٣\١٢\٢٠١١
ئایا ئەو رووداوەی
ئەمڕۆی شاری زاخۆ
خۆپیشاندان بوو
یان رشتنی رقی کۆنەپەرستانە بوو!

تاھیر حەسەن
ڕۆژنامەی ئاوێنە، ھاوڵاتی ، لیڤین، سبەی، ئەم چوار ڕۆژنامە بەناو
مەدەنی و ئەھلی و سەربەخۆ و چی و چی ترن لە کوردستاندا. ئەم ھەوڵە ھەل
پەرستانەیەی لەلایەن فەتوای مەلای کۆنەپەرست و حیزبە ئیسلامیەکانەوە
دژی ئەو جێگایانەی کە لەلای ئەوان شوێنی ناپاکی و کاری خراپە بەرھەم
ھێنە بۆ سەر کەلتور و فەرھەنگی ئیسلام و خەڵکی کوردستان، کارێکی ئاوا
کە بە سوتاندن و وێران کردن کۆتایی ھاتوە، دەچێتە خانەی جیھادەوە لە
نەزەری دنیا بینی ئیسلامدا. ئاخۆ خۆپیشاندان بە مانای تێکدان و خستنە
ژێر پێی ئازادی و سەربەخۆی بیر کردنەوەی ئەوانی بەرامبەر دێت؟ لە
کاتێکدا ئەم جێگایانە نە شوێنێکن بۆ ئەوەی ببنە جێگای تێکشکاندنی
ئازادیەکانی ئەوی بەرانبەر، وە نە جیگایەکیشن ھێند ترسناک بن باری
ئاسایشی کۆمەڵگا تێک بدات. بۆیە لەنەزەری ئەم دنیابینیە تەسک بین و
خۆسەپێنەرەوە، ئەوی بەرانبەر ئیتر دەبێت ھەر بەو دەردە ببرێن کە پێیان
کرا. ئەم ڕۆژنامە بەناو مەدەنیانە ئەم کارە تێکدەرانەیە بە خۆپیشاندان
ناو دەبەن. ئاخۆ ئەم ڕۆژنامانە پەیام و فەرھەنگیان چ جیاوازیەکیان ھەیە
لە گەڵ ئەو پەیام و ھزرە نادورستەی کە لایەنی ئیسلامی و دەسەڵاتی سیاسی
کوردستان پیادەی دەکەن؟ ئاخۆ ئەم کارە دژە مەدەنی و تیرۆریە، بۆخۆی
پەیامێکی ئاشکراو ڕوون نیە بۆسەر کولی پێگە مەدەنیەکان لە کوردستاندا؟
ئاخۆ دەسەڵاتە ناسیۆنالیستە دیکتاتۆریەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ژێر
پەردەی کۆمەڵگای مەدەنی و ئازادیدا نەبوون بەو ھۆکارەی کە ئێستا
بزوتنەوە ئیسلامیەکان جێگایان بگرنەوە و دەسەڵاتی کۆنەپەرستانەی خۆیان
بسەپێنن بەسەر کۆی کۆمەڵگادا؟ کاتێک حیزبە ئیسلامیەکان دەتوانن
گرەوەکانیان ببەنەوە، تەنھا لەو خاڵە شکست خواردوەی دەسەڵاتە ڕەھاکان و
بەناو عیلمانیەکانەوەیە، کە پەیامی خۆیان دەدەن بەگوێی خەڵکی
نەخوێنەوار و ھەژار و، پێیان دەڵێن؛ ئەوەی تا ئێستا بوەتە خراپەی
سەرژیانتان، ھۆکاری ئەو دەسەڵاتە عیلمانیانەن کە فەسادیان بەرھەم
ھێناوە؟ تەنھا ئەم خاڵە نابووت و نا زانستیەیە دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی
حیزبە ئیسلامیەکان بتوانن لە ھەڵبژاردنە ساختەکاریەکاندا زۆرینەی
دەنگەکان بەدەست بھێنن.
ئەم جۆرە مانشێتانەی لەم ڕۆژنامە بەناو ئازاد و سەربەخۆیانەدا دەبینرێت،
ھەر جۆرێکن لەو پەیامە نا تەندروستەی کە وادەخوازێت بڵێت ئێمە خوازیاری
کۆمەڵگایەکی مەدەنین، بەڵام کاتێک ئاوڕ لە خۆیان دەدەنەوە، کوردستانیش
ھەر وەک وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەبێتە جێگایەک بۆ حیزبە ئیسلامیە سەلەفی
و ئیخوانیەکان. ئەو کارەی ئەمڕۆ لە زاخۆدا کراوە دژی دەسەڵاتی پارتی
دیموکراتی کوردستان نەبوە، بەڵکو ڕەنگە لە ژێرەوەش ئەو حیزبە خۆیشی ئەو
جۆرە کارەی پێ قبوڵ بێت، ئەم کارە کۆنەپەرستیە، دژی کۆی مەدێکی
ئازادیخوازانیە لە کۆمەڵگادا. لە تەواوی وڵاتانی دنیای مۆدیرنە و
پێشکەوتنخوازدا، ئەو جێگایانە ھەر وەک کۆی جێگاکانی دیکەی بازاڕ حسابی
بۆ دەکرێت و نا چێتە خانەی ئەوەی زەربە لە بارودۆخی پەروەردەی کۆمەڵگا
بدات. شوێنی مەساج کردن جیگایەکە لە تەواوی وڵاتانی ئەوروپا و پێدەچێت
لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبیشدا بوونی ھەبێت و، جێگایەکی تەندروستە بۆ
چارەسەریەکانی شێلان و چاککردنەوەی گرژی ماسولکەکان.
دەبوا لە جیاتی ئەو مانشێتانەی کە ناوی خۆپیشاندانی لێنراوە، بنوسرایە
کاری تێکدەرانە و کۆنەپەرستانە کراوەتە سەر جێگای مەیفرۆش و مەساجەکان،
نەک ناوی لێبنرێت خۆپیشاندان. ئایا بەڕای ئێوە، ئەوەی ئێوە ناوتان
لێناوە خۆپیشاندان، بەشێک نیە لەو کارەی کە ئێوەش شەریکن لەو تێکدان و
ھەڕەشەکردنەدا بۆسەر پێگە مەدەنی و شەخسیەکان لە کوردستاندا؟ ئاخۆ
ئەگەر ئێوە و بزوتنەوەی گۆڕان، دەسەڵاتان بەدەستەوە گرت، یەکەم کارتان
تێکدانی ئەو جێگایانە دەبێت بۆ ئەوەی کوردستان پاک بکەنەوە لە ھەر
بونیاتێکی مەدەنیانە کە بوونی ھەیە؟ ئاخۆ ئێوە پێشکەوتن خوازن یان
ھاوشێوەی دەسەڵاتی ھەردوو بنەماڵەن لە کوردستاندا؟ ئەمە ئەو دەردە
کوشندەیە کە حیزب و ڕۆژنامە بەناو مەدەنی و عیلمانیەکان لە وڵاتانی
ڕۆژھەڵات و کوردستاندا ھەردەم لەو بازنە چەق بەستوەدا دەخولێنەوە و
کۆمەڵگاش توشی ئەو دەردە سەریەدەکەن، ھەردەم ڕقی لە مانای مەدەنی بوون
و کۆمەڵگای تەندورست ببێتەوە،چونکە ئەم نوێنەرانە ھەردەم بەناوی
کۆمەڵگای مەدەنیەوە دەدوێن؟
ئەم کارە کۆنەپەرستانەیەی ئەمڕۆ ٠٢/١٢/٢٠١١ بە فەتوای سیاسی حیزبە
ئیسلامی و مەلاکانیان، جێبەجێ کرا لەلایەن خەڵکی ناتێگەیشتوی ڕەشوڕوتی
کۆمەڵگای کوردستانەوە، کارێک نەبوە زەرەر بە پایە سەرەکیەکانی
دەسەڵاتدارانی کوردستان بگەیەنێت، بەڵکو تەنھا کارێک و پەیامێکی ڕەشی
ئەم دەسەڵاتە نامەدەنیەی ئیسلامە دەیگەیەنێت بەگوێی کۆی ئەو خەڵک و
لایەنانەی خۆیان پەیوەست دەکەن بە بنیات نانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و
ئازادیخوازەوە. ئەمە دوا پەیامی ڕەشی ئەو لایەنە فتوادەرانە نابێت و،
لە پلانی کارێکی واشدان کوردستان بکەنە مەنزڵگای ئیخوانەکان و
سەلەفیەکان. بۆیە ئەرکی ھەر لایەنێکی ئازادیخواز و ڕێکخراوە
مەدەنیەکانە کە دژی بەرەوپێشچونی ئەم کارە دڕندانە و نامەدەنیانە،
بوەستنەوە. وەستانەوە دژی ئەو فەتواو ئایدۆلۆژیا کۆنەپەرستانەیە،
وەستانەوەیە بۆ بەرەنگاری کردن و پێشکەوتنی کۆلەگا، تا ئەو کاتەی
ڕزگاری دەبێت لە کۆی ئەو کۆت و زنجیرانەی لەلایەن بیری ناسیۆنالیستی و
دینیەوە لەگەردنیان نراوە!
http://www.awene.com/Direje.aspx?Babet=Hewal&Jimare=16052
http://www.lvinpress.com/K_Direje.aspx?Jimare=6062&Besh=Hewal&Cor=1
http://www.hawlati.co/babetekan/9849
http://kurdish.sbeiy.com/Detail.aspx?id=1396&LinkID=4
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|