په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٣\٢٠١٤

ئایا گرتە ڤیدیۆکەی مام جەلال سیناریۆیە؟
کات بە خێرایی دەڕوات و تاڵەبانیش دەرنەکەوتەوە.

شاخەوان برایم عەبدوڵا


لەو کاتەوەی تاڵەبانی بردراوەتە نەخۆشخانەی شارێتەی ئەڵمانیا، بەردەوام میدیای یەکێتی ھەوڵیداوە راستییەکان وەک خۆی کە ھەیە لەبارەی تەندروستی یاخود مەسەلەی مردن و زیندووێتی تاڵەبانی لەخەڵک و جەماوەری یەکێتی بشارێتەوە، سەرباری شێواندنی راستییەکانیش، رۆژانە ھەواڵی باشتربوونی تەندروستی پیاوە ھەشتا ساڵییەکە رادەگەیەنن و موژدەی گەڕانەوەی بەھاونیشتمانیان دەدەن و وێنەی فۆتۆشۆپ لەمیدیاکانیانەوە وەک بەڵگەی زینووێتی پەخش دەکەن، بەڵام کات بەخێرایی تێدەپەڕێت و تاڵەبانیش دیار نییە! ئەمەش لەکاتێکدایە حیزبەکەی، واتە یەکێتی نیشتمانی لەکۆی ‌٢٩ کورسی پەرلەمانی،‌ پێگەی بۆ١٨ کورسی دادەبەزێت و ململانێیەکی سەختیش لەناوخۆی یەکێتی دەستی پێکردووە لەسەر جێگرەوەی تاڵەبانی لەناو حیزبداو لەبەرانبەر تەواوی گۆڕانکاری و پرسە سیاسییەکانی عێراق و کوردستانیش تاڵەبانی ھیچ لێداون و قسەو ھەڵوێست و بڕیارێکی دیار نییە، لەکاتێکدا تاڵەبانی لەرابردوودا بەیەکێک لەو سیاسییە باڵایانەی کوردستان و ناوچەکە دادەنرا کە بەردەوام خاوەنی قسەبووە، بێدەنگ نەبووە، ھەڵوێستی ھەبووە لەپرسە سیاسییە ناوخۆیی و ھەرێمییەکاندا بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا کە سەرۆک کۆماری عێراقێکی پڕ لە ‌کێشەو ململانێ بوو. بەڵام لەوکاتەوەی نەخۆشکەوتووە دەنگ و رەنگی نییە، تەواوی ئاماژەکانیش پێماندەڵێن مردووە، یاخۆ ھاوشێوەی ئارییل شارۆن بێ ھۆشکەوتووەو ھاکە مرد! میدیاکانی یەکێتیش وەڵامێکی قەناعەت پێکەریان پێ نییە لەمەڕ تەندروستی تاڵەبانییەوە، تەنیا ئەوە ‌نەبێت بانگەشەی گەڕانەوەو چاکبوونەوەی دەکەن و ئەگەر بەقسەی سەرکردەو گوتەی میدیای یەکێتی بووایە ھەنووکە دەبوایە مام لە تەک عێراقییەکاندابووایە بۆ تاوتوێکردنی ئەو قەیرانانەی دووچاری عێراق و کوردستان بۆتەوە، بەتایبەتی کێشەی نەناردنی بودجەی ھەرێم و ھەڕەشەی رێکخراوی تیرۆریستی (داعش) و ھەروەھا راگەیاندنی کانتۆنی لەرۆژئاوای کوردستان و کەیسی نەوتی ھەرێم لەگەڵ بەغداو پرسی دواکەوتنی پێکھێنانی حکومەتی ھەرێم و شکستی حیزبەکەی و بەشداری ئۆپۆزسیۆن لە حکومەتداو زۆر پرسی تریش کە بەراستی ئەگەر تاڵەبانی ئاگادارییان بووایە قسەی خۆی لەبارەیانەوە دەکرد! بەڵام کە نەیکردووە، ئەمە ئاماژەیەکە تاڵەبانی یان مردووە! یان بە یەکجاری لەھۆشخۆی چووەو یەکێتییەکان نایانەوێت بەراگەیاندنی راستییەکان زیاتر حیزبەکەیان دووچاری شکست و لێکترازانی تر بکەنەوە، چونکە سەرکردەو جەماوەری یەکێتی ئەو راستییە دەزانن مام بەخۆی و گۆچانەکەیەوە دەیتوانی دڵی یەکێتییەکان رابگرێت، دەیزانی چۆن ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھەر یەکێک لەسەرکردەو ئەندامەکانی و حیزبەکانی باشوور و پارچەکانی تری کوردستاندا بکات.

لەگەڵ ئەوەی تاڵەبانی بەکاروباری عێراقەوە سەرقاڵ بوو، بەڵام ھەمیشە پارچەک لە رۆحی لای یەکێتی و کاروبارەکانییەوە بوو، ئەو زۆرباش دەیزانی بەھۆی جیابوونەوەی نەوشیروان و دروستبوونی گۆڕانەوە، یەکێتی بووە بەسێوێکی لەت کراو، بەڵام زیرەکی مام وای کردبوو ئەو شکستە گەورەیەی یەکێتی دەرنەکەوێت، ئەوەبوو بەلیستی ھاوبەش لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ھاوپەیمانە بەھێزەکەی بەشداری ھەڵبژاردنی کردو لە پشکی پارتیشی بۆ یەکێتی بردو شکستی حیزبەکەی لەپاڵ پارتیدا شاردەوە، خۆ تاڵەبانی دەیزانی لەگەڵ دروستبوونی گۆڕان، ئیدی پێگەی یەکێتی نزیک بە دە کورسی دابەزیوە، ئەمەش رێک دوای غیابی تاڵەبانی دەرکەوت، کاتێک سەرکردەکان بەھۆی غروریانەوە بەرانبەر پارتی بەلیستی جیا بەشداری ھەڵبژاردنبوون و ئیدی باجی حیکمەتی بێ تاڵەبانیانداو یەکێتیان گەیاند بەبارودۆخێکی ئەوتۆ کە پۆستەکانی جارانی ھەندێ جار بە پاڕانەوەو باسکردن لە سەروەری شاخ و ھەندێ جاریش بە زمانی ھەڕەشە داوا بکاتەوە،‌ لە کاتێکدا کورد باسی دیموکراسی دەکردو لایەنەکان رازیبوون بەدەرئەنجامەکانی ھەڵبژاردن و ئەم زمانە ھەڕەشە ئامێزەش ھۆکاری سەرەکی بوو لە دواکەوتنی حکومەتدا، چونکە یەکێتییەکان داوای شتێکیان دەکرد کە ھی ئەوان نەبوو، بەڵکو ھی گۆڕان بوو، واتە نایانەوێت بڵێن ئێمە حیزبی سێیەمین، بەڵکو لەبری ئەوەی دوای تاڵەبانی بیر لە چارەسەری ناوخۆییان بکەنەوە،‌ دێن شکستی خۆیان بە جنێودان بە پارتی دەشارنەوە، ئەمەش لە شکستی تریان نزیک دەکاتەوە، چونکە ئیدی تاڵەبانی نەماوە تا جەماوەری یەکێتی لەژێر دەسکە گوڵەکە کۆ بکاتەوەو بەقسە حەکیمەکانی جەماوەر رازی بکات و دەنگ بۆ یەکێتی کۆ بکاتەوە، ئەمە ھاوکاتە لەگەڵ ئەو راستییەی ھیچ یەکێک لە خانەوادەکەشی ناتوانن لە سەدا ٤٠ی ئەو رۆڵەی تاڵەبانی بگێڕن چ لە ناوخۆی حیزب و چ لە سەر ئاستی کوردستاندا، راستە خاتوو ھێرۆ خێزانی تاڵەبانییە و کچی برایم ئەحمەدە، بەڵام ھیچ یەکێک لەمانە ئەوە ناگەیەنن کە خاتوو ھێرۆ بتوانێت یەکێتییەکان لەچواردەوری دەسکەگوڵەی تاڵەبانی کۆ بکاتەوە، بە پێچەوانەوە، رەنگە نەشارەزایی ئەو لە سیاسەتکردندا وا بکات زیاتر قەیران بۆ یەکێتی دروست بکات و یەکێتیش بە یەکجاری کۆتایی پێ بێت، یان رۆڵی کۆمپانیایەک بگێڕێت!

ھەنووکە کە تاڵەبانی بە یەکجاری غیابە، یەکێتییەکان دووچاری پشێویەکی ترسناک بوونەتەوەو رەنگە لەم ھەڵبژاردنەدا رووبەرووی شکستی گەورەتریش ببنەوە، ئەوان وادەزانن دژایەتی پارتی پێگەیان بەھێزتر دەکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوەی ئەوانی لاوازکردووە نەمانی تاڵەبانییە کە ھەوڵی دەدا دژایەتی پارتی نەکات، لەبەرانبەریشدا غیابی تاڵەبانی ئەوەی پێگوتین گومان لە سۆسیال دیموکراتییەکەیان بکەین بەوەی نابێت سەرکردە پیرۆز بێت، بەڵام مام لە ناو یەکێتییەکاندا لەبری ئەوەی پێویستی بێت، پیرۆزبوو، ھاوکات ململانێی سەرکردەکان و گوێ نەگرتن لە جەماوەرو پشتگوێ خستنی کادیرەکانیان و تێوەگلانی حیزب لە گەندەڵی و ناعەدالەتی، ئەمانە شکستی یەکێتی بوون، ئەوە ماوە بڵێین ئەگەر مام زیندووبایە یان ئاگاداربووایە، یاخود بەدەست خۆی بایە، ئەو ماوە زۆرە بێدەنگ نەدەبوو کە خەریکە حیزبەکەی لە لێکترازانی تر و شکستی گەورەتر نزیک دەبێتەوە!

ئەگەرچی لەم چەند رۆژەی رابردوودا تۆڕی میدیایی رووداو ھەواڵی ئەوەی پەخشکرد گوایە لە یەکێک لە سەردانەکانیدا دکتۆر نەجمەدین کەریم ڤیدیۆیەکی ھێناوەتەوەو تیایدا تاڵەبانی بەتەندروستیەکی باش دەردەکەوێت و لە کاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردندا لەلایەن میدیای یەکێتییەوە پەخش دەکرێت، بەڵام ھەموو خەڵکی کوردستان ئەو راستییە دەزانێت کە دکتۆر لەوەتەی تاڵەبانی بردراوەتە ئەڵمانیا ھەر رۆژەی بەجۆرێک ھەواڵی باش بوونی تەندروستی تاڵەبانی رادەگەیەنێت و ھیچ یەکێکیش لە قسەکانی بەڵگەی بەدوای خۆیدا نەھێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە یەکێتییەکان بەھۆی غیابی تاڵەبانییەوە دووچاری چەندان قەیرانی گەورە بوونەتەوە چ لە ناوخۆی یەکێتی کە سێ سەرکردە سەرەکیییەکە لە ململانێیەکی سەختدان بۆ جێگرتنەوەی تاڵەبانی و چ لەسەر ئاستی کوردستاندا کە حیزبەکەیان لە ٢٩ کورسی پەرلەمانییەوە بۆ ١٨ پێگەی دابەزیوە و ھاوکاتیش پێداگری لەسەر داواکردنی ھەندێ پۆست لە حکومەتدا دەکات کە خۆیانیش دەزانن بەپێی پێوەرەکانی ھەڵبژاردن بێت ھی ئەوان نییە، رەنگە ئەو ھەواڵەی رووداو سیناریۆ بێت و بیانەوێت بە گۆڕان بڵێن یەکێتی ھێشتاکە ماوە، ئێوە ھێندە پێداگری لەسەر پۆستەکان مەکەن، ئەگەر مام بێتەوە ئێوە پەراوێز دەکەونەوە، چونکە لە ھەرکاتێکدا یەکێتی بۆ پارتی گرنگترە وەک لە گۆڕان، کەواتە رووداو ھەوڵ دەدات لە پێناوی بەرژەوەندی خۆی شکستی یەکێتی بشارێتەوە، ئەگینا مام ھیچ ئاماژەیەکی باشتربوونی تەندروستییەکەی لە ئارادانییە، ئەگەر وابووایە لە ئەڵمانیایەوە مام خۆی نیشانی خەڵکی دەدا!

 

ماڵپه‌ڕی شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک