په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٤\٢٠١٧

ئایا گشتپرسیی لە تورکیادا چی دەگۆڕێ؟

هۆشیار ئەوڕەحمان   

قوڵتەت دەوێ، ئەوە قوڵتە. سوێسکەت دەوێ، ئەوە قوڵتە!


یاڵچین ئاکدۆغان، کە یەکیکە لە دەستەی دامەزرێنەری ئاکپارتی و لە زۆربەی کابینەکانی حکومەتی ئاکپارتیدا پۆستی سەرۆک وەزیرانی هەبووە و هاوکات ئەندامی شاندی دانوستاندنی (دۆڵمە باخچە) بووە لەگەڵ نوێنەرانی هەدەپە دابووە بۆ پرۆسەی ئاشتی و دێمۆکراتی دەڵێ بە نەمانی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا ئەم سیستەمەی ئێستاش نامێنێ و لەبەریەکهەڵدەوەشیتەوە، چونکە سیستەمەکە لە داهێنانی خودی ئەردۆغان خۆیەتی لەگەڵ خۆیدا هاتوە لەگەڵ خۆشیدا دەڕوات. ئاکدۆغان دەڵێ گشتپرسیی سەربکەوێ، یا شکستبهێنێت، ئەردۆغان تا ساڵی ٢٠١٩ سەرۆک کۆمارە و دوای ئەوەش بۆی هەیە دوو جار خۆی کاندید بکاتەوە بۆ ٢٠١٩ - ٢٠٣٠.

لە راستیدا قسەکەی ئاکدۆغان تەنها یەک ئامانجی لەپشتەوەیە، ئەویش ئەوەیە، کە دەنگدەر ناچار بکات ئیرادەی خۆی ڕادەستی ئاکپارتی بکاتەوە... بۆ نموونە دەڵێ پێویستمان بە درێژکردنەوەی باری نائاسایی نەماوە، کە لە دوای گشتپرسییەکە کاتەکەی بەسەردەچێت، چونکە ئەگەر ئاکامەکە بە (بەڵێ) نەبێت، ئەوا باری نائاسایی و هەڵبژاردنێکی پێشوەخت خۆیان دەسەپێننەوە بەسەر تورکیادا و بۆ هەر دۆخەکەش ئاکپارتی کۆمەڵێک (قەرارنامە*)ی ئامادەکراو هەیە... بێ ئەوەی هێشتا دەنگ لەسەر سیستەمەکە درابێ قەرارنامەکان جێگەی دەستور دەگرنەوە. لەلایەکی ترەوە ئاکپارتی دەمێکە کار لەسەر نویکردنەوەی ئومێد دەکات لەسەر دەنگەدەر، ئەویش بەوەی، کە کۆی دامەزراوەکانی خستۆتە بواری خزمەتی بانگەشەوە وئەو تیمانە کۆلان بەکۆلان و دوکان بە دوکان دەگەڕێن و دەچنە هەموو کارگە و شوێنی ئیشەکان و خاوەن کارگەکان ناچاردەکەن، کە خەڵکە بێ ئیش و کارەکان دابمەزرێنن لە ڕێگەی چەند کارئاسانییەکەوە وەکو دابینکردنی (سیگۆرتە**)ی خانەنشینی و تێچووی تەندروستی کرێکارەکەوە لەلایەن حکومەتەوە، کە خاوەن کار لەم دۆخەدا دەستی کاری هەرزانی دەستدەکەوێ و گەنجە بێکارەکەش دەبێتە خاوەنی کاری تایبەتی خۆی بژیوی دابین دەبێت و ئاکپارتیش دەنگەکەی بۆ خۆی مسۆگەر دەکات، ئەمە جگە لەوەی ئاکپارتی لەشکرێک تایبەتی پسپۆڕی پێکهێناوە، کە کەس نازانێت پلەو پۆستی حکومی و پێگەی کۆمەڵایەتیان چیە؟ بە هەموو تورکیادا دەگەڕێن و پیداویستیەکانی ناوماڵ وەکو بەفرخەرەوە و فەردە برنج و پارە دەبەخشێننەوە و دەڵێن بە (بەڵێ)ی ئێوە ئومەتی ئیسلام سەردەکەوێ و بروانن، کە هێشتا سیستەمەکە دەنگی لەسەر نەدراوە رادەی بێکاری کەمیکردوە، ئەگەر دەنگتان بە بەڵێ بێت، ئەوا ئیسلام سەردەکەوێ بیکاریش نامینیت و سەری هەمو دونیای ئیسلامی بەرزدەکەنەوە، هەر بۆیە ئاکپارتی ئەوەندە گوێ نادات بەدەنگی دلێری بەرەی (نەخێر) لە کوێ و لە چ ناوچەیەک دەنگی نەخێر بەرز و نزمە هیچ گرنگ نییە، چونکە چارەنووسی ئیسلام بەندە بە دەنگی بەڵێی ئێوەوە.

بەڵام چاودێران و شارەزایانی تورکیا پێانوایە، ئەگەر ئەردۆغان دڵنیا نەبێ لەسەرکەوتنی (بەڵێ) بۆ گۆڕینی دەستور هەرگیز بریاری بڕێنەرەوەی گشتپرسییی نادا، ئەردۆغان دڵنیایە لە بردنەوە، بۆیە بێپەروایە لە ڕکابەرەکانی، کە هەمویانی لە گۆشەیەکی تەسکدا قەتیسکردوە و کۆی دامەزراوەکانی میدیایی بۆ خۆی قۆرخکردوە دەنگی نارازی نەیارەکانی تەنها فەیسبووک و تویتەریان بەدەستەوەماوە.... رۆژنامەکان، تیڤیەکان، ئەوانەی کە ماون دانەخراون هەر هەموویان لە خزمەتی سەرکەوتنی ئاکپارتیدا چالاکی دەنوێنن. جگە لەوە دەنگی ئۆپۆزۆسیۆنی خەفەکردوە، جەهەپەی بێبەرنامە رووبەڕووی گشتپرسیی کردۆتەوە و خەریکی زوڕنا کۆنەکەی سالانی ١٩٣٠ە، سیاسەتوانە هەرە بە تواناکانی هەدەپەی لە زیندانەکان ئاخنیوە، مەهەپەی دابەشی دوو کردوە.

خودی ئەردۆغانیش لە ئێستادا وەکو ئەو پۆستەی داهاتووی ڕەفتار دەکات و بڕیار دەدات و (١٨) مادەکەی چۆن گۆڕی؟ گشتپرسییەکەش ئەوها دەباتەوە و لە کۆتاییدا کلیلی سەرکەوتن هەر لای ئەردۆغان دەبێ! چونکە ئەردۆغان ئەگەر لە هزریشدا کەمدەرامەت بێت، ئەوا لە دەولەتمەداریی و دەسەلات بەڕیوەبردندا سەرۆکێکی (پراگماتیکی)ە و توانای مانۆڕی سەرسورهێنەری هەیە، لەوانە لای ئەردۆغان زۆر ئاسانە دۆست دەکاتە دوژمن و دوژمنیش دەکاتەوە دۆست و لە شەو و ڕۆژێکدا بادەداتەوە وەکو بینیمان لە دۆخی ئیسرائیل - روسیادا - سوریا - عێراق - ئێران... لەگەڵ ئەوروپادا گەیشتۆتە مریشکە ڕەشە، بەلام ڕەنگە بتوانێ تا رۆژی ١٦ی نیسان خۆی راگرێت و ئەوەی لە هەگبەکەیدایە لە پارەی دزراوی چەندین ساڵەی میلەت ئەو دۆخە نالەبارە چارەنووسسازە تێپەڕێنێت، ئەگەری ئەوەش هەیە،کە دۆخەکە لەوە زیاتر بەرەو خەراپیی بڕوات ئەردۆغان لای ئاساییە پەنابەرێتەوە بۆ کورد و دەست بکاتەوە بە دانوستاندنەکانی لەگەڵ هەدەپەدا و بڵێ وەرن ئێمە براین و با پێکەوە تورکیا بنیات بنێنەوە!

دەمێنێتەوە مانۆڕەکانی تورکیا لە سوریا و کوردستانی باشووردا، هەرچی سوریایە، ئەوا سیاستەی تورکیا لەو وڵاتەدا شکستی هێناوە و گەیشتۆتە بنبەست و بە تێکشکاوی باکووری سوریا بەجێدەهێڵێت و هیچ پشکێکیشی پێنادرێ! تورکیا لە باشووردا توانیوێتی گەرا دابنێ و بەشێکی عەرەبی سوننەی موسڵ بکاتە هاوپەیمانی خۆی و بەشێک لە تورکمانی سوننە و هەندێک لە حیزبە کوردستانییەکان وەکو فریادرەس و نوێنەری دێمۆکراتیەت بڕواننە تورکیای ئەردۆغانی، کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا کارەساتی گەورە بەسەر ئەم هەرێمە و عێراقیشدا دەهێنیت و ئەگەر شەڕێکی قەومی و مەزهەبی دڕیژخایەنیش بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. بۆیە لە ئێستادا چاوەڕوان دەکڕێ تورکیا لەم دەڤەرە ئاژاوەیەکی گەورە بنێتەوە و لەولاشەوە کڕنۆش بەرێتەوە بۆ یەکێتیی ئەوروپا.
______________________________

* قەرارنامە: (فەرمانی سوڵتانی) ئەردۆگان دەمێکە وەکو تاکە دەسەڵاتدار و سەرۆکی ئەو سیستەمەی، کە هێشتا دەنگی خەڵکی بەدەست نەهێناوە رەفتار دەکات و قەرارنامە دەردەکات... قەرارنامە بریاری تاکرەوانەی سیاسییە، کە جێگەی برگە و مادە دەستوورییەکانی دەگرێتەوە، کە لە ماوەی رابردوودا ئەردۆگان سەرانی پارتە سیاسییەکانی پێ بەندکردوە و سزای زیندانیی بە پێی ئامانجە سیاسییەکانی خۆی بەسەردا سەپاندوون و رۆژنامەکانی پێداخستوون و دەنگە نەیارەکانی ئاکپارتی پێ کپکردوون و سوپای بۆ دەرەوەی سنووری نێودەوڵەتیی تورکیا پێ جوولاندوون و دەستووری بنەڕەتیی تورکیاشی پێ لەکارخستوە.
** سیگۆرتە: لە دەوڵەتی دامەزراوەییدا یاسای کار خاوەن کار پابەند دەکات، بەوەی دوو جۆر پارەی پاشەکەوت بدات بەدەوڵەت و بەشێک بۆ بژیوی کرێکارەکە، یا فەرمانبەرەکە، کە بریتین لە دابینکردنی تێچووی نەخۆشیی کرێکارەکە و خیزانەکەی لە دامەزراوە تەندروستییەکاندا بە سەردانی تایبەتی دکتۆری خێزانیشەوە. بەشی دووەم دابینکردنی ژیانی خانەنشینییە، کە کەسی خانەنشینکراو یان پەککەوتە بە هۆی رووداوێکەوە مووچەکەی لە فەرمانگەی خانەشینان وەردەگرێت.

 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک