ئایا ئه‌رکی هێنانه‌دی زمانێکی ستانداری کوردی له‌پێشتره، یان هێنانه‌دی ئێراقێکی یه‌کگرتوی داته‌پیوو ؟
خه‌بات لاوباخ
هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن زمانی زیندووی سه‌ر ڕووی زه‌مین خاوه‌نی زمانێکی ستانداری یه‌کگرتووه ، که له بواری خوێندن و زانست و ئابوری و به‌ڕێوه‌بردنی ووڵاتدا به‌کاردێت و کاریگه‌رێکی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر پێشخستنی ووڵات له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه.
بۆ نمونه هیندستان که ژماره‌ی دانیشتوانی نزیکه‌ی 1.129.866.000 یه‌ك ملیارد و سه‌دوبیست ونۆ ملیۆن وهه‌شت سه‌دوشه‌ست وشه‌ش هه‌زار که‌سه و خاوه‌نی زۆرتر له 100 زمانی جیاوازن ،جگه له سه‌دان دیالێکتی ناوچه‌یی ، به‌ڵام زمانی فه‌رمی وستانداری ووڵاته‌که‌یان هیندی و ئینگلیزی یه ( زمانی ئینگلیزی له بواری خوێندن و به‌ڕێوه‌بردنی ووڵات به‌کاردێت) و (هیندی بۆ ئاخاوتن و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن) ، له ده‌ستوری ووڵاته‌که‌شیان ڕێگایان به 21 زمانی تر داوه له هه‌رێمه جیایه‌کاندا به‌کاربێت و بکرێت به زمانی فه‌رمی و شانبه‌شانی ئه‌و دوو زمانه سه‌ره‌کی یه.
ئه‌ڵمانیا که دانیشتوانه‌که‌ی نزیکه‌ی 82.255.000 که‌سه و زمانی ستانداره‌که‌ی (ئه‌ڵمانی به‌رز- هۆخ دۆیچ )ه ، هه‌رچه‌نده خاوه‌نی 53 جۆر دیالێکتی تری ناوچه‌یی یه ، ته‌نها یه‌ك زمانی ستاندار هه‌یه ، ده‌ستوری ووڵاته‌که‌ش ڕێگای به چوار زمانی تر داوه که به فه‌رمی له هه‌رێمه‌کاندا به‌کاربێت وه‌ك فرێزی ، زۆربی ،دانیمارکی و( ئه‌ڵمانی نزم- نیده‌ر دۆیچ ) .
که‌چی ئیمڕۆ کورد له پارچه‌یه‌کی بچوکی کوردستانی گه‌وره دا گه‌یشتۆته هه‌ندێ ئازادی ،که ڕه‌نجی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌بات وئه‌نجامی ڕشتنی خوێنی سه‌دان هه‌زار ڕۆڵه‌ی کورده ، چه‌ندین تێکۆشه‌ر و دڵسۆزی کورد به‌و ئاواته‌وه ماڵئاوایی لێکردوین ،که کورد خۆی بتوانێت بڕیارده‌ر بێت له به‌جێ گه‌یاندی پێویستیه ڕامیاری ، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی ، په‌روه‌رده و فێرکردن له کوردستاندا.
یه‌کێك له‌و پێویستیانه، زمانێکی ستانداری کوردییه ،که به داخه‌وه له هه‌رێمێکی 4-5 ملیۆن که‌سی سێ پارێزگاریدا ، نه‌ك تا ئێستا نه‌توانراوه هه‌وڵ بدرێت ، بناغه‌یه‌ك بۆ دانانی زمانێکی ستانداری کوردی یه‌کگرتوو دابنرێت تا له داهاتودا بتوانرێت له هه‌موو پارچه داگیرکراوه‌کانی تری کوردستاندا به‌کار بهێنرێت و په‌ره‌ی پێبدرێت ،به‌ڵکو په‌رته‌وازه‌ش کراوه . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ی کورد خاوه‌نی چوار دیالێکتی سه‌ره‌کی و چه‌ندین دیالێکتی ناوچه‌یین ، توانیومان له هه‌موو ده‌ستدرێژ و هێرشێکی دوژمن بیپارێزین و له ناوچوون ڕزگاری بکه‌ین ،که‌چی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد ئێستا خۆیان به‌و کاره هه‌ڵده‌ستن ، که زۆر به ئاسانی ده‌توانرا زمانێکی پاراوی کوردی دوور له به‌کارهێنانی ووشه‌ی بێیانی له دیاڵێکته جیاوازه‌کان به‌رهه‌م بهێنرێت . به‌داخه‌وه له‌دوای ڕزگارکردنی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان و فه‌رمانڕه‌وایی 17 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بڕیاری به‌کارهێنانی دوو دیاڵێکتی ده‌دات له خوێندگاکاندا و نیازی جیاکردنه‌وه‌ی دوو ناوچه و هه‌وڵی دروستکردنی هه‌ستی ناوچه‌گه‌ریی ده‌دات ، که له هیچ شوێنێکی ڕووی زه‌مین کاری وا ڕووی نه‌داوه . به بۆچونی ئه‌م وه‌زیره ،خه‌ڵکی ناوچه‌که داوایان کردووه ، بۆیه بۆیان جێ به‌جێ کراوه ، ئه‌گه‌ر وایه میلله‌تیش داوای نه‌هێشتنی به‌دکاری و گه‌نده‌ڵی ده‌کات ، بۆ گوێیان لێ ناگیرێت وچاره‌ی نا‌که‌ن ؟ ئه‌مه مایه‌ی گاڵته‌جاری نیه ؟
ئیمڕۆ له هه‌رێمی کوردستاندا هیچ ڕێگرییه‌کی سیاسی ، یاسایی ، دارایی نیه ، جگه له بونی بیری ته‌سکی ناوچه‌گه‌ری نه‌بێت. بێگومان کورد خاوه‌نی پسپۆڕ و زمانه‌وانی به‌توانایه ، پاره‌ی پێویستیش له‌به‌رده‌ستدایه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بابه‌ته‌که به هه‌ند وه‌رنه‌گیراوه .
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد له کوردستان و ئێراقدا هه‌وڵی به‌هێزکردن و به یه‌کگرتوویی هێشتنه‌وه‌ی ئێراقی عه‌ره‌بی داته‌پیوو ده‌ده‌ن ، گه‌ر ئه‌وه‌نده خه‌مخۆری یه‌کگرتوویی زمانی ستانداری کوردی بونایه ، زۆر ده‌مێك بوو ، نه‌ك ده‌بوین به خاوه‌نی ئه‌و زمانه ستانداره به‌ڵکو به خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی کوردستانیش.
ئه‌گه‌ر پرسیارێک له ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان بکه‌ین ، ئایا ئه‌نجامی به‌هێزکردنی ئێراقێکی یه‌کگرتوو و به‌هێز ، چی مانایه‌ك ده‌به‌خشێت به داهاتووی کورد ؟ وه‌ڵامه‌که‌ی ڕوون و ئاشکرایه ، ئه‌و پرسیاره‌ش دێته پێشه‌وه ،ئایا به‌کارهێنانی دوودیالێکتی و په‌رته‌وازبونی زمانی کوردی ، چی پاشه‌ڕۆژێك چاوه‌ڕێمان ده‌کات ؟ زۆر به‌داخه‌وه جاربه‌جار چه‌ند ده‌نگێکی به‌ناو ڕۆشنبیر و نوسه‌ری کورد به‌رز ده‌بێته‌وه و لایه‌نگیری به‌کارهێنانی دوو دیالێکتی، یان زۆرتر ده‌که‌ن و به مافێکی ئاسایی ناوچه‌که‌ی ده‌زانن ، ئه‌م داوایه ڕه‌وایه ، گه‌ر کورد خاوه‌نی زمانێکی ستاندار و ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ بێت، نه‌ك ئێستا هه‌وڵ بدرێت تۆوی ئه‌م دوبه‌ره‌کی یه بچێنرێت ، که به‌زیانێکی زۆر گه‌وره ده‌گه‌رێته‌وه بۆ کورد ، زۆر له‌مانه ئاماده‌ن به عه‌ره‌بی بدوێن نه‌ك به دیالێکتی کرمانجی خواروو.
هه‌ندێ تاکی کورد هاوکات دژی به‌کارهێنانی ڕێنوسی لاتینین و پێیان وایه بۆ زمانی کوردی ناگونجێت ، یان به بۆچونی ئه‌وان پیتی ئه‌تاتورکی یه ، به بۆچونی من بیروڕاییه‌کی زۆر هه‌ڵه‌یه ، چونکه تورك نه‌ك هه‌ر خاوه‌نی پیتی لاتینی نه‌بوون ، به‌ڵکو هه‌ر پیتی عه‌ره‌بی یان ئارامیشیان نه‌ناسیوه،به‌ڵام به‌خت یاوه‌ریان بوو و له‌م ناوچه‌یه‌دا نیشته‌جێ بوون و به لاسایکردنه‌وه ئه‌م پیتانه‌یان به‌کاریانهێناوه.
به بڕوای زۆر له پسپۆڕانی زمانه‌وانی کورد، باشترین و گونجاوترین ڕێنوس بۆ نوسینی کوردی ڕێنوسی لاتینی یه ، له‌و بڕوایه‌دام ده‌بێته ده‌روازه‌یه‌ك بۆ ئاسانکردنی ناساندن و فێربونی زمانی کوردی به ڕوی جیهانی ده‌ره‌وه‌دا ، سودێکی زۆریشی بۆ منداڵانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانیه‌کانی هه‌نده‌ران ده‌بێت ، که به‌خێرایی فێری نوسین وخوێندنه‌وه‌ی زمانی کوردی ببن.
بۆیه کاتی ئه‌وه هاتووه ،ده‌سه‌ڵاتداران و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و دڵسۆزانی کورد بکه‌ونه خۆیان بۆ ڕزگارکردنی زمانی کوردی له‌م قه‌یرانه و هه‌وڵدانێکی بێووچان بۆ هێنانه کایه‌ی زمانێکی ستانداری کوردی به ڕێنوسی لاتینی تێکه‌ڵ له هه‌ر چوار دیالێکته سه‌ره‌کییه‌کانی کورد و ده‌ست پێکردنی له خوێندگا سه‌ره‌تاییه‌کان ، چیتر ڕێگا به به‌کارهێنانی دوو دیالێکتی نه‌درێت .
به بۆچونی من پێویسته هه‌ر خه‌مخۆرێکی کورد به ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی هه‌ڵ بستێت بۆ به‌گه‌یاندنی ئه‌م ئامانجه پیرۆزه ،بۆنمونه دانانی به‌شێکی سایته‌کوردییه‌کان بۆ فێرکردنی چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ڕێنوسی کوردی به لاتینی و پێشکه‌ش کردنی بیروڕای جیاواز له‌سه‌ر زمانی ستانداری کوردی له لایه‌ن پسپۆڕانی زمانه‌وانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌که وکردنی به پڕۆژه‌یه‌ك.
بڵاوکردنه‌وه‌ی ووتار به ڕێنوسی لاتینی وکردنی پرۆپاگه‌نده بۆ به‌کارهێنانی، کردنه‌وه‌ی کۆرسی فێربوونی ڕێنوسی کوردی به لاتینی له مه‌ڵبه‌ندی چالاکی خوێندگاکانی کوردستان و ئاشناکردنی دیالێکته جیاوازه‌کانی کورد به منداڵان ،ووتنه‌وه‌ی وانه‌یه‌ك به‌و ڕێنوسه له خوێندگاکاندا، هه‌ڵساندن به به‌ستنی کۆڕ و کۆبونه‌وه‌و سمینار له لایه‌ن نوسه‌ر و ڕۆژنامه نوسانی به توانا و ئاماده‌کردنی به‌رنامه‌یه‌کی چڕوپڕی سه‌ره‌تایی بۆ هێنانه‌دی زمانی ستانداری کوردی ، کۆکردنه‌وه‌ی واژۆ و نواندنی چالاکی هه‌مه‌ڕه‌نگ بۆ ناچارکردنی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ ئاماده‌کردنی پڕۆژه یاسایه‌ك بۆ ڕێگرتن له به‌کارهێنانی دوو دیاڵێکتی و هێنانه‌دی زمانی ستانداری کوردی . شانبه‌شانی نوسینی کوردی به‌ڕێنوسی لاتینی له که‌ناڵه کوردییه‌کاندا ، پێویست بوو ڕۆژانه به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بوایه بۆ فێربونی ڕێنوسی لاتینی.
kardo961@yahoo.de
|