵاتدان، ئێمە بینیمان کە چەند سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بە تاوانی گەورە سزادراون؟ پابەندبوونێکی بنەڕەتی هەیە بە دیموکراسی کۆمەڵگای مەدەنی لە ئیسرائیل کە لە ناوچەکانی فەلەستین نابیندرێت لە ئێستادا، کە لە هیچ لەو وڵاتە عەرەبیانەی کە دراوسێی ئیسرائیلن نابیندرێت؟ بە دڵنیایییەوە عەرەبە ئیسرائیلییەکان توانای بینینی ئەوەیان هەیە؟

ئیلام پاپەی:
نەخێر ناتوانن بیبینن. لە ئیسرائیلدا ٩٣٪ زەوی تەنها هی جووەکانە، لە ئیسرائیلدا فەلەستینییەکان ڕێگەیان پێ نادرێ شوێنی نیشتەجێبوونی نوێ ئاوەدانبکەنەوە و گوندی نوێ دروستبکەن، ڕێگەیان پێ نادرێ شارەکانیان فراوان بکەنەوە. لە باری ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە (سۆشیال سکیوریتی – زەمانی ئیجتیماعی) فەلەستینییەکان بەهرەمەند نیین لە هەمان ماف کە جووەکان هەیانە. هەمان مافی خزمەتگوزارییە خۆشگوزەرانییەکانیان نییە کە بۆ جوویەکی ئاسایی هەیە. لە باری پەروەردەوە هەڵاواردنیان بەرانبەر کراوە و مناڵانیان بەهرەمەند نین لە هەمان سیستەمی خوێندنی جووەکان. وە لە هەموو لایەنەکانی تری ژیاندا، لە باری دادوەری، یاسایی، دارایی ئەوان جیاکاریان لەگەڵ ئەکرێ. سەرەڕای هەموو ئەم جیاکاریانە، پێم وایە زۆر گرنگتر لە هەر هەموو شتێکی تر ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەت وەک بەشێک لە میللەت دانیان پێدا نانێت، چونکە دەوڵەت وەک بەشێک لە نەتەوە نایانناسێت و دانیان پێدا نەنراوە.

هەروا لەبەر ئەوەی کە دەوڵەت وەک بەشێک لە نەتەوە نایانناسێت، و لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا شەپۆلێک لە بڕیاریان لە دژیان دەرکراوە کە نکۆڵیی لە بوونیان دەکا وەک بەشێک لە نەتەوە، کە ئەمە وەک مۆتەکەیەک (بۆمبێک) بەسەریانەوە هەڵواسراوە و ژیانێکی زۆر ناجێگیر ئەژین، هەر وەک لە باشوری ئیسرائیلدا ئەیبینین لەم کاتەدا کە قسە ئەکەین هەفتا هەزار فەلەستینی لە گوندەکانیان دەرکراون، ئەمە واتای ئەوەیە کە پاکتاوی ڕەگەزی... .

لێرەدا جارێکی تر پێشکەشکاری بەرنامەکە (ستیڤن سانکە) قسەکانی پێ ئەبڕێت. ئیلان پاپەی ئەڵێ ڕێگەم بدە تەواوی بکەم، بەڵێن ئەدەم بە زوویی بە چەند ڕستەی تر تەوای بکەم، ئیلان پاپەی بەردەوام ئەبێت و ئەڵێ زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە ئیسرائیل یان زایۆنیزم ئەو دیدگایەی هەیە کە ئەیەوێ زۆرترین خاکی فەلەستینی هەبێت بە کەمترین دانیشتوانەکەیەوە... ڕێگەم بدە با تەواوی بکەم، ئەمەوێت ئاماژە بە پرسێکی گرنگ بکەم.......، لێرەدا جارێکی تر پێشکەشکارەکە (ستیڤن سانکە) قسەکان بە ئیلان پاپەی ئەبڕێت و نایەڵێ وەلامەکەی تەواو بکات.

گوێگرتن لەم چاوپێکەوتنە (کە بەستەرەکەی لە خوارەوەیە) زۆر گرنگە بۆ هەر کەسێک کە کێشەی خەڵکی فەلەستین و داگیرکاریی ئیسرائیلی بۆ گرنگ بێت. هەرچەندە پێشکەشکارەکە (ستیڤن سانکە) زۆر پرۆ ئیسرائیلە و بە پرسیارە ورووژێنەرە دەمارگرەکانی و بەرخوردە گاڵتەجاڕییەکەی نایەڵێ ئیلان پاپەی وەڵامەکانی تەواو بکات و بە پرسیاری زۆر دای ئەگرێت و نایەڵێ گوێگر بەتەواوی بە بۆچوونی ئیلان پاپەی ئاشنابیت. بەڵام دەردەکەوێ کە ئیلان پاپەی بە هێمنی و وەڵامە دروستەکانی براوەیە و ستیڤن سانکە شکستی هێنا لەم گفتووگۆ سەختەیدا.

بۆ ئاشنابوونی زیاتر لەسەر مافی فەلەستینییەکانی ناو ئیسرائیل، خوێنەر ئەتوانێ لە یەکێک لە دوا کتێبەکانی ئیلان پاپەی بە ناوی (دە ئەفسانە لەسەر ئیسرائیل) کە لە ٢٠١٧دا بڵاوکراوەتەوە و لینکەکەی لە خوارەوەیە ئاشنایی زیاتر پەیدا بکات.
_____________________________________
سەرچاوەکان:
١- بەستەری چاوپێکەوتنەکەی ستیڤن سانکە لەگەڵ ئیلان پاپەی لە تەلەفزیۆنی (بی بی سی) بەرنامەی (هارد تۆک):
https://www.youtube.com/watch?v=4lsmFS75ed4 
٢- بەستەری پەرتووکەکەی ئیلان پاپەی بە ئینگلیزی، بە ناوی (دە ئەفسانە لەسەر ئیسرائیل) :
https://archive.org/details/ten-myths-about-israel-by-ilan-pappe-2017/page/n11/mode/2up 
٣- بەستەری سەردێڕەکانی ئەم پەرتووکە بە کوردی:
https://emrro.com/deefsaneleserisrail.htm


٢٦\١١\٢٠٢٣

ماڵپه‌ڕی عامر سابیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک