په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\١٢\٢٠١٣

ئایا گریانی ''ئامەد'' ویژدانی دەستە رەشەکان وەئاگا دێنێ؟


شێروان عوسمان    


ئەمڕۆ (ئامەد) لە دایک بوو، هەرچەند وەک منداڵی خواپێداوان، وەک منداڵی فیرعەونەکان، لە باوەشی سۆزی باوانی لە دایک نەبوو. بەڵام هەموو ئازادیخوازانی وڵاتەکەم بە منداڵی خۆیان ئەزانن.. یەکەم جارە لە وڵاتی من، لە ناو سووتماکی ئەنفاڵدا، لە باوەشی خێزانێکی هەژاری گەرمیاندا.. منداڵێک لە دایک بێ، هەمووان بە هی خۆیان بزانن.. شیرینی لە سلێمانی و هۆزەبانە لە هەولێر و گوڵ لە شارەکانی تر دابەش بکرێ.. هاونیشتمانان پیرۆزبایی لەیەک بکەن.. لە فەیسبووک و تویتەر شێر و لایکی وێنە و ڤیدیۆکەی بکەن... یەکەم جارە لە نیشتمانی قەتماغەو برینی مندا، فریشتەیەک بێتە دونیا، لە یەکەم رۆژی هاتنەبوونی، زۆرترین چاوی لەسەر بێ، زوومی کامیڕاکان بە دیار نەشتەرگەریی دایکیەوە بن، ببێتە پاڵەوانی سەرەکیی چیرٶکی ستەمی کوردستانەکەم، ببێتە مانشێتی سەر رۆژنامەکان.. زۆرترین دایکانی من نزای خێری بۆ بنێرن.. یەکەم جارە بوونەوەرێکی یەک رٶژیی بە قەد سیاسییەکی ٥٠ ساڵ قاڵبووی خەبات ناو و ناوبانگ دروست بکا.. ئازادیخوازانیش وەک سونبولێک ناوی بێنن، وەک ئومێدبەخشێک سەیری بکەن.


ئەمڕۆ (ئامەد) تەنیا زارۆکێک نییە.. بە تەنیا پاڵەوانیش نییە.. ئامەد خۆی رۆمانە، خۆی حیکایەتی ستەم و بەرخودانە.. فریشتەیە، بەڵام لە ئاسمان نەهاتووە.. شازادەیە و باوکی پادشاش نییە، پێغەمبەرێکە و لە لای خوداش نەهاتووە.. وەلێ وەکو باقی پێغەمبەرەکان پەیامی هەیە و زمانیش نازانێ.. پەرتووکی هەیە و نووسینیش نازانێ.. باوکی نییە، هەزارەها دەنگی بوێر خۆی لە جێی باوکی دادەنێ.. جارێ هیچ نازانێ، هەزارەها مامۆستای خۆبەخشی هەیە.


ئەمڕۆ ئامەد وەک سوارچاکە ئەفسانەییەکان، چاوی بریسکە ئەدا، بەسەر پشتی مێژووەوە دێ، هەڵگری خوێنی سووری باوکیەتی، نیشتمانی دایک باوەشیەتی.. دەڕوا شار بەشار دەگەڕێ، لە هەر گوندێک، لە هەر کۆڵان و باژێڕێک شاسوارێک بە قەڵەمەکەیەوە شەهید کرابێ، نووسەرێک لە ناو خوێنی دێڕ و وشەکانیەوە گەوزێنرابێ، هاوارێک لە گەرووی نارەزاییەک خنکێنرابێ، نەبەردێک بە هۆی (نا)یەکەیەوە چەقۆ لە دڵیەوە درابێ.. بەسەریان دەکاتەوە.. ئازارەکان کۆدەکاتەوە.. ناڕەزاییەکان یەک دەخاتەوە.. وەک پیسکە چۆن پارەکانی دەژمێرێ، ئاوا تاوانەکانی ئەو دەسەڵاتە خۆماڵییە دەبژێرێ.. دێ هەموو ئەو دۆسیە داخراونە، هەموو ئەو کوشتنانە، کە بە دەستە رەشەکان و پلانی ژوورە داخراوەکان کراوە سەرلەنوێ زیندوو دەکاتەوە.. مژدە دەدا بە رەئوف ئاکرەیی و رێناس و... و... سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و کاوەی باوکی کەوا پەیامەکەیان گەیشت. ئەمڕۆ زانیاریی وەک رووناکیی برووسکە، خێرا دەخزێتە هەموو ماڵێ.. وشیاریی وەک هەوا، زوو بە پەلە دەگاتە هەموو تاکێ.. بێزارییەکان چیتر لە دەڤەر و شوێن و پونتێک قەتیس نابن.. بەڵێن دەدا کە چیتر وا بە سانایی دەنگی رەئوف ئاکرەیی و رێناس و فرەنسیس لە بادینان کپ ناکرێن.. دەمی سەردەشتەکان لە هەولێر پڕ گوللە ناکرێن.. سنگی سۆران و عەبدولسەتار و کاوەکان بە ناهەق سوور ناکرێن.. چیتر خەمخۆرە پاکەکان، دەنگە ئازایەکان، مرۆڤە راستگۆیەکان، رەخنەگرە راشکاوەکان بە تەنیا نابن. دەستدرێژیی و دەستبردن بۆ هەر دەنگێکی جیاواز دەستدرێژیی دەبێ بۆ سەر شکۆمەندیی و پیرۆزییەکانی تەواوی خەلک.


بەردەوامیی ناڕەزاییەکان بۆ ١٧ رۆژ لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان و زۆربەی وڵاتانی دەرەوەوە و دژ بە تیرۆری جوانەمەرگ کاوە لە لایەک و بەشداریی ئەمڕۆ لە خۆشیی لەدایکبوونی ئامەد لە لایەکی دیکە پەیام و هاودەنگیەکە بۆ بکوژان و دەسەڵاتداران، کەوا بە کوشتن ناتوانن دەنگە ناڕازییەکان کپ بکەن و لە تکانی هەر دڵۆپە خوێنێکیان ئەوا هەزاران کاوە سەوز دەبنەوە و سەدان ئامەدیش رۆژانە لە دایک دەبنەوە.. پەیامێکە پێمان دەڵێ، ئامەد چیتر کوڕی کاوە و شیرین نییە بە تەنیا، بەلکە ئامەد دڵی هەموو گەرمیانە، ئامەد پایتەختی ئازادیی کوردستانە.

 


٢٢\١٢\٢٠١٣ - کەنەدا
sherwan42@hotmail.com

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک